لاپەڕەی سەرەکی پرسی ئازادی کاریگەرییە مەترسیدارەکانی جەنگی ئێران لەسەر ژینگە چین؟

کاریگەرییە مەترسیدارەکانی جەنگی ئێران لەسەر ژینگە چین؟

0 تێبینییەکان 71 بینینەکان

بەهۆی جەنگی ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێرانەوە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناو ئاگر و بارووت و دووکەڵدا دەکوڵێت، ئەمەش کاریگەریی خراپ و مەترسیداری لەسەر ژینگەی ناوچەکە کردووە، تەنها لە چەند ڕۆژی سەرەتای جەنگەکەدا، زیاتر لە ١٥٠ ملیۆن تۆن لە دووەم ئۆکسیدی کاربۆن دەردراون و بووەتە هۆی درووستبوونی هەوری ڕەشی ژەهراویی.

بەهۆی جەنگی ئیسرائیل-ئەمریکا و ئێرانەوە زیاتر لە ١٥٠ ملیۆن تۆن لە دووەم ئۆکسیدی کاربۆن دەردراون، ئەوە جگە لە دوو هەزار تۆن لە ئۆکسیدی نایترۆز و ٢٠٠ تۆن کانزای قورس، کە لە ٤٠٠ مووشەکی ئێرانییەوە سەرچاوەیان گرتووە.

زیادبوونی پێنج هێندەی ئاستی پێشوو دووەم ئۆکسیدی گۆگرد، ئەویش دوای هێرشکردنە سەر پاڵاوگەکانی نەوت، بووەتە هۆی درووستبوونی هەوری ڕەشی ژەهراوی و مەترسی “بارانبارینی ڕەش” کە مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییە توندەکانی هەناسەدان بۆ دانیشتووان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.

پیسبوونی هەوا و خاک

ئاگرکەوتنەوە لە پاڵاوگەکانی نەوتی ئێران، دووکەڵێکی ڕەشی ژەهراوی بەرهەمهێنا، کە بۆ وڵاتانی تری ناوچەکە گوازرانەوە و لەهەمان کاتیشدا خاکی تاران بەهۆی تەقینەوەکان گەیشتە ئاستێکی لە ڕادەبەدەری ناتەندرووست و ژەهراویی.

 هەروەها دەرکردنی کۆمەڵێک ماددەی کیمیایی و نەوتیی کە کاریگەرییان لەسەر بەپیتی زەوی و خاکە کشتوکاڵییەکان دەبێت و ئەوەش هەڕەشە لەسەر ئاسایشی خۆراکیی و کشتوکاڵ دەکات و کاریگەری بۆ ساڵانێکی دوورودرێژ بەردەوام دەبێت.

مەترسییە گەورەکە ئەوەیە، دوای جەنگەکەش نەهێشتنی کاریگەرییەکانی لەسەر ژینگە کات و تێچووی زۆری دەوێت، تەنها پاککردنەوەی یەک بەرمیل نەوتی ڕژاو لە ژینگەی دەریادا نزیکەی ٢٠٠ بۆ ٦٠٠ دۆلاری تێدەچێت، لە ئەگەری ڕژانی نەوتی بەرفراوان (وەک ئاگرکەوتنەوە لە بیرە نەوتەکان)، تێچووی پاککردنەوە دەکرێت لە ٥ بۆ ١٠ ملیار دۆلار بۆ هەر شوێنێک زیاتر بێت.

ئەمەش وا دەکات کشتوکاڵ لە بوارە سەرەکییەکان مەحاڵ بێت، تێچووی گەڕاندنەوەی توانای بە پیتیکردنەوەی زەوی دەگاتە لە ٥٠٪ـی داهاتی ساڵانەی نەوت لە هەندێک ناوچەدا.

 کەمی ئاو و سنوورداربوونی ژیانی گوندەکان و قەیرانی درێژخایەنی ئاوی پاک، لە ڕێگەی پەکخستنی وێستگەکانی پاککردنەوەی ئاو و پیسبوونی ڕووبار و کۆگاکانەوە لە دیارترین کاریگەرییەکانن.

 ئاستی ئاوی بەنداوەکان لە ئێران  بەتایبەتیش لە مەشهەد بۆ کەمتر لە ٣٪ دابەزیووە، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ئاودێری و دابەزینی بەرچاوی بەرهەمی کشتوکاڵی.

کاریگەری تەقینەوەکان

بەپێی خەمڵاندنەکان کاریگەری ژینگەیی یەک مووشەک (بە تێکڕای کێشی کڵاوەکەیەکی  ٥٠٠ کیلۆگرام) لە ساتەوەختی تەقینەوەدا، بە بڕی ١٥٠ -٣٠٠ کیلۆگرام گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن دەردەدات کە دەبێتە هۆی زیاتر پەنگخواردنەوەی گەرما، هەروەها دەردانی ئۆکسیدی نایترۆجین و دەردانی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆنی ژەهراویی.

ئەمە جگە لە پیسکردنی زەوی بە کانزا ژەهراوییەکانی وەک ڕەساس و جیوە، کە بە تیرەی ٥٠ -١٠٠ مەتر لە شوێنی تەقینەوەکە بڵاودەبنەوە.

هەروەها بەهۆی تەقینەوەی مووشەکەکان ماددەی نایترۆگلیسیرین، کە لە خاکدا دەمێنێتەوە و بۆ ساڵانێک ڕێگری لە گەشەی ڕووەکەکان لەو ناوچەیەدا دەکات، کە ئەمەش کاریگەری کیمیایی بۆ ماوەی ٢٠ تا ٥٠ ساڵ لەناو خاک و ئاوی ژێر زەویدا دەمێنێتەوە.

پیسبوونی دەریا و سەرچاوەکانی ئاو

بە ئامانجگرتنی بەندەرەکان و دامەزراوە گازییەکان بووەتە هۆی ژەهراویکردنی کەنداو و ژیانی دەریایی و زنجیرە خۆراکییەکانی پیس کردووە، ئەوەش وشکەساڵی درێژخایەنی ئێرانی سەختر کردووەتەوە  و پاککردنەوەی ئاوی ناوچە گوندنشینەکانی پەکخستووە.

لە ئەگەری ڕژانی نەوت یان ماددە کیمیاییەکان، ماسییەکان بەهۆی کەمبوونەوەی ئۆکسجین دەخنکێن، هەروەها بەردی مەرجانی ژەهراوی دەبن، ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری لەسەر تەواوی پیشەسازی ماسی دەبێت.

لەگەڵ ئەوەشدا ماددە کیمیاییەکان کاریگەرییان لەسەر هۆرمۆنەکانی زاوزێ هەیە لە ئاژەڵەکاندا، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ژمارەی ئاژەڵەکان و نەمانی هەندێک جۆریان لە ناوچەکە.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە