خاڵی جیاکەرەوەی خۆپیشاندانەکانی چەند رۆژی رابردووی ئێران لەگەڵ شەپۆلە ناڕەزایەتییەکانی ساڵانی پێشوو، بۆ نمونە ساڵی ٢٠٠٩ کە بەشۆڕشی سەوز ناسرا، ئەوەیە کە ناڕەزایەتییەکان رەهەندێكی ئابورییان هەیەو لەوێوە بەرەو رووی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەبنەوە. بەوەشدا کە کۆماری ئیسلامی ئێران بەدەست بێبازاڕیی، هەڵئاوسان، بێکاریی و گەندەڵییەوە دەناڵێنێت، بۆیە پێناچێت خۆپیشاندانەکان وا بەئاسانی کپ ببنەوە. چونکە وەکو موحسین رەنانی، کە ئابوریناسێکی ئێرانییە، پێشتر رایگەیاندبوو ئابوریی ئێران گەیشتۆتە بنبەستو رێگەیەکی داخراو.
ئەم بارودۆخە ئابورییە کاریگەرییەکی خراپ لەسەر گوزەرانی خێزانی ئێرانی دادەنێت کە ئیتر قابیلی تەحەمول کردن نییە.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی بەشی فارسیی کەناڵی بی بی سی، تێکڕای بودجەی خێزانێکی ئێرانی لەنێوان ساڵەکانی ٢٠٠٩ تا ٢٠١٧ رێچکەیەکی سەرەوخواری گرتووەتەبەرو نزیکەی لەسەدا ١٥هاتووەتە خوارەوە. لەو ماوەیەدا تێکڕایی ئیندیکەیتەری(مٶشر) تێچووی نیشتەجێبوون بەرەو سەرو ئیندیکەیتەری تێچوی مەوادی خۆراکیی هاتووەتە خوارەوە.
بەپێی ئامارێکی بانکی ناوەندیی ئێران، لەنێوان ساڵەکانی ١٩٩٩ تا ٢٠٠٩ دا تێکڕایی بودجەی خێزانەکانی شار بەنرخی جێگیر (بەلەبەرچاوگرتنی نرخی هەڵئاوسان)، رێچکەیەکی هەڵکشانی بەخۆوە دیتووەو ساڵ بەساڵ رێژەی خەرجییان لە کاڵاکان و خزمەتگوزاریدا زیادی کردووە. بەڵام لەدوای ساڵی ٢٠٠٧ ەوە ئەم رێژەیە رو لەکەمی دەکات. بەلەبەرچاوگرتنی لێکچوونی ئاستی نرخەکان لەهەمو ساڵەکاندا، دەبینین هەر خێزانێکی ئێرانی لەساڵی ٢٠٠٧دا بەتێکڕایی مانگانە نزیکەی ٣ ملێۆن و ٨٧٢ هەزار تمەنیان خەرجکردووە، لەکاتێکدا لەساڵی ٢٠١٧دا ئەمە بۆ ٣ ملیۆن و ٢٧٥ هەزار تمەن دابەزیوە. واتە ئێرانییەکان لەساڵی ٢٠٠٧وە توانای کڕینیان نزیکەی لەسەدا پانزە دابەزیووە، ئەمە لە کاتێکدایە کە تا ئەو ساڵە داهاتی خێزانی نزیکەی لەسەدا ٤٣ گەشەی کردبوو.
داڕمانی خۆشگوزەرانیی خێزانیی
لەمانگەکانی مارچ و ئاپرەیڵی ساڵی ٢٠٠٧ و بە هۆی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکەی ئێرانەوە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە دوو بڕیار گەمارۆی ئابووریی دەخاتە سەر ئەم وڵاتە. لە هەمان ساڵدا مەحموود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی ئێران، کۆبوونی بەنزین هەڵدەوەشێنێتەوە و ئەمەش شەپۆلێك لە ناڕەزایەتی دەهێنێتە ئاراوە. هەر هەمان ساڵ نرخی هەڵئاوسانیش بە شێوەیەکی بەرچاو بۆ ٤.١٨% زیاد دەکات، ئەمە لە کاتێکدا ساڵی پێشووتر نرخی هەڵئاوسان ٩.١١% بوو. لەگەڵ ئەوەشدا لە ساڵی ٢٠٠٧دا بۆ سێیەمین ساڵ ئێران سوود لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا سوودمەند بوو.
پاش ئەوە ئێران بۆ ماوەی چەند ساڵێك دەرگیری کەمبوونەوەی داهاتی نەوت، داکشانی کۆی بەرهەمی ناوخۆ و گەشەی نێگەتیفی ئابووری دەبێتەوە ، کە ئەمەش کاریگەرییەکی گەورە دەکاتە سەر بودجەی خێزان. لە ساڵی ٢٠٠٧ بە دواوە کەلێنێکی گەورە دەکەوێتە نێوان گەشەی بودجەی خێزان و گەشەی نەتەوەیی ئێرانەوە. ساڵی ٢٠١٢ی لێ دەرچێت بە گشتی لە هەموو ساڵەکاندا گەشەی بودجەی خێزان لە گەشەی ئابووریی نەتەوەیی ئێران کەمتر بووە. بە مانایەکیتر بودجەی ساڵانەی خێزان بە تێکڕایی بە شێوەیەکی خاوتر لە هێڵی ئابووریی نەتەوەیی گەشەی کردووە، لە کاتێکدا لە ساڵانی گەشەی نێگەتیفدا بە خێراییەکی زیاتر لە هێڵی ئابووری نەتەوەیی ئێران دابەزیووە.
دابەزینی تێکڕایی بودجەی خێزان هاو کات بوو لەگەڵ گۆڕانکاریی لە پێکهاتەی بودجەشدا، واتە رێژەی تێچوونەکانی خێزانیش گۆڕانیان بەسەرداهات.
بەرچاوترین گۆڕانکاری لە بواری نیشتەجێبووندا( لە پاڵ ئاو، کارەبا و گاز) بوو، کە ئیندیکەیتەرەکەی لە ٢٦% ەوە لە ساڵی ١٩٩٧ دا بۆ ٣٦% لە ساڵی ٢٠١٦دا بەرز بووەوە، واتە لە ماوەی دوو دەهەدا نزیکەی ١٠% بەرز بووەوە. بەم مانایە بە گشتی تێچوونی خانوو و نیشتەجێ بوون لە خەرجی خێزان زیاتر گەشەی کردووە و کاتێکیش خەرجیی خێزان دابەزیووە بەو ئەندازەیە خەرجیی نیشتەجێبوون نەهاتووەتە خوارەوە. ساڵی ٢٠٠٧ زیادبوونی خەرجی نیشتەجێبوون دەگاتە بەرزترین رێژە ١٧% .
بۆ قەرەبۆکردنەوەی ئەم زیادبوونەی خەرجی نیشتەجێبوون، خێزانی ئێرانی ناچاربوو لە خەرجی خۆراک و پۆشاک کەم بکاتەوە. لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٠٧دا خەرجیی خۆراک ٣٠% بوو، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٦دا ئەم رێژەیە بۆ ٢٣% دابەزیووە.
سەرەڕای ئەم دۆخە ئابوورییە خراپە، رژێمی ئێران بڕی بودجەی سەربازییەکەی بۆ ساڵی ئاییندە بە رێژەی ١.٣ ملیار دۆلار بەرز کردۆتەوە و بەمەش بودجەکەی دەگاتە ٦.١١ ملیار دۆلار، کە بەشی زۆری لە شەڕی سوریا و یەمەن و پشتیوانیکردنی میلیشیاکانی لوبنان و عێراقدا خەرج دەکات. ئەمەش باری ئابووری ئێران قورستر و گوزەرانی خەڵکی خراپتر دەکات.
بەپێی قسەکانی موحسین رەنانی، ژمارەی بێکاران لە ئێران گەیشتۆتە ١٠ ملیۆن کەس. جگە لە ١١ ملیۆن کەسی هەژار و نەدار و پەراوێزخراو. هەروەها لە ساڵەکانی ٢٠٠٥ تا ٢٠١٣ نزیکەی ٢.٥ ملیۆن گەنج کارەکانیان لە دەست داوە. ئەمانە هەمووی وەکو ئەو ئابووریناسە رایگەیاندبوو دەشێت ببنە هۆکارێك بۆ تەقینەوەی کۆمەڵایەتی و بەرپابوونی ناڕەزایەتیی بەرفراوان, وەک ئەوەی ئێستا دەیبینین.
ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەم شەپۆلە خۆپیشاندانانە لە تارانی پایتەخت لە چاو شارەکانیتر لە ئاستێکی لاوازتردایە. ئەمەش بە پێی راپۆرتێکی ئابووریی بەشی فارسی کەناڵی بی بی سی، پەیوەندیی بەو کەلێنەوە هەیە کە لە نێوان ئەم شارە و شارەکانی تردا هەیە. بۆ نموونە خەرجی خێزانێکی شاری تاران نزیکەی دوو هێندەی خێزانێکی شارەکانی تر دەبێت. بە پێی ئامارێکی بانکی ناوەندیی ئێران لە نێوان ساڵەکانی ٢٠٠٦ و ٢٠١٦ دا و لە کاتێکدا تێکڕای بودجەی خێزان لە گشت شارەکانی تردا هاتۆتە خوارەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە تێکڕای بوودجەی خێزان لە شاری تاران هەڵکشاوە.
بەڵام ئایا جیاوازیی ئابووری بە تەنها دەتوانێت هەڵوێستی خەڵکی تاران بەم ساردییە بهێڵێتەوە، یا دواجار فاکتەرە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان رۆڵی خۆیان دەبینن لە هاتنە مەیدانی یەکلاکەرەوەی خەڵکی تاراندا؟
حەسەن حسێن