ئێوارە چوومە ماڵی میمیم، هەم ئامۆزاکەم لەوێیە و منداڵەکانی جوانن، هەمیش میمیم زۆرکات خواردنی لێناوە، ئەو ئێوارە چووم، سەیر دەکەم کفتەیان هەیە، ئیتر چوار دانە کفتە مابوون، منیش سێ دانەیم خوارد، مایەوە دانەیەک، میمیم وتی با ئەوەش بە تەنیا نەمێنێتەوە، ئەوەش بخۆ، ئەویشم خوارد!
ئێوارە هاتمەوە و دەستم کرد بە خوێندن، ئەوجارە لە خوێندن بێزار بووم و ویستم بخەوم، تاقەتم نەبوو بخەوم، کتێبێکی نەجیب مەحفوزم هەیە وەرگێڕداروە بۆ کوردی، بیست لاپەڕەیەکم لێ خوێندبوویەوە پێشتر، هەڵمگرت و دەستم کرد بە خوێندنەوەی، هەستم دەکرد خەریکم کۆدی مۆساد دەشکێنم، ئینجا بیرم کردەوە، باشە ئەوە من گەمژەم یان چی؟ ئیتر کتێبەکەم هەڵدا ناوەندی ژوورەکە و لەبەر خۆمەوە گوتم عەمرت نەمێنێ، بۆ خۆت و وەرگێڕانت، ئێمە وەرگێڕمان تا سەرۆکمان گەندەڵە!
ئەوجارە دەستم دا دیوانەکەی بەکر عەلی، ئەوەی کە تا ئێستا نەمخوێندبوویەوە، یاداشتەکانی بەکر عەلی بوون دەنا شعرەکانیم،خوێندۆتەوە، ئینجا کە دەستم کرد بە خوێندنەوەی، دەتگوت لەسەر بەرماڵێکم و نوێژ دەکەم، تەز هەموو لاشمی گرتبۆوە و تێکستەکان بەکر عەلیان بە دەنگ و ڕەنگەوە تێدابوو، کە ڕێی دەکرد، گوێم لە دەنگی پێی بوو، کە دەستی دەبردە نێو گیرفانی چۆڵی چاوم لێی بوو، کە لە چایخانەی “شەعب”یش دانیشت و پارەی چایێکی پێ نەبوو، لە پاڵیدا بووم، کە پێڵاوەکانی بۆ نەفرۆشرا و جگەرەی پێ نەمابوو دەیویست بەپارەی پێڵاوە تازەکانی شڕە پێڵاوێک بکڕێت و هەندێک دیناریشی بۆ بمێنێتەوە و بیدات بە چایێک و پاکەتێ جگەرە، ئیتر بە تەواوی تریقامەوە و دەمویست لەبەرچاوی خۆم ون بم!
ئەرێ کچانی شار و گەڕەک، من دەتوانم ڕۆحی شاد کەم، شعرەکانی بخوێنمەوە و ڕێبازی بەردەوام کەم، بەڵام ئێوە، کە هۆنراوەکانیتان خوێندەوە، ماچیشی بکەن، بیهێننە خەوەکانتانیش و قژیشتان شۆڕ بکەنەوە بەسەر جەستەی ماندوویدا، ئاخر ئەو ژنێک هاوڕێی نەبووە و دەستی لە هەرمێیەکی باخەڵی ڕەگەزی ئێوە گیر نەبووە، خۆ سەردەمی ئەو، گرانی و نەداری و خوێن پڕژان بوو، وڵات وشک هەڵاتبوو و بۆنی قەدماغەی دەدا، بەڵام خۆ قژ و مەمک و باوەشی نەرمی حەواکان نەبڕابوون، نەقڕابوون، تا خەمەکانی بەکر لە ئامێز بگرن و بیگوشن! هێندەی ڤان کوغ تەنیا بوو. هێندەی کفتەکەی ماڵی میم ئەگەر من نەمخواردبا، تەنیا بوو.
بۆیە بە سۆزەوە شیعرەکانی بخوێننەوە، بزانن ئێوە شیعری کوڕێکی گیرفان بەتاڵ و شەرمن و پڕ هەست و سۆز و پاکیزە، دەخوێننەوە، پاکیزەتر لە مریەمی پاکیزە.
بەکر، کە لە حەوشەی لق، بە دەم پیاسەوە داوات لێ دەکەن ببی بە سیخوڕیان و خۆتیان بۆ بفرۆشی تۆ دەوەستیت، ئەرێ دەوەستی، بەڵام ئەوان بە دەم پیاسەوە وا دەڵێن، ئاخر ئەتۆ دەوەستی چونکە ڕانەهاتووی و بە گوێت نامۆیە، بەڵام ئەوان پیشە و کاریانە، بۆیە بە دەم پیاسەوە باسی دەکەن و بۆی ناوەستن! هەموو ئەوانەت پێویست بوو کە نیشانیان دای، خەریکبووی وازیشت لە یەکێتی دەهێنا، بەڵام تۆ ئامادە نەبووی خۆت بفرۆشی و دەست بدەیتە سیخوڕی!
بەڵام ئەو نامەردانە، تیرۆریان کردی، ئەها باڵندە یەک ڕەنگ و پیس و پۆخڵەکان، چۆن باڵندەیەک کە لە ڕەنگیان نییە، بە مەترسی بۆ سەر خۆیانی دەزانن و فیشەک دەنێن بە دەمیەوە، ئەها چەندە ڕەنگینی لەو زەمەنی ڕەشێتییەدا، بەکر!
بەکر، تۆ شاعیرێکی لە کەس ناچیت و کەسیش لە تۆ ناچێت، تۆ زۆرت چەشتووە و کەمت نوسیووە، پارەی پەڕە و پێنوس و جگەرەی دەمی نوسینیشت کەم بووە و نەبووە، کوا بزانم کێ ئەوها لە بەکر دەچێت و بەکرە، لەوێشەوە، ناسک ناسک خەیاڵ دەکات و دەنوسێت و دەفکرێت و کار دەکات.
کە یاداشتەکانتم خوێندەوە، هەستم بە شەرم کرد و بیرم کردەوە، کە ئایا من لەسەر شانی هاوجۆرەکانی تۆ، تێر نان و پۆشتە نیم؟ ئینجا دواتر بیرم کردەوە، کە خۆشم لە بکوژانی تۆ دێت ؟ دەستنوێژێکی ویژدانم شۆرد و زیکرێکم کرد بۆ پەیامی تۆ، کە لە خوێندنەوەی یاداشتەکانت بوومەوە، هەر چوار کفتەکە لەنێو چووبوون و خەریک بوو لە برسان دەمردم، چونکە گەشتم لەگەڵ کەسێک کردووە، نە بنمیچێکی هەیە لە ژێریا ڕاکشێ و نە یارێکی هەیە دەستی بگرێ و نە دۆستێکی دۆست تا ڕایژەنێ، نە دوو پێکی تیر بەسەر ورگێکی تێردا، چونکە دەستی گرتووە بە ویژدانیەوە و نایفرۆشێ، تەنها لەبەر ئەوە، بۆیە منیش برسیم دەبێ.
شێرکۆ بێکەس و جەمال غەمبار و حەمە سەعید حەسەن و ئەمسال و ئەتوارەکانیان، ناگەن بە تاکێکی پێڵاوەکانی بەکر و ناشبن بە یەک وشەی شیعرێکی، هەموو نوسینەکانیشیان بایەخی شعرێکی ئەویان نییە!
بەکر جگە لەوەی بە خوێنی خۆی نوسیوویەتی، خۆشی نەفرۆشتووە و نەبووە بە پیاوی ئەوانەی کە میلەتیان دەهاڕی و هاڕیووە، لە کاتێکدا، لە دژی بەعسیش تێکۆشانی کردووە و ئەندامی ڕێکخستن بووە، ئێوە ئەوەشتان نەبووە و لە شاخدا، لە بەرەکانی پشتەوە، ڕاکشاون و خواردووتانە و خەوتوون، خۆشتان فرۆشتووە و هیچ شتێکیشتان بە خوێن نەنوسیووە.
بەکر، وەک تۆ کە شاعیری دەربار نیت، منیش نوسەرێکی دەربار نیم، بۆیە بەر لە یادی تیرۆر کردنت بۆت دەنووسم، لە یادی تیرۆر کردنیشت، ڕەنگە تۆم لە یاد نەبێت، دەمەوێ پێشت بڵێم، من ئەو منداڵانەم کە لە دایک نەبووبووین و بۆت دەنوسین، ئەوە ئێستا دەتخوێنینەوە و بۆت دەنوسین، جارێکی بە دایکت وتبوو، کە بۆ ئەو منداڵانە دەنوسی کە لە دایک نەبوون، ئاخر من دوو ساڵ دوای تیرۆر کردنت ئینجا لە دایک بووم، بیست و دوو ساڵ دوای ئەوەش، ئینجا دەتخوێنمەوە، واتا دروست بیست و چوار ساڵ، دەبا بزانن، کەوا ئەوانەی تۆیان تیرۆر کرد، خۆیان کوشت، تۆ نامری… نەمری..