سا: بێریڤان جهمال حهمهسهعید
ئەمە خەونێک بوو، ئاواتی دەیان خوێنەری رۆشنبیری ساڵەکانی حەفتاکان و ھەشتاکانی سەدەی رابردوو بوو، کە لەپاش خوێندنەوەی ئەم کتێبە، ڕەچەڵەکی چەشن ــ چارل دزاروین On the Origin of Species – Charles Darwin، پڕ بەدڵ حەزیان دەکرد وەریگێڕنە سەر زمانی کوردی، تا خوێنەرانی کوردی زمان لێیبێبەش نەبن. ھەندێکیان ھەوڵیان دا، بەڵام بێئاکام بوون. نوری کەریم ئێستا خەریکی وەرگێڕانی ئەم کتێبەیە.
نوری کەریم یەکێکە لەو وەڕگێرە سەرکەوتوانەی کە لەماوەیەکی کورتدا چەندین کتێبی بە عیشق و بایەخی زۆرەوە، وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی. وەرگێڕ جیا لەوەی شارەزایییەکی باشی لە زمانی عەربی، فارسی، ئینگلیزی و سویدیدا ھەیە، ھەوڵی داوە بەزمانێکی پوخت و سادە، خوێنەر لەکارەکانی نزیک بکاتەوە و پەلکێشی خوێندنەوەیان بکات، کە ئەمەش خۆی لەخۆیدا رێخۆشکردنێکە بۆ خوێندنەوەی بەرھەمی نوسەران و ڕۆشنبیرانی گەلانی تر. کە دیسانەوە دەوڵەمەندکردنی زمان و گەشەسەندنی ڕۆشنبیری کۆمەڵگای کوردی دەگرێتەخۆ. لەسەر وەرگێڕانی ئەم کتێبە پڕ بەھایە، پێمباشە لەگەڵ وەڕگێڕ ئەم دیمانەیە بکەم، تا لە نزیکەوە بیروبۆچوونی بزانین لەسەر کاری ئەم وەرگێڕانە تازەیەی.
بێریڤان: دەکرێت زۆر بەکورتی پێمانبڵێیت ناوەڕۆکی ئەم کتێبە چییە؟
نوری کەریم: تەواوی ئەم کتێبە وەڵامە بە پرسیارێکی دیاریکراو، ئایا ئەم ھەموو جۆراوجۆرییەی کە لە ناو زیندەوەراندا ھەیە، لە چییەوە سەرچاوە دەگرێت. وەڵامی داروین ڕۆشنە، بە بەڵگە و توێژینەوەیەکی قووڵ دەیسەلمێنێت، کە ھەمەجۆریی تەواوی زیندەوەران، بە جیھانی ئاژەڵ و ڕووەکەوە، ڕەچەڵەکیان دەگەڕێتەوە بۆ پەیدابوونی یەکەم شانەی ئورگانی. ھەر ھەموومان وەک زیندەورانێک، سەرەڕای ئەوپەڕی جیاوازیمان، لە جیاوازی نێوان ئاژەڵ و ڕووەکەوە بگرە تا جیاوازی نێوان دایباب و ڕۆڵەکەی، نــەوەی ئەو زیندەوەرە یەکشانەیییەین. ئەم زیندەوەرە یەکشانەیییە نەک ھەر ژیانی کردووە بەڵکو نەوەشی خستۆتەوە، ئەم نەوە تازەیە نەک ھەر ژمارەی زۆر بووە، بەڵکو ھەموو ئەو سیفەتە بۆماوەیییانەی لە دایبابەوە بۆ ماوەتەوە، کە پێویست بوون بۆ ژیان بەدەربردن و زاوزێکردن. لەم پەیوەندەدا، بەپێی ھەلومەرجی ژیان، ھەر سیفەتێکی بۆماوەیی کە زێتر یارمەتیدەری بووە، کەڵکە بووە و ئەوانی تر خراوەتە لاوە، بەو پێیە گۆڕانی بەسەردا ھاتووە، ھەرچی زێتر جیاوازی کەوتۆتە نێوان تاکەکانی نەوە لەدوای نەوەوە. ئەمە پرۆسەیەکی بەردەوامی سرووشتییە، بەدەرە لە ویستی ھەر زیندەوەرێک.
بێریڤان: تایبەتمەندی ئەم کتێبە لە چیدایە، کە وای کردووە بە نەمری بمێنێتەوە، سەرەڕای ئەوەی کە لەمێژە نووسراوە؟
نوری کەریم: ئەم کتێبە لە ساڵی ١٨٥٩دا لە بەریتانیا بڵابۆتەوە، لە ھەلومەرجێکدا کە بیروبۆچوونی گشتی کۆمەڵگای نەک ھەر بەریتانیا بەڵکو زۆربەی سەرتاسەری جیھانش، بیروبۆچوونی ئاینیی ‘کتێبی پیرۆز’ بووە لەسەر چۆنییەتی پەیدابوونی مرۆڤ و زیندەوەران. بۆ نموونە، بەپێی ئەم جیھانبینییە ئاینییە، خوا پیاوی لە سەر وێنەی خۆی لە خۆڵ دروستکردووە و پاشان فووی کردووە بە کونەلووتیدا و ڕۆحی بەبەردا ھاتووە. پاشان کە ئەم پیاوە لە خەودا بووە، پەراسوویەکی دەرھێناوە و ئافرەتێکی لێدروستکردووە، بۆئەوەی ئەم پیاوە بەتەنیا نەبێت. داروین لەبەرامبەردا جیھانبینییەکی تەواو جیاوازی ھێنایە کایەوە لەسەر پەیدابوونی زیندەوەران، کە ھیچ جێگەیەکی بۆ بوونی خوا نەھێشتەوە. تائیمڕۆ ھەر دەستکەوتێکی زانستی لە مەیدانی زیندەزانیدا ھاتبێتە کایەوە، بۆچوونەکەی داروینی سەلماندووە. تائیمڕۆش کێشمەکێشی نێوان ئەم دوو جیھانبینییە بەردەوامە، لەناو گەلێک لە کۆمەڵگاکاندا شێوازێکی خوێناوی بە خۆیەوە گرتووە.
بێریڤان: ئایا بۆ ناکرێت بیروبۆچوونی ئاینی لەگەڵ داروینزم وەکو بیردۆزێکی زانستی، پێکەوە ھەڵبکەن؟
نوری کەریم: نەک ھەر پێکەوە ھەڵناکەن، بەڵکو تەواو بەدژی یەکترین. دوو جیھانبینیی جیاوازن، لە یەکەم بەردی بناغەوە. تەواوی بیروبۆچوونی ئاینی، کۆمەڵێک بانگەشەی بێبەڵگەی چەقبەستوون، ھیچ لێکدانەوەیەک ھەڵناگرن. خوا یەکە نابێت بە دوو؛ خوا تەواوی سرووشتی لە شەش ڕۆژدا درووستکردووە؛ بــۆچی؟ وەڵام نییە؛ یان ئەوەتا باوەڕەت پێیەتی یان نەء. بەڵام بیرباوەڕی زانستی لەسەر ھەر دیاردەیەک، شتێکی نەگۆڕی نییە. لەسەر ھەر شتێکی سرووشتی، زانیاری تەواو و کۆتایی نییە. یەک زاید دوو، ھەر مەرج نییە دەبێت بکاتە سێ. ئیمڕۆ مرۆڤ لە پیتاندنی ھێلکە بە تۆماوەوە لە منداڵدانی ئافرتدا دروستدەبێت، دەکرێت سبەینێ لە تاقیگەدا درووستبکرێت. چارلز داروین دەیزانی جیھانبینییەکەی تەواو دژی بیروبۆچوونی زاڵی کۆمەڵگایە، لێی ڕۆشن بوو کە چ کفرێکی گەورە دەکات و ئامادە بوو لەپێناوی بەرزڕاگرتنی ڕاستیدا، باجەکەی بدات. بۆیە بۆ ماوەی شەش حەوت ساڵ دەستی ڕاگرت لە چاپکردنی کتێبەکەی. کاتێکیش کە بڵاوی کردەوە، لە ھەموو ‘ناز و نیعمەت’ێکی دەرباری پاشایەتی بەریتانیا بێبەش کرا، کە لەو کاتەدا نوێنەرایەتی سیاسی کڵێسای دەکرد و دەسەڵاتی تەواوی بەدەستەوە بوو. تا لەم ساڵانەی دواییدا، دەرباری پاشایەتی ئەم پەڵە ڕەشەی بە ناوچەوانی خۆیەوە کاڵ کردەوە و لە مەراسیمێکی گەورەدا، ئەو ڕێزلێنانەی کە شایەنی زانایەکی وەھا مەزنە، بۆی گەڕاندەوە و بەڕەسمی داوای لێبوردنی لە نەوەکانی داروین کرد.
بێریڤان: چۆن بوو وا ئەم کتێبەت ھەڵبژارد بۆ وەرگێڕان؟
نوری کەریم: منیش وەکو یەکێک لە خوێنەرانی ئەو کتێبە، بەھۆی ئەو بەھا زانستییەی کە ھەیەتی، ھەمیشە ئەو خەیاڵەم لەسەردا بووە، کە بیکەم بە کوردی. بەڵام کاتێک کە کتێبە بەناوبانگەکەی زانای زیندەزانی ڕیچارد دواکینزم بەناوی ‘وەھمێک’، وەرگێڕایە سەر زمانی کوردی، کە ڕەخنەیەکی کەمەرشکێنە لە بیربۆچوونی ئاینی لە گۆشەنیگای داروینزمەوە، ئەم خەیاڵەمی دەمەزرد کردەوە و ئیتر لەوە زێتر نەمدەتوانی وەرگێڕانی دوابخەم.
بێریڤان: گەلێک ھەوڵیان دا ئەم کتێبە وەرگێڕنە سەر زمانی کوردی، بەڵام بێئاکام بوون. ئەم توانایییەی تۆ لە چیەوە سەرچاوە دەگرێت؟
نوری کەریم: بەڵێ گەلێک ھەوڵیان دا و گەلێکیان بەو ئاواتەوە سەریاننایەوە. جێگەی داخە بۆ ئەوانە و مایەی خۆشحاڵییە بۆ من، کە دەتوانم ئەو ئاواتە بھێنمەدی. وەرگێڕانی کتێبێکی وەھا زانستی، بەتایبەتی بۆ سەر زمانی کوردی، لە توانایی کەسی ئەو ڕۆشنبیرانەی ساڵەکانی حەفتاکان و ھەشتاکان بەدەر بووە، بەڵام بۆ من ھەلومەرجەکە تەواو جیاوازە و ئەمەش ھێشتا بەواتای ئەوە نایەت کە کارێکی ئاسانە. ‘ڕەچەڵەکی چەشن’ یانزەھەمین کتێبە کە خەریکم وەریدەگیڕمە سەر زمانی کوردی. تاکو ئێستا نۆ کتێبم لە زمانی ئینگلیزییەوە وەرگێڕاوە و یەک کتێبیشم لە زمانی سویدییەوە، کە بەشێکیان کتێبی زانستی بوون، بەتایبەتی ئەوەی ڕیچارد داوکینز، کە بەھای زانستی و ئاستی زمانە ئینگلیزییەکەی، ئەگەر لە کتێبەکەی داروین زۆر زێتر نەبێت بەدڵنیاییەوە کەمتر نییە. ئەم کارانە بۆ من ھەمووی ئەزمونگەلێکی وەرگێڕانی گەورەن. ھەروەھا زمانی ئینگلیزییەکەی داروین، کە کتێبەکەی پێنووسیوە، زمانی ئینگلیزی ڤیکتۆریانییە، زمانی نووسینی تۆێژێکی دەرباری باڵای کۆمەڵگای ئەو سەردەمەیە، کە لەگەڵ زمانی ئینگلیزی ئێستادا جیاوازی زۆر ھەیە، ھەتا بۆ ئینگلیزیزمانێک ئاسان نییە. ئینجا بۆ وەرگێڕانیشی پێویستی بە تێگەیشتنێکی تەواو ھەیە، لەم پەیوەندەدا زانینی زمانێکی ئەوروپی تر، کە ھەموو بوارەکانی زانستی پێنووسراوە، پێویستییەکە کە ناکرێت چاوی لێبپۆشرێت. من زمانی سویدی دەزانم، ئەمە یارمەتیدەرێکی لەبننەھاتووە بۆ تێگەیشتنی تێکستە ھەرە سەختەکانی ئەو کتێبە.
بێریڤان: گرفتی وەرگێڕانی کتێبێکی وەھا زانستی بۆ سەر زمانی کوردی لە چیدا دەبینیتەوە؟
نوری کەریم: زێتر لە ١٥٥ ساڵ بەسەر دەرچوونی ‘ڕەچەڵەکی چەشن’دا تێپەڕیوە، کەچی ھێشتا ھەر زۆر زووە بۆ زمانی کوردی کە بتوانێت خۆی لە قەرەی وەرگێڕانی کتێبێکی وەھا بدات. وەرگێڕان لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی تر، بەشێوەیەک لە شێوەکان بەواتای بەراوردکردنی دوو زمانەکەیە، بەڵام دوو شت شایەنی بەراوردکردنن کە لەیەکەوە نزیک بن. بەداخەوە کە دەچیتە پای وەرگێڕانی کتێبێکی وەھا زانستی، ئەوسا بەتەواوی دەزانیت، کە زمانی کوردی چەند بێخاوەنە، چەند لە کاروانی پێشکەوتنی زانستی لەدوایە، ھەتا ئەوەشی کە بۆی کراوە زۆر پڕ کەموکورتین. بۆ نموونە، تەواوی ئەو فەرھەنگانەی کە بۆ بوارە زانستییەکان نووسراون و بە چاپ گەیەنراون، دەکرێت تا ئاستی خوێندنی ناوەندی و ئامادەیی وەڵامدەرەوە بێت، بەڵام زۆر ئاستەمە بە پشتبەستن بەم فرھەنگانە دەستبدەیتە وەرگێڕانی کتێبێکی وەھا زانستی. گرفتەکە لەوە دایە، کە زمانی کوردی نەکراوە بە زمانێکی زانستی، لە کۆمەڵگاکەماندا ھیچ ھەوڵێک بەدی ناکرێت، کە ڕۆژێک لە ڕۆژان زانست جەماوەری بکرێتەوە، تا ھەموو کەس بتوانێت لە ھەر بوارێکی زانستیدا، ئەوەی ھەیە بە زمانی کوردی بیخوێنێتەوە.
ئەوەندەی دەگەڕێتەوە بە باری زاراوەزانی وەرگێڕانی ئەم کتێبە، ھەوڵدەدەم لە ڕێگای وشەداھێنان بۆ زاراوە بناغەیییەکان و پەڕاوێزنووسینەوە، واتاکان بگەیەنم. ئەوەندەی دەگەڕێتەوە بەناوی ئەو ڕووەک و ئاژەڵانە کە بۆ ئێمە نائاشنان، کە زۆربەیان دەگرێتەوە، بە ئینگلیز و عەرەبیش نووسیمن، بۆئەوەی ئەگەر خوێنەر ویستی، بەدوایاندا بگەڕێت. ئەگەر ئەم کارانە نەکەم، دەبێت دەست لە وەرگێڕانی ھەڵگرم. بێھـۆ نییە، زمانی کوردی لەو زمانە ھەرە دەگمەنانەیە کە تاکو ئێستا ئەم کتێبەی بۆ وەرنەگێڕدراوە.
بێریڤان: گەورەترین ئاستەنگی وەرگێڕانی کتێب تا دەگات بە دەستی خوێنەر بەشێوەیەکی گشتی لە چیدایە؟
نوری کەریم: بەپێی ئەزمونی ئەو کتێبانەی کە وەرمگێڕاون و بە چاپم گەیاندون، گەورەترین ئاستەنگ بێمەیلی دامودەزگا پەیوەندیدارە حوکمییەکانە بەرامبەر بە کاری ڕۆشنبیری. دەچیت بۆ لای ھەر دامودەزگایەک، چ حکومی بێت یان ناحکومی، ڕێنووسێکی زمانی کوردی تایبەت بە خۆی ھەیە. زێتر لە سەدە و نیوێک بەسەر ڕۆژی مێژووییی بیست و پێنجی تشرینی دووەمی ساڵی ١٨٥٩دا تێدەپەڕێت، ئەو ڕۆژەی کە لە کازێوەی بەرەبەیاندا ‘ڕەچەڵەکی چەشن’یان بە سەر کتێبفرۆشەکانی شاری لەندەندا دابەش کرد و بۆ ئێوارێکەی یەک دانەی لێنەمایەوە. ڕۆشنبیران و خەڵک وەڵامێکی ددانشکێنیان دایەوە بە دەرباری بنەماڵەی دەسەڵاتدار. لەپاش یەک سەدە و نیو، لەوە دەچێت ھێشتا ھەر زۆر زوو بێت، ئەو چاوەڕوانییەمان ھەبێت لە ڕۆشنبیرانمان کە ئەوەندە ڕۆشنبیر بن و لە خەڵکەکەمان کە ئەوەندە تینوی زانست بن. ئەم ئاستەنگە ئاستەنگێکی کوشندەیە، ڕوو لە ھەر کۆمەڵگایەک بکات، بەرەو داڕمانی دەبات.