سەیرە! سەیرە! کارگوزارانی بەریتانیا، کە زۆربەیان ئاستی بژێوییان بەرەو تلۆربوونەوە چووە لە کاتێکا زۆربەی دەوڵەمەندەکانی ووڵاتەکەیان دەوڵەمەندتر بوون، پشتیان کردە یەکێتی ئەوروپا و ئابووری جیهانیی کە ئەوان و مناڵەکانیانی تووشی شکست کرد.
تەنها بەریتانیەکانیش نین کە ئەم تاڵیە دەچێژن. ئەو ئاوبووریە جیهانگیرەی، کە لەلایەن نوخبەیەکی ئابووریی جیهانیەوە دامەزراوە و پەرەی پێدەدرێت، لە هەموو شوێنێک خەڵکی تووشی شکست کردووە. جێی باوەڕپێکردنیش نیە کە ٦٢ دەوڵەمەنترینی سەر ئەم هەسارەیە بە قەد سەروەتی هەموو نیوەکەی تری دانیشوانی جیهانیان هەیە – واتە بەقەد سەروەتی نزیکەی ٣.٦ ملیار کەس. ١% ی جیهان ئێستا سەروەتی زیاترە لە هەموو ٩٩% ی تری جیهان. زۆر زۆر دەوڵەمەندەکان چێژ لە نازونیعمەتێکی وێنانەکراو دەبینن لە کاتێکا ملیارەهای خەڵک رووبەرووی هەژاریی زۆر خراپ و بێکاری و نەبوونی بیمەی تەندروستی شیاو و نەبوونی خوێندن و نیشتەجێبوون و ئاوی خواردنەوە بوونەتەوە.
ئایا رەتکردنەوەی ئەم فۆرمەی ئابووری جیهانگیر دەکرێت لە ئەمریکاش روو بدات؟ بەڵێ دەکرێت.
لە ماوەی هەڵمەتەکەمدا بۆ هەڵبژاردنی کاندیدی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا، سەردانی ٤٦ ویلایەتم کرد. ئەوەی کە لە چەندین بۆنەی زۆردا بینیم و بیستم چەند واقعێکی ئازاربەخش بوون کە دەزگا سیاسی و میدیاییەکان تەنانەت دانیشی پیانانێن.
لە ١٥ ساڵی رابردوودا، نزیکەی ٦٠ هەزار کارگەی ئەم وڵاتە داخراون، و زیاتر لە ٤.٨ ملیۆن کاری مووچە باش نەماون. زۆربەی ئەمە پەیوەندی هەیە بەو رێکەوتنە بازرگانیە کارەساتهێنانەوە کە هانی کۆمپانیا گەورەکان دەدەن بڕۆن بەرەو ئەو ووڵاتانەی کە کرێی کارگوزار تیایاندا نزمە.
سەرباری زیادبوونی بەرچاو لە بەرهەمهێناندا، ناوەڕاستی کارگوزاری نێرینە ئەمڕۆ لە ئەمریکا ٧٦٥ دۆلار کەمتر پەیدا دەکات لە چاو ئەو داهاتەی لە ١٩٧٣ دا پەیدای دەکرد، لە کاتێکا ناوەڕاستی کارگوزاری مێیینە ١.١٥٤ دۆلار کەمتر پەیدا دەکات لەچاو ئەو داهاتەی لە ٢٠٠٧ دا پەیدای دەکرد، ئەمە پاش راستکردنەوە لەبەر هەڵئاوسانی ئابووری.
نزیکەی ٤٧ ملیۆن ئەمریکی لە هەژاریدا ئەژین. ٢٨ ملیۆن کەس خەمڵێنراوە کە خاوەنی هیچ بیمەیەکی تەندروستی نین، لەکاتێکا زۆرێکی تر بە رێژەیەکی کەم بیمەی تەندروستیان هەیە. ملیۆنەها کەس دەناڵێنن بەدەست ئاستی جەرگبڕی قەرزی خوێندنەوە. لەوانەیە بۆ یەکەمجار بێت لە مێژووی مۆدێرندا، نەوەی گەنجمان ئەگەری ئەوەی هەیە ئاستێکی نزمتری بژێوییان هەبێت لە چاو دایک و باوکیاندا. بەشێوەیەکی مەترسیدار، ملیۆنەها ئەمریکی خاوەن پەروەردەی هەژار مەودای ژیانیان کورت تر دەبێتەوە لەچاو نەوەکانی پێش خۆیاندا لەبەرئەوەی تەسلیمی نائومێدی و تلیاک و ئەلکهول دەبن.
لە هەمان کاتدا، لە ووڵاتەکەماندا یەک لەسەر دەی ١%ی سەرەوە بەنزیکەیی خاوەنی بەقەدەر سەروەتی ٩٠% ەکەی خوارەوەیە. لە سەدا پەنجاوهەشتی هەموو داهاتی نوێ دەچێتە گیرفانی ١%ی دانیشتوانەوە. ۆڵ ستریت و ملیاردێرەکان، لە رێگەی (سوپەر پاک)ەکانیانەوە لە توانایاندا هەیە هەڵبژاردنەکان بكڕن.
لە کامپینەکەمدا، ژمارەیەک کارگوزارم دوواندووە کە نەیانتوانیوە ٨ یان ٩ دۆلار لە سەعاتێکدا پەیدا بکەن؛ خانەنشینان لە ململانێدان بۆ کڕینی ئەو دەرمانانەی پێویستیانە سەرباری دانی ساڵانە ٩ هەزار دۆلار بە بەرنامەی زەمانی کۆمەڵایەتی؛ گەنجانیش توانای دانی پارەی زانکۆیان نیە. هەروەها سەردانی هاوڵاتیانی ئەمریکیم کرد لە پۆرتۆریکۆ، کە لەوێ ٥٨%ی مناڵان لە هەژاریدا دەژین و تەنها تۆزێک سەرو ٤٠%ی گەورەکانیان خاوەن کارن یان بۆ کار دەگەڕێن.
با وازح بین، سیستمی ئابووری جیهانی کەڵکی نیە بۆ زۆرینەی خەڵک لە ووڵاتەکەمان و لە جیهانیشدا. ئەمە مۆدێلێکی ئابووریە کە لەلایەن نوخبەیەکی ئابووریەوە دروستکراوە بۆ قازانج گەیاندن بەو نوخبە ئابووریە. بۆیە پێویستەمان بە گۆڕانی راستەقینە هەیە.
بەڵام پێویستمان بە گۆڕانێک نیە لەسەر بنەمای دێماگۆگی (خەڵک فریودان) و بیرتەسکی و هەستی دژە-کۆچبەر کە زۆر وابەستەی ریتۆریکی کامپینی چوونە دەرەوەی (بەریتانیا) و کرۆکی پەیامی (دۆناڵد ترەمپ)ە.
پێویستمان بە سەرۆکێکە سەرسەختانە پشتگیری بکات لە هاوکاری نێودەوڵەتی کە خەڵکی جیهان زیاتر لە یەک نزیک بکاتەوە و سەروو –نەتەوایەتی و ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگیش کەم بکاتەوە. هەروەها پێویستمان بە سەرۆکێکە کە رێزی مافە دیموکراتیەکانی خەڵک بگرێت و شەڕ بکات بۆ ئابووریەک کە بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کارگوزار، نەک تەنها ۆڵ ستریت و کۆمپانیاکانی دەرمان و بەرژەوندی بەهێزی تری تایبەت، بپارێزێت.
پێویستە بە شێوەیەکی بنەڕەتی سیاسەتەکانی (بازرگانی ئازاد) رەت بکەینەوە و بڕۆین بەرەوە (بازرگانی دادپەروەرانە). نابێت ئەمریکیەکان لە کێبڕکێدا بن لەگەڵ کارگوزاری ووڵاتە کرێ نزمەکان کە چەند سەنتێکیان لە سەعاتێکا دەست دەکەوێت. دەبێت رێکەوتنی (شەراکەتی سەراسەر زەریای هێمن) یاخود (Trans–Pacific Partnership – TPP) کۆتای پێ بێنین. دەبێت یارمەتی ووڵاتانی هەژار بەین مۆدێلی ئابووری بەردەوام و درێژخایەن پەرە پێبدەن.
پێویستە ئەو فەزیحەتە نێودەوڵەتیە کۆتایی پێ بێنین کە کۆمپانیا زەبەلاحەکان و دەوڵەمەنەکان خۆیان بەدوور ئەگرن لە دانی ترلیۆنەها دۆلار باج بە حکومەتە نیشتمانیەکانی خۆیان.
پێوستمان بەوەیە دەیان ملیۆن کار لە جیهانا دروستکەین لەرێی دژایەتیکردنی گۆڕانی ژینگەی جیهان و بەهۆی گۆڕینی سیستمی ووزەی جیهانەوە کە پشتی بەستووە بە سووتەمەنیە بەردەکیەکان.
پێویستمان بە هەوڵی نێودەوڵەتی هەیە بۆ کەمکردنەوەی خەرجیی سەربازیی لە سەرانسەری جیهاندا و چارەسەرکردنی هۆکارەکانی جەنگ لەوانەش: هەژاری، رق، نائومێدی و نەزانی.
ئەو بۆچوونەی کە دەڵێت دۆناڵد ترەمپ دەتوانێت سوود لە هەمان ئەو هێزانە وەرگرێت کە زۆرینەی بەخشی بە هەوادارانی کامپینی (چوونە دەرەوە)ی بەریتانیا دەبێت زەنگی بە ئاگاهێنانەوە بێت بۆ پارتی دیموکراتی ئەمریکا. ملیۆنان دەنگدەری ئەمریکی، وەک هەوادارانی کامپینی (چوونە دەرەوە)، بە پەی پێبردنەوە پەست و تووڕەن لەو هێزە ئابووریانەی کە چینی ناوەڕاست لەناو دەبەن.
لەم ساتە گرنگەدا، پارتی دیموکرات و سەرۆکێکی نوێی دیموکرات پێویستە روونی بکاتەوە کە ئێمە لەگەڵ ئەوانەداین کە لە ململانێدان و پشتگوێ خراون. دەبێت ئەو ئابووریە نیشتمانی و جیهانیانە دروست بکەین کە بۆ هەمووان ئیش بکات، نەک تەنها بۆ ژمارەیەکی کەم ملیاردێر.
نوسینی: بێرنی ساندەرز – رۆژنامەی نیویۆرک تایمز – وهرگێرانی ئالان رهووف