یادگار محموود:
عێراق، وڵاتێکی پڕ لە شەڕ وشۆڕش و کودەتای سەربازی بووە، یان حوکمی دیکتاتۆرو بە دەستی ئاسنین حوکمی کراوە. لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ کە ڕژێمی بەعسی ڕوخا ، بە جەنگی ئازادی عێراق ناوبرا ، چاوەڕاون دەکرا کە بەپێی ئەو دەستورەی ساڵی ٢٠٠٥ نوسرایەوە و زۆرینەی خەڵکی ئەم وڵاتە دەنگی پێدا ئەم وڵاتە ببێت بە دەوڵەتێکی دیموکراسی و مافی ھەموو پێکھاتەکانی کۆمەڵگای عێراقی تێدا دەستەبەر بکرێت، بەڵام بە پێچەوانەوە دیموکراسی تەنھا لە ھەڵبژاردندا بەرجەستە کرا و ھیچ کاتێک بە دەرئەنجامەکانی ھەڵبژاردن” چوار ھەڵبژاردن ” کاری پێنەکراوە، دامودەزگاکانی دەوڵەتیش وەک دامودەزگای کارا کاریان نەکردووە و بگرە داوەشاو و بێ ناوەرۆک بوون و بەرژەوەندی کەسی وحزبی و سیاسەتی( سێکت / تائیفی) لە دامودەزگاکاندا باڵا دەست بووە. غیابی پرینسیپ و کلتوری دیموکراسی لە حوکمڕانی و نەریتی ئەم کۆمەڵگایەدا کە سەردەکێشیت وسەریکێشا بۆ وەلانانی دەستور، زاڵبونی تائیفی و مەزھەبی وەک جێگرەوەی دەستور کۆی پرۆسەی سیاسی عێراقی پەکخستووە و عێراقی خستۆتە ڕیزی ئەو وڵاتانەی کە بە شکستخواردو پێناسە دەکرێن، لە بیرمان نەچێت بێجگە لە ھۆکارەناوخۆییەکان کە عێراقی گەیاند بەم بارودۆخە دەبێت ئاماژە بدەین بە دەستتێوەردانی دەرەکییش لە ئاستی ھەرێمی و دەرودراوسێی ئەم دەوڵەتە، عێراق. ھۆکارێکی تر کە دەکرێت وەک یەکێک لە ھۆکارە سەرەکییەکان و دایکی قەیران و تەنگوچەڵەمەکان کە عێراقی پێدا تێپەڕ بووە وعێراقی تێکەوتووە بە درێژایی مێژووی ئەم وڵاتە، چۆنێتی دروستکردنی ئەم دەوڵەتەیە لەلایەن بەریتانیاوە و پێکھاتەی کۆمەڵگای ئەم دەوڵەتەیە کە فرە ئیتنی و ئاینی و مەزھەبی و بە گشتی کۆمەڵگایەکی دینی یە. ئەم فرە پێکھاتەییە ” مەلیک فەیسەڵ” ی یەکەمیش دانی بەم ڕاستیەدا ناوە و ھەربۆیە دەستەواژەی ” گەلانی عێراق” ی بەکارھێناوە و ” مجلس الامە العراقی” بەکارھێناوە بۆ پەرلەمانی ئەوکاتەی عێراق، بەڵام ھیچ کاتێک لەم واقعەوە نەڕاوندراوەتە عێراق و بەڕێوە نەبراوە، ھیچ پڕۆژەیەکی سیاسی ھەلقوڵاوی ئەم واقعە و ئەم کۆمەڵگایە نەبووە بۆ بەڕێوەبردن و حوکمڕانی عێراق، ھەرچەند دەستوری نوێی عێراق دەرفەتێکی ڕەخساند بۆ تێروانین و بەڕێوەبردنی ئەو دەوڵەتە لەسەر بنەمای ئەم واقعە، بەڵام لەناو خودی کۆمەڵگای عێراقەوە زەمینەیەکی فکری، کلتوری، مێژوویی نەبوو بۆ ئەزمونێکی نوێی حوکمڕانی ، بەڵکو تۆڵەسەندنەوە و پەراوێزخستن و ململانێی دەسەڵات و سەپاندنی ھەژمونی پێکھاتەیەک بەسەر کۆی پێکھاتەکانی تردا مێتۆدیکی حوکم و سیاسەتی ئەم دەوڵەتە بووە و لەھەناویدا حەزی بە گەڕانەوەیە بۆ ناوەندێکی بەھێز و بڕوای بە فدڕاڵی نی یە ، ناواقعانە دەڕوانێتە پێکھاتەی کۆمەڵگای ئەم دەوڵەتە و پێیوایە کە کۆمەڵگایەکی ھۆمۆجینە لە ھەموو ڕوویەکەوە. ئەم سیاسەت و شێوازی بەڕێوەبردن و حوکمکردنە جیاوازییەکانی ( ئیتنی- دینی – مەزھەبی )ئەم کۆمەڵگایەی تۆختر کردۆتەوە و بێ متمانەیی بەیەکدی گەورەتر بووە. بێگومان بۆ تۆخبوونەوەی مەزھەبی دەتوانین دەستتێوەردانی دەرەکی تاوانبار بکەین ،ھەرچەند ئەو زەمینەیەش لەناو خودی عێراقدا لەبارە بۆ ئەو دەست تێوردانە بەپێی مێژوو، ئاین و ڕژێمەکانی پێشووی عێراق.ئەم ململانێ یە لەسەر دەسەڵات و ھەژموون ژینگەیەکی زۆر لەباری ڕەخساندووە بۆ گەندەڵی دارایی و کارگێڕی کوشندە. بێجگە لەم دەرھاویشتانە وکاریگەرییە نەرێنیەیانە و ئەوەی شایانی باسە نەمانی متمانە و بڕوا نەبوونە بە دیموکراسی و دامودەزگای یاسادانان و بێ ھەیبەتکردنی ئەو دامودەزگایانەیە. بارودۆخی سیاسی عێراق گەیشتووە بە ئاستێک کە ھیچ ئاسۆیەک بەدی ناکرێت بۆ دەرچوون لەم قەیرانە کوشندەیەدا کە ئێستا عێراقی پێدا تێپەڕ دەبێت. دەرئەنجامی ھەڵبژاردنی پێشوەخت لە ساڵی ڕابوردوو وەک دەرئەنجامی چوار ھەڵبژاردنەکانی تر کاری پێنەکرا و چەقبەستویی سیاسی دروست کرد و ڕێگە نەدرا حکومەت پێکبھێنرێت، دۆخەکە لە چەقبەستویی سیاسی سەری کێشا بۆ ڕەتکردنەوە و پەکخستنی کۆی سیستێمی سیاسی عێراق .ئەی دەبێت چی بکرێت بۆ چارەسەری ئەم دۆخە دژوارەی عێراق ، ماالعمل؟ ئایا ھەڵبژاردنی پێشوەختە دووبارە چارەسەرە؟!
کێشەکانی عێراق قوڵن ؛ فرەپێکھاتەیی، ڕیشەی مێژوویی و کلتوری و ئاینی و مەزھەبییان ھەیە، ھەروەھا دەستتێوردانی دەرەکی و سەروەتی نەوت و گازی عێراق و جیۆپۆلتیکی عێراق ھاوکێشە و چارەسەر ئاڵۆزتر دەکەن، بەڵام گەر ئیرادە ھەبێت ھەموو ئەو کێشانە چارەسەر دەبن و ھەموو ئەو جیاوازییانە پێچەوانە دەکرێنەوە و دەبنە ھێز بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی بەھێز و کۆمەڵگایەکی پێشکەوتو،خۆشگوزەران، ئەم نمونەیە لە جیھاندا زۆرە و ئەزمون کراوە. ئەم ئیرادەیە بۆ ئێستا و داھاتووی عێراق زۆر پیویستە وڕزگارکەری تەواوی ئەم ناوچەیەیە لە جەنگ و ململانێی کوشندە و ھەوڵی سڕینەوەی ئەوی دی. چارەسەرەکە ھەرچی بێت پێویستە چارەسەر و پڕۆژەیەکی خۆماڵی بێت، ھەڵقوڵاوی کۆمەڵگای عێراقی بێت . لێرەدا شایانی باسە کە ئاماژە بە دەست پێشخەرییەکەی سەرۆکی ھەرێم، بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانی بدەین کە بانگھێشتی لایەنە عێراقیەکانی کرد و داوای لێکردن بێن لە ” ھەولێر – پایتەختی دووەمی عێراق” گفتوگۆ بکەن و لەسەر مێزی گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکەن. ناوبردنی ھەولێر بە پایتەختی دووەمی عێراق لەلایەن بەڕێزیانەوە خۆماڵی بوونی پرۆژەیەکی سیاسیە بۆ چارەسەری کێشەکانی عێراق و دەستپێکێکە بۆ گەڕانەوە و ھەڵگەڕانەوەیە بۆ عێراق لە پێناو عێراق و گەلانی عێراقدا.