لاپەڕەی سەرەکی بیروڕا بەشێک لە (میدیای کوردی) وەک ئیپستنێک ، غەریزەی شاشەو شتی تریش!!

بەشێک لە (میدیای کوردی) وەک ئیپستنێک ، غەریزەی شاشەو شتی تریش!!

0 تێبینییەکان 91 بینینەکان

هێمن عەبدولقادر:

یاسایەکی زۆر سادەی کۆمەڵناسی هەیە بۆ مامەڵەکردن لە تێگەیشتنی کۆمەڵگا ، (مرۆڤ هەر کاتێک دەستی کرد بە قووڵبوونەوەی فیکری، بینەرەکانی و خوێنەرەکانی لەدەست دەدات) ، لێرەدا بێژەرێکی کچ یان ئەوانەی دەردەکەون ناچار دەبێت (عەقڵی خۆی بچەپێنێت) بۆ ئەوەی جێگەی بۆ “جەستە و ستایلەکەی” بکاتەوە.

…………….

کاتێک جوانی بێژەر کە (جوانییەکی پلاستیکی و سەناعی) ە، دەبێتە ترێند و کەرەستەکی کۆکردنەوەی لایک و کۆمێنت، دەرونییەن وا فێر دەبێت کە مەعریفە بۆی بارێکی گرانە

لەبری ئەوەی ئازاری مێشکی بدات ، ئازاری ریزێک ددانی سەناعی و لوتێکی تەجمیلکراو و لێوێکی دەرزی لێدراو و برژانگێکی سەناعی و بارۆکەیەکی دەستکرد بدات ، ئالەو دۆخەدا دەردەکەوێت ئازاری فیکری چەند سەختە مرۆڤ ئامادەیە دەرزی بکات بە جەستەی خۆیدا بەڵام دوو دێڕ نەکات بە بیرکردنەوەیدا.

تیۆری (تەماشاکردنی نێرینە- The Male Gaze) لۆرا مۆلڤی دەڵێت :-

میدیاکان زۆرجار پەیام و وێنەکان بە جۆرێک دادەڕێژن کە لەگەڵ ئارەزووی بینەری پیاو بگونجێت. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی بێژەرەکە وەک کارەکتەرێکی بوکەڵەیی سەرنج راکێش دەربکەوێت نەک وەک بکەرێکی فیکری.

گای دیبۆرد لە کتێبی (کۆمەڵگای نمایش)دا هەروەها دەرونشیکاری (لاکان)یش پێمان دەڵێن :-

مرۆڤ چۆن تووشی خەساندنی سێکسی دەکرێت ، هەر بەو چەشنە تووشی (خەساندنی دەروونی) دەکەن ، بێژەرەکە بەردەوام لەژێر ترسدایە (ترسی پیربوون، ترسی کێشی زیادە، ترسی تێکچوونی ستایل و جەستەی) ئەمە جۆرێکە لە ئەشکەنجەی دەروونیی بەردەوام، چونکە بەهای ئەو بەستراوەتەوە بە “کات” و “ڕووخسار” کە دوو توخمە، تێپەڕ و ناسەقامگیرەکەن

………

کاتێک بێژەرێک یان ڕاگەیاندنکارێکی کچ خۆی دەبێتە پارێزەری ئەو سیستەمەی کە دەیچەوسێنێتەوە. ئەو سیستەمە نێرینەیەی کە ئیلهام لە غەریزە و دورگەی ئیپستن وەردەگرێت ، ئەو پێی وایە ئەمە “سەرکەوتن” و “ناوبانگ”ە،

بەڵام لە ڕاستیدا ئەو لە ناو قەفەزێکی زێڕیندا زیندانی کراوە. ئەو چەپێنراوە چونکە ڕێگەی پێ نادرێت پیر بێت، ڕێگەی پێ نادرێت ماندوو بێت، و ڕێگەی پێ نادرێت “خاوەن دەنگێکی جیاواز” بێت ، رێگەی پێنادرێت لەبەردەم ئاوێنەدا چێژ لە چرچی ژێر چاوی و سپی قژی و شیرپێدانی منداڵەکانی ببێتەوە ، چونکە ئەمە ململانێ لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی کەناڵەکەدا دەکات.

نیشاندانی ڕۆژانەی ئەلبومێکی خۆت لەکارو چالاکییەکانت ، یان ریڵ و ڤیدیۆ و بەرنامەو راپۆرتەکانت نیشانەی سەرکەوتووی تۆ نین ، نیشانەی ئەو پەڕی بێئاگاهی تۆن کە لەناو سیستەمێکی پیاوسالاری خۆشکراو بە غەریزە و بازاڕ و کاڵا سوود لە جەستەت دەبینن بێ ئەوەی سود لە بیرکردنەوەت ببینن .

مادام پارەکەی و ناوبانگەکەی باشە، مانای وانییە تۆ ئەستێرەی شاشەو ژیانت باشە ، خراپترین دۆخێک بۆ ئینسان ئەوەیە نەهێڵن چێژ لە گۆڕانە بایلۆجی و جەستەیەکانی ببینێت و بەخاتری بازاڕ و بینەر هەمیشە وەک وێنە و بوکەڵە بتهێڵنەوە!!

ئایا لەناو ئەو دۆخەی میدیا و راگەیاندندا هێشتا ئامادەی وەک پرسیارکەر و پرسیار لێکراو دەرکەویت ؟ وەڵامەکەی بۆخۆت

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە