
ـ بزوتنەوەی ژنان ئەو ئامرازە کۆمەڵایەتی و سیاسیانەن کە ئامانجدار ڕێکخراون بۆ گواستنەوەی چەمکی ژنان لە دۆخێکەوە بۆ دۆخێکی تر، بە زۆری خودی ژنان تەیار کراون و بونەتە سەرباز بۆ بردنە پێشەوەی ئەم ئەرکە..وشەی بزوتنەوەی ژنان وشەیەکی گشتیە و بە پانتایی بزوتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان لە کوردستان، بە پێی ژمارەی حزبەکان ڕێکخراوی ژنان هەیە و لەهەر کامەیان پرسیار بکەیت ئەرکیان چیە؟ وەڵامیان خەبات بۆ گۆڕینی دۆخی ژنانە، بەڵام لێرەدا گرنگ ئەوەیە ئەم رێکخراوانە بە چ عەقڵیەتێکەوە هاتونەتە مەیدان و بە کردەوە دەیانەوەێت دۆخی ژنان بەرەو دۆخێکى تر بەرن.. بەبۆچوونى من ئەمانە بەشی هەرە زۆریان پاڵنەرن بۆ دواوە.
مێژوی خەباتی پێشکەوتوخوازانەی ژنان بە درێژایی ١٠٠ ساڵی ڕابردوو یەک ئاراستەی هەبووە و ئەویش وەستانەوە بەرانبەر داب و نەریتی دواکەوتو و یاسای پیاوسالاری دینەکان، کوردستان ناتوانێت دابڕاو بێت لەم مێژووە، بۆنموونه ئەوانەی کە لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەردەکەون و دەڵێن فرە ژنی لە بەرژەوەندی ژنانە یان ئەومەلایانەی کە بەبەردەوامی لە میمبەری مزگەوتەکانەوە دەردەکەون و سوکایەتی بە ژن دەکەن بەڕای من دەچنە چوارچێوەی بزوتنەوەی ژنانەوە، چونکە دەیانەوێت دۆخ و ڕەوشی ژنان بەرەو ئەقارێک بەرن.. کەواتە چەندین جۆر لە بزوتنەوەی ژنانمان هەیە لەبزوتنەوەی ژنانی چەپ و کۆمۆنیست و فیمینیست وههروهها ئیسلامی …هتد، بەڵام بە بڕوای من ئەوەی کە پیویستە لە ئێستادا هەبێت وبەهیز بێت بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنانە کە سەر بە بەرەی ئازادیخوازی کۆمەڵگایە و بڕوای بە یەکسانی بێ قەید و شەرت هەیە وتەنها زەرورەت وتەکوینی ژیانی ئینسان بنەمایە بۆ خەباتەکەی نەک شەریعەت و داب ونەریتی کۆن.. بەداخەوە ئەم جۆرە لە بزوتنەوەی ژنان بە بەردەوامی لە لایەن دەسەڵاتەوە ڕێگری لێکراوە و سەرکوت کراوە.

ـ ئەگەر بەپێی ئەو پێناسەی لەسەرەوە کردم قسه لهبزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان وەک بزوتنەوەیەکی ئازادیخوازی لە کوردستان بکهم دەتوانم بڵێم لە ئێستادا لاوازە، لەبەرئەوەی بزوتنەوەی چەپ لە کوردستان پاشەکشەی پێکراوە .. بونی هەیە، بەڵام لە دیفاعیکی زۆر لاوازدایەو ناتوانێت بەربە ڕەهەندی کۆنەپەرستی لە کۆمەڵگا بگرێت و ببێتە بەربەستێک بەرامبەر ئەم هەموو هێرشەی ئەمڕۆ بەرامبەر بە هەویەتی ئینسانی ژن دەکرێت لە کۆمەڵگادا.. دیارە ئەوەش هۆکاری خۆی هەیە، من پێموایە بزوتنەوەی ژنان بزوتنەوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیە کاتێک ئەو لایەنە سیاسیانەی کە بەجدی باوەڕیان بە یەکسانی ژن و پیاو هەیە لە کۆمەڵگا بێهێز دەبن بەدڵنیایەوە بزوتنەوەی یەکسانیخوازیش بێهێز دەبێت.. ئێمە ساڵانی نەوەتەکانمان بیرە کە چەپ و کۆمۆنیستەکان جێگاو ڕێگای خۆیان هەبوو لە ساحەی سیاسی کوردستان و پیداگریان لەسەر مافە ئینسانیەکانی ژنان دهکردو هێرشی توندیشی دەکردە سەر ئەو بۆچونە کۆنەپەرستانەی کە کۆت وزنجیریان دەخسته قاچی ژنانەوە. * ئەگەر یەکێک لەئامانجەکانى دەرکەوتن ودروست بوونى بزووتنەوە جیاوازەکانى ژنان بریتى بێت لەئازادکردنى ژن لەکۆت وبەندە سیاسى وکۆمەلایەتییەکان.. بەراى تۆ ئەو رێکخراو وبزووتنەوانەى ئەمرۆ لەکوردستان بوونیان هەیە وەکو کۆمەلێک لایەنى داکۆکیکار لەمافەکانى ژنان تاچەند توانیویانە لەروانگەى کارى رێکخراوەیى خۆیانەوەو لەوبەشەى کەپەیوەندى بەئەرکى ریکخراوەییەوە هەیە لانى کەم بەشێک لەماف وئازادییەکان بۆژنى کورد دەستەبەر بکەن؟
ـ سهبارهت بهئەوەی کە ئەم ڕێکخراوانە توانیویانە تاچهند توانیویانه مافەکانی ژنان دەستەبەر بکەن بێگومان دەڵێم نەخێر! لەبەر ئەوەی ئەم ڕێکخراوانە دروستکراوی کۆمەڵێک حیزبی سیاسین وهەریەک بە ئارەزوی لایەنەکەی پرسی ژنان دەباتە پێشەوهو ئەوەش هەقی خۆیانە.. ئەم بزوتنەوەو ڕێکخراوانە لەناو هەناوی ژنان و کێشەکانی ژنان هەڵنەقوڵاون و نەیانتوانیوە خۆیان بەشێک بن لە گۆرانکاریەکان و پرس لە کۆمەڵگا بخولقێنن.. ڕێکخراوی ژنان دەبێت لە هەناوی کێشەکانی ژنانەوەبیت .. کێشەکانی ژنان کەم نین لەم دۆخەی ئێستای کوردستان ئەگەر هەرئاوڕێکی خێرا بدەینەوە تەنها لە سەرەتای سەرهەڵدانی داعەشەوە بەئاسانی دەبینین تا ئێستا ژنان چەندین باجیان داوە لهقەیرانی سەپێندراوی ئابوری وخراپبونی خزمەتگوزاریەکان ونەبوونی موچە و ههروهها دۆخی ئابووری خراپ و هەموو کێشەکانی تر کهچهند بەسەر ژنان شکاونەتەوە.. سەرەڕای هەموو ئەم کێشانەش بزوتنەوەیەکی بە هێزی پێشکەوتوخواز نابینین، ئەم هەموو ناڕەزایەتیە بەرفراوەنەی کە دەبیندرێت و هاواری ژنان لە دژی بێ موچەیی و بێ ئاوی و بێ کارەبایی گوێمان لێدەبێت بەڕای من هۆکارەکەی ئەوەیە هێزێکی سیاسی پێشکەوتوخوازی بەهێز لەسەر گۆڕەپانی سیاسی کوردستان بوونی نیە.
بەرەوپێش چونی ڕەوشی ژنان بۆ دۆخێکی باشتر و ئینسانی تر لە گرەوی ئەوەدایە کە بزوتنەوەیەکی بەهێزی یەکسانیخوازی ژنان لە خوارەوەی کۆمەڵگا، لەشوێنی کارو ژیانەوە سەرهەڵبدات ئەگەرنا ئەم ڕێکخراوو گروپانەی ئێستا سەرباری ماندوبون و شەونوخونیان ناتوانن ئاڵوگۆڕێکی جدی بە بەرژەوەندی کۆمەڵگاو ژنان بهێننە ئاراوە.

* ژن لەنێو کۆمەلگاى کوردی دا گیرۆدەى چەندەها کێشەو گرفتى جۆراوجۆرە کەهەریەک لەوگرفتانە سەرچاوەگرتووى کۆمەلێک رەهەندى هەمەلایانەن… بۆنموونە ئێستاش کوشتنى ژنان لەژیرهەر ناو وپاساوێکدا بێـت بوونى هەیە یاخوود تاوەکو ئێستاش ژنى کورد نەیتوانیوە بگاتە سەربەخۆییەکى تەواو لەماف وبریارداندا وهەروەها کۆمەلێک کێشەى تر.. دەپرسم ئایا بزووتنەوەکانى ژنان لەکۆێى ئەو کێشانەدان هەرچەندە چارەسەرکردنى ئەوگرفتانە ناکرێت بهتەنها بخرێتە ئەستۆى رێکخراوەکانەوە؟
ـ کوشتنی ژنان لە کوردستان بەدوای هاتنە سەرکاری حیزبە ناسیۆنالیستە کوردیەکانەوە بوو بە دیاردە لەوانەیە هیچ کام لە ئەحزابی دەسەڵاتدار وشەی ئیسلامی لە پێناسە و تەسکەرەیان نەنوسرابێت، بەڵام ئەو سیستەمەی کە لە ماوەی ئەم 25 ساڵەدا حاکمیەتی کوردستانیان پێکردووە هیچ جیاوازیەکی نەبووە لە گەڵ وڵاتە ئیسلامیەکان.. ئەمە تۆمەت نیە ولە ڕەشنوسی دەستور خۆیان بە شانازیەوە پێیان لەسەر داگرتووە جگە لەوەی کە لە ژێر حاکمیەتیان هێزە چەپ و پێشکەوتوخوازەکانیان سەرکوت کردوە و لەبەرامبەریشدا پەرەیان بە ئیسلامی سیاسی داوه و مینبەری مزگەوتەکانیان ئاوەڵەکرووه بۆ سوکایەتی کردن بە ژنان.. بۆیه جارێکی تر تەئکید لەوە دەکەمەوە نە بوونی بزوتنەوەی ژنانی پێشکەوتوخواز نیشانەی ئەوەیە لە ساحەی سیاسی کوردستان هێزی سیاسی پێشکەوتو کە بە عەمەلی باوەڕی بە یەکسانی ژنانو پیاو هەبێت لاوازە. *بۆچوونێک هەیە لەئێستادا ئهجیندای کارکردنی زۆرینهی رێکخراوەکانى ژنان لەکوردستان دەخاتە نێو بازنەى گومانەوە، ئەوەش دەوترێت ئەو رێکخراوانە جێبەجیکارى سیاسەتێکى دیاریکراوى حیزبین وبەپێ کۆمەلێک ئەجینداى سیاسى وحیزبى تایبەت کارەکانى خۆیان بهری دهکهن.. ئەگەر ئەم بۆچوون وئیدعایە لەئەرزى واقیعدا بوونى هەبێت ئاخۆ ئاسەوارەکانى دەبێت چى وچۆن بێت بۆسەر پەرتەوازەکردن پارچە پارچەبوونى بزووتنەوەی ژنان لەکوردستاندا؟.
ـ سەرباری هەر سەرنجێک کە لەسەر ڕێکخراوەکانی ژنان هەمانبێت، بەڵام ئەوانەی کە سەرچاوەی ئەم کێشانە دەخەنە ئەستۆی ڕێکخراوەکان خۆیان لە کێشە واقعیەکان دەدزنەوەو تەنها دەیانەوێت خەڵک لە ڕێکخراوبون بسڵەمێننەوە.. دیارە پرسی خراپی دۆخی ژنان و ئازادنەبونیان لە کوردستان فرە ڕەهەندەو بۆ زۆر سەرچاوە دەگەرێتەوە، بەڵام ئەگەر تەنها ئەم 25 ساڵەی حوکمڕانی کوردی بەهەند وەربگرین دەبینین دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستان یەکێک لە هۆکارە هەر سەرەکیەکانی بهرهو خراپی بردنی دۆخی کۆمەڵگا بووه ولهو رووهشهوه ژنان پشکی شیریان بهرکهوتووه.. زۆربەی ئەم ڕێکخراوانە ڕێکخراوی حیزبین وحیزبهکانیش هەقی خۆیانە کە ڕێکخراوی خۆیان هەبێت و لهو ریگایهوه سیاسەت و ئایدۆلۆجیای خۆیان ببەنە پێشەوە ، بەڵام کێشەکه ئەوەیە ئەمانە سەرقاڵی وڵامدانەوەی کێشەکانی ژنان نین و زۆربەیان سەرقاڵی بەرژەوەندی حزبەکانیانن وهەڵەیە لەوەش زیاتریان لێ چاوەڕوان بکرێت.
* قۆرخکارى دەسەڵاتى سیاسى لەکوردستان لەلایەن پیاوانەوە کاریگەرى هەبووە لەسەر پەرتەوازەبوون و نەبوونى یەک هەڵویستى ویەک ریزى بزووتنەوەکانى ژنان بەگشتى؟
ـ کوردستانیش وەک هەرکام لە کۆمەڵگا نەریتەکانی تر بە درێژایی مێژو گەورە سالاری و پیاوسالاری زاڵبوە بە سەریا و هەتاوەکو ئەمڕۆش کەلتوری خێڵەکی لە سەرکارە و لەم نیزامەدا ژن نەتەنها سەرۆک نەبووە بەڵکو ژنە سەرۆکیش نەبووە.. پهنجا ساڵە سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرۆکی حزب و میللەتە، بهلام تاوهکۆ ئیستا میللهت هاوسهری سهرۆکی نهبینیوه .. لە مێژوی ئەم کەلتوورە خێڵەکییەدا پیاو سەرۆک خێڵ بووە، پیاو مەلا و وتار بێژ بووەو ههروهها سەرۆک عەشیرەت ومۆختار ویاسا دانەر بووه.. ئەم عەقڵیەتە خێڵەکیە درێژ بووەتەوە بۆ ناو دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری کوردستان و کۆمەڵگا بە پێی بەرژەوەندی یاسای ئاین کە یەکێکە لە کۆڵەکە کانی پیاوسالاری داڕێژراوە.. سەرجەم پۆستە سەرەکیەکان لە لای پیاوە وە داگیر کراوە ئەگەر بەم دوواییانە ژنان دەستیان گەیشتبێت بە هەندێ پۆست بە دڵنیایەوە یان پۆستەکە زۆرئیعتیباری نهبووه یان خودی ئهو ژنانەش نەیانتوانیوە خۆیان بن وتەمسیلی پیاویان کردووە لە قازانج رەوەندی پیاوسالاریدا هەر وەک ئەو ژنانەی پەرلهمانی کوردستان کە دەستیان هەڵبڕی بۆ یاسای فرهژنی .
* باشترین رێوشوێن بۆ بونیاتنانى بزووتنەوەیەکى ژنانى بەهێز چییە لەواقیعى ئەمرۆى کۆمەڵگاى کوردیدا؟
ـ لە واقیعی کۆمەڵگای کوردی ولە هاوکێشە سیاسی وئابوری وکۆمەڵایەتیەکان پارسەنگ بە قازانجی کۆنەپەرەستی و پیاوسالاریە، سەرجەم ئەو هێزانەی کە ڕۆڵیان هەیە لە حاکمیەتی کوردستان ئەگەر چی لەسەر بەڕێوبردن و بوارەکانی تر زۆر ناکۆکیش بن بەڵام تێکڕا هاودەنگن لە سەر حاکمیەتی پیاوسالاری.. بەڕای من بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان دەبێت لەدەرەوەی پاشکۆیەتی ئەو حزبانە ولە جەرگەی کێشە کانی ژنانەوە سەرهەڵبدات و کێشە واقیعیەکانی ژنان بخاتە ڕوو.. واتا ڕابەرانی ئەم بزوتنەوەیە ههلقولاوی ناو جەرگەی بەربەرەکانێ و ناڕەزایەتیاکانی ژنان بن بهشیوهیهک ئەوەندە بەهێز بێت کە بتوانێت فشار بهێنێت وڕۆڵی هەبێت لە دۆزینەوەی ڕێگا چارە لەهەڵتەکاندن وسهرلهنویی بینیاتنانەوەی کۆمەڵگا لەڕیشەوەو.. هیزیک بیت فشاربهێنێت بۆ جیاکردنهوهی دین لە دەوڵەت وسەپاندنی سکۆلاریزم لە کۆمەڵگادا،چونکه ئەم کۆمەلگایە لە بناغەوە پیویستی بە بنیاتنانەوە هەیە.
* هۆکارچییە کەبزووتنەوهکانی ژنان بەهەموو ئایدیاو ریفۆرمە جیاوازەکانەوە بەشیوهیهکی گشتى کەنەیانتوانیوە لەهەندیک لەئامانجەکانی تایبهت بهپرسهکانی ژنانهوه خاوەنى یەک دەنگ ویەک هەلویست بن.. لهکاتیکدا زۆرینهی ئهو بزووتنهوانه وهکو خۆیان ئیدیعای دهکهن ئامانجیان دهستهبهرکردنی ماف وئازادییهکانه بۆژنان.
ـ ئەم ڕێکخراوو گروپە جۆراو جۆرانەی ژنان لەسەر بناغەو بۆچونی جیا دامەزراون، هەریەک ئامانجێک دەباتە پێشەوە دەکرێت بەهەموویان بزوتنەوەی ژنان بن، بەڵام ناتوانن بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان بن.. ئیمکانی هەیە بتوانن لەسەر چەند پلاتفۆرمو لائیحەیەکی هاوبەش لەسەر چەند خاڵێک کاربکەن بەڵام ناتوانن پیکهوه هەڵگری یەک ئاڵا بن، لەبەر ئەوەی من خۆم وەک نمونە ئامادەنیم هیچ سازشێک لەسەر پرسی یەکسانی ژن وپیاو بکەم وهیچ شتێکیشم لاپیرۆز نیەو هیچ پاساوێک بۆ بەکەمزانینی ژنان بەڕەسمی ناناسم.. پێموایە بۆ خوشکێکی موسوڵمانیش هە ربەهەمان شێوەیە ئەویش ئامادەنییە سازش لەسەر ئەحکامی ئیسلام بکات کە ژنان زەعیفەن پرسەکە لیرەدا ئەوەیە کام بزوتنەوەیان بەهێزترن .
* لاوژە جواد چۆن خۆى دەبینێت وچۆن خۆى پێناسە دەکات؟
ـ لاوژە جەواد ژنێکی کۆمۆنیستەو پێی وایە تەنها شۆڕشی سۆسیالیستی دەتوانێت ژنان ڕزگاربکات بهلام نەوەکو بەمانا کلاسیکیەکەی کە دەڵێت کێشەی ژنان کێشەی چینی کرێکارە.. سەبارەت بە کوردستانیش خۆم بەبەشێک لە بزوتنەوەی یەکسانیخوازی دەزانم و هەوڵم بۆ باشکردنی بارودۆخی ئیستای ژنانە لە کوردستان.
*پرۆفایل:
ـ لاوژە جەواد حەمەد 1974ـ کۆیە
ـ خوێندنی سەرەتایی ناوەندی و ئامادەیی لە کۆیە تەواوکردوەو ئەندامی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستانه.
ـ لەسەرەتای ڕاپەڕینەوە وەک هەڵسوڕاوێکی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی کاریکردوە.
ـ لهبوواری کاری رۆژنامهوانیدا وەکو پەیامنێری ڕۆژنامەی ڕێگای کوردستان لە کۆیە دەستیپێکردوە.
ـ بەشداری چەندین کۆڕسی ڕۆژنامەنوسی کردووەو لە ڕادیۆی پێشەنگ بهرنامهیهکی تایبهتی ههیه لهبارهی پرسهکانی ژنهوه
ـ لە ساڵی 2002 وە لە وڵاتی دانیمارک نیشتهجییه