کەپێیان وتم پرۆژەیەک لەبەسرە هەیە کەمێک دوودڵ بووم بەشداربم، بەڵام دواتر دڵنیاییان دامێ کە بەسرە ئارامە. بۆیە بڕیارمدا کە بڕۆم. نەک هەر ئەوە بەڵکو سەرپەرشتی گروپەکەشیان خستە ئەستۆم بۆیە هەندێ هاوڕێی رۆژنامەنووس و نووسەرم ئاگادارکرد کەبەشداربن.
بەرێکەوتین و رۆژی 27|2 لەفڕۆکەخانەی سلێمانیەوە بەرەوە بەسرە فڕین، بەڵام کەمێک دڵەراوکێم هەرمابوو، گەیشتینە فڕۆکەخانەی بەسرەو دواتر رۆژنامەنووسێکی گەنج کەخەڵکی بەسرەیە جاوەڕێی دەکردین بەرەو ناوشاری بردین، کێشەیەک نەبوو رێگا خامۆش و ئارام، بەڵام هەرچەند سەیری هەموو لایەکم ئەکرد ژنێکم نەبینی زۆر نیگەران بووم، رێی تێنەئەچوو نزیکەی نیو سەعات لەمەتارەوە تا هۆتێل، ژنێک یان کچێکی مناڵ بەدی نەکەیت، دڵم توندبوو ئەمە بوو بەپرسیارلام.
گەیشتینە هۆتێل ئەم پرسیارە خەیاڵ و تەرکیزی بردبووم، لەبری چوونە ژوورەکەم و پشودان لەهۆڵی پێشوازی دانیشتم و داوای قاوەیەکم کرد لەو کاتەدا دوو ژن بەرەوروومان هاتن، رووخساریان لەخەڵکی بەسرە نەدەچوو، نزیک بوونەوە حۆیان ناساند ئەو کات زانیم کە ئەمان پرۆژەکە ئەنجام دەدەن بریگیت ئەڵمانی و لەیلا بەرەگەز لوبنانی.
هاوڕێکانم رۆشتن بۆ پشوودان، بەڵام من مامەوە پێیان وتم “لێرە ژنان ئازادیان زۆر کەمەو کەمتر دەبینرێن ئەگەر دەریشبکەون دەبێ باڵاپۆشبن، ئەمە ئەو سیستمەیە کە ساڵانێکە سەپێنراوە بەسەر ژناندا.”
بۆ رۆژی دواتر دەبوو کاتژمێر 8.30 ئامادەی ورکشۆپەکە بین زۆر پەلەم بوو بگەمە هۆڵەکە، بەڵکو ژنانی بەسرە ببینم، گەنجە رۆژنامەنووسەکە هات بەشوێنماندا و بەڕێ کەوتین بۆ کتێبخانەی گشتی بەسرە، چونکه ورک شۆپەکە لەوێ بوو.
بەدنیایەک پرسیارو خەیاڵ و پێشبینی چوومە هۆڵەکە ژمارەیەکی زۆر ژنم بینی، هەموویان باڵاپۆش، جگە لەئێمە تەنیا دوو ژنی تر باڵاپۆش نەبوون و هەردووکیان خەڵکی بەسرە بوون.
لێرەوە ئاشنا بووین لەگەڵ ئەو ژنانە، ژنانێک کە پڕبوون لەهیوا پڕبوون لەهاواری ئازادی، بەڵام کلتورو سیستمی نوێی ئەو ناوچەیە، رووکەشیانی داپۆشی بوو، هەموویان لەرێگەی نووسینەکانیان ناخیان هەڵدەرشت.
قسەی یەکێک لەژنەکانم بیر ناچێ کە لەناو دەیان پیاودا دوایین رۆژی ۆرک شۆپەکە کەچەندین میوان و دەزگای راگەیاندن بانگهێشت کرابوون، بەدەنگی بەرز وتی “ئێوەی پیاو گوێمان لێبگرن نووسینەکانم بخوێنەوە بۆچوونەکانم بەهەند وەرگرن، مامەڵە لەگەڵ عەقڵ و تواناماندا بکەن، سەیری جەستەمان مەکەن، با وەکو مرۆڤ مامەڵە لەگەڵ یەک بکەین.” قسەی ئەم ژنە رچەشکێن بوو، لەناو ئەو هەموو پیاوەدا ئەو ناوی مونتەهی بوو ژنە نوسەرێکی خەڵکی بەسرەیە.
لەکاتی رێستەکان گفتوگۆی ئێمە بەردەوام بوو پرسیارم لەیەکێک لەژنەکان کرد، وتم گوێم لێبوو باسی زواجی موتعەتان کرد ئەو دیاردەیە چۆنە و بۆ؟ بەدێرێکی کورت وەڵامی دامەوە، وتی ئەوە حەزەکانی پیاوی ئێمەیە کە لەژێر ناوی شەرعدا بێڕێزی بەژنان دەکەن.
دواتر چوومە لای ئیناس، ئەو کچێکی شیرینی بەسرایی بوو، کەپێشتر بۆ ماوەی چەند ساڵێک لەسلێمانی ژیاوەو کاری لەکۆمپانیای ئاسیاسێل کردووە.
ئیناس سەرەتا وتی وێنەم بەجلی کوردیەوە هەیە و خۆزگە داتان دەنا کورد و ژنی کوردم زۆر خۆش دەوێ لەوانەوە فێری بەرەنگاری و کۆڵنەدان بووم. لەدرێژەی قسەکانیدا وتی “ژنان لەم شارەدا تموحیان هەیە عاشقی جوانی و راستگۆیین، سەرەڕای ئەو بارودۆخە خراپەی تیایدا دەژین بەتایبەت دوای ساڵی 2003، کە بارودۆخێکی خراپیان بەسەر ژنانی ئەم شارەدا هێناوە، سەرەتا گۆڕانکاریان لەرووکەشی دەرەوەی ژناندا کرد بەناوی دینەوە و بەبەرنامە، هەربۆیە دەبیین زۆربەی ژنان لەم شارەدا باڵاپۆشن بەبێ ویستی خۆیان، سەرەڕای ئەوەش هەندێکیتر لەژنان تەسلیمی ئەو بارودۆخه بوون کەسەپێنراوە بەسەریاندا، بەڵام لەلایەکیترەوە لەلایەن چەندین ژنی رۆشنبیرو بەئاگا لەشارەکەدا هەوڵێک هەیە بەمەبەستی رووبەرووبوونەوەی ئەو باودۆخە نەخوازراوە.”
قسەی تر زۆرە کەبکرێ لەسەر ژنانی بەسرە، لێرەدا ئەوەندە بوار هەیە، بەڵام ئەوەی پێویستە بوترێت کە ژنانی بەسرە وەکو هەموو ژنانی ناوچەکە گیرۆدەی نادادپەروەری و دین و کلتوور و سیستمی حکومڕانین، لەهەوڵی ئازادکردنی ژنبوونی خۆیاندان و خەونی ئازادیان هەیە، دەیانەوێت رۆژێک زووتر رزگاریان بێت لەو قەفەزەی سیستمی پیاو سالاری لەژێر پاساوە جۆراوجۆرەکاندا بۆیان دروستکردون.
ئاشتی عەبدوڵڵا