پێدەچێت شتانێکی زۆر هەبن کە داعش و جۆن ستیوارت و سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەری کۆک نەبن، بەڵام یەک شت هەیە کە لەسەری کۆکن کە ئەویش کاریگەریی کاولکارانەی ڕێککەوتنی سایکس-پیکۆ-یە، کە پلانێکی نهێنی بوو بۆ دابەشکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەلایەن فەڕەنسا و بەریتانیاوە ١٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا ئیمزا کرا. ئەمەش ڕاو بۆچوونێکی بەربڵاوە کە کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ”هێڵە دەستکردەکان و دروستکردنی دەوڵەتە دەستکردە نەژادی و ئاینی و کلتورییەکان”ەوە سەرچاوەی گرتووە.
گومانی تیادا نییە کە ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوا کاریگەرییەکی خراپی لەسەر ئاراستەی مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبووە. بەڵام ئایا سایکس- پیکۆ ئامانجی سەرەکییە بۆ ئەم توڕەیی و قینە؟
ئەو سنوورانەی کە ئەمڕۆ بونیان هەیە، ئەوانەی کە ئەمڕۆ داعش دەڵێت سڕاونەتەوە، لە ڕاستیدا لە ساڵی ١٩٢٠ دا دانراون و لەماوەی چەند دەیەی دواتردا گۆڕانکارییان بەسەردا هێنراوە. سنوورەکان ڕەنگدانەوەی پلانی هیچ کەسێک نین بەڵکو زنجیرەیەک هەلی پێشنیازکراو بوون لەلایەن ستراتیجیستە مونافیسەکانەوە لە پاریس و لەندەن و ژمارەیەک سەرکردەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە. بۆ هەریەکێک لەو کێشانەی کە ئەو بەرنامانە دروستیان کردووە، بیرۆکەی جێگرەوە بۆ جگە لە دابەشکردنی هەرێمەکە لەوانەیە باشتر نەبوایە. دروستکردنی وڵاتیش لە هەرێمە جۆراوجۆرەکاندا پێشێلکارییە و پرۆسەیەکی ناتەواوە.
سایکس و پیکۆ پلانەکەیان کێشا
لە مانگی ئایاری ١٩١٦دا مارک سایکس دیپلۆماتکاری بەریتانی و فرانسوا جۆرج پیکۆ هاوتا فەڕەنسییەکەی، ڕێککەوتنێکیان نوسی بۆ دڵنیابوون لەوەی کە دوای تێکشکاندنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە جەنگی جیهانی یەکەمدا وڵاتەکانیان بە یەکسانی بەشیان بەردەکەوێت.
هەردوو وڵات هۆشدارییان دایە خۆیان لە کۆنترۆڵکردنی ڕاستەوخۆی ناوچەکان کە تیایاندا ستراتیجی دیاریکراو و بەرژەوەندیگەلێکی ئابوورییان هەبوو. فەڕەنسا پەیوەندی توندوتۆڵی بازرگانی لەگەڵ شام هەبوو، هەروەها مەسیحیەکان نیشتەجێی ناوچەکە بوون بۆ ماوەیەکی درێژ. بەریتانیاش بەنیازی پاراستنی بازرگانی و ڕێگاکانی گفتوگۆکردن بوو بۆ هندستان لەڕێگای نۆکەندی سوێس و کەنداوی فارسەوە.
تا ئەم ڕادەیە پلانی سایکس – پیکۆ هەوڵێک بوو بۆ لەبەرچاوگرتن و ڕەچاوکردنی نەتەوە و گروپە کلتوری و ئاینییەکانی ناوچەکە و بیرۆکەکانیان لەبارەی داهاتووەوە، هەروەها پلانەکە بەڵێنێکی نادیار بوو بۆ دروستکردنی دەوڵەتێک یان چەند دەوڵەتێکی عەرەبی لەژێر کاریگەری فەڕەنسا و بەریتانیادا.
خەونەکانی فەیسەڵ بۆ شانشینێکی عەرەبی یەکگرتوو
لە مانگی ئازاری ١٩٢٠ دا فەیسەڵی کوڕی حسێن کە لە جەنگی جیهانی یەکەمدا سەرکردایەتی سوپاکانی عەرەبی بە هاوکاری بەریتانیا دژی عوسمانییەکان دەکرد، بوو بە سەرکردەی شانشینی سەربەخۆی عەرەبی سوریا کە بنکەکەی لە دیمەشق بوو. تموحەکانی ناوبراو بۆ سنوورەکان درێژ بووەوە بۆ سنوورەکانی سوریا و ئەردەن و ئیسرائیلی مۆدێرن و چەند بەشێکی تورکیا ”بەڵام بۆ عێراق درێژ نەبووەوە”.
ئایا نەخشەکەی فەیسەڵ بەدیلێکی ڕاست بوو بۆ سنوورە سەپێنراوە دەرەکییەکان کە لە کۆتاییدا هات؟ ئێمە هەرگیز ئەوە نازانین. فەڕەنسا کە دژی پلانەکەی بوو لە مانگی تەموزدا ڕووبەڕووی سوپاکەی بووەوە.
بەڵام ئەگەر ئەوان ڕووبەڕووی نەبونایەتەوە، ئەو هەرێمانەی فەیسەڵ ڕایگەیاندبوون فەیسەڵیان دەخستە پێکدادان و شەڕێکی ڕاستەوخۆوە لەگەڵ مەسیحیە مارۆنییەکاندا کە لوبنانی ئێستایە، هەروەها ڕووبەڕووی شەڕی ئەو جولەکانەش دەبووەوە کە پرۆژەی زایۆنیستییان لە فەلەستین دەستپێکردبوو، هەروەها لەگەڵ تورکە نەتەوە پەرستەکانیش کە خوازیاری یەکگرتنەوەی ئەنادۆڵ بوون.
فەڕەنسا ‘سوریا”ی دابەشکرد
کاتێک فەڕەنسا دەستیگرت بەسەر سوریای ئێستادا، پلانەکە لە پاریس ئەوەبوو کە هەرێمەکە دابەش بکرێت بۆ چەند دەوڵەتۆچکەیەک لەژێر کۆنترۆڵی فەڕەنسادا. دەوڵەتۆچکەکانیش لەنێوان هێڵە تایفەگەری و هەرێمایەتی و نەژادییەکاندا دەبوو: فەڕەنسا وێنەی دەوڵەتێکی بۆ عەلەوییەکان و دەوڵەتێک بۆ دروزییەکان و دەوڵەتێکیش بۆ تورکەکان و دوو ناوەندی تریش بە جیا کە بریتی بوون لە دیمەشق و حەڵەب.
ئەم ستراتیجیە دابەشکاریی و دەستبەسەرداگرتنە گاڵتەجاڕییە بۆ ڕێگریکردن بوو لەو پلانەی کە عەرەبە نەتەوەپەرستەکان داوای ”سوریایەکی مەزن”یان دەکرد. ئەمڕۆش دوای پێنج ساڵ لە شەڕی ناوخۆی سوریا، دابەشکارییەکی هاوشێوەی ئەو وڵاتە پێشنیاز کراوە وەکو بەدیلێکی دروست بۆ دەوڵەتێکی دەستکردنی سوری. بەڵام کاتێک فەڕەنسا نزیکەی سەدەیەک بەر لە ئێستا هەوڵی دابەشکردنی سوریای دا، دانیشتوانی هەرێمەکە لەسەر بیرۆکەی سوریای یەکگرتوویی عەرەب هاندران، لەلایەن سەرکردە نەتەوەپەرستەکانەوە، بە شێوەیەک کە فەڕەنسا وازیهێنا لە پلانەکەی.
ئەمریکییەکان ڕزگارکەربوون؟
لە ساڵی ١٩١٩ دا وودڕۆو ویلسۆن سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا شاندێکی نارد بۆ دانانی پلانێکی باشتر بۆ دابەشکردنی هەرێمەکە. هێنری کینگ ئاینناس و چارلس کرەین پیشەساز بە سەدان چاوپێکەوتنیان ئەنجامدا بەمەبەستی ئامادەکردنی نەخشەیەک بۆ خۆبەڕێوەبەردنێکی نەتەوەیی نمونەیی.
ئایا ئەمە هەلێکی لەدەستچوو بوو بۆ نەخشەکێشانی ‘ڕاستەقینە’ی سنوورەکانی هەرێمەکە؟ گوماناوییە. دوای لێکۆڵینەوەیەکی وریایانە، کینگ و کرەین تێگەیشتن لەوەی کە کارەکە چەندە قورسە: ئەوان لەوەدا کۆک نەبوون کە لوبنان بکەنە وڵاتێکی سەربەخۆ یان بیکەنە بەشێک لە سوریا بەوەی کە ”ئۆتۆنۆمییەکی سنووردار”ی بدەنێ. ئەوان بیریان لەوە کردەوە کە لەوانەیە باشترین شت ئەوە بێت کە کوردەکان بەشیک بن لە عێراق یاخود تەنانەت تورکیاش، هەروەها ئەوان دڵنیابوون لەوەی کە شیعە و سوننەکان پێکەوە سەر بە عێراقێکی یەکگرتوون، لە کۆتاییشدا فەڕەنسا و بەریتانیا ڕاسپاردەکانیان پشتگوێخست. ئەگەر ئەوان تەنیا گوێیان بگرتایە لەوانەیە شتەکان کەم تا زۆر هەمان شت بوونایە.
نیک دانفۆرس – نیویۆرک تایمز
کۆشش بێستانسووری