بانکی نێودەوڵەتیی لە راپۆرتێکدا بەناونیشانی “بنیادنانی ئایندەیەکی باشتر بۆ دەستەبەرکردنی خوێندن بۆ هەموو منداڵانی عێراق” باسی لەوەکردووە کە ڕەوشی پەروەردە و فێرکردن لە عێراقدا لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەراست و باکووری ئەفریقیا لە خراپترین دۆخدایە.
ئەمەش وادەکات ئایندەی منداڵانی عێراق بەتایبەتیی و وڵاتەکە بەگشتیی بکەوێتە بەر مەترسییەکی راستەقینەوە، بەتایبەت کە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا وایکردووە لەسەرانسەری عێراقدا دەرگای قوتابخانەکان ناوبەناو دابخرێن، کە ئەمە کاریگەریی لەسەر زیاتر لە 11 ملیۆن خوێندکار لەو وڵاتەدا هەبووە.
راپۆرتە نوێکەی بانکی نێودەوڵەتیی ئاماژەی بەوەکردووە کە عێراق لەئێستادا لەهەموو کات زیاتر پێویستی بەوەیە وەبەرهێنان لە بواری پەروەردە و فیرکردندا بکات و ئەو قەیرانەی ئێستا بکاتە دەرفەت بۆ بنیادنانەوەی کەرتی پەروەردە، جەختیشی کردۆتەوە کە دەبێت ئەو وەبەرهێنانانەهاوکات بن لەگەڵ پلانی ئەنجامدانی چاکسازییەکی گشتگیر کە ئەنجامەکانی فێرکردن کڕۆکی سیستەمی فێرکردن بێت و دەبێت ئەو سیستەمە پەروەردەییەی بنیاد دەنرێت توانای خۆراگرتن و بەردەوامیدانی لەبەرژەوەندی سەرجەم منداڵانی عێراق هەبێت.
لەبەشێکی تری راپۆرتەکەدا میکانیزمەکانی وەڵامدانەوەی خێرای چارسەرکردنی قەیرانی پەروەردە و فێرکردنی لەعێراقدا خستۆتەڕوو، ئەویش لەڕێگای بەردەوامیدان بە پرۆسەی خوێندنی خێرا و ڕێگەگرتن لە وازهێنانی خوێندکاران لە خوێندن و باشکردنی کەرتی فێرکردنی حکوومیی و دانانی ستراتیژییەتێکی تایبەت بە کەرتی پەردوەردە و فێرکردن کە بەدەربێت لە گەندەڵیی و ئاراستەکردنی پڕۆگرامەکانی خوێندن بەشێوەیەک کە لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕی کاردا بێتەوە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی