سات محهمهد:
ئەو فیشەكانەی ئێوارەی 13ی تەموزی 1989 لەچلەی مەرگی خومەینیدا، لەئەپارتمانێكی ڤێنای پایتەختی نەمسا تەقێنران، كۆتایهێنان بەژیانی یەكێك لەسەركردە هەرە چالاكو هوشیارەكانی نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمی رۆژهەڵاتی كوردستانیان راگەیاند.
شەوێكی ساردی ساڵی 1930 “واتە ئەو ساڵەی كە سمایل خانی شوكاكی بەدەستی پیاوەكانی رەزا شا تیا دەكوژرێت”، مەمەد ئاغای وسووق كە ئاغایەكی بەدەسەڵاتو دەستڕۆشتووی گوندی قاسملووی نزیك شاری ورمێیە، بەختەوەرە بەوەی یەكێك لەژنەكانی كە “بەڕەچەڵەك ئاسورییە” وەجاغی بنەماڵەكەی بەچاو هەڵهێنانی كوڕێك رۆشنتر دەكاتەوە، مەمەد ئاغا ئەم كوڕەی ناودەنێت “عەبدولرەحمان”.
لەو ساڵەوە تا 1989، كە خاڵی سەرەتاو كۆتایی زەمەنی عەبدولرەحمانی قاسملووە، كەمترین رۆژو كەمترین ساڵەكانی ژیانی لەو گوندەدا بەسەر دەبات كە زیاتر لەناوە راستەقینەكەی خۆی پێیناسراوە، 59 ساڵی زەمەنی ئەم پیاوە دابەش دەبێت بەسەر چەند شارو شوێنێكی ئەم دنیایەدا كە گرنگترینیان “تارانو پراگو بەغداو پاریسو ڤێنا”یە.
كە لەهەڕەتی گەنجێتیدا بۆ خوێندن روودەكاتە تاران، دەسپێكی جەنگی ساردو رۆژگاری هەڵكشانی چەپ دەبێت لەئاستی جیهاندا، ئەوكات حیزبی تودە باڵی بەسەر فەزای فكریو روناكبیرانی ئێراندا كێشا بوو، لەتاران مێشكی قاسملو پڕ دەكرێت لەبیروباوەڕی چەپو دەبێت بە”تودە”.
ئەو كاتەی قاسملو دەچێتە پراگ، هێشتا ستالین لەژیاندا مابو كە تاقە پیاوی مشت پۆڵاینی ئەو روبەرە لەدنیا بو لەوڵاتانی رۆژهەڵاتی ئهورپاوە بەرین دەبۆوە تا ناوچە ساردو دوورەكانی سیبریا، پراگ فێربوونی زمانو بڕوانامەی دكتۆراو ناسینی سەركردە چەپەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستو “هێلین”ی هاوسەری ژیانی پێدەبەخشێت.
ویستگەیەكی گرنگی دیكەی ژیانی قاسملو، بەغدایە بەتایبەتی لەدوو بڕگەی مێژوویی جیاوازدا، یەكەمیان: لەناوەڕاستی دەیەی 1950دا دوای لەكارخستنی محەمەد مسەدقو كودەتای زاهیدیو شاوە، كە لەئێرانەوە بەرەو عێراق هەڵدێو سەرەنجام لەبەغدا دەگیرسێتەوەو پەیوەندییەكی دۆستانە لەگەڵا دیارترین سیما سیاسیو ئەدەبییەكانی ئەو رۆژگارەی كوردی عێراقدا دروستدەكات، هەر لەئیبراهیم ئەحمەدو تاڵەبانییەوە بگرە تا دەگات بەعەبدوڵا گۆران. دووەمیان، لەسەرەتای دەیەی 1970دا كە دەگەڕێتەوە بۆ عێراقو لەوەزارەتی پلاندانان كار دەكاو پەیوەندییەكی توندوتۆڵی شەخسی لەگەڵا كاربەدەستانی حكومەتی بەعسی عێراق بنیاددەنێو بناغەی پەیوەندییەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانیش لەگەڵا حیزبی بەعسو حكومەتی ئەو سەردەمەی عێراق دادەمەزرێنێت.
پاریسیش، دەروازەی لەنزیكەوە ناسینی سەركردە چەپەكانی ئەوروپاو دیارترین رۆژنامەنووسەكانی جیهانو دڵسۆزەكانی كورد لەڕۆژئاوا بەڕووی عەبدولرەحمان قاسملودا دەكاتەوە، كە ئەمەش رێگە بۆ پەیوەندی حیزبی دیموكراتو هێزە كوردییەكانی دیكە بەڕێكخراوی سۆسیال ئینتەرناسیۆنالەوە خۆش دەكات.
دوا ویستگەو دوا شوێنی ژیانی ئەم پیاوەش “ڤێنا”یە، كە لەئەپارتمانێكی نزیك ئوتێل هیلتۆنی ئەم شارەدا، ئێوارەیەك بەپێچەوانەی هەمیشە ترپەی دڵی لەلێدان كەوت.
دكتۆر عەبدولرەحمانی قاسملو، كە تاقە سەركردەی كوردە لەئەوروپا خوێندبێتیو زیاتر لەنۆ زمانی رۆژهەڵاتیو ئەوروپایی زانیبێت، هەر زوو لەو رۆژگارو جیهانەدا كە ئەوی تیا دەژیا دركی بەوە كرد چارەنوسی گەلانی ئەم ناوچەیە لێرە نا، بەڵكو لەچەند پایتەختو لەچەند ناوەندێكی سیاسی دەرەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دیاریدەكرێ، هەربۆیە زۆربەی كارو كاتی خۆی بۆ ئەوە خستە گەڕ كە جگە لەچیاكان، كورد وەك میللەتێكی لێقەوماوو بەدبەخت، دۆستی دیكەو پشتیوانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەبێت.
بەڵام لەبەرامبەریشدا ئەو فاكتەری زاتی كوردی فەرامۆش نەكرد، هەربۆیە یەكێك لەو ئەركانەی ساڵانێك لەئەستۆی گرت، سەرلەنوی رێكخستنەوەی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بوو، بەتایبەتی دوای ئەوەی كە لەحیزبی تودە دابڕاو لەبیركردنەوەی چەپانە دوور كەوتەوە، ئیتر ئەو بێ سرەوتن بەرێكخستنەوەی سیاسیو دواتریش رێكخستنی هێزی پێشمەرگەی ئەم حیزبەوە خەریك دەبێت، لەم بوارەشدا قاسملو شانازی ئەوەی پێدەبڕێت كە توانی لەهەلومەرجێكی دژوارو لەدوو قۆناغی جیاوازدا رۆڵێكی گرنگی هەبێت لەوەی حیزبی دیموكراتی لەبن باڵی حیزبی تودەو پارتی دیموكراتی كوردستانو مستەفا بارزانی دەرهێنێو كردییە حیزبێكی خاوەن ئیرادەی سەربەخۆ.
لەبڕگەیەكی مێژوویی دیكەشدا، كە لەدوا رۆژەكانی رژێمی شادا گەڕایەوە ئێران، بەپەرۆشەوە هەوڵی دا حیزبی دیموكرات بەرامبەر بەهێزێك، گەنجو نوێ بكاتەوە كە وەك ركەبەرێكی سەرسەختی حیزبی دیموكرات لەو رۆژگارەدا پێینابووە گۆڕەپانی خەباتەوەو زۆربەی هەرە زۆری هەڵسوراوەكانیشی گەنج بوون، كە ئەویش “كۆمەڵە” بوو.
دكتۆر عەبدولرەحمانی قاسملو، لەساڵی 1971ەوە تا كاتی تیرۆر كردنی سكرتێری گشتی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بوو، هەربۆیە رۆژانێك لەلایەن بەشێك لەهاوكارە حیزبییەكانییەوە بەنادیموكرات لەقەڵەم دراو تۆمەتباریان كرد بەوەی كە نایەوێ دەسەڵاتی لەگهڵ سەركردەكانی حیزبەكەیدا بەش بكات، تەنانەت ئەمانە دەگێڕنەوە جارێكیان لەكۆنفرانسێكدا كە سەبارەت بەدارایی حیزب پرسیاری لێدەكرێت، ئەو بەتوڕەییەوە دەڵێت “هەتا من سكرتێری حیزب بم، جگە لەخۆم كەس نابێ بزانێ چیمان هەیەو چیمان نییە”، بەڵام لەدیدی زۆربەی هاوڕێكانی دیكەیەوە، قاسملو هەرگیز ژبانێكی پڕ لەرەمزو رازی نەبووەو هەمیشە ئەو “خراپترین دیموكراسی لەباشترین دیكتاتۆری پێ باشتر بوو”.
قاسملو دیاردەیەكە تا ساڵانێكی درێژخایەن لەیادەوەریی سیاسی ئێمەدا ناسڕێتەوە، رەنگە بەشێكی ئەمەش پەیوەندی بەوەوە بێت كە هەموو ساڵێك لەیادی تیرۆر كردنی ئەم سەركردە بەئەزمونو دنیادیدەیەدا، پرسیارێكی بێ وەڵام بیركردنەوەی زۆربەمان دەئاڵۆزكێنێت: ئەوە چ چارەنوسێك بوو كە ئەوی هەڵگرت بەرەو ڤێنا، لەكاتێكدا باش دەیزانی دەمێكە ئیتیلاعاتی ئێران لێرەو لەوێی ئەم دنیایەدا شوێن پێی هەڵدەگرێو هەمیشە بۆ دەرفەتێك دەگەڕێ بۆ لەناوبردنی؟ كە زۆر باش دەشیزانی بەدرێژایی مێژوو دەسەڵاتدارانی ئێران پۆ پەكخستنی جەستەی جوڵانەوەی سیاسی كورد بەردەوام كاریان لەسەر زەبر وەشاندنو تێكشكاندنی سەركردەو مەغزو مێشكە كاراكانی كردووە؟