تـوانــا ئەمین- ئەدەبی ستاتیکی
من تا ئێستایش سەتەلایتم نییە، نیمە چونکە تەلەفزیۆنم نییە، من ئەھەلی رادیۆ کۆنەکانم، ئێستایش شەوی شـەممان لەئیزگەی ئیسرائیلەوە سەعاتێک گوێ لە ئوم کەلسوم دەگرم… کە عەسران بیری مردووەکانم دەکەم، کە دڵم پڕ دەبێ؛ دەچم بۆ گۆڕستانە بێدەنگەکەی ئەوبەرەوە و بە ھێدفۆن گوێ لە (وەلید ئیبراھیم) دەگرم، ئەها کە بەو دەنگە غەمگینەی (سورەتی یوسف) دەخوێنێ…
تۆ من بە چی دەزانی..؟ من ئێستایش سەموون دەکەمە زەرفی کاغەزی قاوەییەوە، سوبحانە کەرەی ئەلبان دەخۆم، بە سابوونی جەمال، بە شامپۆی یاسەمین خۆم دەشۆم… من ئێستایش بەیانیان بە ڕۆبێک و جووتێ نەعلی پیاوانەوە، باخچەکە ئاوڕشێن دەکەم و لەودیو دیوارە نزمەکەی حەوشەوە، بەیانی باش لە ست نەسرین دەکەم، ئەو مامۆستایەی مێردەکەی لە شەڕی ئێران و ئێراقدا کوژرا و ئەم بەدیار منداڵەکانییەوە دانیشت و شووی نەکردەوە..
تۆ من بە چی دەزانی..؟ من ئێستایش لە جامی لێڵی پاسێکی پۆڵۆنییەوە قۆڵم دەردەھێنم و ھەزار دوعا دەکەم، دایکم وەک ھەمیشە، لە داڵغەی برا کوژراوەکەیدا بێت و لە من توڕە نەبێ… لە من تووڕە نەبێ؛ کە تەسجیلە کۆنی پاسەکە گۆرانییەکی (ئیبراھیم خەیات) دەڵێ، ئەھا ئەوەی کە دەڵێ: (ئێمە گیانێکین لە دوو جەستەدا)..
تۆ من بە چی دەزانی..؟ من ئێستایش کە دەستم بەتاڵ دەبێت سەری سەتڵی ماستەکە دەتاوێنمە ناو شوشەی دەرزی ئەمپسلین و مەدالیای ڕەنگاوڕەنگی لێ دروست دەکەم، با ھەزار جار دەستم بلەرزێ و دڵۆپەی بتکێتە سەر پەنجەم و کسپە لە دڵم ھەڵسێنێ، چۆن کۆڵ دەدەم..؟!
تۆ من بە چی دەزانی..؟ من ئێستایش لە (خانەقاکەی مەولانا خالید)دا، لە دەرسی دووەمی مامۆستا مەلاعابیدا خۆم دەدزمەوە بۆ کالمیرۆ، بۆ بابەسەنفور، بۆ گلاندایزەر، با مەلا سبەینێ دە داری پشتی دەستیشم لێ بدات… بە جزمی عەممە قەسەم، من ئەفلام کارتۆنم لە تەحیات و کورسی نەعنام لە ئایەتەل کورسی پێ خۆشترە، ئەو خوداگیانەش ڕووڕەشم بکات ئەگەر درۆ بکەم…
تۆ من بەچی دەزانی؟ من هەموو ئەوانەم خۆشم دەوێ، کە پارەی پاسیان پێ نەبووە و سەریان بەجامی تەڵخی ماشێنەکەوە ناوە و لەجیای جارێ؛ سەدجار لەبری ھەموومان تەریق بوونەتەوە… ئەوانەی من خۆشم دەوێن، ئەوانەن غیرەتیان ئەمەشی قبووڵ نەکردووە و لە گەرمای تاقەتپڕوكێن یان لە شەختە و سەھۆڵبەندانی ئەو شارەدا، سەدان جار بە پێ و بە گیرفانی خاڵییەوە چوون بۆ بازاڕ و ھاتوونەتەوە…
تۆ من بەچی دەزانی؟ من هەموو ئەوانەم خۆشم دەوێ، کە قاورمەیان بە کەوەرەوە لەبەردەرگای مەکتەب بە قەرز كڕیووە و ھەزاران جار، گۆرەوی دڕاویان لە خۆیان و لە ھاوڕێکانیان شاردۆتەوە… من کوڕی پیاوێكی حەماڵم… من دۆستی سەمیمی ھەرکەسێکم کە ڕۆژێ لە ڕۆژان پارەی پێ نەبووبێ..
ئێستا خۆزگە به خۆزگایەتی ئەو خودا بمزانیبا، تۆ من بە چی دەزانی..؟