دونیای ئەوێت میھرەبانە؟
یا وەک ئێرە خرت و خۆڵە؟
خەونی منداڵانەت ھەیە
یاخود لەوێش نیشتیمان ھەر
نیشتیمانی قەحپە و زۆڵە؟
لەوێش دایکی جەرگ سوتاو
ھەر کڵۆلە؟
خاکفرۆش خاوەن تەلار و
باوک باری لەسەر کۆڵە؟
لەوێش ھەموو شانازیمان
شەقامێکی ئۆتۆبان و دوو سێ مۆڵە؟
ئێمە گەلێ شەرمەزارین
ھیچمان نییە بەتۆی بڵێین
ئا تۆ وەرە بۆمان باسکە
تخوا لەوێش
نەنە فاتم بۆ بتڵێ غاز
ھەر خەریکی بۆڵە بۆڵە؟
مارکێتەکەی مامە تایەر
ئەھا ئەوەی ئەوێ رۆژێ
کۆڵی باجی لە خۆوە دا
ھەروا چۆڵە؟ …
سڵاو رۆڵە …
لەوێش باران بۆ ھەندێ کەس
دێوەزمەی
تۆڵەیەکی پڕ لە زەبری توند و تۆڵە؟ …
بۆ ھەندێکیش
ڤیوی جوانی ئەپارتمانی بەرزە فڕە
لە باوەشێکی پەمەیی زۆر ناسکۆڵە
ھی کچێکی
سپی و سۆڵ و نەرم و نۆڵە؟
پێمان بڵێ
لەوێ وڵات بۆ ھەمووانە؟
یا نیشتیمان
نیشتیمانی قەحپەو زۆلە ؟
دەرباز یونس