2
لەژێر تیشکی زێڕینی خۆردا، دیمەنێک هەیە هەموو ڕێبوارێک بۆ ساتێک ڕادەگرێت و بزەیەک دەخاتە سەر لێوانیان.
بەڕێز کێس کەیۆ و خاتوو ڤانێرا کەیۆ، وەک هەمیشە، لەبەر دەرگای باخچەی ماڵەکەیاندا لە کۆمەڵگەیەکی تایبەت بە بەساڵاچووان بەیەکەوە دانیشتوون و نانی نیوەڕۆ دەخۆن. لەبەردەمیاندا زەڵاتە و دوو پارچە نان و پەنیر دانراوە، دوو پەرداخ شەرابی سووریش لەژێر تیشکی هەتاودا دەدرەوشێنەوە. ئەمە تەنیا نانخواردنێک نییە، بەڵکو ئاهەنگگێڕانێکی هێمنانەیە بۆ تەمەنێک لە هاوڕێیەتی، خۆشەویستی و پێکەوەژیان.
داستانی خۆشەویستیی ئەوان مێژوویەکی زیاتر لە شەست ساڵی هەیە. خاتوو ڤانێرا کچە نایابەکەی شاری پاریس بوو، بەڕێز کێسیش کوڕە دەنگخۆشەکەی گەڕەکی (یۆردان)ی شاری ئەمستەردام بوو. ئەوان لە پاریس یەکتریان ناسی، فەرهەنگ و کلتووری دوو وڵاتیان پێکەوە گرێ دا و پردێکیان لە خۆشەویستی لە نێوان هەردوو وڵاتدا دروست کرد. هەژدە ساڵ لە فەرەنسا پێکەوە ژیان، پاشان بڕیاریان دا بگەڕێنەوە هۆڵندا و تەواوی تەمەنیان لەو وڵاتەدا بەسەر ببەن.
ئەوان تاوەکو ئێستاش ئارەزوو و عیشقیان بۆ شێوازی ژیانی مرۆڤی فەرەنسی، لە هەموو نانخواردنێکی نیوەڕۆیەکی خۆرەتاودا ڕەنگ دەداتەوە. چێژ لە ساتەکانی پیربوونیان وەردەگرن، هەست بە شادمانییەکی قووڵ دەکەن و بە دڵێکی پڕ لە پێزانینەوە باس لە چاودێریی گەرموگوڕ و میهرەبانیی کارمەندانی تەندروستی دەکەن کە چۆن لە نزیکەوە ئاگاداریانن و ماڵێکی ئارامییان بۆ دروست کردوون.
چیرۆکی ئەم دوو هاوسەرە بیرهێنەرەوەیەکی جوانی ئەو ڕاستییەیە کە دەڵێت: بەختەوەریی ڕاستەقینە لە شوێنە گەورە و خۆشەکاندا نییە، بەڵکو ڕێک لەناو ساتە بچووکەکانی ژیاندایە؛ لە نانخواردنێکی نیوەڕۆ لەژێر تیشکی هەتاودا، لەو دوو دەستەدایە کە زیاتر لە شەست ساڵە لە تەواوی قۆناغەکانی ژیاندا یەکتریان گرتووە و بوونەتە بەڵگەی زیندووی ئەوەی کە خۆشەویستیی ڕاستەقینە لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا کۆن نابێت، بەڵکو ساڵ بە ساڵ چێژ و بەهای زیاتر پەیدا دەکات.
نووسینی: ڕۆزا حەمە ساڵح