بەکر ئەحمەد:
بەر لە شەپۆلی ئاوارەکانی سوریا و هاوڵاتیانی دیکەی ناوچە گڕگرتووەکانی دیکەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا بۆ ئەوروپا، ئەو شەپۆلەی کە لە مێدیای ڕەسمیدا بە ئەزمەی پەنابەران ناوزەددەکرێت، بزووتنەوە دژە پەنابەرەکانی ئەورپا و ڕاستی کۆمەڵگا لە سویددا دەیانویست پرسیاری: دەتانەوێ چەند وەربگرن؟، بکەن بە یەکێك لە پرسیارە سەرەکییەکانی جەدەلی سیاسی هێزە سیاسییەکانی کۆمەلگای سوید. چەپ و سەوز و سۆسیالدیموکراتی سوید، خۆیان لە قەرەی وەڵامی ئەم پرسیارە نەدەدا و کیشەی پەنابەرێتی و چەند وەرگرێتیان (چەندایەتیان) دەکردە پرسیاری ئەنتیگراسیۆنی ئەوان. واتا چۆن بتوانرێت ئاسانکاری بکرێت بۆ هێنانەناوەوەی ئەوان بۆ ناو بازاڕی کار. وەڵامێک کە زیاتر سەروکاری لەگەڵ دوای وەرگرتنی ئیقامەی هاوڵاتییاندا هەیە وەک لەوەی کە وەلامی ئەو پرسیارە بێت کە سوید دەتوانێت چەند وەربگرێت.
کورد دەلێ: من دەڵێم نێرە، ئەو دەڵێ بیدۆشە! بە بڕوای من بێوەڵامی ئەم بزووتنەوانە لە وەڵامی ڕۆشن بۆ ئەو مەراقەی کە هاوڵاتییەکی سادە هەیەتی بۆ وەڵامدانەوە بەم پرسیارە، کارێکی کرد کە ڕاست ئەجێندای تازەی پرسیاری کۆچی داڕشت و پلاتفۆرمی هێزە ڕاسیستەکانی کردە هی خۆیی و سۆسیالدیموکراتی و سەوزیش قبوڵییانکرد. دەرئەنجامەکەییشی داخستنی سنوورەکانی ئەوروپا و وەگەرخستنی داخوازی هەویە لە نێوان سنوورەکانی سکاندیناڤیادایە کە ساڵی تەقیانۆسەوە لە نێوان ئەم وڵاتانەدا نەماوە.
هاوکاتیش راست و هێزە راسیستەکانی کۆمەلگا، دەستەواژەی: هاڕەکردنی سیستەم، یاخود کۆلاپسی سیستەمییان کردە وێردی سەر زار بۆ بەرگرتن بە شەپۆلی ئاوارەکانی جەنگ و نەغمەی قبوڵنەکردنی پەنابەرانیان گۆڕی بەوەی کە قوتابخانە و خەستەخانە و تەواوی دامودەستگاکانی تر، توانای ئەم فشارە زۆرەی نییە و دەبێ شەپۆلەکە ڕابگیرێت. ئەگینا سیستەمەکە هاڕەدەکات!
لە ناو کەش و هەوایەکی تەواو دژە پەنابەرێتیدا، راپۆرتی لاقەکردنی گەنجانی مەغریبی و ئەفغانی لە میونشن و هەندێک شوێنی دیکەی ئەوروپا و سویددا، کە تا ئێستاش نەزانرا ماجەرای ڕووداوەکان چییە، دەموچاوی پەنەباریان گۆڕی بە دێوەزمەیەکی ناشیرین کە ترس و بیم لای هاوڵاتییان دروستدەکات. دەستێکی ڕەش کە لاقەی کچێکی قززەرد دەکات دەبێتە بەرگی گۆڤارێکی پۆلۆنی.
لەم رۆژگارانەدا، گوتاری ڕاسیزم هێندە بەر بڵاوە، کەسم دەوێ و خۆی لەبەرانبەریدا ڕابگرێت. ئینسان بێئاگا لەوەی چی دەڵێ و چی دەکات، دەکرێ خۆی لە بەرەی ڕاسیستەکاندا ببینێتەوە. ئاخر گوتاری باو و ئاخاوتنی ڕۆژ دەبێتە شەپۆلی گەورەی پەنابەرانێک کە لە هیچ وڵاتێکی دیکەی ئەوروپادا لانادەن و لە ویستگەی شەمەندەفەرەکانی شارە گەورەکانی سویددا دادەبەزن.
بەلام دیاردەیەکی سەیر کە جێی تێرامانە ئەوەیە کە پرسیاری ڕاسیزم بۆ هاوڵاتیانی کۆچکردوو و پەنابەر لە سویددا هەمیشە دەلکێنرێتەوە بە خەلکی راسیستی سویدەوە، وەک ئەوەی سەرڕەشبوونی پەنابەرانی وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست خود بەخود ڤاکسینی دژەڕاسیستببون ببەخشێتە ئەوان.
بەڵام ئەوە هەر هاولاتیەکی سادەی سوید نەبوو کە کەوتە ژێر پرۆپاگەندەیەکی ڕاسیتییەوە و قەوانی: دار و بەرد بووە بە پەنابەر و شوێنێ نەماوە پەنابەری تیا نەبێت. بەلکو خودی هاوڵاتیانی پەنابەر کە چەندین ساڵە لەم وڵاتە دەژین و بەر لەم شەپۆلەی پەنابەرانی ئێستادا و لە شەپۆلە پەنابەرێتییەکانی پێشتردا هاتوون، ئەوانیش کەوتنە هۆنینەوەی لەم جۆرە دەربڕینانە: سوید ناحەقی نییە وڵات دادەخات. هەندێک جاریش بۆ ئەوەی حەقانییەتێک بە قسەکانیان بدەن، دەڵێن: ئەم سوورییانە هەموویان داعشن و دوو بەیانی ئەم ولاتەت بۆ دەکەن بە ڕڕەقە! ئەم دەربڕینانە کەمتر خراونەتە سەر کاغەز، بەڵام بە شێوەیەکی ڕۆشن لە ئاخاوتنی سەدەها کەسدا بیستراوە.
من نازانم ئەم جۆرە دەربڕینە دەچێتە خانەی ڕاسیزمەوە یان نا؟
وەک چۆن لەسەرەوە ئاماژەم پێدا، سەرڕەشبوونی ئەم هاوڵاتییانە لەبەرانبەر ئەم ڕاسیزمە قژزەردە چاوکاڵەدا ئەوان ناکاتە شەریفی مەککە و دوور لە بەها ڕاسیستییەکان. بەڵام کاتێک گوێم لە بەشێک لە قەرەجە سویدییەکان دەبێت لە بەرانبەر ئەو قەرەجانەی کە لە ڕۆمانییاوە هاتوون و بە ناو شار و شارۆچکەکانی سویددا بڵاوبوونەتەوە و سواڵدەکەن، هەستدەکەم، غەدرێک لە پەنابەرانی وەک خۆم دەکەم و بەچاوێکی دیکەوە دەکرێ لە هەڵوێستی ئەوان بڕوانم.
یەکێک لەو قەرەجانەی کە ئەلیکساندرا پاسکالیدۆ لە رۆژنامەی یۆتۆبۆری پۆستندا دەیدوێنێت سەبارەت بە تێروانینی ئەواندا (تێروانینی قەرەجە سویدییەکان) بۆ ئەو قەرەجانەی دی کە لە ڕۆمانیاوە هاتوون ، ئاوا دێتە قسەکردن: ئەمانە حەیا و حورمەتیان بۆ ئێمەش نەهێشتووەتەوە! ئاخر شوێنپێی کۆمەڵایەتی ئێمە هێندە لاوازە کە بەزەحمەت دەکرێ ئینسان بستێک بەزبێتەوە و لە هاوڵاتی ئاسایی نزیکبێتەوە. دواتر ئەوانیش دێن و بە سواڵکردنییان کێشماندەکەنە خوارەوە و ئێمەش بە هەمان چاو سەیردەکرێین.
بۆیەش کاتێک پەنابەرانی خۆرهەڵاتی ناوەراست ئاخ و ئوف هەڵدەڕێژن و گلەیی لەوە دەکەن کە سوید دەرگای بۆ هەموو کەسێک خستووەتە سەر پشت و ئەم پەنابەرە تازانە هەموویان بە چکە ئیسلامی سیاسین، هیچ شتێکی دیکە ناڵێنەوە ئەوە نەبێت کە رۆژگارێکی زۆری ویستووە تا کۆمەلگای سوید ئەمان قبوڵبکات و وەک هاوڵاتییەکی خۆی مامەڵەی رۆژانەیان لەگەلدا بکات. بەڵام کردەوەی بەشێک لەم پەنابەرانە، هەموو پەنابەرانی کۆن و تازە بەیەکەوە دەسووتێنێت و جیاوازییەک بۆ کۆن و نوێ ناهێڵێتەوە. بە کورتییەکەی: ئێمەیەک کە دەمێکە لەم وڵاتەدا دەژین و کاردەکەین و هاوڵاتییەکی ئاسایی سویدین، لەم تازانە ناچین کە هەموویان دەبنە فشارێکی گەورە بەسەر قاسەکانی دەوڵەتەوە.
بە بڕوای من، لەم گۆشەنیگایەوە سەیری ڕەخنەی پەنابەرانی کۆن بکەیت لەبەرانبەر پەنابەرانی تازەدا، هەستدەکرێت، فشارەکانی ڕاسیزم هێندە تووند و هەمەلایەنەیە، کە قوربانییەکانی خۆیشی ناچارکردووە بە ئەلف وبێکانی ئەوەوە بێتە ئاخاوتن.
لەم ساتە وەختەدا، رەنگێک هەموو رەنگەکانی هەڵلووشیوە و فرە رەنگی، لە بێرەنگیدا دەناڵێنێ.
ئاخر پەیامی ڕاسیزمیش هیچ شتێک نییە جگە لەمە.