لۆنا دڵشاد مەریوانی
هەرێمی کوردستان بە بەراورد بە شار و ناوچەکانی دیکەی عیراق ژنان تێیدا رێژەیەکی زۆر لە دامودەزگا حکومیی و ناحکومییەکان پێکدەهێنن، وەک لە ئامارێکدا کە ساڵی ڕابردوو بڵاوکراوەتەوە تێیدا هاتووە لەنێوان ساڵانی ٢٠٢٤-٢٠٢٥ بەشداریی و بوونی ژنان لە دامودەزگاکاندا گۆڕانکارییەکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیووە، واتا ژنی کورد لەگەڵ ئەو هەموو ئاڵنگارییە هاتووەتە بەردەمی توانیویەتی لەو بوارانەدا خودی خۆی بسەلمێنێت، بەتایبەتی لە هەندێک دامودەزگادا پلە و پۆستی بڕیاردەر بگرێتە دەست.
ئەگەر تەماشای هەندێ ئامار بکەین دەبینین ئێستا نزیکەی ٦٩ دادوەر و ٥٨ داواکاری گشتی ژن لە کەرتی دادوەرییدا هەن، هەروەها ١.٥٠٠ رۆژنامەنووسی ژنی تۆمارکراو هەیە، جگەلەوە لە کەرتی تەندرووستی و پەروەردە و خوێندنی باڵادا رێژەی ژنان و کچان لە پیاوان زیاترە، هەرچەندە لەو کەرتانەدا پۆستی سیادی و باڵایان نەگرتووە، هەروەها بەداخەوە تائێستا لە پۆستە باڵا سیاسییەکان و جێبەجێکارانی بڕیار لە وڵاتدا رێژەیەکی کەم ژنان تێیدا بەشدارن، وەک دەبینین لە بەڕێوەبەرە گشتییەکان و راوێژکاراندا ژنان رێژەی (٥-١٥ ٪)ی پێکدەهێنن و ئەوەش لەئاست چاوەڕوانییەکانی ژناندا نییە، هەروەها لە بواری ئەمن و ئاساییشدا ژنان نزیکەی ١٠٪ی پێکدەهێنن و تەنیا نزیکەی ١٣٪ی وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان گرتووە.
گرنگە پلانێکی روون هەبێت بۆ بەشداریی پێکردنی ژنانی بەتوانا و خاوەن ئەزموون و بڕوانامە لە بەڕێوەبردنی حکومەت و جێگیرکردنیان لە پۆستە سیادییەکاندا، چونکە وەک دەزانین داهاتووی وڵاتێک نادیار دەبێت ئەگەر عەدالەتی کۆمەڵایەتی تێدا بەدی نەیەت و بۆشایی ڕەگەزیی لەنێوان ژن و پیاودا کەم نەکرێتەوە و رێگەیان پێنەدرێت تواناکانیان بسەلمێنن.
ژنان ئەو پێکهاتەیە دەبن کە رۆڵیان دەبێت لە بەرەوپێشبردنی وڵاتدا چ لە رووی خزمەتگوزارییەکانەوە چ لە رووی گەشەپێدانی بوارەکانی زانست و تەندرووستی و ژینگە، بۆیە گرنگە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان پلانێکی درێژخایەنی دیاریکراویان هەبێت و کاری لەسەر بکەن بۆ زیادکردنی رێژەی ژنان لەو بوارانەدا، بۆ نموونە پلانێکی درێژخایەن هەبێت بۆ ١٠ ساڵی داهاتوو تا بتوانرێت وردە وردە بەشداریکردنی ژنان لە کایەکانی درووستکردنی بڕیاردا زیاد بکرێت، هەروەها پاڵپشتیکردنیان لە رووی ئابووری و کار و وەزیفەوە، چونکە وڵاتێکی بەهێز و پێشکەوتوو بەدی نایەت ئەگەر درک بەوە نەکرێت کە ژنان فاکتەری گۆڕانکارییەکانن بەرەو باشتر و رزگارکردنی وڵات لە چەندین قەیران، بەتایبەتی زۆرێک لەو قەیرانانەی تەنیا پەیوەست نین بە دۆخی ئابوورییەوە، بەڵکو پەیوەستن بە خراپیی ئیدارەدان و جێبەجێکردنەوە، دواجار بە زانست سەلمێنراوە ژنان بە سروشتی خۆیان لەو بوارانەدا لە پیاوان باشتر و وردترن و مێشکی ژن توانای چارەسەرکردنی چەند کێشەیەکی هەیە لە یەک کاتدا، هەر لە کێشەکانی ماڵ و خێزانەوە تا ئەو دەزگایەی کاری تێدا دەکات.