ئەمڕۆ شەشەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی رۆژنامەنووس کاوە گەرمیانی-مان لە شاری ھەولێر بەڕێوەبرد.
ھەمیشە وتوومانە دەسەڵات ھێشتا ترسی لە زیندوویی پەیامی رۆژنامەنووسانی تیرۆرکراو سۆرانی مامەحەمە و سەردەشت عوسمان و کاوە گەرمیانی و ویداد حوسێن ھەیە و، مەترسی گەورەی سەر رۆژنامەنووسان لە خاڵێک نەوەستاوە، بەڵکو سەرکوتکاری ئازادی رادەربڕین و خستنەڕووی زانیاری لەلایەن دەسەڵات بە پرۆسە بەڕێوەدەچێت، بۆیە ئەمڕۆ لە میانی قسەکردنمان لەسەر بەردەوامی ئەو مەترسیانە، کارمەندانی دەزگای ئاسایش ھاتنە ناوەندی یادەکە و بە ئامانجی وەستاندن و نەگواستنەوەی یادەکە بۆ خەڵکی، ویستیان کامێرای کەناڵی ئێن ئاڕ تی ببەن، بەڵام بە ھەوڵی ھەموومان لە رۆژنامەنووسان و چالاکوانان و پەرلەمانتاران توانیمان بردنی کامێرای کەناڵەکە بوەستێنین.
لە ھەرێمی کوردستان گوللە و دادگا وەک یەک دژ بە رۆژنامەنووسان بەکارئەھێندرێن، دەزگا ئەمنیەکان لەبری ئەوەی ئاسایش و گیانی رۆژنامەنووسان بپارێزن خۆیان دەبنە دەستدرێژیکار.
ئێستا لەو قۆناغەداین کە ھەوڵدەدرێت بە بڕیاری نایاسایی لە وەزارەتی رۆشنبیری کەناڵی راگەیاندن دابخرێ، ئەنجوومەنی باڵای راگەیاندن بۆ سانسۆری کاری رۆژنامەوانی دروست بکرێت، ئەمانە ھەمووی میکانیزمی ئەو پرۆسەیەن کە ئامانجی سەرکوتکاری دەنگە ئازا و ئازادەکانە.
بۆیە بەرھەمی ئەوەندە ئازادییەی کە ھەیە بە قوربانی خوێنی رۆژنامەنووسان و بەردەوامی تێکۆشانیانە بۆ بوونی ژینگەیەکی رۆژنامەوانی سەلامەت.
دەسەڵاتی ستەمکار دەیەوێت ھەموو رێگاکان بە کەناڵەکەکانی راگەیاندن و رۆژنامەنووسانیش بچنەوە سەر رێگای ئەو؛ ئەمە خەونێکە نە بەتیرۆری رۆژنامەنووسانمان نە بە ئەشکەنجە و گرتنی رۆژنامەنووسان بەدینەھاتووە تا بەم رێکارانە بەدی بێت.
بە پێچەوانەوە، ئەوان یەک کاوە گەرمیانیان تیرۆرکرد، بەڵام ئەمڕۆ ھەموومان کاوە و سەردەشت و سۆران و ویدادین.
دەبێ بەرگریکاران لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادیخوازان ئیرادە لە پێناو گەیشتن بە دادپەروەری بەرنەدەین و بەردەوام بین لە کارەکانمان، چونکە گۆڕانکاری سیاسی و بەدیھێنانی دادپەروەری پرۆسەیەکە پشوودرێژی وقوربانی و بەرگەگرتنی دەوێت.
سەرکەوتن بۆ ئازادیخوازانە.