پێش ماوەیک لە دوو سەروتاری هەفتەنامەی ڕێگای کوردستان، باسی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لە عێڕاق و هەرێمی کوردستانمان کرد. لە سەرەتاوە ئاماژەمان بەوە کرد کە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار زیانێکی دیکەیە بە ڕەوش و گوزەرانی خەڵکی زەحمەتکێش بە هۆی ئەو شپرزەییە و ناسەقامگیرییەی کە لە ڕەوشی ئابووریدا درووستی کردوە و، هۆکاری سەرەکی ئەو بەرزبوونەوەیەشمان خستەڕوو کە دەگەڕێتەوە بۆ بابەتی سپیکردنەوەی دۆلار لە بازاڕی عێڕاقدا بۆ بەرژەوەندی ئێران و، کۆمەڵێک تۆڕی قاچاخچی مشەخۆر و بانکی تایبەت، کە سیستمی دارایی عێڕاق و بازاڕی بەناو مەزادی دراو درووستیکردوون و، لەم بوارەدا کاردەکەن و دۆلار ڕەوانەی ئەو دەوڵەتە دەکەن.
لە سەروتارێکی دیکەی هەفتەنامەی ڕێگای کوردستان کە بە ناونیشانی (بە دۆلار نەوت دەفڕۆشرێت و بە دیناری بەهای نزم موچەی خەڵکی دەدرێت) بوو، ئاماژەمان بەوە کرد کە سیاسەتی نیولیبرالیزمی پەیڕەوکراو لە بەرژەوەندی بۆرژوای بیروکرات و مشەخۆرە و وای کردوە کە ئابووری عێڕاق ببێتە کێڵگەی سپێر بۆ ئابووری وڵاتانی دراوسێ و، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاریش بۆتە بەشێک لە ململانێی ئێران و ئەمەریکا و بابەتی سزا ئابوورییەکان، بەڵام بە شێوەیکی کردەیی خەڵکی زەحمەتکێش سزا دەدرێت.
لە هەردوو سەروتاردا ئاماژەمان بۆ کۆمەڵێک رێوشوێن کرد کە بەشێکی پەیوەندی بە سیاسەتی دراوەوە هەیە و بانکی ناوەندی عێڕاق و حکومەتی فیدڕاڵ لێی بەرپرسە و، بەشێکی دیکەش پەیوەندی بە ئەنجامدانی کۆمەلێک هەنگاو هەیە سەبارەت بە کۆمەککردنی کەمدەرامەتەکان لە لایەن حکومەتی هەرێم و پەیداکردنی کاڵا و خۆراکی پێویست بە نرخی هەرزان بۆ خەلکی زەحمەتکێش.
بەڵام ئەوەی بەدی دەکرێت مانگێک زیاترە دۆلار بەردەوام بەرزدەبێتەوە و دەسەڵاتدارانیش نە بایان بینیەوە نە باران.
مەبەستمان لە دەسەڵاتدارن سێ لایەنە.
لایەنی یەکەم بانکی ناوەندی عێڕاقە، کە تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەیی بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە نەناوە. لایەنی دووەم حکومەتی فیدڕاڵە، کە تەنیا هەنگاوی گۆڕینی پارێزگاری بانکی ناوەندی بوو، ئەمەش هەنگاوێکی شەکلییە و، گوایە وەزیری دەرەوەی حکومەتی فیدڕاڵ بۆ ئەم بابەتە سەردانی ئەمەریکا دەکات و، بەڵام حکومەتی فیدراڵ هیچ هەنگاوێگ بۆ کۆمەک کردنی خەڵکی کەمدەرامەت نەناوە.
لایەنی سێیەم حکومەتی هەرێمی کوردستانە، کە دەبێ بەرامبەر ژیانی کوردستانیان و ئابووری کوردستان و سەقامگیری و ڕەوشی خەڵک زەحمەتکێش و کەمدەرامەت بەرپرس بێت و، ناکرێ بە لۆجیکی ئەوەی سیاسەتی دراو دەسەڵاتی حکومەتی فیدڕاڵە خۆی لە بەرپرسی بدزێتەوە.
تابلۆی ڕەوشی ئابووری و نەبوونی خەمخۆری بەرامبەر ژیان و گوزەرانی خەڵک وا دەکات کە جام پڕ بێت لێی برژێت و چی دی خەڵک بێدەنگ نابێت.
ئەوەی جێگای سەرسوورمانە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە هیچ ڕاگەیاندنێکی فەرمیدا ئاماژەیان بەم بابەتە نەکردووە و حکومەتی هەریمی کوردستانیش خۆی لێ بێدەنگ کردووە.