لاپەڕەی سەرەکی بیروڕا تەندروستی دەرونیی سەرکردەکان و کاریگەریی لەسەر سەقامگیریی کۆمەڵگەکان

تەندروستی دەرونیی سەرکردەکان و کاریگەریی لەسەر سەقامگیریی کۆمەڵگەکان

0 تێبینییەکان 1 بینینەکان
د. نزار گزالی

تەندروستی دەرونیی سەرکردەکان و کاریگەریی لەسەر سەقامگیریی کۆمەڵگەکان: عێراق و هەرێمی کوردستان وەک نمونە

لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی، و لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی، تا ئێستاش تەندروستی دەرونیی سەرکردە سیاسییەکان بابەتێکی غائیب و دورە لە گفتوگۆی جددی، سەرەڕای ئەوەی سەرکردە یەکێکە لەو کەسانەی کە زۆرترین کات روبەروی گوشاری دەرونیی درێژخایەن و گۆڕانکاریی وێرەکی و ھۆشمەندی (Cognitive changes) دەبێتەوە کە لە ئەنجامی باڵادەستی بەردەوامەوە دروست دەبن. هەرچەندە پێگەی مرۆڤ لە هەرەمی دەسەڵاتدا بەرزتر ببێتەوە، بڕواو تێروانینی کۆمەڵایەتی وای بۆدەچێت کە ئەو کەسە بوەتە خاوەن ئیرادەیەکی رەقتر و کەمتر لەژێر کاریگەریی هۆکارە دەرونییەکاندایە، لە کاتێکدا توێژینەوەکانی درونزانی سیاسی و زانستی دەمارە-رەفتاری (Behavioral Neuroscience) جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەسەڵاتی درێژخایەن دەکرێت گۆڕانکاریی پلەبەندی لە شێوازی بیرکردنەوە، هەڵچون و بڕیارداندا دروست بکات.

مانەوەی سەرکردە بۆ چەندین دەیەی درێژخایەن لە دەسەڵاتدا، بەتایبەت لە نێو ژینگەیەکی سیاسیی لەرزۆک یان پڕ لە تەنگەژەو ململانێدا، تەنها ڕەنگدانەوەی لەسەر ئەدای سیاسی نابێت، بەڵکو کاریگەرییەکەی بۆ سەر کیمیای مێشک و میکانیزمەکانی درکپێکردنی کۆمەڵایەتی (Social cognition) درێژ دەبێتەوە. ئەدەبیاتە نوێیەکانی پەیوەست بەوەی کە بە “کۆنیشانەی لەخۆباییبونی دەسەڵات” یان (Hubris Syndrome) دەناسرێت، ئاماژە بەوە دەکەن کە هەندێک لە سەرکردەکان بە تێپەڕبونی کات پەرە بە جۆرە شێوازێکی بیرکردنەوە دەدەن کە سیفەتی زیادەڕەویکردن لە متمانەبەخۆبون، لاوازی لە قبوڵکردنی رەخنە، و هەستێکی گەشەسەندو بە “ئیستیسنابون” و باڵادەستیی تێدایە، ئەمانەش شێوازگەلێکن کە زۆربەی کات بەستراونەتەوە بە نەبونی هاوسەنگی لە نێوان دەسەڵات و لێپرسینەوەدا.

لەڕوی دەمارەزانییەوە (Neurologically)، دەسەڵاتی درێژخایەن پەیوەستە بە بەرزبونەوەی بەردەوام لە چالاکیی “سیستەمەکانی پاداشت” لە نێو مێشکدا، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەستن بە دۆپامین، کە گواستەرەوەیەکی دەماریی بەرپرسە لە هەستکردن بە پاداشت، دەستکەوت و شکۆمەندی. کاتێک ئەم هەستە رۆژانە و بۆ چەندین ساڵی درێژخایەن دوبارە دەبێتەوە، مێشک وردە وردە دەست دەکات بە راهاتن لەسەر دەسەڵات وەک بەشێک لە شوناسی خودی (Self-identity)، ئەمەش ئەگەری هەڵاوسانی “ئەنا – Ego” و دابڕانی پلەبەندی لە واقیعی کۆمەڵایەتی زیاد دەکات. ھەندێک لەتوێژینەوەکانی درونزانی دەسەڵات ئاماژە بەوە دەکەن کە هەژمون و باڵادەستی بەردەوام دەکرێت توانای رەچاوکردن و بینین و بەھەندزانینی دیدگای کەسانی دیکە لاواز بکات “خۆبەھوشتێک زانین” خودسەنتەری (Egocentrism) و بڕیاردانی پڕ لە مەترسی زیاد بکات.
لە بەرانبەردا، ترسی بەردەوام لە لەدەستدانی هەژمون و باڵادەستی یان پێگەی سیاسی دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی درێژخایەنی ئاستی سترێس و هۆرمۆنی کۆرتیزۆڵ، ئەمەش کاریگەری دەکاتە سەر بابەتی نەرمینواندن و نەرمینواندنی ئیدراکی (Cognitive flexibility) و توانای دوبارە هەڵسەنگاندنەوەی بڕیارەکانی پێشو. لەگەڵ کاتدا، رەنگە سەرکردە زێتر پەنا بباتە بەر ھەڵەشەیی و بەرگری (Defensiveness) و کەمتر ئامادەگی هەبێت بۆ داننان بە هەڵەکاندا، چونکە مێشک دەکەوێتە دۆخی “ئامادەباشی بەردەوام” بۆ پاراستنی دەسەڵات. هەروەها ژیان لە ژینگەیەکی سیاسیی داخراو و پڕ لە ململانێدا دەکرێت “کۆئەندامی لیمبیک” چالاک بکات، بەتایبەت (ئەمێگدالا – Amygdala) کە بەرپرسە لە هەستکردن بە هەڕەشە، ئەمەش وا لە هەندێک سەرکردە دەکات کە ئۆپۆزسیۆن یان ناڕەزایەتییەکان وەک هەڕەشەیەکی کەسی ببینن لەبری ئەوەی وەک دەربڕینێکی سروشتیی داواکارییە کۆمەڵایەتی و ئابورییەکان سەیری بکەن.

لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا، ئەم پرسە رەهەندێکی ئاڵۆزتر وەردەگرێت بەهۆی مێژوی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ناوچەکە. زۆرێک لە سەرکردەکانی ئێستا پێشتر بە ئەزمونی جەنگ، خەباتی چەکداری، دورخستنەوە، پەراوێزخستن و نەبونی ئاسایش بۆ ماوەیەکی درێژ تێپەڕیون، پاشان بە شێوەیەکی لەناکاو گوازراونەتەوە بۆ پێگەی دەسەڵاتێکی فراوان کە پارە و دەسەڵات و ئیمتیازاتی زۆری لەگەڵدا بوە. ئەم گۆڕانکارییە زەق و توندە رەنگە لە هەندێک حاڵەتدا ببێتە هۆی ئەوەی لە دەرونزانیدا پێی دەگوترێت “قەرەبوکردنەوەی دەرونیی زیادەڕەو” (Psychological Overcompensation)، کە تێیدا دەسەڵات دەبێتە ئامرازێکی نائاگایانە بۆ قەرەبوکردنەوەی ساڵانی ترس، بێبەشی، یان وەدەرنان و پەراوێزخستن.
لە سایەی نەبونی دامەزراوەی چاودێریی بەهێز و لاوازیی ئاڵوگۆڕی ئاشتییانەی دەسەڵات، گۆشەگیریی وێرەکی-ھوشمەندی (Cognitive isolation) سەرکردە وردە وردە قوڵتر دەبێتەوە، و لەلایەن کەسانێکەوە دەورە دەدرێت لەژێر ناونیشانی جیاجیا وەک راوێژکار، یاریدەدری تایبەت، خاوەن ئەزمون و پسپۆر و تادوایی…. زۆرجاو لە کورداواریشدا بەشێوەیەکی تەنزئامێز پێیان دەڵێن (کاسەلێس، ماستاوچی، مەسینەھەڵگر و ھەلپەرست تاد…) کە وێنەیەکی نمونەیی و هەڵبژێردراو و جوانکراوی واقیعی بۆ دەگوازنەوە. لێرەوە (Gap) بۆشایی و دوریی دەرونیی نێوان فەرمانڕەوا و کۆمەڵگە دەست بە فراوانبون دەکات، و بڕیارگەلێک دەردەچن کە لە پێویستییە راستەقینەکانی هاوڵاتیان دورو دابڕاون، یان هەر ناڕەزایەتییەکی سیاسی وەک پیلانگێڕیی دەرەکی یان هەوڵدان بۆ بەئامانجگرتنی کەسی لێکدەدرێتەوە.

لەو سۆنگەیەوە، پێویستیی و گرنی راوێژ و پاڵپشتیی دەرونی بۆ سەرکردەکان پەیوەندی بە هەبونی “نەخۆشیی عەقڵی” بە واتایەکی تەقلیدی نییە، بەڵکو پەیوەستە بە پاراستنی هاوسەنگیی درکپێکردن و ھوشەمندی و هەڵچونیی ئەو کەسانەی کە دەسەڵاتی بڕیاردانیان هەیە و بڕیارەکانیان پەیوەستن بە ژیانی ملیۆنان کەس. هەروەک چۆن وەرزشوانێکی پیشەگەر پشکنینی جەستەیی خولیی بۆ دەکرێت بۆ پاراستنی ئەداکەی، پۆستە باڵاکانیش پێویستییان بە پێداچونەوەی دەرونی و ھۆشمەندی ڕێکوپێک و رێکخراو هەیە بۆ یارمەتیدان لە کەمکردنەوەی کاریگەریی گۆشەگیریی دەسەڵات، سترێسی درێژخایەن و هەڵاوسانی “ئەنا- Ego”.

کۆمەڵگە مۆدێرنەکان وردە وردە خەریکە درک بەوە دەکەن کە تەندروستی دەرونیی بڕیاردەران و بەرپرس و باڵادەستەکان، پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە سەقامگیریی دەوڵەت و کوالێتیی بڕیارە سیاسییەکانەوە هەیە. بۆیە، پەرەپێدانی بەرنامەی سەربەخۆ بۆ پاڵپشتیی دەرونی و ھۆشمەندی و ھزری بەرپرسە باڵاکان، کە دانیشتنی هەڵسەنگاندنی خولی و مەشقکردن لەسەر بەڕێوەبردنی سترێس و قبوڵکردنی رەخنە و دوبارە بەستنەوە بە واقیعی کۆمەڵایەتی لەخۆبگرێت، دەکرێت هەنگاوێکی گرنگ بێت لەو کۆمەڵگانەی کە بۆ ماوەیەکی درێژ لەژێر کاریگەریی ململانێ، دابەشبون و گرژییە سیاسییەکاندا ژیاون.

لە کۆتاییدا، سەرکردە هەر مرۆڤە هەرچەندە دەسەڵاتی زۆر بێت، و مرۆڤ کاتێک بۆ ماوەیەکی درێژ لە ناو بازنەی دەسەڵاتدا دەمێنێتەوە ڕەنگە وردە وردە توانای بینینی خۆی و کەسانی دیکە بە شێوەیەکی هاوسەنگ لەدەست بدات. لێرەوە، چەسپاندنی چەمکی چاودێریی دەرونی بۆ سەرکردەکان لە ناو کلتوری سیاسی و دامەزراوەییدا، دەکرێت یەکێک بێت لەو هۆکارانەی کە لە داهاتودا یارمەتیدەر بێت بۆ بنیاتنانی بڕیاری عەقڵانیتر، سیستەمێکی هاوسەنگتر، و کۆمەڵگەیەک کە کەمتر دوچاری هەڵەکانی دەسەڵاتی درێژخایەن ببێتەوە.

* دکتۆرا لە دەرونزانی
* بەڕێوەبەری سەنتەری ڕاوێژکاری دەرونی و کۆمەڵایەتی لە EPU

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە