ئایا هێرشەکانی داعش لە برۆکسل چ مانایەکیان هەیە بۆ ئەمریکا؟ ئایا داعش بەردەوام دەبێت لە ئەنجامدانی هێرشەکانی لە ڕۆژئاوا؟ وەڵامەکە بریتییە لە: بەڵێ ئەگەری زۆرە. ئێمە دەتوانین پێشبینی چەندین جۆری ڕووداوەکان لە ڕۆژئاوا بکەین، هەندێک لە هێرشەکان لەلایەن گروپ و کەسانێکەوە ئەنجام دەدرێن کە پەیوەندییان بە داعشەوە نییە و بە سەربەخۆ ڕاهێنان دەکەن بەڵام کردەوەکانیان لە ژێر کاریگەری هێرشەکانی داعشدا ئەنجام دەدەن، پیلانەکان لەلایەن ئەو چەکدارە بیانییانەوە ئەنجامدراون کە چوونەتە ناو داعش و دواتر گەڕاونەتەوە وڵاتەکانیان، یان بە هاوکاری لەگەڵ هەندێک کەسی تری ناوچەکەوە کە تازە بوون بە هاوکار ئەنجامدراوە، هەروەها ئەو پەلامارانەی کە لە ئۆپراسیۆنی داعشدا لە ناوچەکانی ژێردەستیدا ئەنجامدراون. ئایا ئامانجی داعش بۆ بەدەستهێنانی لەڕێگای ئەم هێرشانەوە بۆسەر خاکی ڕۆژئاوا چییە و ئێمە دەبێت کاردانەوەمان چۆنبێت؟
ئامانجەکانی داعش دژ بەیەکن. لەلایەکەوە، هەوڵی فراوانکردنی خەلافەتە دیکتاتۆرانەکەی دەدات لەو ناوچانەوە کە لەژێر کۆنترۆڵیدان، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقای باکوردا. لەلایەکی تریشەوە، هەوڵی ئەوە ئەدات کە وا لە ڕۆژئاوا بکات کاردانەوەی هەبێت بەرامبەر جەنگی سوریا. هێرشەکان لە ڕۆژئاوا وادیارە پرۆژە دەوڵەتی داعش دەخاتە مەترسییەوە چونکە ئەوان بانگهێشتی تۆڵەسەندنەوەیەکی زەبەلاح دەکەن. بەڵام داعش ئامانجی سێیەمی بە گەورەیی ئاماژە پێداوە لەوەی کە ”زۆرنی خۆڵەمێشی” ئیسلامی میانڕەو بەتەواوەتی لەناوببات، کە لەلایەن موسڵمانانی ڕۆژئاواوە پراکتیزە دەکرێت و هەروەها دەیەوێت وا لە موسڵمانانی میانڕەو بکات کە هەست بە نەپارێزراوی بکەن لە دەرەنجامی ڕای پێشینەیان.
ئەم پرۆژەیە زۆر بە ئاسانی لە ئەوروپا دەتوانرێت جێبەجێ بکرێت وەک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. بەڵگەیەکى ئەوتۆ نییە کە بیسەلمێنێت “ئیسلام ڕقى لە ئەمریکایە” (وەکو دۆناڵد ترەمپ دەڵێت). لەبەرامبەردا، بەگشتی موسڵمانانی ئەمریکا دڵخۆشن بەوەی لە ئەمریکا دەژین. بەپێی ڕاپرسییەک کە لەساڵی ٢٠١١ دا لەلایەن ناوەدنی لێکۆڵینەوەی پیو لەسەر سیاسەت و سیاسییەکانی ئەمریکا ئەنجامدراوە دەردەکەوێت کە زۆرینەی موسڵمانانی ئەمریکا نیگەرانبوون لە توندڕەوی ئیسلامی لە ناوەوە و دەرەوەی وڵاتەکەیاندا. موسڵمانانی ئەمریکا بە شێوەیەکی گشتی زیاتر ڕازین بەو شتانەی کە لە ئەمریکادا دەگوزەرێن (کە %٥٦) وەک لە ڕای گشتی (کە %٢٣). نزیکەی دوو لەسەر سێ (%٦٦)ی ئەمریکییەکان باس لەوە دەکەن کە ژیانی ئەو موسڵمانانەی کە لە ئەمریکادا دەژن باشترە لە ژیانی موسڵمانان لە زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە موسڵمانان تیایاندا زۆرینەن. زۆرینەی ئەمریکییەکان باوەڕیان وایە کە زۆربەی موسڵمانان کە کۆچ دەکەن بۆ ئەمریکا دەیانەوێت ئەو شتانە.
بەپێی دوایین ڕاپرسی کە لەلایەن پەیمانگای سیاسەتی کۆمەڵایەتی و تێگەیشتنەوە ئەنجامدراوە هاتووە، موسڵمانان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاتر ڕازین بەو ئاراستەیەی کە ئەمریکای پیادا تێدەپەڕێت وەک لە گروپە ئاینییەکانی تری ئەمریکا. ئەو هەست و سۆزەش دەکرێت بگۆڕدرێت بەوەی تاوتوێی چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنی موسڵمانان بکرێت، یان داوا لە موسڵمانان بکرێت کە لە حکومەتی ئەمریکادا خۆیان تۆمار بکەن. ئەم جۆرە لە یاسای قورس و توندی مافەکان لە ڕاستیدا ئامانجەکانی داعش لەوەی کە موسڵمانانی ئەمریکا هەست بە بێگانەیی بکەن ئاسان دەکات. هەروەها %٤٠ی ئەوانەی کە بەهۆی بوونی پەیوەندییان بە داعشەوە لە ئەمریکا دەستگیر دەکرێن کەسانێکن کە بە ڕەچەڵەک ئەمریکین و موسڵمان بوون.
موسڵمانانی ئەوروپا ڕووبەڕووی دۆخێکی جیاواز بوونەتەوە، گەنجانی موسڵمانی ئەوروپا وا باس لە خۆیان دەکەن کە بوونەتە قوربانی دەستی دەمارگیری لە جێگای کارەکانیان و لە کۆمەڵگادا بە گشتی. بەپێی دواین ئامار سەبارەت بە کەمینەکانی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و جیاکاری بەرامبەریان، لە کۆی سێ کەس (لە کەمایەتییەکان) یەکێکیان بێڕێزی (جیاکاری) لەگەڵدا کراوە، کە زۆرینەیان بەر موسڵمانانی تەمەن ١٦-٢٤ ساڵ بووە. موسڵمانانی ئەوروپا ئەگەری دامەزراندنیان کەمە و مووچەشیان کەمە لەبەرامبەر هەمان ئەو کارەی کە ئەوروپییەکی ڕەسەن ئەنجامی دەدات. پەنابەرانی موسڵمان لە ئەوروپا زۆرینەیان هەژارن، بۆ نمونە %١٠ی بەلجیکییەکان لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین، بەڵام پەنابەرانی تورک ڕێژەی هەژارییان %٥٩ و پەنابەرانی مەغریب ڕێژەیان %٥٦ لە بەلجیکادا. لە ساڵی ٢٠١٣ دا، گیرت بورجوا وەزیری یەکخستنەوە و سەرکردەی حکومەتی فلیمنکی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە کەمتر لە یەک لەسەر سێی گەنجانی موسڵمان هەست بەوە دەکەن کە لەلایەن کۆمەڵگای فلیمنکییەوە قبوڵکراون.
زۆرینەی پەنابەرە موسڵمانەکانی بەلجیکا منداڵانن. لە ساڵی ٢٠١٠ دا گروپێکی سەلەفی کە ناویان “Sharia4Belgium” بوو (کە بەمانای شەریعەت بۆ بەلجیکا دێت) پێکهات، ئامانجیان بەدەستوریکردنی یاسای شەرعی بوو لە بەلجیکا. سەرکردەی ئەو گروپە فوئاد بلقاسم بوو، داوای ئەوەی دەکرد کە کەسانی هاوڕەگەزباز سزابدرێن بە سزای مەرگ، هەروەها بە ئاشکرا پاڵپشتی ئوسامە بنلادنی دەکرد. بلقاسم تۆمەتباربوو بە بازرگانی مادەی هۆشبەر و تاوانی بچوکی تر. گروپەکەی چالاکانە هەڵدەستا بە بەکرێگرتنی گەنجان بۆئەوەی بچنە ڕیزی گروپە توندڕەوە سونییەکانەوە لە سووریا. گروپەکە سەرەنجام لە مانگی شوباتی ٢٠١٥ دا ڕێکخراوێکی تیرۆرستییان پێکهێنا و سەرکردەکەی بە ١٢ ساڵ زیندانی سزادرا.
داعش پێی وایە ڕزگارکەری ئەو کەسانەیە کە لە زەریای بەدڕەوشتیدا نوقم بوون، بە شیری بێنرخی پەروەردەکراون و لە لایەن ستەمکارترینی کەسانەوە حوکم دەکرێن. هەروەها بەڵێنی ناوبانگ و ڕێزلێنان دەداتە ئەو گەنجانەی کە سەربەرزی و شانازی لە ژیانی رۆژئاوا نادۆزنەوە. ئەمەش لە ڕێگەی بەشدارکردنیان لە کردەوە توندوتیژییەکان کە بە ژیانەوەی نوێ ناوی دەهێنن. بەرپرسانی بەلجیکاش دەڵێن ئەوان هێزی مرۆیی پێویستیان لەبەردەستدا نییە بۆ چاودێریکردنی گومانلێکراوەکان.
ئێمە چۆن دەىێت وەڵامی ئەمانە بدەینەوە؟ بە شێوەیەکی ڕوون، ئێمە لە ڕۆژئاوا دەبێت هەندێک ئامانجی قورسترمان لەوانەی ئەوان هەبێت. ئێمە پێویستە دڵنیابین لەوەی کە لایەنی هەواڵگریمان باشە و بیبەخشین، هەم لەناوخۆدا و هەم لەنێوان ئێمە و وڵاتانی تردا. بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێت شاهێدی ئەوە دەبین و بەهۆش بین کە تیرۆرستان یاری جوجیتسو دەکەن (کە یارییەکە تیایدا بەبێ چەک و بە هێزی جەستە دەکرێت): ئەوان (تیرۆرستان) هیوای ئەوە دەخوازن کە ئێمە کاردانەوەیەکی بەدڵی ئەوانمان هەبێت بۆئەوەی ئەوان زیاتر لە ئامانجەکانیان نزیک ببنەوە.
* جێسیکا ستێرن، پرۆفیسۆرێکی لێکۆڵەرە لە زانکۆی بۆستۆن لە سکوڵی پاردی بۆ لێکۆڵینەوەی جیهانی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. دوایین کتێبی کە لەگەڵ جەی ئێم بێرگەر نوسیویانە ناوی “داعش: دەوڵەتی تیرۆر”ە.
وەرگێڕان: کۆشش بێستانسووری