
با شەوانە، تیشكی چرا و دووكەڵی سیگار، ئازاری چاویشیم بدەن، بەڵام هەر وات دەبینم، وەك لە كنم بیت و هەر لە تەوقی سەرتەوە، تا پاژنەی پێت، لە ماچدا نوقم دەكەم. لە بەردەمتدا دێمە سەر چۆك و دەڵێم: خاتوونەكەم! خۆشم دەوێیت، خۆشەویستییەك گەرمتر لە خۆشەویستیی ئۆتێللو بۆ دێزدەموونا. ئەو دوژمنانەم كە بە عاشقێكی پلە یەكی، شانۆگەرییەكی پلە دوویان لە قەڵەم دابووم، گێڵ بوون، تۆزێك هەستی قۆشمەیان شك بردبا، تابلۆیەكیان دەكێشا، لایەكی پێوەندییەكانی بەرهەمهێنان نیشان بدات و لایەكەی تری، من لەبەر پێی تۆدا.
دابڕانی كاتەكی بەكەڵكە، ئاخر پێكەوەبوونی هەمیشەیی، وەڕسبوونی لێ دەكەوێتەوە، ئاخر قەڵا لە دوورەوە بڵندتر دیارە و ئەفسوونی دووریی، هێز بە خۆشەویستی دەبەخشێت. هەر كە شوێن لە یەكتریمان دادەبڕێت، زەمان ئەوینم بۆ تۆ بەهێزتر دەكات، تەواو هەر وەك خۆر و باران كە خزمەت بە ڕووەك دەكەن. كە لە یەكدی دوور دەكەوینەوە، ئەوسا حەقیقەتی ئەوینم بۆ تۆ، ڕوونتر دەردەكەێت، ئەوسا دەزانم چ هەستێكی گەرمم بەرانبەر بە تۆ هەیە و ئەوسا تێدەگەم كە بە كۆمەكی خۆشویستیی تۆ، پڕ بە مانای وشەكە، ئینسانم، ئەوسا هەست دەكەم، ئەوە خۆشەویستیی تۆیە، نەك هی پرۆلیتاریا، منی كردووە بە ئینسانێكی تەواو.
كارل ماركس.
من رسالە ماركس الی زوجتە جینی ماركس 21 حزیران 1856
وەرگێڕانی: حەمە سەعید حەسەن