خوێندنەوەی كتێب و گۆڤار و ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە منداڵانەوە چەندین سوودی بۆ منداڵان هەیە، ماڵپەڕی (jewish journal ) لە بابەتێكدا ئاماژەی بە چەند سوودێكی خوێندنەوە كردووە بۆ منداڵان، سەرەڕای ئەوەی توانای زمانەوانی خودی منداڵەكە بەهێزدەكات ئاسۆی بیركردنەوەی بەڕووی جیهاندا دەكاتەوە.
لەو بابەتەدا ئاماژە بەوەش كراوە كە خوێندنەوە هانی منداڵان دەدات پرسیار بكەن، لەو ڕێگەیەوە وەڵامی تەواویان دەستدەكەوێت دەربارەی شتەكانی دەوروبەریان و توانای زانستییان بەهێزدەكات، لە داهاتووشدا ئەو منداڵانەی زۆرتر دەخوێننەوە دەبنە خاوەن بیرێكی فراوان.
ئەوەش خراوەتەڕوو كە خوێندنەوە وادەكات توانا و هەستی داهێنەرانە لەلای منداڵان دروستبێت، توانای نووسینیشیان باشتردەكات.