هەرێمی کوردستان ساڵێکی پڕ لە قەیران و ئاڵۆزی تێپەڕکرد. شەڕی داعش، قەیرانی دارایی، قەیرانی سیاسی و ناکۆکییە ناوخۆییەکان لە دیمەنە سەرەکییەکانی ساڵی ٢٠١٥ی هەرێمی کوردستان بوون، لە ساڵی ٢٠١٥دا هەرێمی کوردستان نە تەنها نەیتوانی هیچکام لە قەیرانە کەڵەکەبووەکانی ساڵانی ڕابردوو وەک قەیرانی کارەبا و خزمەتگوزاری و یەکخستنەوەی هێزە چەکدارەکان چارەسەر بکات، بەڵکو کۆمەڵێک قەیرانی دیکەش بەرۆکی هەرێمی گرت، بەڵام لە کۆتایی ساڵدا هیچ کام لەو قەیرانانە چارەسەر نەکران.
لە زۆربەی میحوەرەکان شەڕی داعش بەردەوام بوو، داعش پێچەوانەی ساڵی ٢٠١٤، لە ساڵی ٢٠١٥دا نەک نەیتوانی هیچ پێشڕەوییەک لە خاکی باشووری کوردستاندا بکات، بەڵکو لە چەند قۆڵیشەوە پاشەکشەی پێ کرا، پێشمەرگە توانی سەرجەم ناوچە کورستانییەکان کۆنترۆڵ بکاتەوە، لە مانگەکانی ئازار و ئاب و ئەیلولدا پێشمەرگە سێ ئۆپراسیۆنی گەورەی لە میحوەری کەرکوک لە دژی داعش ئەنجام دا و تیایاندا نزیکەی ٥٠ گوند کۆنتڕۆڵ کرانەوە، لە دیارترین ئۆپراسیۆنیشدا ڕۆژی ١٣ی تشرینی دووەم دوای نزیکەی ١٥ مانگ لە دەستبەسەرداگرتیندا لەلایەن داعشەوە لە ئۆپراسیۆنێکدا توانرا شەنگال کۆنتڕۆڵ بکرێتەوە.
لە ڕووی ئابووریشەوە ئەو قەیرانە داراییەی لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤ەوە دەستی پێکردبوو لە ساڵی ٢٠١٥شدا بەردەوام بوو، ئەگەرچی لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٤دا هەرێم و بەغدا لەسەر پرسی نەوت و بودجە ڕێککەوتن بەڵام دوای سێ مانگ لە ڕێککەوتنەکە دوو لایەنە دەستیان کردەوە بە تۆمەتبارکردنی یەکتری بەوەی پابەند نەبوون بە ڕێککەوتنەکەوە، هەرێم دواجار لە مانگی حوزەیران بڕیاریدا بێ گەڕانەوە بۆ بەغدا نەوت بفرۆشێت، بەڵام ئەم بڕیارەش کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی چارەسەر نەکرد و سەرەنجام مووچەی سێ مانگی فەرمانبەران دواکەوت.
بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و پرسی بودجەی ساڵی ٢٠١٦ ئەگەرچی بڕیار بوو وەفدێکی هەرێم سەردانی بەغدا بکات بەڵام ئەو سەردانە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئەنجام نەدراوە.
هاوکات لەگەڵ قوڵبوونەوەی قەیرانی دارایی لە مانگی حوزەیرانەوە قەیرانێکی سیاسیش ڕووی لە هەرێمی کوردستان کرد؛ قەیرانەکە بە ناکۆکیی لایەنەکان لەسەر پرسی سەرۆکایەتیی هەرێم دەستی پێکرد، ڕۆژی ٢٣ی حوزەیران بەبێ بەشداریی فراکسیۆنی پارتی، پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ چوار پڕۆژە یاسای تایبەت بە هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم کرد، ئەمە بۆ یەکەمجار بوو لە مێژووی پەرلەماندا پارتی بایکۆتی دانیشتنی پەرلەمان بکات، دانیشتنەکەی پەرلەمانیشی بە کودەتا ناوبرد.
پێنج لایەنە سەرەکییەکە دواتر بۆ سازان لەسەر پرسی سەرۆکایەتیی هەرێم لە ماوەی زیاتر لە مانگێکدا نۆ کۆبوونەوەی پێنج قۆڵییان ئەنجام دا، بەڵام دواجار کۆبوونەوەکان بێ ئەنجام مانەوە، لە کاتی بەڕێوەچوونی نۆیەمین کۆبوونەوەی پێنج قۆڵیدا لە شاری سلێمانی خۆپیشاندانی هاووڵاتیان لەبەردەم شوێنی کوۆبوونەوەکە دەستی پێکرد، خۆپیشاندانەکە لە دژی دواکەوتنی مووچە و ڕێکنەکەوتنی لایەنەکان بوو.
دواتر خۆپیشاندانەکان بۆ شار و شارۆچکەکانی دیکەی هەرێم تەشەنەی سەند، ڕۆژی ٩ی تشرینی یەکەم لە قەڵادزی خۆپیشاندەران هێرشیان کردە سەر بارەگای ناوچەی پارتی و تیایدا سێ هاووڵاتی کوژران و نزیکەی ٢١ هاووڵاتی دیکەش برینداربوون، ڕۆژانی دواتر لە کەلاریش خۆپیشاندان ئەنجام درا و دوو هاووڵاتی دیکەش کوژران، لە خۆپیشاندانەکاندا سەرجەم پێنج هاووڵاتی کوژران و نزیکەی ١٥٠ هاووڵاتی برینداربوون.
پارتی وەک دژکردەوەیەک بەرامبەر ڕووداوەکان ڕۆژی ١٢ی تشرینی یەکەم لە بازگەی پردێ ڕێگریی کرد لە گەڕانەوەی سەرۆکی پەرلەمان بۆ هەولێر و وەزیرەکانی گۆڕانی لە حکومەت دەرکرد، بەم ڕووداوەش کۆبوونەوە پێنج قۆڵییەکان کۆتایی پێهات و قەیرانی سیاسیی هەرێم قوڵتر بووەوە.
هەر لە ساڵی ٢٠١٥دا ناکۆکییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) قوڵتر بووەوە، ئەم ناکۆکییانە بە تایبەتی دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی شەنگال قووڵتر بووەوە، کاتێک بارزانی ڕایگەیاند جگە لە هێزی پێشمەرگە هیچ هێزێکی دیکە بەشداریی لە کۆنتڕۆڵکردنەوەی شەنگالدا نەکردووە.
لە کۆتاییەکانی مانگی تشرینی دووەمدا تورکیا هێزێکی هێنایە ناوچەی ”باشیک” لە نزیک موسڵ، هاتنی ئەم هێزە کاردانەوەی جیاوازی لێ کەوتەوە، لەناو لایەنەکانی هەرێمدا هەر یەکە لە گۆڕان و یەکێتی دژی هاتنی هێزەکەی تورکیا بوون و پارتیش ڕایگەیاند هێزەکە بۆ ڕاهێنانی سەربازی بە هێزەکانی حەشدی وەتەنی سوننە هاتوونەتە ناوچەکە و پەکەکەش بە توندی دژی هاتنی ئەو هێزە هەڵوێستی گرت و حکومەتی عێراقیش هاتنی هێزەکەی بە پێشێلکردنی سەروەریی عێراق ناوبرد، ئەگەرچی تورکیا بەشێک لە هێزەکەی کشاندەوە، بەڵام ئەو کێشەیە تا ئێستاش بەردەوامە.
ساڵی ٢٠١٥ بە کۆمەڵێک قەیرانەوە کۆتایی هات، بێ ئەوەی دۆخی سیاسی و دارایی هەرێم ئاسایی ببێتەوە، تا ئێستاش هیچ ئاماژەیەک بۆ ئاساییبوونەوەی دۆخەکە بەدی ناکرێت، پرسیار ئەوەیە ئاخۆ حکومەتی هەرێم و لایەنە سیاسییەکان دەتوانن لە ساڵی ٢٠١٦دا کۆتایی بەو قەیران و کێشە ناوخۆییانە بهێنن؟
بەراورد بە پارچەکانی دیکە، ڕۆژهەڵاتی کوردستان ساڵێکی ئارامی تێپەڕ کرد، بەڵام بەو حاڵەشەوە چەندین ڕووداوی بەخۆیەوە بینی، هەر لە جموجۆڵی سەربازیی هێزە کوردییەکان و پێكدادانی سەربازیی لەگەڵ سوپای پاسدارانەوە بگرە تا خۆپیشاندانەکانی مهاباد و لەسێدارەدانی چەندین بەندکراوی سیاسیی کورد.
لە ساڵی ٢٠١٥دا ڕێژەی لەسێدارەدانەکان لە ئێران بۆ نزیکەی هەزار کەس بەرز بووەوە، زۆربەیان بە تاوانی کۆمەڵایەتی و بازرگانی بە ماددەی هۆشبەرەوە لە سێدارەدراون، بەڵام لەم نێوانەدا حکومەتی ئێران پێنج بەندکراوی سیاسی لە سێدارە دا، کە هەر پێنجیان کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون، هەر پێنجیشیان بە تاوانی ئەندامێتی لە حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سێدارەدران، بەپێی ئامارە نافەرمییەکان زۆرترین ڕێژەی زیندانیانی سیاسیی ئێران لە زیندانیان سیاسیی کورد پێکهاتوون هەرچەندە ئامارێکی ورد لەبارەی ژمارەی زیندانیانی سیاسیی کورد لە بەردەستدا نییە.
ساڵی ٢٠١٥ بۆ چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ساڵێکی خراپ بوو، چەندین ڕۆژنامەنووس دەستگیرکران لە دیارترینی ڕۆژنامەنووسە دەستگیرکراوەکان ”حەسەن شێخ ئاقایی” سەرنووسەری ماڵپەڕی ڕوانگە بوو، بەپێی ڕاپۆرتی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان؛ ئێران لە ساڵی ٢٠١٥دا بە دەستگیرکردنی زیاتر لە ٦٠ ڕۆژنامەنووس سێیەمین زیندانی گەورەی ڕۆژنامەنووسانە لە جیهاندا کە لەو ڕێژەیە بە لایەنی کەمەوە ١٠ کەسیان کوردن.
جگە لەوەش لە ساڵی ٢٠١٥دا بە دەیان چالاکی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکران، زۆرترین ڕێژەی دەستگیرکراوەکانیش لە چالاکانی بواری مافەکانی کرێکارانن، تەنها لە ڕۆژی جیهانی کرێکاراندا زیاتر لە ٢٠ چالاکی کرێکاری لە شارەکانی سەقز و سنە دەستگیرکران.
لە بەهاری ٢٠١٥دا لە شارەکانی جوانڕۆ، کامیاران، مەریوان، خۆی، سەردەشت، داڵاهۆ، سەلماس و ماکۆ چەندین پێکدادانی سەربازی لەنێوان گەریلاکانی پژاک و هێزەکانی سوپای پاسداراندا ڕووی دا، بەپێی زانیارییەکان لەو پێکدادانانەدا نزیکەی ٨٠ ئەندامی سوپای پاسداران کوژراون و نزیکەی ١٠ گەریلای پژاکیش شەهیدبوون.
هەر لە ساڵی ٢٠١٥دا دوای زیاتر لە ١٥ ساڵ هەر دوو لایەنی حزبی دیموکراتی کوردستان و حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران هێزەکانی خۆیانیان لە سەر سنوورەکانی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان جێگیر کرد و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانیش جووڵەی بە هێزەکانی خۆی کرد، هێزەکانی ئەو حزبانە بارەگا و بنکەی سەربازییان لە سەر سنوورەکان کردووەتەوە و بە وتەی خۆیان بە نیازن بۆ هەمیشە لەو شوێنانە بمێننەوە.
سەرەڕای جووڵاندنی هێز لەلایەن ئەو حزبانەوە بەڵام تا ئێستا پێکدادانێکی سەربازی ئەوتۆ لەنێوان ئەو هێزانە و سوپای پاسداراندا ڕووی نەداوە.
لە دیارترین ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠١٥ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێکدادانێکی سەربازیی نێوان گەریلاکانی پەکەکە و پێشمەرگەکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بوو لە ناوچەی کێلەشین، پێکدادانەکە ڕۆژی ٢٤ی ئایار دوای ئەوە ڕووی دا کە حزبی دیموکرات هێزەکانی خۆی لە ناوچەی کێلەشین جێگیر کرد، لە پێکدادانەکەدا پێشمەرگەیەکی حزبی دیموکرات گیانی لەدەست دا و سێ پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون، ئەمەش کێشەیەکی گەورەی لەنێوان ئەو دوو حزبەدا دروست کرد کە دواجار دوو لایەن بە ناوبژیوانیی هەرێمی کوردستان جارێک لە هەولێر کۆبوونەوە و جارێکی دیکەش لە بنکەی حزبی دیموکرات لە کۆیە کۆبوونەوە و کێشەکەیان چارەسەر کرد.
ڕۆژی ٧ی ئایار دانیشتوانی مهاباد خۆپیشاندانێکیان ئەنجام دا و تیایدا ”هۆتێل تارا”ی ئەو شارەیان سووتاند، خۆپیشاندانەکە دوای ئەوە بوو کە بەرپرسێکی ئەمنی ئێران لە هۆتێلەکە هەوڵی دابوو دەستدرێژی بکاتە سەر کچێک بە ناوی ”فەریناز خوسرەوانی” و کچەکەش خۆی لە قاتی سێی هۆتێلەکەوە خستبووە خوارەوە و گیانی لە دەست دابوو، لە خۆپیشاندانەکەدا کەسێک کوژراو و نزیکەی ١٥٠ کەسیش دەستگیر کران، خۆپیشاندانەکان ڕۆژی دواتر شاری سەردەشتیشی گرتەوە و لە چەند شارێکی دیکەش مانگرتن ئەنجام درا.
لە ساڵی ٢٠١٥دا نزیکەی ٣٠ کۆڵبەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر سنوورەکان بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژران یان برینداربوون. کۆڵبەر یان کاسبکارانی سەر سنوور بەو کەسانە دەوترێت کە بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانیان لەسەر سنوورەکان بە کۆڵ کاڵا و شتومەک دەگوازنەوە.
هەر لە ساڵی ٢٠١٥دا چوار گەنجی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەناو ڕیزەکانی داعشدا لە عێراق و سوریا کوژران، بەپێی ئامارە نافەرمییەکان نزیکەی ١٠٠ گەنجی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی ڕابردوودا چوونەتە ناو داعشەوە، لە بەرامبەردا ژمارەیەکی لە گەنجانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕۆژئاوای کوردستان لەناو ڕیزەکانی یەپەگەدا لە شەڕی دژی داعشدا شەهیدبوون.
لە دوایین ڕووداودا نزیکەی ١٠٠٠ کەس لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران کاندید کردووە کە بڕیارە دوو مانگی دیکە ئەنجام بدرێت، بەڵام نیگەرانی زۆربەی چالاکانی کورد ئەوەیە کە ئەنجوومەنی چاودێریی دەستوور بە هەمان شێوەی ساڵانی ڕابردوو زۆرینەی کاندیدە کوردەکان لە ململانێکانی هەڵبژاردن دوور بخاتەوە، بەهۆی ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هیچ حزبێکی ڕێگەپێدراو بوونی نییە، هیچ لیستێکی کوردیش لە هەڵبژاردنەکاندا بوونی نییە، تا ئێستا هەڵوێستی حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەبارەی هەڵبژاردنەکەی پەرلەمانەوە ڕوون نییە کە ئایا بە هەمان شێوەی ڕابردوو هەڵبژاردنەکان بایکۆت دەکەن یان ئەوەی پشتگیری لە هەندێک لە کاندیدەکان دەکەن؟
ڕۆژئاوای کوردستانیش پشکی شێری گۆرانکارییەکانی بەرکەوت، هەرچەندە لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە جیاوازییەکەی گەورە بەدی دەکرێت. خۆڕاگریی شەڕڤانانی یەپەگە لە کۆبانێ و دواتر ئەو سەرکەوتنە یەک لە دوا یەکانی ئەو هێزە لە بەرامبەر چەکدارانی داعش تۆماریکرد ناو ناوبانگی ئەو هێزەی بەرزکردەوە و تا گەشت بەوەى ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانى هەماهەنگیى لەگەڵدا بکەن و چەک و پێداویستى سەربازى بۆ ڕەوانە بکەن، لە ئێستاشدا ٥٠ ڕاوێژکارى سەربازى ئەمەریکا لە سوریا ڕاهێنان بە هێزە کوردییەکان و هێزەکانى دیکەى ئۆپۆزسیۆن دەکەن.
٢٦ ی کانوونی دووەم ٢٠١٥ شەڕڤانای یەپەگە و یەپەژە دوای نزیکەی پێنج مانگ خۆڕاگری لەبەرامبەر هێرشی چەکدارانی داعش، دواجار توانییان بە هاوکاریی فرۆکەکانی هاوپەیمانان و هێزی پێشمەرگە سەربکەون و کۆبانێ بەتەواوی کۆنتڕۆڵبکەنەوە.
شکستی چەکدارانی داعش لە کۆنتڕۆڵکردنی کۆبانێدا بووە سەرەتایەک بۆ پاشەکشەی داعش لە ناوچەکانی تری ڕۆژئاوای کوردستان.
لە ١٥ ی ئایار یەپەگە شارۆچکەى ”گرێ سپی” کۆنترۆڵکرد ئەوەش بووە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ هێزەکانی ڕۆژئاوای کوردستان.
لە ١٠ تشرینی یەکەم هێزی سوریا دیموکرات ڕاگەیاندرا و لە ١٣ تشرینی دووەم شارۆچکەی ”هۆل” کۆنتڕۆڵ کرایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی شیکاریی ”پەیمانگای ئای ئەیچ ئێسی ئەمەریکی” لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٥ەوە تا ناوەڕاستی کانوونی یەکەم داعش نزیکەی ١٢ هەزار و ٨٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەی لەدەست داوە، لە بەرامبەردا هێزە کوردییەکان لە سوریا ١٥ هەزار و ٨٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەیان لەژێر دەستدایە. هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە هێزە کوردییەکان لە سوریادا ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان بە ڕێژەی لە سەدا ١٨٦ زیاد کردووە.
بە بڕوای چاودێران ئەگەر ساڵی ٢٠١٥ بۆ ڕۆژئاوای کوردستان لە ڕووی سەربازییەوە ساڵێکی و پڕ دەستکەوت بووبێت، ئەوا لە ڕووی سیاسییەوە بەهۆی ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکانەوە دەستکەوتی ئەوتۆ بەدەست نەهاتوون.
دەستپێکی شکستی سیاسی لە ڕۆژئاوای کوردستاندا دەگەرێتەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی مەرجەعی سیاسی لە نێوان تەڤگەری جڤاتی دیموکرات ”تەڤدەم” و ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سوریا ”ئەنەکەسە”.
ئەنەکەسە کە لە ١٢ پارت و هەندێک کەسی سەربەخۆ و پێک هاتووە لە ٢٦ تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١١ دامەزراوە، لەبەرامبەردا تەڤگەری جڤاتی دیموکرات تەڤدەم لە پارتی یەکێتی دیموکرات پەیەدە و چەند پارتێکی مەسیحی و ژمارەیەک کەسایەتیی سەربەخۆ پێکهاتووە لە ١٦ کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١١ دامەزراوە.
ئەو دوو ئەنجوومەنە کە نوێنەرایەتیی زۆربەی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن چەندین جار کۆبوونەوە ڕێککەوتنیان لە هەولێر و دهۆک و ئەنجام دا، بەڵام بەهۆی ناکۆکییان لە بواری سەربازی و دواجار ئەنجامدانی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لەلایەن کانتۆنەکانەوە کە ئەنەکەسە بەشداریی نەکرد، ناکۆکییەکانیان قووڵ بوونەوە و درزی گەورەتر کەوتە نێوان ئەو دوو ئەنجوومەنەوە. لەگەڵ قووڵبونەوەی ناکۆکییەکانی نێوانیان هەردوولا یەکتریان بە دەستی وڵاتانی دەرەکی تۆمەتبار دەکرد، تەڤدەم ئەنەکەسەی بە دەستی وڵاتی تورکیا تۆمەتبار دەکرد، لەبەرامبەریشدا ئەنەکەسە تەڤدەمی بە دەستی ئێران و هاوکاری ”بەشار ئەسەد” تۆمەتبار دەکرد.
ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان لایەنەکانی ڕۆژئاوا کاریگەری خستە سەر بەشداریکردنیان لە کۆبوونەوە و کۆنگرە نێودەوڵەتییەکان کە بۆ چارەسەکردنی پرسی سوریا ئەنجام دەدران. بە جۆرێک لە کۆبوونەوی مۆسکۆی یەک و دوودا تەڤدەم بەبێ ئەنەکەسە بەشداریی کرد و لە کۆنگرەی ڕیازیشدا ئەنەکەسە بەشداریی کرد و تەڤدەم بانگهێشت نەکرا، لە کۆنگرەی قاهیرەشدا هەردوولا بە دوو شاندی جیا بەشدارییان کرد.
بە بڕوای چاودێران لە ساڵی ٢٠١٥ کوردانی ڕۆژئاوا توانییان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پێگەی گرنگیان بۆ خۆیان بەدەست هێنا بەتایبەتی لە شەڕی دژی داعشدا بەڵام لە ئاستی ناوخۆدا لە یەکتر دوور بوون، بەڵام پرسیار ئەوەیە لەگەڵ هاتنی ساڵی ٢٠١٦ کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەتوانن وەک چۆن لە ڕووی سەربازییەوە لە ساڵی ٢٠١٥ سەرکەتووبوون، بەهەمان شێوەش دەتوانن لە ئاستی ناوخۆییدا سەرکەتوو بن، بەتایبەتی لەگەڵ نزیکبوونەوەی دانوستانەکانی جنێفی تایبەت بە چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا؟
ساڵی ٢٠١٥ ساڵێکی پڕ لە ڕووداوی چاوەڕواننەکراو بۆ باکووری کوردستان. لە سەرکەوتنی ”هەدەپە”وە بگرە تا دەگاتە پەکخستنی پرۆسەی ئاشتی، لە ڕێککەوتنی کۆشکی دۆڵمە باغچەی نێوان ”ئاکەپە” و ”هەدەپە”وە بگرە تا دەگاتە دەستپێکردنەوەی شەڕی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا و تەشەنەسەندنی ئاگری شەڕەکە بۆ ناو شارەکانی باکووری کوردستان.
لە دەستپێکى ساڵی دا٢٠١٥ بەهۆی سیاسەتی حکومەتی تورکیا بەرامبەر ڕۆژئاوای کوردستان و ڕووداوەکانی ”کۆبانێ”وە ناڕەزایەتی کوردانی باکوور بەرامبەر بە حکومەتی تورکیا گەیشتبووە لوتکە.
لە ڕۆژانی سەرەتای ٢٠١٥دا لە زۆربەی شارەکانی باکووری کوردستان خۆپیشاندان لە دژی هەڵوێستی حکومەتی تورکیا بەرامبەر کۆبانێ ئەنجام درا، لەو خۆپیشاندانانەدا پێکدادان لەنێوان لایەنگرانی ”هەدەپە” و لایەنگرانی ”هوداپار”دا ڕووی دا، کە پارتێکی ئیسلامی کوردی نزیک لە ئاکەپەیە، لەو پێکدادانانەدا بە دەیان کەس لە لایەنگرانی هەر دوو پارتەکە کوژران و برینداربوون.
سەرەڕای خۆپیشاندانەکان هێشتا هەنگاوەکان بۆ پێشخستنی پرۆسەی ئاشتی بەردەوام بوون، لە ٢٨ی شوباتدا لە کۆشکی دۆڵمە باغچە رێککەوتنێکی ١٠ خاڵی لەنێوان وەفدی هەدەپە و ئاکەپە بۆ چارەسەری پرسی کورد ئەنجام درا، بەڵام تەنها چەند ڕۆژێک دواتر لێدوانێکی توندی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا کۆتایی بە هەموو هەوڵەکان بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی هێنا.
ئەردۆغان ڕایگەیاند ”لە تورکیادا پرسێک بە ناوی پرسی کورد بوونی نییە”، ئەم لێدوانە ناکۆکییەکانى نێوان لایەنی کوردی و حکومەتی تورکیای تەقاندەوە.
لە بەهاری ٢٠١٥دا پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە گەرموگوڕترین کەمپینی بۆ هەڵبژاردنەکەی ٧ی حوزەیران بەڕێوەبرد، ئامانجی هەدەپە شکاندنی بەربەستی لەسەدا ١٠ بوو، بەڵام لە ئەنجامێکی چاوەڕواننەکراودا هەدەپە لە هەڵبژاردنەکەدا نەک تەنها بەربەستی لەسەدا ١٠ی تێپەڕاند، بەڵکو بە بەدەستهێنانی ڕێژەی لەسەدا ١٣ پۆینت ١٢ی دەنگەکان ٨٠ کورسی پەرلەمانی بۆخۆی مسۆگەر کرد و بەهۆی ئەم ئەنجامەشەوە ئاکەپە نەیتوانی بە تەنها حکومەت پێک بهێنێت.
لە دوای هەڵبژاردنەکەی ٧ی حوزەیرانەوە ناکۆکییەکانی نێوان ئاکەپە و لایەنی کوردی قووڵتر بووەوە، ڕۆژی ٢٠ی حوزەیران لە شارۆچکەی ”پێرسوس” تەقینەوەیەک لەناو گەنجانی لایەنگری هەدەپەدا ڕووی دا و بەهۆیەوە ٣٠ کەس کوژران و نزیکەی ١٠٠ کەسیش برینداربوون، پەکەکە حکومەت و هێزە ئەمنییەکانی تورکیای بە ئەنجامدانی تەقینەوەکە تۆمەتبار کرد و لە تۆڵەی تەقینەوەکەدا ڕۆژی ٢٢ی تەمووز دوو پۆلیسی تورکی لە ناوچەی ”سەرێکانی” سەر بە ”پارێزگای ڕوحا”ی کوشت، حکومەتی تورکیا سێ رۆژ دواتر و دوای دوو ساڵ ئاگربەست هێرشەکانی بۆ سەر پەکەکە دەست پێکردەوە.
لە ١٦ ئابەوە شەڕ کەوتە ناو شارەکانی باکووری کوردستانەوە، لەناو شارەکاندا ڕێکخراوێکی نزیک لە پەکەکە بە ناوی تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕ و وڵاتپارێز ڕووبەڕووی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا بوونەتەوە، حکومەتی تورکیا لەو ماوەیەدا لە نزیکەی ١٧ شار و شارۆچکەی باکووری کوردستان قەدەغەی هاتوچۆی ڕاگەیاندووە، بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی تورکیا بەهۆی شەڕی ناو شارەکانەوە ١٢٤ هاووڵاتی مەدەنی کوژراون کە نزیکەی ٣٠ کەسیان منداڵ بوون.
هەر لەو ماوەیەدا و لە ڕۆژی ١٠ تشرینی یەکەمدا لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەری لایەنگرانی هەدەپەدا لە ئەنکەرە تەقینەوەیەکی بەهێز ڕووی دا و تیایدا ١٠٢ هاووڵاتی کوژران و زیاتر لە ٢٠٠ کەسیش برینداربوون، ئەم تەقینەوەیە بە گەورەترین تەقینەوە لە مێژووی تورکیادا دادەنرێت.
ڕۆژی یەکی تشرینی دووەم هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی تورکیا ئەنجام درا، هەدەپە بە دەستهێنانی لەسەدا ١٠ پۆینت ٣ جارێکیتر بەربەستی لەسەدا ١٠ی تیپەڕاندەوە، بەڵام ئاکەپە بە بەدەستهێنانی ٣١٧ کورسی ئەمجارەیان توانی بە تەنها حکومەت پێک بهێنێتەوە.
ئەنجامی هەڵبژاردنە پێشوەختە کاریگەری نەبوو لە سەر هێورکردنەوەی بارگرژییەکانی باکووری کوردستان. ڕۆژى ٢٨ى تشرینى دووەم تاهیر ئاڵچی سەرۆکى پارێزەرانى ئامەد لەکاتى ئەنجامدانى کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا تیرۆر کرا. تاهیر ئاڵچی ماوەیەک پێش تیرۆرکردنى لە چاوپێکەوتنێکى تەلەڤیزیۆنیدا ڕایگەیاندبوو، ”پەکەکە هێزێکى تیرۆریست نییە و بەهۆیەشەوە بۆ ماوەیەک دەستبەسەر کرا”.
شەڕ و ئاڵۆزییەکان تا ئێستاش لە چەندین شار و شارۆچکەى باکوورى کوردستان بەردەوامە و ڕۆژانە پێکدادان لەنێوان گەنجانی تەڤگەری شۆڕشگێڕ و هێزە ئەمنییەکاندا ڕوو دەدات، جگە لە گەنجانى سەر بە تەڤگەرى شۆڕشگێڕ لەم دواییانەشدا گرووپێکى چەکدارى دیکەش لە ناو شارەکاندا بە ناوى ”یەکینەکانى پاراستنى سڤیل” ڕاگەیەندراوە.
لە دوایین پێشهاتی ساڵی ٢٠١٥شدا لە کۆبوونەوەیەکی نائاساییدا کۆنگرەی جڤاکی دێموکراتیک جەختی کردەوە لەسەر خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک بۆ ناوچەکانی باکووری کوردستان و پشتگیری خۆشی بۆ خەباتی ناو شارەکان ڕاگەیاند.
عێراق ئەمساڵیشى بە خۆشى بەڕێ نەکرد، شەڕ و توندوتیژییەکان و ژمارەى کوژراو و بریندارەکان، عێراقیان گەڕاندەوە بۆ سەرەتاى ساڵانى دواى ڕووخانى سەدام.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت لە ٢٠١٥دا لە عێراق ١١ هەزار کەس کوژراون، ١٨ هەزار کەسیش بریندار بوون. بەردەوامیى شەڕى داعش و قوڵبوونەوەى قەیرانى دارایى بەهۆى دابەزینى زیاترى نرخى نەوت و چاکسازییەکانى عەبادى لەژێر فشارى خۆپیشاندەراندا، دیمەنى ڕووداوە دیارەکانى ٢٠١٥ـی عێراقن.
لە کۆتایى مانگى کانوونى دووەمدا بە کۆنتڕۆڵکردنەوەى قەزاى شارەبان، تەواوى ئەو ناوچانەى پارێزگاى دیالە کۆنتڕۆڵکرانەوە کە پێشتر لەلایەن چەکدارانى داعشەوە کۆنتڕۆڵ کرابوون.
سەرەتاى مانگى ئازار ئۆپراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى شارى تکریت ناوەندى پارێزگاى سەڵاحەدین دەستیپێکرد کە بەشداریى چەکدارانى حەشدى شەعبى لە ئۆپراسیۆنەکەدا ناکۆکى زۆرى لێ کەوتەوە، فڕۆکەکانى هاوپەیمانانیش بەشدارى ئۆپراسیۆنەکەیان نەکرد، سەرەنجام لە کۆتایى ئەو مانگەدا توانرا شارى تکریت کۆنتڕۆڵ بکرێتەوە. کۆنتڕۆڵکردنەوەى تکریت پێشهاتێکى گرنگ بوو لە شەڕى دژى داعشدا، چونکە بوو بە یەکەم ناوەندى پارێزگا کە لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە کۆنتڕۆڵ بکرێتەوە.
خۆشییەکانى کۆنتڕۆڵکردنەوەى تکریت زۆرى نەخایاند کاتێک داعش هێرشێکى فراوانى کردە سەر شارى ڕومادى ناوەندى پارێزگاى ئەنبار و لە ١٧ی ئایار توانى شارەکە کۆنتڕۆڵ بکات. تەنها ١٠ ڕۆژ دواى کۆنتڕۆڵکردنى ڕومادى، لە ٢٧ی ئایار ئۆپراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى ڕومادى دەستپێکرد، بەڵام هەوڵى هێزە عێراقییەکان بۆ کۆنتڕڵکردنەوەى شکستى هێنا و چەند جارێکیش سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەى ئۆپراسیۆنەکەیان ڕاگەیاند.
دوایین ئۆپراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى ڕومادى ٢٢ى کانوونى یەکەم دەستیپێکرد، کە تەنها هەفتەیەکى خایاند و لە ٢٨ى کانوونى یەکەمدا دواى حەوت مانگ، لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە کۆنتڕۆڵکردنەوەى تەواوى ڕومادى ڕاگەیەندرا.
هەر لە چوارچێوەى شەڕى داعشدا لە کۆتاییەکانی مانگی تشرینی دووەمدا هێزێکى تورکیا هاتە ناوچەى ”باشیک” لە سنوورى موسڵ کە نیگەرانى حکومەتى عێراقى لێ کەوتەوە و بە پێشێلکردنی سەروەریی عێراقى ناوبرد.
جگە لە شەڕى داعش، لە ساڵى ٢٠١٥دا قەیرانێکى دیکەى کوشندە کە بەرۆکى عێراقى گرتبوو؛ ئەویش قەیرانى دارایى بوو. دابەزینى بەردەوامى نرخى نەوت کە گەیشتە خوار ٣٥ دۆلار، ڕۆژ لە دواى ڕۆژ قەیرانەکەى قووڵتر کردەوە چونکە لە ٩٥%ى داهاتى عێراق پشت بە نەوت دەبەستێت.
لە ڕۆژى ١٦ـى کانوونى یەکەم پەرلەمانى عێراق بودجەى گشتى ساڵى ٢٠١٦ى پەسەند بە بڕى ١٠٥ ترلیۆن دینار و بە کورتهێنانى زیاتر لە ٢٤ ترلیۆن دینار، ئەوەش بۆ یەکەمجار بوو پێش کۆتایى ساڵ بودجەى گشتى عێراق لە لایەن پەرلەمانەوە پەسەند بکرێت.
هەر لە ساڵى ٢٠١٥دا بانکى ناوەندیى عێراق بۆ یەکەمجار دراوى ٥٠ هەزار دینارى دەرکرد.
لە دژى گەندەڵى و خراپى خزمەتگوزارییەکان، مانگى ئاب زنجیرەیەک خۆپیشاندانى فراوان لە بەغدا و چەند پارێزگایەکى ترى عێراق دەستى پێکرد. خۆپیشاندانەکان بە تایبەتى لە گۆڕەپانى تەحریرى بەغدا لە فراواندابوون، ئەوەش حەیدەر عەبادى سەرۆک وەزیرانى عێراقى ناچارکرد بۆ کپکردنەوەى توڕەیى خۆپیشاندەران، لە نۆى ئابدا زنجیرەیەک چاکسازى ڕابگەیەنێت، چاکسازییەکانى عەبادى کە هەندێک لە چاودێران بە چاکسازیى ناچارى لێکی دەدەنەوە، بوو بە یەکێک لە ڕووداوە گرنگەکانى ساڵى ٢٠١٥ی عێراق کە دواى پەسەندکردنى لەلایەن پەرلەمانى عێراقەوە بڕیاردرا بە لادانى جێگرانى سەرۆک کۆمار کە لە نورى مالیکى و ئەیاد عەلاوى و ئوسامە نوێجفى پێکهاتبوون، هەروەها لابردنى جێگرانى سەرۆک وەزیران کە لە بەها ئەعەرەجى و ساڵح موتڵەگ و ڕۆژ نورى شاوەیس پێکهاتبوون.
عێراق ساڵى ٢٠١٥ی بەو قەیرانانە و کۆمەڵێکى قەیرانى دیکە بەڕێ کرد، ئێستا عێراقییەکان چاویان لە ساڵى نوێیە و چاوەڕوانن کەى قەیران و شەڕ و ئاڵۆزییەکانى وڵاتەکەیان کۆتایى دێت، عەبادى دەڵێت ساڵى ٢٠١٦ ساڵى سەرکەوتنى یەکجارى دەبێت بەسەر داعشدا و تەواوى ناوچەکان کۆنتڕۆڵ دەکەنەوە.
زۆرن ئەو ڕووداوانەى کە لەم ساڵەدا ڕوویانداوە، ژمارەیەکیان کارەساتبار بوون و کاردانەوەى فراوانیان بەدواى خۆیاندا هێنا، ژمارەیەکیشیان بۆ هاووڵاتیانى وڵاتەکانیان بوونە مایەى خۆشحاڵى. لە ٢٠١٥دا شەڕى دژى تیرۆر و کۆچى بەلێشاوى هاووڵاتییان بەرەو ئەوروپا، دیاترین ئەو بابەتانەن کە جیهانیان بەخۆیانەوە سەقاڵ کردبوو.
لە شەوى سەرى ساڵى ٢٠١٥ دا بەهۆى قەرەباڵغی و پاڵەپەستۆوە لە شارى شەنگەهاى چین ٣٦ کەس گیانیان لەدەست دا و ٤٩ کەسى تریش برینداربوون کە زۆربەیان لە تەمەنى ٢٠ ساڵیدابوون.
دواى تێپەڕبوونى حەوت ڕۆژ لەو ڕووداوە، دوو چەکدارى دەمامکدار لە بەرامبەر سوکایەتیکردن بە پێغەمبەرى ئیسلام، هێرشیان کردە سەر نووسینگەى ڕۆژنامەى ”شارلى هیبدۆ” لە پاریسى پایتەختى فەرەنسا و ١٧ کەسیان لە کارمەندانى ڕۆژنامەکە کوشت، دواتر پۆلیسى پاریس هێرشبەرەکانى لە یەکێک لە چاپخانەکانى خۆرهەڵاتى ئەو شارەدا ئابڵوقەدا و هەردووکیان کوژران.
لە سێى مانگى شوباتدا، چەکدارانى داعش گرتەى ڤیدیۆیى سووتاندنى موعاز کساسبەى فڕۆکەوانى ئوردنییان بڵاوکردەوە، کە لە مانگى کانوونى یەکەمى ٢٠١٤دا دواى خستنە خوارەوەى فرۆکەکەى لە خاکى سوریادا دەستگیرکرا، تەلەفزیۆنى ڕەسمى ئوردن بڵاویکردەوە کە موعاز مانگێک بەر لە بڵاوکردنەوەى گرتە ڤیدیۆییەکە کوژراوە.
لە ٢٤ى ئازاردا، فڕۆکەیەکى ئەڵمانى سەر بە هێڵى فڕۆکەوانى جێرمان وینگز، لە گەشتێکدا لە شارى بەرشەلۆنەى ئیسپانیاوە بەرەو دۆسڵدۆرف، لە ئاسمانى چیاکانى ئەلپ لە فەرەنسا کەوتە خوارەوە و سەرجەم ١٥٠ سەرنشینەکەى گیانیان لەدەستدا. دواى ئەنجامدانى لێکۆڵینەوە دەرکەوت کە ئەندریا لۆپتز یاردەدەرى فڕۆکەوانەکە دووچارى خەمۆکی بووە، بەڵام نەخۆشییەکەى لە کۆمپانیاکە شاردبووەوە.
لە ٢٩ ى هەمان مانگدا دەیان هەزار هاووڵاتیى سەنگافورە لەبەر بارانێکى بەلێزمەدا ماڵئاواییان لە یەکەم سەرۆک وەزیرانى وڵاتەکەیان کرد. ئەو ڕێزە زۆرەى هاووڵاتییان بۆ ”لی کوان یو” بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە سەنگافورەى لە بەندەرێکى بچووکى ژێر دەستى بەریتانیاوە کرد بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین وڵاتەکانى جیهان.
٢٧ى نیسان، وەک نیشاندانى ناڕەزایى بەرامبەر کوشتنى فریدى گراى ڕەشپێست لەلایەن پۆلیسەوە، شەڕ و توندوتیژى لە شارى بالتیمۆرى ئەمەریکا سەریهەڵدا و بەهۆیەوە ١٥ کەس برینداربوون و ژمارەیەک خانووش سووتێنران.
لە حەوتى ئایاردا دەیڤد کامیرۆنى سەرۆک وەزیرانى بەریتانیا لە هەڵبژاردنى وڵاتەکەیدا سەرکەوتنێکى بەرچاوى بەدەستهێنا، سەرکەوتنەکە تەنانەت لە ئاست بۆچوونى ئەندامانى خودى پارتەکەى کامیرۆنیشدا نەبوو و پارتى کرێکاران لەو هەڵبژاردنەدا تووشى شکستێکى گەورە بوو.
لە ١٦ى حوزەیراندا دادگایەکى میسر بەتۆمەتى شکاندن و هەڵاتنى لە زیندان لە ساتەوەختى خۆپیشاندانەکانى ٢٠١١ دا، سزاى لە سێدارەدانى بەسەر محەمەد مورسى سەرۆکى لەسەرکارلابراوى میسردا سەپاند، دواتر لەلایەن پارێزەرەکانییەوە تانە لە بڕیارەکەى دادگا درا.
لە ١٧ى هەمان مانگدا چەکدارێک بەناوى دیلان رۆف هێرشى کردە سەر کڵێسایەکى تایبەت بە ڕەشپێستەکانى ئەمەریکا لە شارى چارلستۆنى سەر بە ویلایەتى کارۆلایناى باشوور و نۆ کەسى کوشت، کە یەکێکیان قەشەى کڵێساکە بوو.
لە ٢٦ى حوزەیراندا، لە هاوینەهەوارى سوسەى تونس، چەکدارێک بەناوى سەیف رزقى، دەستڕێژى گولـلەى کردە سەر ژمارەیەک گەشتیار و ٣٩ کەسى لێ کوشتن، گەشتیارەکان خەڵکى بەریتانیا، ئەڵمانیا، بەلجیکا و ئێرلەندا بوون.
لە ١٤ى تەمووزى ٢٠١٥دا ئیران و پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەى ئەنجوومەنى ئاسایش و ئەڵمانیا دواى زیاتر لە ١٠ ساڵ لە گفتوگۆ و دانوستان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەى ئیران گەیشتنە ڕێککەوتن. بەپێى ڕێککەوتنەکە سەرجەم ئەو سزایانە لەسەر ئێران هەڵدەگیرێن کە لەلایەن ئەمەریکا و یەکێتى ئەوروپاوە بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپێندرابوون.
لە ٢٧ى ئابى ٢٠١٥ دا تەرمى ٧١ پەنابەر لە بارهەڵگرێکى جێهێڵدراودا لە کەنار ڕێگایەک لە نەمسا دۆزرانەوە، هەرچەندە ئامارێکى فەرمى لەبەر دەستدا نەبوو، بەڵام بەپێى زۆرێک لە سەرچاوەکان زیاتر لە ٢٠ کەسیان هاووڵاتیى هەرێمى کوردستان بوون و دواتر تەرمى ژمارەیەکیان لە ڕێگەى فڕۆکەخانەى هەولێرەوە هێنرانەوە.
لە ٢ى ئەیلولى ٢٠١٥دا تەرمى منداڵێکى کوردى خۆرئاواى کوردستان بەناوى ئالانى کوردى، لە کەنارى دەریاى ئیجەدا دۆزرایەوە، ئەو ڕووداوە جیهانى تووشى شۆک کرد و سۆزى وڵاتانى ئەوروپاى بەرامبەر پەنابەران جووڵاند، ژمارەیەکیان بریاریان دا هاوکارى پەنابەران بکەن و سنوورەکانیان بەڕوویاندا بکەنەوە.
لە ڕۆژى ٢٤ى ئەیلولدا و لە کاتی بەڕێوەچوونى ڕێوڕەسمى حەجدا، کرێن تاوەرێک لە حەرەمى مەککەدا بەهۆى باوبۆرانەوە کەوت و بەهۆیەوە زیاتر لە دوو هەزار کەس گیانیان لەدەست دا.
لە ٣٠ى ئەیلولدا حکومەتى ڕووسیا یەکەم هێرشى ئاسمانى لە سوریا ئەنجام دا، دواى سێ ڕۆژ لە دەستپێکردنى هێرشەکان، ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانى ڕووسیایان بەوە تۆمەتبار کرد کە زیاتر ئەو ناوچانە بۆردومان دەکات کە لەژێر کۆنترۆڵى داعشدا نەبوون.
هەر لە ٣٠ئەیلولدا، بەهۆى کەوتنەوەى ئاگرێک لە یانەیەکى شەوانەى ڕۆمانیادا ٦٠ کەس گیانیان لەدەست دا، ئەو ڕووداوە ناڕەزایى توندى هاووڵاتیانى لێ کەوتەوە و خۆپیشاندانێکى فراوانیان ئەنجام دا، لە ئەنجامدا ”ڤیکتۆر پۆنتا” سەرۆک وەزیرانى ڕۆمانیا، کە تۆمەتباربوو بە ئەنجامدانى گەندەڵی، دەستى لەکار کێشایەوە.
لە دواین ڕۆژى مانگى تشرینى یەکەمدا، فڕۆکەیەکى نەفەرهەڵگرى ڕووسیا بە ٢٢٤ سەرنشینەوە لە ئاسمانى نیمچە دوورگەى سیناى میسر تێکشکا و سەرجەم سەرنشینەکانى گیانیان لەدەست دا. چەکدارانى داعش بەرپرسیاریەتیی خۆیان لە ئەنجامدانى ئەو کارە نیشان دا و ڕایانگەیاند.
لە شەوى ١٣ى تشرینى دووەمیشدا چەند ناوچەیەکى پاریسى پایتەخت کرانە ئامانجى هێرش و تەقینەوەى ژمارەیەک چەکدارى سەر بە ڕێکخراوى داعش و بەهۆیانەوە ١٣٠ کەس کوژران، سەرۆکى فەرەنساش بارى نائاسایى لە وڵاتدا ڕاگەیاند.
لە ٢٤ى هەمان مانگدا، تورکیا بە بیانووى بەزاندنى ئاسمانى وڵاتەکەى فڕۆکەیەکى جەنگیى ڕووسیاى لە سنوورى وڵاتەکەى لەگەڵ سوریادا تێکشکاند، بەهۆى ئەو ڕووداوەوە مۆسکۆ پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانى لەگەڵ تورکیادا پچڕاند.
لە ڕۆژى ٢ى مانگى کانوونى یەکەمدا دوو چەکدار، هێرشیان کردە سەر سەنتەرێکى چاودێریى کۆمەڵایەتى لە شارۆچکەى ”سان برناردینۆ”ى سەربە ویلایەتى کالیفۆرنیا و ١٤ کەسیان کوشت و ١٧ کەسى دیکەشیان بریندارکرد، دواتر ڕێکخراوى داعش بەپرسیاریەتى لە هێرشەکە ڕاگەیاند، ڕۆژێکیش دواى ڕووداوەکە پۆلیسى کالیفۆرنیا دواى ئابڵوقەدانى هێرشبەرەکان هەردووکیانى کوشت.
لە هەمان ڕۆژدا پەرلەمانى بەریتانیا پرۆژە بڕیارێکى بۆ فراوانکردنى هێرشەکانى وڵاتەکەى لە دژى چەکدارانى داعش پەسەند کرد بە جۆرێک هێرشەکان سوریاش بگرنەوە، دواى چەند کاتژمێرێک لە پەسەندکردنى بڕیارەکە چوار فڕۆکە یەکەم هێرشیان کردە سەر کێڵگەیەکى نەوتى داعش لە سوریا.
لە ١٢ى هەمان مانگدا هەڵبژاردنى شارەوانییەکان لە عەرەبستانى سعودى بەڕێوەچوو، بۆ یەکەمجار بوو ئافرەتان مافى دەنگدان و خۆپاڵاوتنیان پێ بدرێت لە هەڵبژاردنەکاندا و ژمارەیەک پاڵێوراویشیان سەرکەوتنیان بەدەست هێنا.
گۆڕانکارییەکانی ئاووهەوا لە ٢٠١٥دا
لە گڕکان و بوومەلەرزەوە بۆ لافاو، لە ڕەشەباوە بۆ ئاگرى دارستانەکان، ساڵى ٢٠١٥ پڕ بوو لە شکاندنى ژمارەى پێوانەیی مێژوویى لە کارەساتە سرووشتییەکاندا و کاریگەرترین ساڵیش بوو بە گۆڕانکارییەکانى ئاووهەوا.
گەورەترین کارەساتى سرووشتى جیهانیش لە ٢٠١٥دا، بوومەلەرزەکەى ٢٥ـی ئازاری نیپاڵ بوو وە بەهۆى بوومەلەرزەکانەوە لە ٢٠١٥دا ، نزیکەى دە هەزار کەس گیانیان لەدەست دا.
بومەلەرزەکەی نیپاڵ بە پێوەرى ٧.٨ پلەى ڕێختەر، شارى کاتماندۆی پایتەخت و چەند هەرێمى دیکەى هەژاند و بووە هۆى گیانلەدەستدانى نزیکەى نۆ هەزار کەس و بێماڵوحاڵبوونی نزیکەى ٤٥٠ هەزار کەسى دیکە.
ئێوارەى چوارشەممەى ١٦ـی ئەیلولیش، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٨.٣ پلەى ڕێختەر، چیلی هەژاند، هەرچەندە بوومەلەرزەکە بەهێزترینى ساڵی ٢٠١٥ بوو لە جیهاندا بەڵام تەنها ١٠ کەس گیانیان لەدەست دا و نزیکەى یەک ملیۆن کەسیش بێماڵوحاڵ بوون.
ڕۆژى ٢٦ـی تشرینى یەکەم، بوومەلەرەزەیەک بە پێوەرى ٧.٥ پلەى ڕێختەر، باکوورى ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان و بەشێکى پاکستانى هەژاند و بووە هۆى گیانلەدەستدانى ٣٦٠ کەس و برینداربوونى دوو هەزاری دیکە لە هەردوو وڵات.
وا دیارە گەرمایی ئاگرى شەڕ و پێکدادانەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتەنها بەس نەبوو، بەڵکو لە ساڵى ٢٠١٥دا شەپۆلێکى گەرما ڕووی لە ناوچەکە کرد بە تایبەت وڵاتانى کەنداو و بەپێی دەزگاى کەشناسى ئەمەریکاش، شەپۆلەکە نموونەى نەبووە لە مێژوودا و باوەڕپێنەکراو بووە و ساڵى ٢٠١٥ش گەرمترین ساڵ بووە لە ١٣٠ ساڵى ڕابردوودا.
لە ساڵى ٢٠١٥دا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گاریگەرترین ناوچە بوو بە گۆڕانکارییەکانى ئاووهەوا، هەر لە بەرزبوونى پلەى گەرما و نزمبوونەوەى ئاستى دەریا تا دەگاتە ڕۆچوونى ئاوى ژێرزەوی، بە شێوەیەک کە بووەتە مەترسیی بۆسەر مرۆڤایەتى و ئابووریى وڵاتانى ناوچەکە.
بەرزترین پلەى گەرمی لە جیهاندا لە شاری ئابادانى ئێران تۆمارکراوە کە گەشتووەتە سەروو حەفتا پلەى سەدی و لە عێراقیش بەرزترین پلەى گەرما لە چەند ساڵی ڕابردوودا تۆمار کرا، بەشێوەیەک پلەى گەرما لە شارى بەسرە گەیشتە ٥٢ پلەى سەدی.
لە ناوەڕاستى مانگی ئابیشدا، شەپۆلێکى گەرما هەردوو وڵاتى هیندستان و میسرى گرتەوە کە لە یانزە ساڵی ڕابردودا نموونەى نەبووە و بەپێی ئامارەکان و بەهۆی بەرزبوونەوەى گەرماوە لە هیندستان، دوو هەزار و ٥٠٠ کەسی گیانیان لەدەست دا و لە میسریش ٦٦ کەس بوونە قوربانى و هەزارانى دیکەش تووشى سکچوون و وشکبوونەوەى جەستە کرد.
لە ٢٧ی ئەیلولیشدا، ئاگرێکى گەورە دارستانە چڕەکانى ویلایەتى کالیفۆڕنیاى ئەمەریکای گرتەوە و بە هەزاران ماڵی کردە خۆڵەمێش و نزیکەى دە هەزار و ٥٠٠ ئاگرکوژێنەوە بەشدارییان لە کوژاندنەوەیدا کرد.
هەر بەپێی ئامارە کەشناسییەکان، کانوونی یەکەمی ٢٠١٥، سویسرا گەرمترین مانگی بەڕێکرد لە ١٥٠ ساڵى ڕابردوودا.
ساڵى ٢٠١٥ ساڵى لافاوەکان بوو، ڕۆژى ٢٩ی تشرینى یەکەم، زۆربەى ناوچەکانى عێراق بەتایبەت بەغدای پایتەخت، لافاوێکى گەورەى بەخۆیەوە بینى و ئاو هەموو کۆڵان و شەقامەکانى گرتەوە و هاتوچۆش لە چەند ناوچەیەکى وڵات ڕاگیرا و لە مێژووى نوێی عێراقیشدا، لافاوەکە شتێکى دەگمەن بوو.
ڕۆژى ٣٠ی تشرینى دووەم، شەپۆلێکى بارانبارین ڕووی لە هەرێمى کوردستان کرد و لافاو چەند ناوچەیەکى گرتەوە و ڕێگاکانى هاتوچۆی داخست بە تایبەت لە گەرمیان کە بووە هۆى گیانلەدەستدانى دوو کەس.
لافاو زۆربەى وڵاتانى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستى گرتەوە و بە بۆچوونى شارەزایانى کەشناسى، بارانەکەى ٢٠١٥ی وڵاتانى کەنداو لە ٣٠ ساڵى ڕابردوودا نموونەى نەبووە.
لە ٢٥ی تشرینى دووەمدا، لافاوێکى بەهێز هەردوو وڵاتى سعودیە و قەتەرى گرتەوە و بووە هۆى پچڕانی کارەبا و داخستنى قوتابخانە و ڕێگاکان لە چەند پارێزگایەکى ئەو دوو وڵاتە.
لافاوە بەهێزەکەى ٢٨ی کانوونی یەکەمى بەریتانیا کە بە وتەى سەرۆک وەزیرانى ئەو وڵاتە، لافاوەکە نموونەى نەبووە لە مێژووى بەریتانیادا، چەند شارێکى ئەو وڵاتەى کردە ڕووبار و هەزاران کەسى بێماڵوحاڵ کرد و کۆتا کارەساتى سرووشتى ٢٠١٥ بوو.
لە ئاستى گڕکانەکانیش، دواى ماتبوونى بۆ نزیکەى ٤٣ ساڵ، ڕۆژى ٢٢ی نیسان، گڕکانى کالبوکو لە وڵاتی چیلى تەقییەوە و نزیکەى ١٥ کیلۆمەتر، دوکەڵ و تەپوتۆز ئاسمانى ناوچەى لوس لاگۆسى وڵاتی گرتەوە، بەشێوەیەک کە لە دووریى ٢٢٥ کیلۆمەترەوە دوکەڵەکەى دەبیندرا و دانیشتووانى ناوچەکەش ناچار کران شوێنەکانیان بەجێبهێڵن.
لە ١٤ی حوزەیرانیشدا، گڕکانى شاخی سینابنگ لە ئەندەنوسیا تەقییەوە و هەرچەند بارى ئاگادارکردنەوەى سوور لە ناوچەکە ڕاگەیەنرا، بەڵام هیچ قوربانییەکى لێ نەکەتەوە و نزیکەى دوو هەزار و ٧٠٠ کەسیش ناچارکران بەجێهێشتنى ناوچەکە و کۆڵان و شەقامەکانیش پڕبوون لە زیخ و وردەبەرد.
لە ڕووی ئابوورییەشەوە، تێچوونە ماددییەکانى کارەساتە سرووشتییەکان لە جیهاندا بە ٧٨ ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت و بڕەکەش کەمترە لە ساڵی ٢٠١٤ کە نزیکەى ١١٣ ملیار دۆلار بووە.
لە ساڵى ٢٠١٥دا و ڕۆژى ٢٠ی ئازار، خۆرگیرانى تەواوەتى زۆربەى ناوچەکانى سەرزەوى گرتەوە و لە ١٣ـی ئەیلولیشدا، خۆرگیرانى نیمچەیی ڕووی دا.
هەر لە ساڵی ٢٠١٥دا، دووجار حاڵەتى مانگیرانى ڕووی دا، کە یەکەمیان لە پێنجی نیسان بوو ئەوی تریشیان مانگیرانى گەورە یان ”مانگیرانى خوێنین” بوو کە لە ٢٨ ئەیلول دا ڕووی دا.
شارەزایانى کەشوهەوا پێشبینى دەکەن، ساڵى ٢٠١٦ لە ساڵى ٢٠١٥ گەرمتر بێت و گۆڕانکارییەکانى ئاووهەواش زۆرترین کاریگەرییان لەسەر جیهان هەبێت بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
سەرچاوە :سایتی NRT