دوای ئەوەی بەرەبەیانی رۆژی هەینی(٢٤\٧\٢٠٢٠) زۆرینەی دوکانەکانی سوتا، پارێزگاری هەولێر سەردانی بازاڕی سیمی گەڕەکی کوردستانیان کرد و ڕایگەیاند لە رێگەی لیژنەیەکەوە داخوازی خاوەن دوکانە جێبەجێبکرێت، روانگەی حکومەتیش ئەوەیە بازاڕێكی هاوچەرخ بۆ کاسبکاران دروستبکرێتەوە.
فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر لەکاتی بەسەرکردنەوەی بازاڕی سیمی گەڕەکی کوردستان بەهۆی ئاگرکەوتنەوە زیاتر لە 250 دوکان سوتان باسی لەوەکرد، بڕیادرا بە پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزمی هاوکاریکردنیان و چۆنیەتی چارەسەرکردنی گرفتەکانیان.
ئاماژەی بەوەشکردوە، بەهۆی ئەوەی سێجارە روداوی ئاگرکەوتنەوە لەناو بازاڕەکەدا دروستدەبێت و هاوڵاتیان زیانمەند دەبن، وەک حکومەت پێمانباشە لەشوێنی نزیک لەو گەڕەکە، بازاڕێكی هاوچەرخ بۆ کاسبکاران دروستبکرێتەوە و حکومەتیش خزمەتگوزاری کارەبا، ئاو، ئاوەڕۆ، رێگاوبان و سیستەمی بەرگری شارستانی بۆ دابین دەکات.
لەلایەکیتر بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی بەرگری شارستانی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، بەرەبەیانی رۆژی هەینی(٢٤\٧\٢٠٢٠) ئاگر لە بازاری سیمی گەڕەکی کوردستان لە هەولێر کەوتوەتەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە 250 دوکان سوتاون، بەوتەی خاوەن دوکانەکان بازاڕەکە بەهۆی ئەوەی ژمارەیەک دوکان بە نایاسایی و لەدەرەوەی رێنماییەکان دروستکراون، وایکردوە ئۆتۆمبێلەکانی بەرگری شارستانی نەتوانن بێنە ناوبازاڕەکە و بونی ژمارەیەک بەربەستی کۆنکرێتیش لەبەردەم دەروازەی بازاڕەکە هۆکارێکی دیکەی درەنگ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە بوە.
خاوەن دوکانەکان دەڵێن، بەهۆی ئەوەی حکومەت خزمەتگوزاری وەک کارەبای بەردەوامی بۆ بازاڕەکە دابین نەکردوە، زۆرینەی دوکانەکان سێ هێڵی کارەبایان راکێشاوە و ئەوەش جەنجاڵییەکی زۆری دروستکردوە، کە بەئەگەری زۆر بونی شۆرتی کارەبا هۆکاری ئاگرەکەبوە و بەهۆیەوە 250 دوکان زیانمەندبون و زیانەکانیش بە دەیان هەزار دۆلار دەخەمڵێندرێت.