بەرپرسانی ئەمەریکی جەختیان لەوەکردەوە کە چەک بە یەپەگە و هێزەکانی سوریای دیموکرات کە کورد سەرکردایەتی دەکات دەدەن، ئەوەش تووڕەیی تورکیای بەدوای خۆیدا هێناوە.
بەرپرسانی ئەمەریکا دوپاتیانکردەوە چەکی سووکیان بۆ عەرەبەکانی هیزەکانی سوریای دیموکرات ناردووە، یەکینەکانی پاراستنی گەلیش ڕایگەیاند، ئەمەریکا بەڵێنی پێداون بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ چەکیان بۆ بنێرێت بەو مەرجەی بەشداری ئۆپراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری ڕەقە بکەن.
ماڵپەڕی گاردیانی بەریتانی بڵاویکردەوە، ئەو وتانەی بەرپرسانی ئەمەریکا لە دوای ئەوەدێت تورکیا وەڵامی توندی دەنگۆی پڕچەکردنی هێزە کوردەیەکانی داوەتەوە و ڕەجەب تەیب ئەردوغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرگ ڕایگەیاندووە، زانیاریان پێگەیشتووە ئەمەریکا بە فڕۆکە چەکی بۆ ناوچە کوردییەکانی شاری کۆبانێ فڕێداوەتە خوارەوە و لەوبارەیەوە پرسیاری لە جۆ بایدن جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کردووە و ئەویش بێئاگایی خۆی لە هەواڵەکە نیشانداوە.
ماڵپەڕەکە بڵاویکردەوە، ئەمەریکا دوپاتیکردووەتەوە ئەو چەکانەی بۆ هێزەکانی سوریای دیموکراتیان ڕەوانەکردووە، نابنە هەڕەشە بۆسەر ئەنقەرە و لە شەڕی داعشدا بەکاردەهێندرێن.
بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ئەمەریکاش کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت ڕایگەیاند “ئامانجی ئێستامان کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری ڕەقەیە و دەرفەتێکی ڕاستەقینەمان لەبەردەستدایە کە خەلافەتەکەی داعش لەناوبەرین”.
وتیشی “هەرچەندە هێزە کوردی و تورکیەکان لە مانگی ئابی ڕابردوودا شەڕ و پێکدادان لە نێوانیاندا ڕوویدا، بەڵام پێکەوە توانیان داعش لە سەر سنورەکانی تورکیا پاکبکەنەوە و لەدوای کشانەوەی هێزەکانی یەپەگە بۆ ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فوڕات گرژی و ئاڵۆزیەکانیان وەستا”.
بەرپرسە ئەمەریکیەکە وتووشیەتی “تەواوی ستراتیجیمان کارکردنە لەگەڵ هێزە زۆر بەتواناکان، هەندێکجار ئەو هێزانە لەگەڵ یەکدا کارناکەن، بەڵام ئێمە دەخوازین خاڵە ناکۆکەکانی نێوانیان کەمکەینەوە”.
ڕۆژنامەی گاردیان ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، کە بەرپرسانی ئەمەریکا هیواخوازن کە قەناعەت بە ئەردۆغان بێنن بەوەی کە پڕچەککردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات، تاکە ڕێگەیە بۆ گەیشتن بە بڕیارێک سەبارەت بە ڕەقە، بەڵام سینین ئولگین لێکۆڵەرێکی تورکییە وتوویەتی، هەتا چەک زیاتر بڵاوبکرێتەوە و بدرێت بە یەپەگە قبوڵکردنی ڕێککەوتن بۆ حکومەتێک زیاتر قورس دەبێت کە لە وڵاتی خۆیدا لە شەڕی دژی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)دایە.
ئەو لێکۆڵەرە تورکیە وتووشیەتی، ئەگەر ناردنی هاوکاری سەربازی بۆ یەپەگە بە شاراوەیی بمێنێتەوە ئەوە بابەتێکە، بەڵام ئەگەر هاوکارییەکانی زیادبکات ئەوە کاردانەوەی ئەنقەرە توند دەبێت.
ئارۆن ستین شارەزا لە کاروباری تورکیا لە ئەنجوومەنی ئەتڵەسی وتوویەتی “ئەمەریکا هەوڵدەدات شتێکی مەحاڵ ئەنجامبدات لەئێستادا، هاوکاری هێزەکانی سوریای دیموکرات و یەپەگە بکات و هاوپەیمانێکی ناتۆشی ئارامبکاتەوە”.
هاوکات جۆن دۆریان وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لەبارەی هاوکاری سەربازی بۆ هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە وتوویەتی “هێزەکانی سوریای دیموکرات، کە هاوپەیمانێکی بەهێزی باوەڕپێکراوی ئێمەن لە سوریا کە شەڕی دژی داعشدا کارێکی زۆر باشیان ئەنجامداوە، ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردنمان لەگەڵیاندا، ئێمە ماوەیەکی درێژخایەنە چەک دەدەین بە هێزەکانی سوریای دیموکرات و هاوپەیمانی عەرەبی سوریا کە کاریان لەگەڵدا دەکەن، ئێمە چەک بە هاوپەیمانی عەرەبی سوریا دەدەین و ئەوە سروشتی پەیوەندیی ئێمەیە”.
بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ئەمەریکاش کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت وتوویەتی “پێموانییە کە تورکیا هەرگیز بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات دڵخۆش بێت، هەرگیز ئەوەیان پێ باش نابێت، بەڵام ئێمە دەمانەوێت هەماهەنگی بکەین بۆ بردنەوەی شەڕی دژی داعش”.
بەرپرسە باڵاکە وتووشیەتی “هاوکاریەکان کە دەدرێن بە هاوپەیمانی عەرەبی سوریا لەناو هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەگەر بدرێت بە هێزەکانی یەپەگە ئەوە ویستی ئێمە نییە و ئێمە ئەوەمان بەدی نەکردووە تائێستا، ئێمە باسی گۆڕانکاری لە یاریەکەدا ناکەین، ئێمە هیچ شتێک نادەین بەو چەکدارانە بۆئەوەی بەهێزیان بکات لە شەڕەکانی دژی تورکیادا”.
سینین ئولگین لێکۆڵەرە تورکەکە ئەوەی نەشاردووەتەوە کە تورکیا گومانی هەیە لەو بانگەشەیەی ئەمەریکا کە دەڵێت، ئەو چەکانەی لەڕێگەی هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە دەدرێن بە هاوپەیمانی عەرەبی سوریا ناگەن بە دەستی یەپەگە، وتووشیەتی “یەپەگە بڕبڕەی پشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتە و بیرۆکەی خستنەخوارەوەی چەک بە فڕۆکە بۆ یەکێکیان زۆر جێگای پشتپێبەستن نییە”.
فەرماندەیەکی یەپەگەش کە نەیویستووە ناوی ببرێت بە ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی وتووە، ئەمەریکا بە پێدانی چەک لەکاتی ئۆپراسیۆنەکانی منبجدا هاوکاری کردوون و پێشنیاری هاوکاریکردنەوەیشی کردووین.
فەرماندەکەی یەپەگە وتووشیەتی “کاتێک مەکگۆرک دواجار سەردانی کردووە (لە سەرەتای مانگی ئەیلولدا)، باسی لە ئۆپراسیۆنەکانی ڕەقە کردووە و وتوویەتی کە هێزە تایبەتیەکانی ئەمەریکا بەشداری لە ئۆپراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی ڕەقەدا دەکەن، مەکگۆرک باسی لەوەش کرد کە پێدانی چەکی قورس و سوک بەبێ قەید و شەرت کێشەیەک نابێت بۆ ئەمەریکا”.
فەرماندەکە ئەوەی نەشاردووەتەوە کە کورد مەرجی خۆیی هەبووە، بۆ بەشداریکردن لە ئۆپراسیۆنەکانی ڕەقەدا کە یەکێک لە مەرجەکان کردنەوەی ڕێگا بووە لەنێوان کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستاندا، فەرماندەکە وتووشیەتی “ئێمە هیچ چەکێکمان بەدەست نەگەیشتووە و چاوەڕێی وەڵامی حکومەتی ئەمەریکاین”.