لاپەڕەی سەرەکی بیروڕا سەردەمی کەوتنی بەهاکان

سەردەمی کەوتنی بەهاکان

0 تێبینییەکان 14 بینینەکان

کاروخ حەسەن:

لێرەدا مەبەست لەبەهاکان ئەو بڕوابونە دەستەجەمعی و هاوبەشانەن کە لەنێوان تاکەکانی کۆمەڵگادا هەیە ، بۆ بەردەوامی هاوسەنگی لە پێکەوەی و پاراستنی جیاوازی و جوانیەکان.
دەکرێت بڵێین بەھاکان باوەڕگەلێکن کە دواجار ھەموان لەسەر جوانی و پێویستی ڕێزلێگیرانیان کۆکن، ئەم باوەڕبوونە دەستەجەمعیە دواجار بەھاکان دەگۆڕێت بۆ پێوەر و ھەڵسەنگێنەر و جیاکردنەوەی باش لە خراپ و جوانی لە ناشیرینی، لە وڵاتێکدان بەھاکان ئاوا بووبن یان کاڵ بووبێتنەوە ئیدی لەم شوێنە جوانی و ناشیرینی و باشی و خراپی و ئەستەمە جیا بکرێنەوە ، زۆر جار زۆر کردەی خراپ و بێ سود بەنرخی کردەیەکی باش و سوددار بە خەڵک دەفرۆشرێتەوە ، بە پێچەوانەوەش زۆر جاری تر  کردەی باش و بە بەھا وەک کردەیەکی خراپ و کەم نرخ بە خەڵک پیشان دەدرێت. 

ئاشکرایە کە بەهاکان فرە جۆرن ، هەندێ لەو بەهایانە دۆخێکی گەردونی وەرگرتووە و لە پەیماننامە نێودەوڵەتیەکاندا ناسێنراون و لەڕێگەی ڕێکخراوە جیهانیەکان بۆ بڵاوکردنەوەو جێگیرکردنی لەناو گەلانی جیهاندا کاری لەسەر دەکرێت ، بۆئەوەی ببێت بەشێک  لەکلتور و یاسا تایبەتمەندیەکانی وڵاتان .
ڕاستە بەهاکان دەگۆڕێن و بەپێی کات شوێن ئەشێ و ناشێ ی خۆیان دەردەخەن ، بەڵام هەندێ بنەما و بەها  هەیە دۆخێکی گەردونی و جێگیری هەیە ، گرێدراوی هیچ زەمەن و زەمانێک نیە،  بەڵام گرفتەکە ئەوەیە ناپارێزرێت و وەک پێویست پارێزگاری لێ ناکرێت .
بەنمونە بەهای ئینسانی یان سیاسی کە پەیوەستە بە ڕێکخستنی ژیانێکی کەرامەتپارێزی کۆمەڵگا هەر لە ئازادی و یەکسانی یەوە تاکو دادپەروەری و پێکەوەژیان .

ئەگەر سەرنج بدەین دوای  سێ دەیە لە حوکمڕانی کوردی لەباشوری کوردستان تاکو ئێستا ئەو دەسەڵاتە نەک هەر نەیتوانیوە بایەخ بە بەهاو پرەنسیپە مرۆیەکان بدات بەڵکو ئەو بەها جوان و جیاوازانەشی سڕیوەتەوە کە لەهەناوی کۆمەڵگادا هەیە. 

کۆمەڵگای کوردی وەک هەر  کۆمەڵگایەکی  هەڵگری کۆمەڵێک بەهای تایبەت بەخۆی  بووە ، بێگومان کۆمەڵێک بەھا کە لەناو ژیانی کۆمەڵایەتی خۆیدا جێگە کردۆتەوە و پێگەی بەرزی پێداون و  تاکەکانی ناچار کردووە ڕێزیان بگرن ، بە تێپەڕبوونی کات ئەم بەھایانە بوون بە بەشێک لە کلتور و ژیانی کۆمەڵایەتی خەڵکی کوردستان و مرۆڤی کورد بێ ھیچ زۆری و فشارێک پێیانەوە پابەند بووە ، بەرگری لێکردوون ، بەنمونە بەهای نیشتیمانیەکان وەک پێکەوەژیان و مرۆڤدۆستی و  بەرەنگاربوونەوەی ستەم و  ڕەتکردنەوەی نادادی و چەندانی تر کە چەند نمونەیەکی بەرجەستەن لەو بەھایانەی کە مرۆڤی کورد بە باوەڕەوە قبولی کردوون و لەو کاتانەی پێویست بووە بووتە بەرگریکاریان ، ڕووبەڕووی دەیان داگیرکەر و ستەمکار بۆتەوە ، چونکە ئامادە نەبووە ژیان لە ژێر سێبەری ستەمکاریدا درێژە پێ بدات. 

دەسەڵاتی کوردی لە دوای ڕاپەڕینەوە نەک ھەر کاری نەکردوە بۆ بەخشینی بەهای نوێ بەکۆی کەرت و کایە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگا ، بەڵکو  ھەموو ھێزی خۆی بەکارھێناوە بۆ تێکشکاندن و کاڵکردنەوەی ئەو بەهایانەش کەهەیە ، ئەمەش لەبەر ھۆیەکی سادە ، مرۆڤێک کە ھەڵگری ھیچ بەھایەک نەبێت کڕین و دەستەمۆکردن و کۆنتڕۆلکردنی زۆر ئاسانترە لە مرۆڤێک کە ھەڵگری کۆمەڵێک بەھا بێت ، بەو پێیەی کە ویستی دەسەڵاتی کوردی دوای ڕاپەڕین ویستێک بووە بۆ کڕین و کۆنتڕۆڵکردنی تاکی کورد ، گومانی تێدا نیە بۆ ئەوە دەسەڵات بەم خواستەی خۆی بگات دەبێت سەرەتا بەھاکان پایەماڵ بکات و لە روحی تاکی کورد کاڵیان بکاتەوە .

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە