136
٢/ مەلا لە کۆمەڵگای ئێمەدا پێگەیەکی کۆمەڵایەتی و ئایینیی بەهێزی هەیە. پێگەی مەلا هێندەی ئایینییە، دوو هێندەش کۆمەڵایەتییە و دەبێت بپارێزرێت. هەر ئەم پێگە بەهێزەیە وا دەکات کەسانێکی زۆر بەرگریی لێبکەن، هەندێکیان وتیان: «ژنەکان ژن بوونایە ئاگایان لە خۆیان دەبوو.» نەك ئەوەی ڕەخنەی توند لە پیاو یاخود پیاوی ئاینی بگیرێت.
بەهار مونزیر:
لە پەراوێزی تاوانی کوشتنی کیژان بورهان و چەند سەرنجێک لەسەر سکانداڵێ مەلاکان:
لە ماوەی ڕابردوودا چەند سکانداڵێک ئاشکرا بوو. بڵاوکرایەوە کە مامۆستایەکی زانکۆ، کە مەلاش بوو، تۆمەتبارە بە ئیستغلالکردنی چەند کچێک کە قوتابی خۆی بوون. دوای ماوەیەک ئەم باسە کپ بووەوە، سەرەڕای ئەوەی پرسێکی گشتی بوو، چونکە ویستێک هەبوو کە کپ ببێتەوە. ئێستا هیچ شتێک ئاشکرا نییە و تەنیا بە نافەرمی دەبیستین کە دادگا کاری لەسەر دەکات. ئێمەش چاوەڕێین دادگا کارێکی دادپەروەرانەی لەسەر بکات و ئەو کەسانە دوور بخڕینەوە. دوای ئەمە سکانداڵی تر هاتە پێشەوە و ئەم بابەتە چووە ئەولاوە. پاشان سکانداڵێکی دیکە سەریهەڵدا و زۆر میدیا باسیان کرد، کە مەلایەکی تر لە شوێنێکی تر هەمان شتی دووبارە کردەوە و چەند ڕۆژێک بەرگوێمان دەکەوت و کپ کرایەوە.
لە هەمان کاتدا، ئەو مەلایانەی ئەم کارانە دەکەن، لە مینبەرەکانەوە باسی حەرام دەکەن و باسی بەدڕەوشتی گەنجان دەکەن کە پەیوەندی خۆشەویستییان هەیە. پیاو نابێت تەماشای ژن بکات و ژن دەبێت خۆی و چاویشی دابپۆشێت. ژن چی بکات تا پیاو تەماعی تێنەکات؟ کەچی خۆیان بە بێ پرنسیپی خەریکی حۆرییەکانی ئەم دنیان و بەهۆی پێگەکەیانەوە بە ئاسانی ژنان ئیستغلال دەکەن، لە کاتێکدا ئەوە لە گەنجان حەرام دەکەن. بۆچی وایە؟
١/ مەلایەک، پێش ئەوەی مەلا بێت، پیاوە و وەک کیژان بورهان هەڵگری شەرەف نییە. کیژان کوژرا چونکە ژنە و لە خێزانێکی ئاساییە. پێش ئەوەی مرۆڤ بێت، ژنە و لە کۆمەڵگایەکی نەریتیی وەک کۆمەڵگای ئێمەدا ژن هەڵگری شەرەفە. بۆیە لە کاتی کوشتنەکەیدا ئەوەندە تیشک خرایە سەر پەیوەندییەکەی: چی کردووە، چۆن هاتووە و چۆن ڕۆیشتووە. یەک لەسەر دەی ئەو بایەخە لەسەر کیژان نەبوو وەک مرۆڤێک کە کوژراوە و تاوانێکی گەورەی بەرامبەر کراوە. مەلا لێدەردەچێت، پیاو لێدەردەچێت، بەڵام ژن باجەکەی بە ژیانی خۆی دەدات.
٢/ مەلا لە کۆمەڵگای ئێمەدا پێگەیەکی کۆمەڵایەتی و ئایینیی بەهێزی هەیە. پێگەی مەلا هێندەی ئایینییە، دوو هێندەش کۆمەڵایەتییە و دەبێت بپارێزرێت. هەر ئەم پێگە بەهێزەیە وا دەکات کەسانێکی زۆر بەرگریی لێبکەن، هەندێکیان وتیان: «ژنەکان ژن بوونایە ئاگایان لە خۆیان دەبوو.» نەك ئەوەی ڕەخنەی توند لە پیاو یاخود پیاوی ئاینی بگیرێت.دواجار، ئەوەی ئاشکرایە ئەوەیە کە لە کاتی کوشتنی ژنێکدا کۆمەڵگا کەسی بەرامبەر ( واتە ئەو پیاوەی پەیوەندی لەگەڵ ژندێكدا هەیە) بەم پێوەرەی شەرەف ناپێوێت و کەس سەرزەنشتی ناکات. هەموومان بینیمان چۆن کیژان بورهان سەرزەنشت کرا، تەنانەت لەناو گۆڕەکەشیدا هێرشی نامرۆڤانەی کرایە سەر و هەڵسوکەوت و پەیوەندییەکەی دادگایی کرا نەك گەورەی تاوانە.
ئەم نەریتە لاسەنگە. دەبێت کیژان و هەموو ئەو کچ و ژنانەی تر بپارێزرێن و لەکەی شەرەف لە ژن بکرێتەوە. هەتا ئەم کوشتنانە کۆتایی پێ نەیەت و هەتا ئەم گۆڕانکارییە لە نەریتی کوردستاندا دروست نەبێت، یەکێک دەبین لەو وڵاتانەی کچان و ژنان لەسەر بەهانەی شەرەف دەکوژرێن بۆ دەیان ساڵێ تر، ئەم پەڵە ڕەشە لەنێو چاوی دەسەڵاتدارانی وڵاتدا ڕەشتر دەبێت، ئەوان ژنەکان ناپارێزن بۆیە بەئاسانی ڕوودەدات، ئەوان پاریزەری سیستمی نێرسالارین و دەست ئاواڵان پیاوەکان بخەن پێش خۆیانەوە و سڵاوی گەرمیان لێبکەن…
هەروەها، ئەو کەسانەی بە ناوی ئایینەوە بازرگانی دەکەن دەبێت دەستیان ئاشکرا بکرێت، تا ئەو دەسەڵاتەیان نەمێنێت و وەک سەرچاوەی ئایینی سەیر نەکرێن. ئەگەر چەند کەسێکیان سزا بدرێن، سنورێک بۆ ئەم بێڕێزییە بە ژن دادەنرێت و بە ناوی ئایینەوە ئیستغلالی کچان و ژنان ناکرێت. پێگەی ژن دەبێت بەهێز بێت و مافی یەکسانی هەبێت، تا ژنان وەک مێرووله نەکرێنە ژێر پێ و نەکوژرێن ..