لاپەڕەی سەرەکی بیروڕا خێڵ، چەك، کۆمەڵگەی مەدەنی!

خێڵ، چەك، کۆمەڵگەی مەدەنی!

0 تێبینییەکان 87 بینینەکان
ڕزگار عومەر:
هەرێمی کوردستان کەیسێکی فێرکاریە بۆ لێکۆڵینەوە لە پەیوەندی نێوان لێكترازانی “کۆمەڵگەی مەدەنی”و زەق بوونی دۆخی سەربازی لە ژیانی سیاسیدا. لە ساڵی ١٩٩١ەوە، هەرێمی کوردستان بە کردار بووە بە دوو زۆن و دوو سیستەمی ئەمنی و دوو حوکمڕانی .
هێزی چەکداری و دەزگای هەواڵگری ودەزگای پۆلیسی جیاواز دوو زۆنەکە دەپارێزن. ئەم ڕێکخستنە، ئەم دۆخە، تەنیا “سیاسی نیە”ئەوە سەروەری دوو زۆنی بە کردار سەربازیە ، کە لە بنەڕەتدا چەسپاندنی ئازادی و سەرهەڵدان و گەشەی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی بنەبڕ دەکات.
بە درێژایی ساڵانی نەوەدەکان، هەردوو حزبی سەروەرو دەسەڵاتداری هەردوو زۆن، پێکهێنانی دامەزراوەی سەربازی وەلائی حزبیان لە پێشینەدا داناوە نەك “سوپایەکی یەکگرتووی نیشتمانی- وەکو دروشمی نێو گوتارەکانیان” لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا.
. لە ڕووی کۆمەڵناسیەوە، کوردستان پرۆسەیەکی پڕ لە ڕووداوی سیاسی و سەربازی ئەزموون کرد ، کە دامەزراوە ئەمنیەکان لەناو تۆڕە حزبیەکان و هاوپەیمانیە خێڵەکیەکاندا چەسپاو بوو، ڕەگیان داکوتا. بەهێزکردنی ستراتیژی میلیشیا خێڵەکیەکانی کردە ئاڵتەرناتیڤی سوپاو ئەو جۆرە لە دەزگای ئەمنی کە لە ژێر دەستورو یاسای دەوڵەتی مەدەنی بەڕێوەبچێت، ئەم پڕۆسە مێژویە تەنیا لە فۆرمی “‌هێزی چەکدار نەمایەوە” بەڵکو سێبەری کردە سەر ژیانی کۆمەڵایەتی، میلتاریزم کە وەریدەگێڕیتە سەر زمانی کۆمەلگە و کۆمەڵناسی یانی “توندو تیژی دەبێتە سێنتەر” یانی کلاشینکۆف جێگای دادگا و شکایەتی یاسایی دەگرێتەوە، یانی کوشتنی زیاتری ژنان، گەنجان.
ئاڵنگاریەکی سەرەکی بۆ دیموکراتیزەکردنی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان، نەبوونی سەربەخۆیی دامەزراوەکانە کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی حیزبدان. ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە چوارچێوەی ژینگەیەکی سیاسی دۆخێکی سنوورداری پر لە هێڵ و دوا هێڵ کاردەکەن، دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتیەکان و بەسیاسیکردنی “سەرچاوە ئابووریەکان- داهات” ئاماژەن بۆ هەژموونی بەردەوامی سیستەمێکی ئەمنی بەسەر کایەی گشتیدا.
لێکۆڵینەوە بەراوردکاریەکانی گواستنەوەکانی دوای ڕوخانی هەندێك لە ڕژێمەکان لە ئەوروپای ڕۆژهەڵاتەوە تا دەگەینە بەهاری عەرەبی، نیشان دەدەن کە چاکسازیەکی مانادار کە بتوانێ گۆڕانکاری دروست بکات پێویستی بە جۆرێك لە فشارە کە پێویستی بە گۆڕینی پەیوەندییە مەدەنی – سەربازییەکان هەیە ، نەک تەنیا هەموارکردنەوەی یاسایی، ئەگەر ئامانجەکە گەڕاندنەوەی “کۆمەڵگەی مەدەنی بێت” دەبێت دامەزارەوەی یاسایی و دەوڵەتی و ڕەفتارو شێوازو سنووربەندی دامەزراوە ئەمنیەکان دیاریبکات، ئێستا لە هەرێمی کوردستان پێچەوانەی ئەمە دەگوزەرێ، دەزگا ئەمنیەکان ئاراستە دەدەنە پاشماوەو نوزەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی!
لە سادەترین و ئەلف و بێ ی فەلسەفەی سیاستەدا ئەزموونی هەرێمی کوردستان ڕەنگدانەوەی شێواوترین نمونەی بێ بەهاکردنی چەمکی “گرێبەستی کۆمەڵایەتیە” ! سەپاندنی دەسەڵاتی زۆرەملێی دامەزراوە حزبیەکان پێشێلکردنی بنەمای لایەنی کەمی ئازادیە بنەڕتیەکانە، کە سیستەمی” ئەمنی” شەرعیەت لە ئیرادەی گشتیەوە تاڵان دەکات.
لە ڕووی دەرونیەوە، ئەم میلتاریزمە سەپێنراوە “تاك و کۆیەکی” بێدەسەڵاتی بەرهەمهێناوە . شکاندنی ئەم “بەربەستە دەروونیە” بۆ دیموکراتیزەکردن وئازادی لە ئەمڕۆدا چیتر “بژاردە” نیە بەڵکو زۆر پێویستە، ئەگەر ئیرادەیەك بە نیازبێت کۆمەڵگەی مەدەنی لە بەرامبەر میلتاریزم بەهێزبکاتەوە.
0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە