موزەفەر عەبدوڵا:
پێویستە چ ئاسۆیەک بخەینە بەردەم خۆمان؟!
ڕۆژی یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و ناڕەزایەتی چینایەتی نێونەتەوەیی کرێکارانی جیهان بەڕێوەیە .ئەم ڕۆژە پێویستە هەر لە ئێستاوە ببێتە جێگای سەرنجو پرسو ڕای ڕۆژانەی هەمو کرێکارانو رابەرانی سۆسیالیست و کۆمۆنیست و حزب و ڕێکخراوەکانیان.وە هەمومان بپرسین لە خۆمان کە پێویستە بە چ ئاسۆیەکەوە پێشوازی لەم ڕۆژەمان بکەین ..؟!
سەرەتا بەر لەوەی وەڵامی پرسیارەکە بدەینەوە وا پێویست دەکات زۆر بە خێرایی چاوێک بخشێنین بەسەر کورتە مێژووی سەرهەڵدانو گەشەی بیرۆکەی ئەم ڕۆژەو قۆناغەکانی کە ئەمساڵ ١٣٦ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر بڕیاری دیاری وەک رۆژی جیهانی کریکاران لە لایەن ئەنتەرناسیونالی دووەمەوە لە ساڵی ١٨٨٦ دا.
وەک زانراوە بیرۆکەی مێژویی سەرەتایی ئەم ڕۆژە دەگەڕێتەوە بۆ کرێکارانی کەشتیڕانی لە ئوسترالیا،و پاشان پشگیری کردنی لە لایەن کرێکارانی شاری شیکاگۆی ئەمریکا کە لەو سەروبەندەدا بو نارەزایەتی یەکانیان کەوتە بەر هێرشی درندانەی هێزی چەکداری سەرمایەداران کە چەند کرێکارێک گیانیان بەختکردو هەندێکیشیان لە سێدارەدران.
هەروەها بیرۆکەی ئەم رۆژە هاوکاتە لەگەڵ زۆر خواستی تری وەک کەم کردنەوەی کاتی کارکردن بۆ هەشت سەعات کار . دابین کردنی سەلامەتی شوێنی کار. کرێی یەکسان بۆ کاری یەکسان . دابین کردنی پشوی ساڵانەو نەخۆشی و دایەنگەو..هتد.ئەمانە جگە لە بەرزکردنەوەی چەندین مافی تری وەک: ئازادی ڕێکخراوبونی پیشەیی و سیاسی و جەماوەری لە شوێنی کاروژیان .بەڵام لە هەمان کاتدا هەمو ئەم داخوازی یە ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسیانە ئاویتە بونە لەگەڵ ئاسۆو ئامانجە سۆسیالیستی و کۆمۆنیستی یەکانی ڕەوتی کۆمۆنیستی کە تیورەکانی مارکس بۆتە تیۆرو پراتیکی شۆرشگێرانەی ئەم چینە.ئەمەش بە تایبەتی لە دوای پێکهێنانی یەکەمین ڕێکخراوی کۆمۆنیستی کۆمەڵەی تێکۆشەرانی ڕەنجدەران لە ئەڵمانیاو، پاشان کۆمەڵەی کۆمۆنیستەکانو، تا ئەنتەرناسیونالی یەکەمو دووم کە هەمویان بە دەسپێشکەری ڕاستەوخۆی مارکس و ئەنگلزو سەدان ڕابەری کۆمۆنیستی تر لە ئەوروپاو ئەمریکاو ئوسترالیا پێکهاتن.
وە لە چواچیوەی مێژووی ئەم خەباتو ناڕەزایەتی و ململانێیانەشدا بوو مانیفیستی حزبی کۆمۆنیست ،کە بەرنامەی کۆمەڵەی کۆمۆنیستەکان بوو، لە لایەن مارکس و ئەنگڵزەوە نوسران ،بو بە بەرنامەی فکری و سیاسی و ستراتیژی شۆڕشی کۆمەڵایەتی کرێکاری بۆ ڕوخانی دەسەڵاتی بورژوازی و دامەزراندی کۆمەڵگای سۆسیالیستی وکۆمۆنیستی.
جا لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ چینی کرێکار لەگەڵ چونە سەری ناڕەزایەتی و خەباتیان ،بە پێی ڕادەی یەکگرتویی و ڕێکخراوبونیان ،لە ڕێکخراوی پیشەیی و جەماوەری و حزبیاندا هەمیشە ڕۆژی یەکی ئایاریان کردۆتە ڕۆژێک بۆ نیشاندانی ئیرادەی شۆرشگێڕانەیان لەسەراسەری جیهان.وە لە ڕێڕەوەی خەباتیشیاندا توانیتیان دوو جار دەسەڵاتی چینی بۆرژواو دەوڵەتو حکومەتەکەیان بە ڕاپەرین و شۆڕشی خۆیان بڕوخێنن .یەکەم جار لە کۆمۆنی پاریس ساڵی ١٨٧١ . دووەم جاریش لە ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩١٧ لە روسیا بە ڕابەری لینینو حزبی بەلشفیک توانیان دەوڵەتو دەسەڵاتی چینی بۆرژوازی لە ڕوسیا بڕوخێنن . کرێکاران و جوتیاران و سەربازان کە ڕێکخراوبون لە شوراکاندا( سۆڤیەتەکان)دەسەڵاتی جەماوەری خۆیاندامەزرێنن.
ئیتر لەو ساڵانە بە دواوە ڕۆژی یەکی ئایار لە سایەی دەسەڵاتدارێتی دەوڵەتی یەکێتی سۆڤیەتەوە لە زۆربەی ووڵانی جیهان ئەم رۆژە بوە بە پشوی ڕەسمی .لەم ڕۆژەدا بە ڕەسمی دەوڵەت هەڵدەستا بە ڕێکخستنی خۆپیشاندانو کۆڕوکۆبونەوەو مەراسیمو دەیان چالاکی تر کەسەرتاپا کۆمەڵگای ئەو ووڵاتانەوتەواوی جیهان ڕەنگوبۆی ئەم ڕۆژەی دەگرت.
بەڵام ئەوە چەند دەیەیەکە لە دوای هەرەسی ئەم تاقیکردنەوەیەو باڵادەستی تەواوی چینی بۆژوازیو حزبە ڕاستەکانەوە ، کە بەردەوام لە هەوڵی لێدانو ڕێگا گرتن و پیلانگێڕین لە دژی جولانەوەی کرێکاری و کۆمۆنسیتی و حزبو ڕیکخراوەکانیان ئەم ڕۆژە وەک ئەو دەورانانە ئاپۆڕەدارو شکۆدار نی یە. چونکە چینی بۆرژوازیو حزبو دەسەڵاتەکانیان هەوڵ دەدەن لە ڕۆڵو گرینگی ئەم ڕۆژە کەم کەنەوە تا ئاستی ئەوەی کە ڕۆژێکی کریکاری یە تەنها بۆ کۆمەڵێک داواکاریو چاکسازی .بەڵام سەرەڕای هەوڵەکانی بۆرژوازی و حزبو دەوڵەتەکانیان ڕابەرانی جولانەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی بەردەوامن لە کاروچالاکی جۆراوجۆر لەم ڕۆژەدا. هەر لە خۆپیشاندانو ڕێپێوان و مەراسیم و کۆڕوکۆبونەوەو مانگرتن بۆ مافو ئازادی یەکانیان تا دەگاتە بەرزکردنەوەی دروشمی شۆرشگێرانەی سۆسیالسیتی و کۆمۆنیستی بۆ ڕوخانی دەسەڵاتی بۆرژوازی و سیستەمی سەرمایەداری.
جا ئەگەر بەراوردێکی ئەم چەند دەیەیەی بکەین لەگەڵ دەورانە سەرەتایی یەکانی دەسەڵاتدارێتی دەوڵەتە کریکاری و سۆسیالیستی یەکان لە ڕوسیاو زۆر ووڵاتی تر، تەنانەت دەورانی پێش ئەوانیش ، ئەوە ڕادەی پەرشوبڵاویو لاوازی هەمەلایەنەی کرێکاران ،وەک چینێک بۆ خۆی، لەمرۆدا زیاتر بەدەردەکەویت. هەمو ئەمانەش لەبەر نەبونی حزبە کۆمۆنسیتو رێکخراوە جەماوەری یەشۆرشگیرە کۆمەڵایەتی یەکان.هەر بۆیە ئەم ڕۆژەش زیاتر ڕەوتە ڕیفورمخوازو سەندیکایی و ئەنارکی و زۆر ڕەوتی تری ناو بزوتنەوەی کرێکاری بە ئاسۆ و ئامانجی خۆیانەوە پێشوازیو ڕێکی دەخەن.ئەمە جگە لەوەی کە دەوڵەتو ڕژێم وحزبە ڕاستە لیبرالی و قەومی یەکانیش بە شێوازی جۆراوجۆر هەوڵی جدی دەدەن چ بە سیناریۆ سازکردن لە لایەن سەندیکاو رێکخراوە زەردەکانیانەوە لەم ڕۆژەدا بۆ خاڵی کردنەوەی ناوەڕۆکە ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕانەکەی چ قەدەغەکردنی ئەم ڕۆژەو ڕێگانەدان بەهیچ چالاکی یەک.
بۆیە لە پێشوازی ئەمڕۆژەدا پێویستە لەسەر ئێمەی کرێکارانو کۆمۆنسیتەکان، و هەمو ئینسانە ستەمدیدەکان بە گشتی و، ڕێکخراوەو حزبە کۆمۆنستەکان بە تایبەتی ،لە چەند هەفتەو مانگ بەر لەم ڕۆژەوە بۆ پێشوازی ئەم ڕۆژە ئامادە بین. لێژنەو ئەنجومەنە تایبەتەکان پێکبێنین بۆ جۆرەها کاروچالاکی .هەر لە بەستنی کۆنفرانس وکۆڕوکۆبونەوەو ناڕەزایەتی و مانگرتن و خۆپیشاندان وڕێپێوان و مەراسیم و پێشەنگای هونەری و ئەدەبی هەتا دەگاتە ئاهەنگو گۆرانی و سەماو مۆسیقای خۆشی و شادی .هاوکات پێویستە حزبو ڕێکخراوە کۆمۆنستی یە شۆرشگێرەکان پێشەنگ بن لە بەرزکردنەوەی دروشمە شۆرشگێری و سۆسیالیستی و کۆمۆنیستی یەکان کە ئامانجو ئاسۆی شۆڕشگیرانەی ڕوخانی دەسەڵاتی بۆرژوازیو دامەزراندنی دەسەڵاتی چینی کرێکارو دەوڵەتو کۆمەڵگای سۆسیالیستی دەخەنە دەستور کارەوە بۆ زیاتر بەرزکردنەوەی ئاگایی سیاسی و ڕێکخراوەیی چینایەتی کرێکاران و جەماوەری ستەمدیدە.
هەر لە دروشمی کرێکارانی جیهان یەکگرن ، چینی کرێکار بە هێزی یەکگرتوانەی خۆی ڕزگار دەبێت ،هیزی چینی کرێکار لە ڕادەی ڕێکخراوبونیدایە ، ڕێگا چارە بۆ کۆتایی هێنان بە هەمو کیشەو گرفتەکان تەنها سۆسیالیزمو کۆمۆنیزمە، بژی سۆسیالیزم ،ئازادی یەکسانی حکومەتی کرێکاری …هتد پێویستە ئەم دروشمانە ببێتە پێشەنگ لە خۆپیشاندانو ناڕەزایەتی و کۆڕوکۆبونەوەو مەراسیمەکان.
هەر وەک دەبینین کە چینی بۆرژوازی و حزبو دەسەڵاتو دەوڵەتو حکومەتەکانیان دەیان ڕۆژی موزەیەفی ئەفسانە داتاشراویان بۆ خۆیان دروست کردوەو کردویانە بە هێمای پیرۆزو سەپاندویانە بەسەر هەمو خەڵکدا. چەندین ڕۆژیان داناوە بە ناوی ڕۆژی نیشتیمانی و نەتەوەیی و گەلی و ئایینی و سەربازی .بەڵام ئەم ڕۆژانە هیچ قازانجو سودێکیان بۆ کرێکارانو خەڵکی چەوساوە نی یە جگە لە گێژکردنو خۆشخەیاڵ کردنیان نەبێت.
بۆیە کرێکارانو خەڵکی چەوساوەش ، لە پێشیانەوە ڕابەرانیان وهەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی، پێویستە ڕۆژی یەکی ئایاربکەنە ڕۆژی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانو هێز نیشاندانی کۆمەڵایەتی خۆیان لە هەمو شوێنک. لە کارگەو فەرمانگەوە تا شەقامو پارکو هەر جێگایەکی تر. لەمڕۆژەدا وێرای بەرزکردنەوەی خواستو داوا ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسی یەکان پێویستە وەک ووتمان زۆر دروشمی تری شۆرشگێری سۆسیالسیتی و کۆمۆنسیتی بەرزبکڕێتەوە بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاری و ئیرادەی یەکگرتوانەی سیاسی و چینایەتی کرێکاران لە ڕیڕەوی خەباتی ڕۆژانە تا ئاستی ڕاپەین.
پێویستە بەم ئاسۆیەوە لە پێشوازی یەکی ئایار، ڕۆژی نێونەتەوەیی چینایەتی کرێکاراندا ، بین.