گوگڵ واتە ژمارە یەک سەد سفری لە بەردەمدا بێت و زاراوەیەکە کە لە زانستى ماتماتیکدا بۆ ژمارەیەکى گەورە بەکاردەهێنرێت، ماڵپەڕی گوگڵیش لەسەر ئەو بنەمایە کردویەتیە ناوی ماڵپەرەکە کە بەمانای ڕێکخستنی زانیاریی بە هێندەی ئەو ژمارەیە لەسەر تۆڕی پەیوەندی جیهانی بەکاریهێناوە.
کۆمپانیای گۆگڵ لەلایەن لاری پەیج و سێرجی برینەوە لە ١٩٩٨ دامەزرێنراو، ئامانج لە دروستکردنی بریتی بوو لە کۆکردنەوەی زانیارییەکان لە جیهان و گەیاندنیان بە هەموو بەکارهێنەرێکی ئینتەرنێت.
لەساڵی ٢٠٠٥ دا کۆمپانیای گوگل بەمەبەستی باشترکردنی بەرھەمەکانی هاوبەشى لەگەل چەندین کۆمپانیا و دەزگای حکومیدا کرد، لەوانە کۆمپانیای (ناسا) ی ئەمریکی ئەویش بەمەبەستی دەستخستنى زانیارى لەسەر گەردوون و چاودێریکردنی زەوی و بارودۆخى کەش وھەوا .
دواتریش لەگەڵ کۆمپانیاکانی مایکرۆسۆفت و نۆکیا و سۆنی ئیریکسۆن و چەند کۆمپانیایەکی دیکە گرێبەستی ئیمزاکرد و لەساڵی ٢٠٠٧ گوگل خزمەتگوزاری مۆبایلی هۆشمەندی ڕاگەیاند .
ماڵپەڕی گووگڵ پێکدێت لەکۆمەڵێک خزمەتگوزاری جیاواز کە بەکارهێنەرانی سەرسام کردووە هەر ئەوەشە ڕۆژ بەڕۆژ بەکارهێنانی ڕوو لە زیادبوون دەکەن، گوگڵ پێکهاتووە لە گوگڵ سێرچ، گەڕان بۆ وێنە و ڤیدیۆ وپۆستی ئەلیکتڕۆنی، بازاڕ، تۆڕی کۆمەڵایەتی گوگڵ پلەس، وەڕگێڕان بۆ زیاتر لە ٨٠ زمانی جیهانی، کە تا ئیستا چەندین هەواڵ دراون کە وەرگێڕانى زمانى کوردیشى بۆ زیادبکرێت بەڵام تا ئیستا ئەو کارە ئەنجامنەدراوە.
لەساڵی ٢٠٠٦دا کۆمپانیای گووگڵ ماڵپەڕی یوتیوبی کڕیەوە کەتایبەتە بە بە بینینى ڤیدیۆ بەوەش داهاتێکی باشی بۆخۆی مسۆگەرکرد چونکە یوتیوب لە ئێستادا لەڕیزبەندی جیهاندا سێیەم ماڵپەڕە لەڕووی زۆری سەردانیکەرانەوە جگە لەوە ڕێکلامیش داهاتێکی بێ سنووری بۆ گووگڵ مسۆگەر کردووە، بەجۆرێک قازانجی کۆمپانیاى گوگڵ لە ساڵی ڕابردوودا گەیشتە زیاتر لە ٦٦ ملیار دۆلار.
گوگڵ نیوز یەکێکە لە بەرهەماکانی کۆمپانیاکە کە هەڵدەستێت بە کۆکردنەوەی هەواڵەکانی جیهان لە ماڵپەڕە جیاوازەکانەوە .
لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١١ دا، گوگڵ پڵەسى دروستکرد وەک ڕکابەرێک بۆ تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک کە بەردەوام ڕکابەری یەکتر دەکەن بەلام تا ئێستاش فەیسبووک نەیتوانیوە پێش مالپەری گوگڵ بکەوێت.
ژمارەی کارمەندەکانی کۆمپانیای گوگڵ دەگاتە زیاتر لە ٥٧ هەزار کارمەند کە لە بوارە جیاوازەکانی ئەندازیاریدا کاردەکەن.
رێژەی سەردانیکەرانی ماڵپەڕی گوگڵ لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە تا ئێستا ترلیۆنێک و ٧٤ ملیاری تێپەڕاندووە و لە کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتەشدا زیاتر لە ٢ ملیار و ٢٢٢ ملیۆن کەس لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا سەردانی ماڵپەرەکەیان کردبوو، بەشێوەیەکی گشتی زۆرترین سەردانیکەری ماڵپەڕەکە لە هەریەکە لە وڵاتەکانی ئەرجەنیتن و ئوستورالیان.
سەرچاوە – ئێن ئاڕ تی