عەبدوڵا تۆفیق/ ڕاهێنەری دەروونی
یەکێك لەو بەسەرهاتە تاڵانەی کە مرۆڤ هەندێجار ڕووبەڕووی ئەبێتەوە، ئەوەیە کە تۆ لەناخەوە وائەزانی کەسێك بەهەمان شێوەی تۆ کە ڕێزت گرتووە، ڕێزەکەت لێدەگرێتەوە. (ئەم نوسینەم وەڵامی چەند پرسیارێکە کە لێمکراوە و داوایان لێکردبووم بیکەمە بابەت).
کەم کەس هەیە لە ئێمە ئەم بارە نەناسێتەوەو خێرا وەك فلیمێك لە مێشکیدا یەکێك یان چەند بەسەرهاتێك لەو بارەیەوە لێنەیاتەوە. ئیتر هەر لەوێوە کە بۆ نمونە لە دوورەوە کەسێك ئەبینی و بەدڵێکی خۆشەوە بەرەو پیری دەچی بەڵام بەپێچەوانەوە ئەو خۆی گێڵ ئەکات و ڕووت تێناکات، یان بەساردیەکەوە سەلامەکەت وەڵام ئەداتەوە. هەتا دەگەتە سەر ئەوەی کە تۆ بۆ هەواڵ پرسین تەلەفونی بۆ ئەکەیت ئەو وەڵام ناداتەوە یان دەڵێ کارم زۆرە بۆ ئەوەی خێرا وتەکانت ببڕێنیتەوە. یان دەچیتە دووکانی کەسێكی ناسراو کە تۆ لەوێ کاڵا و شتو مەك بکڕی لەبەر خاتری ئەو، بەڵام ئەو هەر سەیریشت ناکات. یان دەچیتە لای بەرپرسێك کە کاتت وەرگرتوەو دەبێ گوێت لێبگرێت، بەڵام ئەو نەك هەر گوێت لێناگرێت بەڵكو یان خەریکی ڕۆژنامە خوێندنەوە دەبێت یان لەسەر کۆمپیوتەرەکەی کار ئەکات یان شت ئەنوسێ یان کۆمەڵێ خەڵکی تری لەلایەو تۆ نەك هەقت دەخورێ بەڵکو هەست دەکەیت زۆر بچوك سەیر ئەکرێیت. یان لەگەڵ هاورێیەکت کاتتان داناوە کە لەشوێنێکدا یەكتر ببینن، بەڵام ئەو نەك هەر لەکاتی خۆیدا ئامادە نابێت بەڵکو زۆر بێ گرنگیدان بەو کاتە هەر دەرناکەوێ هەروەك بڵێی کات لەلای تۆ بوونی نیە،…..تاد.
ئێمە بەهۆی ئەم جۆرە ڕەفتارانەی ئەو کەسانەوە، کەم تا زۆر بیرکردنەوەکانمان وازمان لێناهێنن و کۆمەڵە هەڵبژاردنێك بۆ هۆکار دۆزینەوە دروست ئەبن. لەوانەیە هیچیان ڕاست نەبن و لەوانەشە زۆربەیان ڕاست بن. زۆر ئاستەمە کە بزانی هۆکاری سەرەکی چیە کەوائەکات ئەو مرۆڤانە بۆ وا بێڕێزن بەرامبەرت. یەکەمین بیرکردنەوە لای تۆ لەوانەیە ئەوەبێت کە ئایا تۆ شتێکت کردبێ بەرامبەر ئەو هەتا تۆڵەی وەربگریتەوە؟ بەڵام شتێك لای تۆ زۆر یەکلای ئەبێتەوە، ئەویش ئەوەیە کە ئەوان ئیتر شایانی ئەو ڕێزە نابن کە تۆ لێیان بگری. بەداخەوە ئەمەش کەم تا زۆر کێشەیەکی دەروونی و کۆمەڵایەتی و پەروەردەی لێدەبێتەوە و دواجار تەندروستی خراپی بەدواوە دەبێت.
ئەوەی مەبەستە لێرەدا ئەوەیە کە ئێمە چی بکەین بۆ ئەوەی ئەو جۆرە ڕەفتارە ناشرینانەی کەسانی دەروبەرمان کارمان تێنەکات؟ ئێمە لەوانەیە نەتوانین کە ئەوان بگۆڕین، لەوانەیە لە لووت بەرزیانەوە بێ، لەوانەیە لە ئیرەیانەوە بێ کە تۆ شتێکت هەیە ئەوان نیانە، لەوانەیە کێشەیەکیان هەبێ و شەڕێك بێ لە دەروونی خۆیاندا کە ئێمە درکی پێناکەین. بەڵام ئەتوانین لێکدانەوەیەك لەلای خۆمان بکەین بۆ ئەوان و وانەیەك فێرببین. هەتا ئێمە وەك ئەوان ڕەفتار نەکەین و بزانین کە بەم ڕەفتارانە هەستێکی ناخۆش لەلای خەڵك دروست ئەکەین. ئەوە بزانین کەبەو ڕەفتارە ناشرینە قیزەونانەی ئەوان ئەیکەین ئەیانەوێ مرۆڤەکانیتر بچوك بکەنەوە، کە ئەوان خۆیان نازانن کە چەند بچوك ئەبنەوە. ئێمە ئەتوانین وازیان ڵیبێنین هەتا خۆیان ئەو ڕۆژە ئەبینن کە بەهەمان شێوە ڕەفتاریان لەگەڵدا دەکرێتەوە. وە ئێمە ئەشتوانین خۆشمان ئەو ڕەفتارەیان لەگەڵدا بکەینەوە ئەگەر بمانەوێ. بەڵام لەهەمووی گرنگتر خۆناسینە. ئەگەر تۆ خۆتت باش ناسی، ئەگەر تۆ بوارت بۆ کەس نەڕەخسان کە بێتە ناو هەستەکانتەوە و دەستی نەگەشتە ناخت، ئەوکاتە تۆ لەناخەوە هەست بەو هێزە دەروونیەت ئەکەیت کە تەنها تۆ خاوەنیتی و کەس ناتوانێ لێتی بشێوێنێ. تۆ خۆت باش ئەزانی کە مامەڵە بکەیت لەگەڵ ئەو جۆرە بەسەرهاتانەدا، ئەگەر چی بۆ ماوەیەك تۆ بخەنە ناو بیرکردنەوە. کەسی دەروون بەهێز کە هەموو جۆرە ڕەفتارێکی نادروست ئەبینێ ئەیکاتە ڕاهێنان و کەڵك و وانەی لیوە فێر ئەبێ. هەر بۆیە تۆش وەرە ئەو ژیانەوە کە بەرەو دەروون دروستی و بەهێزبوونی دەروونت ئەبات. وەرە ناو ئەو ژیانەوە کە لەوێدا ڕەفتارەکانی خەڵك بە شێوەیەکی دروست هەڵسەنگێنی. وەرە بافێر ببی هەتا ئامادەیت تیابێ و ڕووبەروی ئەو ڕەفتارە ناشرینانە ببیتەوە لە هەموو بارو دۆخێکدا. وەرە بەهۆی فێربوونی ڕاهێنانی دەروونیەوە ڕێگە مەدە کەس بیرکردنەوەکانت بشێوێنێ و خۆت لەوێدا خۆت بی و هەتا بتوانی خۆت دەسەڵاتت هەبێ بەسەر خۆتا، هەر کە پێویستت بە هاوکاریش بوو ئەوکاتە ژیان زۆر فراوانتر ئەبینی کە پڕیەتی لە زانیاری و سەرچاوەی شاراوە. لەو ژیانەدا تۆ دەگەڕێیت بۆ ئەو سەرچاوەی کە تۆ ئەتەوێ و هەست بە هێزێکی باشر ئەکەیت و بڕوابەخۆبوونت زیاتر ئەکەیت کە تەندروستی دەروونیت باشتر ئەکات. خودای گەوەش خۆی ئەو توانا دەروونیەی پێداوین با بێبەش نەبین لێی و بتوانین بەشێوەیەك ڕووبەڕوی کەسانی بێ ڕێزیش ببینەوە.