له عهرهبییهوه: ههڵکهوت عهبدوڵڵا
هاوبەشیكردن كارێك نییە منداڵ ئاشنابێت پێی، بەڵكو كارێكە پێویستە دایك و باوك منداڵی لەسەر ڕابهێنن، ئەوەش لە ڕێگەی یارییە بچووكەكان و مەشقكردنە سەرنجڕاكێشەكانەوە، كە وا لە منداڵ دەكەن لەو چەمكە پێویستە تێبگات.
ڕۆژانە هەمان نمایشی شانۆ دووبارەدەبێتەوە! منداڵە بچكۆلەكەت حەزدەكات لەگەڵ هاوڕێكانی خۆیدا یاریبكات، كەچی پاش تێپەڕبوونی ماوەی 5 خولەك دەست بەگریان دەكات و هانات بۆ دەبات، چونكە یەكێك لە هاوڕێكانی یارییە خۆشەویستەكەی لێ سەندووە و ئەویش نایەوێت هاوڕێكەی لەو یارییەدا هاوبەشبكات.
هەموو منداڵێك حەزدەكات یاری لە منداڵی تر بخوازێت، بەڵام هیچ یەكێكیان بە پرنسیپی هاوبەشكردن قاییل نابێت. ئەوەی جێی پێكەنینە، منداڵە بچكۆلەكەت هەفتەی پێشوو داوای لێ كردبوویت ئەو یارییە فڕێبدەیتە تەنەكەی خۆڵەوە كە ئیمڕۆ داوایدەكاتەوە، چونكە كاتێك بینی هاوڕێكەی حەزی لێیەتی، یارییەكەی بەلاوە خۆشەویست بووە و تەنیا دەیەوێت یاری بەو بكات. شارەزایان دەڵێن، منداڵ هەركاتە و ساتەوەختی خۆی بەسەردەبات، بۆیە دەشێت ئەو یارییەی منداڵێكی تر حەزی لێیەتی، بەلایەوە ببێتە یارییەكی پڕبەها و گرنگ و بیپارێزێت و ڕازیی نەبێت بیداتە منداڵێكی دیكە.
ڕۆحی بەچكە موڵكدارێك
ئایا منداڵەكەت زۆر خۆپەرستە، كاتێك لە ئێستادا هاوبەشیكردن ڕەتدەكاتەوە؟ شارەزیان وایان پێ چاكە وشەی خۆپەرست لێرەدا بەكارنەهێنرێت و وشەی خواستی بەدەستهێنان لەجێی دابنرێت، چونكە ڕەتكردنەوەی دانی یارییەك بە منداڵێكی تر، مانای ئەوەیە منداڵەكەت دەستی بە موڵكی خۆیەوە گرتووە، هەروەكو گەورەكان، بەڵام بەپێچەوانەی گەورەكانەوە، چونكە ڕەتكردنەوەی هاوبەشیكردنی منداڵەكەت بێ قین و دوور لە دوژمنكارییە. شایانی باسە، ڕەتكردنەوەی خواستنی یارییەك لەلایەن منداڵێكەوە، قۆناغێكی پێویستی گەشەكردنی كەسایەتیی منداڵە، نیشانەی گەشەكردنی تێگەیشتنی ئەوە، چونكە لە تەمەنی 6 -8 مانگیدا، كاتێك شتێك لەبەرچاوی منداڵ وندەبێت، منداڵەكە هەستدەكات تەنیا بۆ ئێستا ونبووە و هێشتا لەئارادایە. هەروەها درك بەوە دەكات، ئەم شتە هی ئەوە و شتەكانی تر هی ئەو نین. هەر لەبەر ئەوەیشە(بۆ نموونە) هەمیشە هۆشداریی دەدرێت بە منداڵ، كە دەستكاریی شتەكانی سەر مێزی تەوالێتی ژووری نووستن یان هۆڵی دانیشتن نەكات. منداڵ پێیوایە شتە سەرەتاییەكانی زۆر گرنگن، چونكە دەزانێت مافی بەكارهێنانیانی هەیە، بەو پێیەی موڵكی خۆین. منداڵ لە تەمەنی 3 ساڵیدا درك بە خواستنی شتەكان لەلایەن ئەوانیترەوە دەكات و لە گرنگیی ڕازیكردنی كەسوكار تێدەگات، بۆیە دایك زۆر دڵخۆشدەبێت، كاتێك منداڵەكەی دەست بەوە دەكات شتەكانی خۆی بداتە منداڵی تر، هەتا یارییان پێ بكات.
ترسی لەدەستدان
ئەگەر منداڵ درك بە گرنگیی ڕازیكردنی دایك بكات، كەواتە بۆچی كەللەڕەق دەبێت بەرامبەر بەوەی شتەكانی خۆی بداتە هاوڕێكانی؟ مەسەلەكە پەیوەندیی بە ترسی لەدەستدانەوە هەیە. واتە منداڵەكەی تر شتی لەو زیاتردەبێت و ئەویش شتی كەمتری دەبێت. منداڵ زۆر پەرۆشی شتەكانی خۆیەتی، چونكە ئەوە هەستی دڵنیایی پێ دەبەخشێت و بەهۆیەوە كەسایەتیی خۆی دەسەلمێنێت و جەخت لەسەر موڵكەكانی خۆی دەكاتەوە. وێڕای ئەوە، یارییەكان بەلای منداڵەوە وەك نیشانەی هێز و میهرەبانییە، لەبەرئەوەی هەر دایكێك هەست بەوە دەكات هەندێك شت مانای سۆزداریی تایبەتیان هەیە بەلای منداڵەكەیەوە. بۆ نموونە، ئەو ورچە بچكۆلەیەی منداڵ، كە بەبێ ئەو خەوی لێناكەوێت. كەواتە ورچەكە شتێكی زۆر تایبەتییە و بێگومان منداڵ ڕازی نابێت دەسبەرداری بێت و بیداتە كەسێكی تر. هەروەها هەندێ شتی تر هەن كە بایەخی سۆزدارییان بۆ منداڵ هەیە و پێویستە ڕێز لەو هەستەی منداڵ بگیرێت.
پێویستبوون بەدڵنیایی
هەندێك جار ڕەتكردنەوەی منداڵ بۆ هاوبەشیكردنی هاوڕێكانی لە بەكارهێنانی شتەكانیدا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەزموونی ناخۆشی پێشووتر: یارییەكەی دایە هاوڕێكەی و شكاندی یان ونیكرد. كەواتە بۆ ئەوەی منداڵ ئامادەبێت یارییەكانی خۆی بداتە هاوڕێكانی، پێویستە هەستی دڵنیایی بەرامبەر بە شتەكانی تێدا بەهێزبكرێت، بۆ ئەوەی دڵنیابێت لەوەی ئەو شتەی دەیداتە هاوڕێكەی، دواتر بۆی دەگەڕێنرێتەوە. هەروەها دەبێت دڵنیابێت لەوەی یارییەكەی بەسەلامەتی و بێ كەموكوڕی دەگاتەوە دەستی. لێرەدا ڕۆڵی دایك و باوك دێتە پێشەوە، كە منداڵەكەیان دڵنیابكەنەوە و باشیش سەرپەرشتیی پڕۆسەی یاریكردنی منداڵەكان بكەن. لە دواییشدا بۆ ئەوەی منداڵ ڕازیبێت لەسەر هاوبەشیكردنی هاوڕێكانی لە یارییەكاندا، پێویستە پێشوەخت لەسەر ئەزموونی ئالوگۆڕكردن ڕابهێنرێت، لەم تەمەنەشدا گرنگیی یاریكردنی بەكۆمەڵ و پەیوەندیكردنی منداڵ بە منداڵانی ترەوە لێرەوە سەرچاوەدەگرێت. پێویستە هێما بۆ ئەوە بكەین، ئەو منداڵەی دەچێتە دایەنگە، بەكردەوە و بەشێوەیەكی ڕێكوپێك ئەو ئەزموونە دەبینێت، هەستدەكات ناچارە منداڵەكانی تر لە بەكارهێنانی شتەكاندا بەشداربكات، بەڵام گەرەكە ئەو ئەزموونە بە ئەزموونی تری ناوماڵ بەهێزبكرێت، واتە دایك و باوك دەرفەتی گونجاو بدۆزنەوە بۆ ڕاهێنانی منداڵەكەیان لەسەر پرنسیپی هاوبەشیكردن و ئاڵوگۆڕكردن، بەتایبەتی پێش ئەوەی منداڵ بچێتە قوتابخانە، ئەگەرنا ئەوا منداڵەكە لە قوتابخانە چۆن دەتوانێت لەگەڵ ئەوانی تر هەڵبكات و بەرگریی لە شتەكانی خۆی بكات.
ئەزموونی ئاڵوگۆڕكردن
پێویستە منداڵ لەسەر ئەوە ڕابهێنرێت، كە لە ماڵی خۆیان پێشوازیی منداڵەكانی تر بكات، بەمەرجێك دایكی منداڵەكە، دایكی منداڵە میوانەكان ڕاسپێرێت هەندێك یاریی خۆیان لەگەڵ خۆیان بهێنن. بەم شێوازە منداڵی پێشوازیكەر هەست ناكات ناچارە ئەوانیتر لە بەكارهێنانی شتەكانی خۆیدا هاوبەشبكات. هەروەها لەسەر ئەوە ڕادێت چۆن شت لەگەڵ ئەوانیتر ئاڵوگۆڕبكات. بۆ ئاسانكردنی كارەكە، واچاكە دایكەكە خۆی بەدووربگرێت لە كاتی مردوو و چالاكیی هەمەجۆر بخاتەگەڕ، هەتاكو لە ڕێگەیانەوە منداڵەكان لەسەر ئاڵوگۆڕكردنی یاری ڕابهێنرێن. بەو جۆرە منداڵەكە فێری دان بەخۆدا گرتن و پشوودرێژی دەبێت و دەرك بەوە دەكات وەك هاوڕێكانی تری كاتێكی دیاریكراوی هەیە بۆ یاریكردن. پێویستە ئەم پرنسیپە دواتر لە ژیانی ڕۆژانەدا بەكاربهێنرێت، بۆ نموونە كاتی دانیشتن لەسەر مێزی نانخواردن، كە دەبێت پێش ئامادەبوونی هەموان خواردن نەكاتە قاپەكەیەوە. هەروەها نابێت بەبێ لەپێكردنی پێڵاوی تایبەتی بچێتە باخچە بۆ یاریكردن. سەرەنجام منداڵ فێری گوێگرتن لەوانیتر دەبێت و ڕێزیاندەگرێت و پابەنددەبێت بە ڕێساكانی ژیانی كۆمەڵایەتییەوە و وردەوردە كەسایەتیی دەخەمڵێت.