لاپەڕەی سەرەکی هەواڵ پێش ئەوەی چەک دابنێن، ئاوڕێک بدەنەوە لە مەترسیی هەڵوەشاندنەوەی هێزە خۆسەرەکانی ڕۆژئاوای کوردستان

پێش ئەوەی چەک دابنێن، ئاوڕێک بدەنەوە لە مەترسیی هەڵوەشاندنەوەی هێزە خۆسەرەکانی ڕۆژئاوای کوردستان

0 تێبینییەکان 80 بینینەکان

مژدە نەورەس:

لە ماوەی چەند هەفتەی رابردودا، لێدوانێکی مەحمود بەرخودان کە فەرماندەی لیوای کۆبانێیە، دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو، کە ڕایگەیاند “بەم زووانە خۆیان هەڵدەوەشێننەوە و دەچنە نێو سوپای نوێی سووریا”، ئەمە بۆیە جێگای گفتوگۆیەکی بەرباڵا لە بازنە مەسەلەی سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کورداندا. چونکە سەرەڕای ئەوەی لە ڕوانگەیەکی تاکتیکی و لە چوارچێوەی رێککەوتنی ١٠ی ئازاری ٢٠٢٥ی نێوان مەزلوم عەبدی و ئەحمەد شەرع بڕیاری لەسەر دراوە و هەنگاوێکی کردارەکییە، بەڵام لە ڕوانگەیەکی ستراتیژی و مێژوویییەوە خەتەرناکە لەسەر چارەنوسی قەوارەی سیاسیی کوردی لە ڕۆژئاوای کوردستان.
بەڵام بەر لەوەی لە ئەوان داوابکەین ئاڕێک لە بڕیارەکەیان بدنەوە، پێویستە ئێمە ئاوڕدانەوەیەکی چۆنایەتی لە قسەکەی بەڕێز مەحمود بەرخودان بکەین. چونکە لێدوانەکەی ئەگەر بەشێوەیەکی ورد لێی بکۆڵدرێتەوە، دەردەکەوێت کە زۆر کورتە و پرسیارە بنەرەتییەکانی وەڵام نەدراونەتەوە، کە ئەم پرسیارانە بەبێ وەڵامێکی ڕوون، بایکۆتی هێزی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردی لە داهاتودا زیاتر دەکات، کە
ـ- ئایا چوونە نێو سوپای سووریا واتای هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتیی رێکخستنی هێزەکانە، یاخود واتای گۆڕینی چوارچێوەی یاسایی و ئیداریی هێزەکانە بەبێ لەدەستدانی زنجیرەی فەرماندەیی و ناسنامەی هێزە کوردییەکە؟
ـ- ئایا ئەم گۆڕانە لە چ گۆرەپانێکی جوگرافیایدا رودەدات؟ لە هەموو ڕۆژئاوای کوردستاندا، یاخود بەشێکی سنووریی؟
ـ- ئایا فەرماندە و ئەفسەرە بەرزە ئایینی و رێکخستنیەکان لە پۆست و شوێنی سترتیژیدا دەمێننەوە؟
ـ- ئایا چەک و رێکخستنە کاراکانی هەرە پەرەسەندووی هێزەکە (وەک هێزی ئاسمانی، هێزی تایبەت، و شارەزاییەکان) دەمێننەوە؟

بەهەرحاڵ دڵنیام زۆرێک لە خەڵکی ئەم پرسیارانەی لا ناڕوونە، بەڵام وەک خەمخۆرێک ئەم وتارە هەوڵدانێکە بۆ خستنەڕووی ئەو مەترسییانەی کە ڕوودەدەن لە ئەنجامی پرۆژەی هەڵوەشاندنەوەی هێزی نیزامی خۆسەر و تواندنەوەی لە دامەزراوەیەکی نانیزامیی ناوەندیدا کە لەگەڵ خۆیدا هەڵیانگرتوە، بەڵام ویژدانیەن نابێت چاومان لەو هۆکارە دەرەکی و ناوخۆییانە بشارینەوە کە بەشێک لە بەڕێوەبەرانی ئیدارەی خۆسەری هانداوە بۆ پەیڕەوکردنی ئەم رێچکەیە و باوەڕهێنان بە هەڵوەشاندنەوەیان، چونکە دواجار ڕوونە کورد جگە لە چیاکان دۆستی نییە.
پێش هەموو شتێک، دەبێت ئەوە بخرێتەڕوو کە هێزەکانی سووریای دیموکراتی (قسد) لە ساڵی ٢٠١٥ەوە، تەنیا هێزێکی نیزامی نەبوونە لە ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا، بەڵکو ئەوان مێژوویان تۆمارکردو بونەتە ستوونی پشتیوانی پڕۆژەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئیداری کە بە “ئۆتۆنۆمی رۆژهەڵاتی و باکوری سووریا”، ناسراون. ئەم پڕۆژەیە لە ماوەی زیاتر لە دە ساڵدا، لە قوربانیدانێکی مەزنی سەربازی و مەدەنیدا، توانی سیستمێکی جیاوازی خۆبەڕێوەبردن دابمەزرێنێت لەپێناو فرەڕەگەزی، فرەئایینی، کە تیایدا ژنبەشداری باڵای تێداکردووە! ئەمەش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کەم وێنەیە.
بەڵام ئەوەی جێگای داخە هەڵوەشاندنەوەی ئەم هێزە و قوربانیەکانیان بەبێ زامنکردنی بەڵگەمەندە یاسایی و دەستوورییەکان، زۆر خەتەرناکە، ئاخر ئەمە واتای فەرامۆشکردنی ئەم دەستکەوتە مێژوویییە کە خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان بە خوێن و ئازاری نەوەکانیانەوە بەدەستیان هێناوە… ئاخر مێژووی نوێی ناوچەکە هەزارجار بەگوێی داداوین کە دەستکەوتی نیزامی بەبێ چوارچێوەی سیاسی و دەستووریی، شتێکی هەڵوەشاوەیە و زەرەری لە قازانج زیاترە. هەروەها چوارچێوەی سیاسیی بەبێ زامنی نیزامێکی سەربازیی خۆپارێز وەک خانویەکە لەسەر لم دروست کرابێت، کۆتاییەکەی هەر نەهامەتییە!
بەهەرحاڵ رێککەوتنی نێوان مەزلوم عەبدی و ئەحمەد شەرع لە ١٠ی ئازاری ٢٠٢٥، بەهەموو پێوەرەکان ڕوونە کە رێکەوتنێکی گشتیی و چوارچێوەیی بووە، کە لەم رێککەوتنەدا چەند خاڵێکی گرنگ هەبوون کە پێویستە ڕوونکردنەوەی زیاتریان لەسەر بدرابا و دەستنیشانی برینەکان کرابا، ئەوجار ئیمزای لەسەر بکرابایە. بۆ نموونە رێککەوتنەکە بەڵێنی “دامەزراندنی سوپایەکی نیشتیمانیی سووری فرەڕەگەزی” لێ نوسراوە، بەڵام هیچ چوارچێوەیەکی دەستووری و یاسایی روون بۆ ئەوە دیاری ناکات کە هێزە کوردییەکان بە چ شێوەیەک لەم سوپایەدا نوێنەرایەتی خۆیان دەبێت؟ ئاخر مێژووی هەرێمی کوردستان لە پرۆسەی ٢٠٠٣ەوە فێری کردوین کە بەڵێنی گشتیی بەبێ هەقی دەستووریی، جێگای متمانە نییە. هەروەها دەقی رێککەوتنەکەی هەردوولا هیچ ئاماژەیەک ناکات بۆ پرسی ماف و پێگەی سیاسیی کورد لە دەستووری داهاتوی سووریادا… کە ئایا کورد وەک نەتەوەیەکی سەرەکی ناسراو دەبێت لە دەستوری داهاتودا، ئەگەر نوسرایەوە؟ یاخود ئایا ڕۆژئاوای کوردستان وەک هەرێمێکی فیدراڵیی ناسراو دەبێت؟ ئەم پرسیارە بنەرەتییانە بێ وەڵامن تاوەکو ئێستا و دەکرێت لەداهاتوودا دەوڵەتی نوێی سوریا مەبەستی تریان بخاتە پاڵ و بە دڵی خۆی مەبەستەکەی بگۆڕێت… هەمو ئەمانا بەلایەک، لاکەی تر ڕوونە دیمەشقی نوێ لەژێر سەرکردایەتیی ئەحمەد شەرع (کە دەسەڵاتەکەی لە بیتاقەیەکی ئیدیۆلۆژیای ئیسلامییەوە دەرچووە)، هێشتا نەیتوانیوە بگاتە قۆناغی جێگیریی سیاسی… دواتر تواندنەوەی هێزێکی کامڵ و لەم جۆرەی نیزامیی کوردی لە دەوڵەتێکدا کە هێشتا نەگەیشتوو بەوپەڕی ناسنامەیدا و دیاریکردنی ڕێڕەوی حکومڕانیەکەی، مەترسیی لەبیرکردنەوەی مافە بنەڕەتیەکانی لەگەڵ خۆیدا دەتوانێت بهێنێت. ئەمانه هەمووی هۆکارن بۆ ئەوەی ئێمەو مانان بەچاوی گەشبینیەوە نەڕوانینە ئەم پڕۆسەیە.
هەربۆیە هەڵوەشاندنەوەی هێزە خۆسەرەکان و چونیان بۆ سوپای ناوەندیی نوێی سووریا، لە ڕوانگەی قەوارەی نەتەوەیی کوردیەوە چەند مەترسیەکی گەورەی هەیە، کە پێمان خۆشە بیانخەینە ڕوو، ئەڵبەتە هیوادارین وانەبێت و ئەم نیگەرانییانە لە داهاتوودا بە ڕاستی نەگەنە مەبەستی ئێمە، چونکە دواجار هەر باشەی گەلی خۆمان دەوێت.
ئەوەڵ، لەدەستدانی هەرە گرنگترین کاردانەوەی چارەسەری کێشەی سیاسی لە پەیوەندییە سیاسییەکاندا، هێزی نیزامیی خۆپارێز زۆر موهیمە کە وەک “کاردانەوەی هەڕەشە” بۆ کاریگەردانان لەسەر ئەوانی ترە، چونکە لایەنی بەرامبەر ناچار دەکات لە دانوستاندا ڕێز لە پرسە بنەرەتییەکان بگرێت. بەڵام لە کاتی هەڵوەشاندنەوەی ئەم هێزە کوردییە و لەدەستدانی سەربەخۆییە نیزامییەکەی کوردان، کورد لە لایەنێکی کاریگەر و توانادار لە دانوستانە سیاسییەکانەوە دەگۆڕدرێت بۆ لایەنێکی تەنها داواکار… ئەمەش دەتوانێت توانای کورد بۆ کاریگەری‌دانان لەسەر بڕیارە سیاسییەکان و بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکانی کەم بکاتەوە. دواتر لە روانگەی جوگرافیایی و سیاسییەوە، شوێنی جیۆسترەتیژیی ڕۆژئاوای کوردستان (کە زیاتر لە ٣٣٪ی خاکی سووریا دەگرێتەوە و تەنانەت سەرچاوە نەوتییە سەرەکییەکانی سووریای تێدایە)، جێگای چاوچنۆکی هەموو لایەنێکە… لەبەر ئەوەی ئەم ناوچەیە لە ڕووی شوێن، سەرچاوە سروشتییەکان و پەیوەندییە سنوورییەکانەوە گرنگییەکی تایبەتی هەیە، بۆیە پاراستنی دەسەڵاتی کورد و هەبوونی کۆنترۆڵی سیاسیان و ئەمنی لەسەری، بابەتێکی سادە نییە. بەبێ هێزێکی نیزامیی سەربەخۆ و توانای پاراستنی ناوچەکە، ئەو تایبەتمەندییە جوگرافیایی و سەرچاوە سروشتییە دەکرێت بە ئاسانی ببنە ئامانجی بەرژەوەندیی لایەنەکانی دیکە. بۆیە، ئەگەر کورد بە وریایی و هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم بارودۆخە نەکات، ئەگەری ئەوە هەیە بەشێک لە دەستکەوتە جوگرافیایی و سیاسییەکانی لەدەست بدات. بەڵگەمان ئەزموونە مێژووییەکانی نەتەوەی کوردە لە عێراق و ئێران و تورکیا، ئەمانە وانەیەکی گرنگیان فێر کردووین و زۆر پێویستە بۆ ئەو وانانە بگەڕێینەوە، کە لە عێراق ڕووداوەکانی ساڵانی ١٩٧٠، ١٩٧٥ و ١٩٩١ بەسن، لە ئێراقدا دامەزراندنی کۆماری مەهاباد لە ساڵی ١٩٤٦، و لە تورکیادا پرۆسەی ئاشتیی ساڵانی ٢٠١٣ تا ٢٠١٥، هەموویان پێمانی دەڵێن کە هیچ ڕێککەوتنێک بە تەنها بە بەڵێن و نووسین ناتوانێت مافی سیاسیی کورد نە بپارێزێت و نەپاراستویەتی. تەنانەت ئەگەر ڕێککەوتنێک پشتگیریی مادی و زامنی جێبەجێکردن و هێزی پشتیوانیی نەبێت، لە کاتی گۆڕانی هاوسەنگیی هێزدا لەداهاتوودا، لایەنی بەهێزتر دەتوانێت پشتی لێ بکات و پابەند نەبێت بەو بەڵێنانەی پێشتر دراون. مەترسییەکی دیکە ئەوەیە کە فەرماندە و سەربازە کوردەکان، دوای چوونە ناو سوپای ناوەندیی نوێی سووریا، تەنها ببنە نوێنەری ڕەمزی و بێ‌دەسەڵات بمێننەوە، واتە بوونیان لە ناو دامەزراوەی سوپادا تەنها بۆ نیشاندانی جۆراوجۆری و بەشداریی کورد بێت، بەڵام لە بڕیارە سەرەکییەکان و بەڕێوەبردنی هێزەکاندا دەسەڵاتی ڕاستەقینەیان نەبێت.
ڕەنگە ئەم ڕێکەوتنە و خۆهەڵوەشاندنەوەیەمان پێ ناخۆش بێت و ئەوەش لەبەر ترس و خەمخۆرییە لەدوای پڕۆسەکە، بەڵام پێویستە ئاوڕ لە هۆکارە دەرەکییەکانیش بدەینەوە کە ئیدارەی خۆسەریان بەرەو ئەم رێچکەیە پاڵ داوە. چونکە هەروەکو گوتم دواجار هەرچی بڵێین لەبەر خەمخۆریمانە بۆ گەلی خۆمان و هەرچیش لەدەسەڵاتمان بێت دەیکەن بۆ دیفاعکردن و شه‌رعیەتدان بەکار و کردەوەکانی گەلەکەمان بەڵام بەڕاستگۆیی.
ئەوەڵ هۆکار کە ئیدارەی خۆسەری پاڵناوە بۆ خۆ هەڵوەشاندەوە ئەوەیە کە گۆڕانی سیاسەتی ئەمریکای دووڕوو لە حکومەتی نوێدا زۆر پاڵنەربووە، چونکە لە ماوەی حکومەتی نوێی ئەمریکادا، متمانە و پشتیوانیی واشنتن بۆ هێزەکانی سوریای دیموکراتی کەمتر بووەتەوە بە بەراورد بە پێشووتر، ئەم گۆڕانکارییە، بە تایبەتی لە سایەی ڕێککەوتن و نزیکبوونەوە سیاسییە نوێیەکان لەنێوان تورکیا و ئەمریکادا، دواجار ئەمەش کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر هەڵسەنگاندنی سیاسیی ئیدارەی خۆسەری داناوە. دواتر هۆکارێکی دیکەی گرنگ و پەیوەندیدار، فشاری بەردەوامی تورکیا و درێژەکێشانی هێرشەکانی سەر ناوچەی کوردان بووە بە ژێرخانی ئابووریشەوە. ئەم هێرشانە تەنها کاریگەرییەکی ئەمنی و سەربازییان نییە، بەڵکو زیانێکی گەورە بە ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتیی هاوڵاتیانیش دەگەیەنن، بۆیە دەسەڵاتدارانی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان گەلی خۆیان لە مانەوەی دەسەڵات باشترە، نموونەی ئەمەش هێرشەکانی سەر بەنداوی تشرین و کێشەکانی پەیوەندیدار بە ئاوی ئەڵۆک، کە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر دابینکردنی ئاو، کارەبا و بەڕێوەبردنی ژیانی ڕۆژانەی دانیشتووان داناوە.

بەهەرحاڵ بەڵام لێرەدا پرسیارێکی بنەرەتی خۆی سەردەردەهێنێت، کە ئایا لە ژێر ئەم گوشارە بەردەوامانەدا، هەڵوەشاندنەوە و تواندنەوەی هێزێکی بەهێز کورد دەتوانێت ببێتە چارەسەر، یان بە پێچەوانەوە، دۆخەکە زیاتر ئاڵۆز و نائارام دەکات؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بەوە دەدرێتەوە کە لەبەرامبەر ڕێچکەی هەڵوەشاندنەوە و تواندنەوەدا، چەندین بەدیل و هەڵبژاردەی ستراتیژی هەیە کە دەتوانرێت لە پەرلەمانی داهاتووی سووریا و لە پرۆسەی دانوستانە سیاسییەکاندا بخرێنە بەرباس. ئەم بەدیلانە دەتوانن لەبری هەڵوەشاندنەوەی تەواوی هێزەکانی کورد، ڕێگایەکی هاوسەنگتر بۆ پاراستنی دەستکەوتە سیاسی و ئەمنییەکان و دابینکردنی بەشداریی ڕاستەقینەی کورد لە دامەزراوەکانی دەوڵەتی نوێی سووریایان هەبێت.
بۆ نموونە یەکەم پێشنیاز لەبری ئەوەی هێزەکانی سوریای دیموکراتی بە تەواوی هەڵبوەشێنرێنەوە و لەگەڵ سوپای ناوەندیی نوێی سووریا تێکەڵ بکرێن، دەتوانرێت مۆدێلێکی فیدراڵی بۆ ڕێکخستنیان پەسەند بکرێت لە پەرلەمان. واتە بە پێی ئەم مۆدێلە، ئەم هێزانە دەکرێت وەک ناوێکی هێزی هەرێمی فیدراڵیی ڕۆژئاوا لە چوارچێوەی سوپای نیشتیمانیی سووریا بە فەرمی بناسرێن و ڕێکبخرێنەوە، بە شێوەیەکی هاوشێوەی مۆدێلی هێزی پێشمەرگە لە عێراق(سەڕەڕای ڕەخنەی تەواوەتیمان لەم هێزانە بەلایەک). لە چوارچێوەی ئەم مۆدێلەدا، سەرکردایەتیی کوردان بۆ بابەتی ڕۆژانە و بەڕێوەبردنی ناوخۆیی و بڕیارە تاکتیکییەکان لە دەستی ئیدارەی ناوچەیی دەبن. بەڵام لە بوارە گشتییەکانی وەک دانانی ستراتیژییە سەربازییەکان و پاراستنی سنوورەکان و پەیوەندییە دەرەکییەکان، ئەم هێزە دەتوانرێت لەگەڵ سوپای ناوەندیی سووریا هەماهەنگی بکات. ئەم جۆرە ڕێکخستنە دەتوانێت لە یەک لایەنەوە یەکپارچەیی و سەروەریی سووریا بپارێزێت و لە لایەکی دیکەوە، هێزە کوردەکان لە شێوەیەکی فەرمی و دامەزراوەیی بۆ پاراستنی ناوچەکە و بەڕێوەبردنی کاروباری ئەمنیی ناوخۆیی بهێڵێتەوە. بەم شێوەیە، کورد هەم بەشدارییەکی ڕاستەقینە لەبابەتی ئەمنی و سیستەمی سەربازیی سووریا دەبێت و هەم سەربەخۆیییە ڕێکخراوییەکەی لە مەسەلەی هێز و سەربازی دەپارێزێت.
دووەمین پێشنیازێک ئەوەیە، پێویستە پێش هەر هەنگاوێکی نیزامی یان پرۆسەیەکی پەیوەندیدار بە هەڵوەشاندنەوەی هێزەکان، کوردان مەرجیان بێت کە دەستوری نوێی سووریا بە شێوەیەکی ڕوون و پابەندکەر ڕێکبخرێت و پەسەند بکرێت… ئەم دەستورە دەبێت بە ڕاشکاوی مافی خۆبەڕێوەبردنی هەرێمی ڕۆژئاوای کوردستان و ماف و نوێنەرایەتی نەتەوەییەکانی کورد لە دامەزراوە و دەزگاکانی دەسەڵاتی ناوەندی زامن بکات. ئاخر غەدرە ئەم مافانە نابێت تەنها لە ڕێککەوتنێکی سیاسی یان بەڵێنی کاتییەوە شەرعیەتیان پێ بدرێت… بەڵکو دەبێت بە شێوەیەکی بەڵگەدار و پابەندکەر لە دەستوردا جێگیر بکرێن، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بە ئاسانی نەگۆڕدرێن یان پشتگوێ نەخرێن. لەو ڕووەوە، ئەزموونی هەرێمی کوردستانی عێراق دوای ساڵی ٢٠٠٣ دەتوانێت ببێتە خاڵێکی گرنگ بۆ لێکۆڵینەوە و بەراوردکردن و کەڵک وەرگرتن.
دواتر لەبری هەڵوەشاندنەوەیەکی بە پەلەپەل و یەکجارەکی، دەتوانرێت پرۆسەیەکی قۆناغبەندی بۆ گواستنەوە و ڕێکخستنی هێزەکان دابمەزرێت. واتە ئەم پرۆسەیە دەبێت بە شێوەیەکی هاوتەریب لەگەڵ پێشکەوتنی پرۆسەی سیاسی و دانانی بنەما دەستوورییەکانی سووریادا بڕوات، نەک ئەوەی پرۆسەی نیزامی پێش پرۆسەی سیاسی و دەستووری بکەوێت. بۆیە لە هەر قۆناغێکدا، دەبێت کۆمەڵێک زامنی سیاسی و دەستووری بە شێوەیەکی ڕوون جێبەجێ بکرێن، پاشان کوردان بڕیار لەسەر چوونیان بۆ قۆناغی داهاتوو بدەن. بە واتایەکی دیکە، جێبەجێکردنی بەڵێن و ڕێککەوتنە دەستوورییەکان دەبێتە پێشمەرجی گواستنەوە بۆ قۆناغی دواتر. ئەم شێوازە دەتوانێت مەترسیی لەدەستدانی هێز و دەستکەوتەکانی کورد کەم بکاتەوە و لە هەمان کاتدا، متمانە لەنێوان لایەنەکاندا دروست بکات.
دوا پەیام ئەوەیە، مێژووی نەتەوەی کورد لە سەدەی رابردودا، لە پەیمانی سێڤەر (١٩٢٠) بۆ پەیمانی لۆزان (١٩٢٣)، لە کۆماری مەهاباد (١٩٤٦) بۆ رێککەوتنی ئەلجەزائیر (١٩٧٥)، لە هەڵبژاردنی ١٩٩٢ بۆ ریفراندۆمی ٢٠١٧، فێری کردوین کە دەستکەوتی نیزامیی بەبێ زامنی سیاسی و دەستوری، دەستکەوتێکی هەڵوەشاوەیە. بەڵام ناخۆشیەکەی لێرەدایە چۆن کوردان ناتوانن سود لەم ئەزموونانە وەربگرن؟ ئاخر بەتەنها بەڵێنی سیاسیی بەبێ زامنی مادی و ژوێری، بەڵێنێکی هەڵگیرەوەیە. هەموومان ئارەزوی ئاشتی و رێککەوتن دەکەین و دەزانین چارەسەری سیاسیی کێشەکانمان دەکات. بەڵام ئاشتی راستەقینە ئەوەیە کە لەسەر هاوسەنگی هێز و رێزلێگرتنی دوولایەنە دامەزرابێت. هەڵوەشاندنەوەی هێزێکی وەک قوواتی سووریای دیموکراتی، پێش ئەوەی زامنە دەستوری و یاسایی بنەرەتییەکانی قەوارەی کوردی لە ڕۆژئاوای کوردستان دابمەزرێن، وەک ئەوەیە کە کاسبکارێک ١٥ساڵ ماندووبووبێت و هەموو سەرمایەکەی بفرۆشێت پێش ئەوەی گرێبەستی مامەڵەکەی واژۆ بکات.

سەرچاوەکان:
1. Arab Center Washington DC, Syria’s Fragile Integration: The SDF Joins the Army but Autonomy Remains Elusive, October 2025. بەردەستە لە:
https://arabcenterdc.org/resource/syrias-fragile-integration-the-sdf-joins-the-army-but-autonomy-remains-elusive/

2. Wladimir van Wilgenburg, The Washington Institute for Near East Policy, The SDF’s Approach to Integration Talks in Syria and the Risk of Expanded Conflict, Jan 15, 2026. بەردەستە لە:
https://www.washingtoninstitute.org/policy-analysis/sdfs-approach-integration-talks-syria-and-risk-expanded-conflict

3. Ahmad Sharawi, Foundation for Defense of Democracies (FDD), “Political Exclusion of Syrian Kurds Threatens SDF-Damascus Deal,” May 27, 2026. بەردەستە لە:
https://www.fdd.org/analysis/2026/05/27/political-exclusion-of-syrian-kurds-threatens-sdf-damascus-deal/

٤_ Yalla Syria News, “محمود برخدان – ئاڕشیفی هەواڵ”، ٢٠٢٦. بەردەستە لە:
https://yallasyrianews.com/tag/محمود-برخدان

5. News Press Agency (NPA Syria), Mahmoud Berkhodan, a senior SDF commander in Kobani, says the YPG and the SDF will announce its dissolution ‘within days’, Aug 16, 2026. بەردەستە لە:
https://www.facebook.com/NPA.SYR/posts/1511511064323501/

6. Jaidaa Taha, Menna AlaaElDin, Syria’s interim president signs deal with Kurdish-led SDF to merge forces, March 11, 202512:08 PM. لەم بەستەرە بەردەستە:
https://www.reuters.com/world/middle-east/syria-reaches-deal-integrate-sdf-within-state-institutions-presidency-says-2025-03-10/

7. The Arab Weekly, Syrian government and Kurdish SDF agree to integration deal hailed by US as historic milestone, 30/01/2026. بەردەستە لە:
https://thearabweekly.com/syrian-government-and-kurdish-sdf-agree-integration-deal-hailed-us-historic-milestone

8. Karam Shaar Advisory, Agreement Between Ahmad Al-Sharaa and Mazloum Abdi: A Political Breakthrough, March 10, 2025, بەردەستە لە:
https://karamshaar.com/our-work/blog/agreement-between-ahmad-al-sharaa-and-mazloum-abdi/

9. The New Region, SDF’s Abdi to meet Syria’s Sharaa in Damascus for integration talks, Apr. 14, 2026. بەردەستە لە:
https://thenewregion.com/posts/5108

10. Al Arabiya English, Syria’s President Ahmed al-Sharaa announces that an agreement has been signed with Mazloum Abdi, Facebook Video, March 10, 2025.بەردەستە لە:
https://www.facebook.com/alarabiya.english/videos/1551758439210061/

11. Dr. Kamaran Aziz, , SDF, YPG Set for Dissolution as Damascus Integration Nears, 2026-08-16.
https://www.kurdistan24.net/en/story/932894/sdf-ypg-set-for-dissolution-as-damascus-integration-nears

12. Enab Baladi (English), SDF Moves Toward Dissolution: ‘We Do Not Seek a Kurdish State’, Aug. 16, 2026.
https://english.enabbaladi.net/archives/2026/08/sdf-moves-toward-dissolution-we-do-not-seek-a-kurdish-state/

١٣_ Syria TV, “كوبانی: إعلان مرتقب لحلّ وحدات حمایه‌ الشعب والانخراگ فی الجیش السوری”، ٢٠٢٦. بەردەستە لە:
https://www.syria.tv/كوبانی-إعلان-مرتقب-لحلّ-وحدات-حمایه‌-الشعب-والانخراگ-فی-الجیش-السوری

١٤_ Nabd News, “فی إگار ‘دوله‌ واحده‌ وجیش واحد’.. قیادی فی قسد یۆكد اندماج قواتها فی الجیش السوری”، ٢٠٢٦. بەردەستە لە:
https://nabd.com/s/176767152-e8689d/

١٩ی گەلاوێژی٢٠٢٦

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە