موراد قەرەیلان، ئەندامی فەرماندەیی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) بەبۆنەی ٤٢ـەمین ساڵیادی هەڵمەتی ١٥ی ئاب پەیامێکی بڵاوکردەوە. ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە ئازادیی فیزیکیی عەبدوڵا ئۆجالان مەرجی سەرەکیی ئاشتییە و ڕەخنەی توندی لە “یاسای چوارچێوە”ی پەرلەمانی تورکیا گرت، بەوەی ناوی کوردی تێدا نییە و ڕەچاوی ڕوانگەی ڕێبەرایەتیی نەکردووە.
قەرەیلان ئاماژەی بە مێژووی خەبات کرد و گوتی، هەڕەشەی لەناوبردنی ٧٢ کاتژمێریی دەوڵەت بووەتە ٤٢ ساڵ بەرخۆدان. هەروەها ڕوونی کردەوە کە لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا دەوڵەتی تورکیا بە پشتیوانیی ناتۆ و چەکی قەدەغەکراو نەیتوانی گەریلا تێکبشکێنێت، بۆیە لە زاپ و مەتینا تووشی بنبەست بوون و ناچار بوون پەنا بۆ بانگەوازی سیاسی ببات.
پەیامەکە جەخت لە ئامادەیی بزووتنەوەکە دەکاتەوە بۆ گواستنەوەی خەبات لە زەمینی سەربازییەوە بۆ کایەی سیاسی و یاسایی، بەمەرجێک ئۆجالان ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی پرۆسەکە بکات. قەرەیلان ئاماژەی بەوەدا کە تا ئێستا ٩ جار ئاگربەستیان ڕاگەیاندووە و هەمیشە هەوڵی چارەسەری ئاشتییانەیان داوە.
قەرەیلان پێشنیازی پێکهێنانی “کۆمیسیۆنی دادپەروەری و ئاشکراکردنی ڕاستییەکان”ی کرد بۆ پشکنینی تاوانەکانی ڕابردوو. ناوبراو دووپاتی کردەوە کە ئامانجیان کۆتاییهێنانە بە دوژمنایەتی و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێیە، بەڵام پێویستە دەوڵەتی تورکیا واز لە سەیرکردنیان بە چاوی تیرۆریست بهێنێت.