زەیدی لە واشنتۆن هەوڵ دەدات پێشنیارێک بخاتە ڕوو کە داماڵینی چەکی میلیشیاکان لەخۆبگرێت، هاوتەریب لەگەڵ تەواوبوونی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ئەیلوولی داهاتوودا؛ لە بەرامبەر بەستنی هاوبەشیی ئابووری و پێدانی ئەولەویەت و ئاسانکاری بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە ڕێگەی سندوقی نوێی گەشەپێدانەوە، هەروەها بەدەستهێنانی پشتگیریی ئەمریکا و کەنداو بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی ئێستای عێراق.
ڕاپۆرتی ناوەندی ئیمارات بۆ سیاسات؛ یەکەی لێکۆڵینەوەکانی عێراق
🔹 سەردانەکەی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ واشنتۆن لە ناوەڕاستی تەممووزی 2026دا، لە چوارچێوەی سیاسەتی ئیدارەی ئەمریکادایە بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی حکومەتی عێراق بە مەبەستی سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی بەسەر میلیشیاکاندا، داماڵینی چەکەکانیان و زامنکردنی ڕاگرتنی هێرشەکانیان بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ.
🔹 زەیدی لە واشنتۆن هەوڵ دەدات پێشنیارێک بخاتە ڕوو کە داماڵینی چەکی میلیشیاکان لەخۆبگرێت، هاوتەریب لەگەڵ تەواوبوونی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ئەیلوولی داهاتوودا؛ لە بەرامبەر بەستنی هاوبەشیی ئابووری و پێدانی ئەولەویەت و ئاسانکاری بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە ڕێگەی سندوقی نوێی گەشەپێدانەوە، هەروەها بەدەستهێنانی پشتگیریی ئەمریکا و کەنداو بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی ئێستای عێراق.
🔹 پێشنیارەکەی زەیدی ڕووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری و گومان دەبێتەوە سەبارەت بە توانای عێراق لە دابینکردنی گەرەنتی پێویست بۆ بەدیهێنانی پلانەکانی بە مەبەستی چاکسازی لە دۆخی ئەمنی و ئابووریی ئێستادا.
🔹 سەرکەوتنی سەردانەکەی زەیدی بۆ واشنتۆن بەستراوەتەوە بە توانای ئەو لە گۆڕینی بەڵێنەکانی حکومەتەکەی بۆ پلانی شیاوی جێبەجێکردن، بەتایبەت لەو لایەنانەی کە پەیوەندییان بە بێلایەنکردنی هەژموونی ئێران، چاکسازیی کارگێڕی و ئابووری، کۆنترۆڵکردنی میلیشیاکان و بونیادنانی متمانەیەکی ڕاستەقینە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان و وڵاتانی دراوسێی عەرەبیدا هەیە.
🔹 گرێدراو بە سەردانەکەی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ عێراق لە 28ی حوزەیراندا لەگەڵ ئەو ئامادەکارییانەی لە چەند شارێکی عێراقدا دەکرێن بۆ بەڕێکردنی تەرمی عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران، دۆسیەی جیاواز لە ئەجێندای سەردانەکەدا خرابوونە ڕوو، لەوانەش هەڵوێستی ئێران لەسەر پرسی داماڵینی چەکی میلیشیاکان، چونکە هێشتا زۆربەی کوتلە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران ڕەتیدەکەنەوە چەکەکانیان ڕادەست بکەن،
سەرەتا
بڕیارە عەلی زەیدی، سەرۆکی حکومەتی عێراق، لە ناوەڕاستی تەممووزی 2026دا سەردانی واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا بکات، بۆ هەوڵدان بە مەبەستی داڕشتنی ڕێڕەوی نوێ بۆ پەیوەندییە گرژەکانی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکان، جگە لە پەیوەندییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکانی عێراق کە بەهۆی جەنگی ئەم دواییەی نێوان ئێران لە لایەک و ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل لە لایەکی ترەوە، زیانی گەورەیان بەرکەوتووە.
ئەم ڕاپۆرتە باسی ئەو ئاڵنگارییانە دەکات کە بە گشتی ڕووبەڕووی بونیادنانی سیاسەتێکی دەرەکیی هاوسەنگ بۆ عێراق دەبنەوە، لەگەڵ وەڵامدانەوە چاوەڕوانکراوەکانی عێراق بۆ گوشار و داواکارییەکانی ئەمریکا سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی میلیشیا چەکدارەکان، و ئەگەری بەهێزکردنی هاوبەشییە ئابوورییەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ ڕزگارکردنی وڵات لە هەڕەشەکانی قەیرانێکی ئابووریی گەورەتر.
پێشوازیی مەرجدارى ئەمریکا لە سەردانەکە
حکومەتی عێراق ڕایگەیاند کە عەلی زەیدی سەرۆک وەزیران، بانگهێشتنامەیەکی لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاوە پێگەیشتووە بۆ سەردانیکردنی واشنتۆن لە ناوەڕاستی مانگی تەممووزدا. ئەم بانگهێشتنامەیەش _کە لە قۆناغێکی پێشوەختی تەمەنی حکومەتێکدایە کە هێشتا کابینەکەی تەواو نەکراوە_ وەک پەیامێکی ئەرێنی ئەمریکا بەرامبەر بە بەغدا لێکدرایەوە، کە دەخرێتە سەر ئەو هەڵوێستانەی پێشوازی و پاڵپشتییەی پێشتری سەرۆکی ئەمریکا لە ساتەوەختی هەڵبژاردنی زەیدی وەک بەربژێر بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕایگەیاندبوون.
بەڵام پێشوازییەکەی ئەمریکا بێ مەرج نییە؛ پێشتر ویلایەتە یەکگرتووەکان، بەپێی بەیاننامەی هاوبەشی کۆبوونەوەی تۆم براک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق لەگەڵ زەیدی لە 15ی حوزەیراندا، کۆمەڵێک دیاریکەری (المحددات) ئەمریکی خستووەتە ڕوو کە حوکمی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەکەن، کە دیارترینیان پرسی میلیشیا چەکدارەکانە. بەیاننامەکە داوای “داماڵینی تەواوەتی چەک و هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم گرووپ و پێکهاتە چەکدارەکانی دەرەوەی دەسەڵات و کۆنترۆڵی دەوڵەتی عێراق، و کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتی عێراقدا” دەکات. ئەمە جگە لە چارەسەرکردنی پرسی هێرشەکانی ئەم دواییانە کە لە ناوخۆی عێراقەوە ئاراستەی وڵاتانی دراوسێ کران، لە ڕێگەی “سەپاندنی سەروەریی تەواوەتی، بە شێوازێک کە دوورخستنەوەی عێراق لە ململانێکان زامن بکات، و خاکەکەی لەلایەن هیچ لایەنێکەوە بۆ هەڕەشەکردن لە ئاشتیی هەرێمایەتی بەکارنەهێنرێت”. پاشان پرسی بەهێزکردنی هاوکاریی ئابووری و وەبەرهێنان لە نێوان هەردوو وڵاتدا دێت، بەتایبەتی لە بوارەکانی وزە و پەیوەندییەکاندا.
بێگومان، ئەجێندای پەیوەندییەکانی عێراق-ئەمریکا سروشتێکی ئاڵۆزتری هەیە و بابەتگەلێکی بەپەلە لەخۆدەگرێت، وەک پرسی بەستنی ڕێککەوتننامەیەکی دووقۆڵی بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییە سەربازی و ئەمنییەکان دوای کۆتاییهاتنی ماوەی ئەرکی “هاوپەیمانی نێودەوڵەتی” لە عێراق لە ئەیلوولی داهاتوودا. هەروەها بابەتگەلی خاوەن سروشتی سیاسی، وەک پابەندبوونی ئەمریکا بە زامنکردنی دیموکراسی لە عێراق بەپێی دەقەکانی ڕێککەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژیی نێوان هەردوو وڵات لە ساڵی 2011دا، جگە لە دۆسیەکانی چاکسازیی کارگێڕی و دارایی و پرسەکانی مافی مرۆڤ؛ کە وەک چاوەڕوان دەکرێت، هەموو ئەمانە دەخرێنە سەر مێزی گفتوگۆی هەر سەرۆک وەزیرانێکی عێراق کە سەردانی واشنتۆن بکات.
سەبارەت بە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی زەیدی، دەرکەوتووە کە گۆشەنیگای ئەولەوییەتەکان لە نێوان بەغدا و واشنتۆندا جیاوازە. لە کاتێکدا مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێی وابوو کە پرسی سەروەریی عێراق و کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا لە سەرووی ئەولەوییەتەکانی سەردانەکە دەبێت، حکومەتی عێراق _بەپێی وتەبێژەکەی_ پێی وایە بابەتە ئابوورییەکان لە لوتکەی ئەولەوییەتەکاندان. لە ڕاستیدا، ئەم جیاوازییە بنەڕەتی نییە، چونکە ڕوون بووەتەوە کە هەر پێشکەوتنێک لەسەر ئاستی گەشەپێدانی ئابووری، کارگێڕی و دارایی لە عێراقدا، چ جای هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی یارمەتیی واشنتۆن و وڵاتانی عەرەبیی کەنداو و دامەزراوە بانکییە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەشداریکردن لە چارەسەرکردنی ئەو تەنگژە داراییەی کە ئێستا حکومەت بەدەستییەوە دەناڵێنێت، بە شێوەیەکی جومگەیی بەستراوەتەوە بە دۆسیەی هەڵوەشاندنەوەی میلیشیا چەکدارەکان و چارەسەرکردنی لێکەوتە ناوخۆیی و هەرێمایەتییەکانی، بەو پێیەی بەربەستێکی سەرەکین لەبەردەم هەوڵەکانی چاکسازیی حکومەتدا.
ئەم پێکەوەبەستراوییەی نێوان دۆسیەکانی عێراق لە گوتاری ئەمریکیدا بە ڕوونی دیارە، بە بەراورد بە گوتاری حکومەتی عێراق کە هەوڵ دەدات دۆسیەکان لەیەک جیا بکاتەوە و لەبری پلان و ستراتیژ، بەڵێن پێشکەش بکات. ئەمەش داوای ڕوونیی زیاتر دەکات لە دیدگای لایەنی عێراقی لە کاتی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەیدا بەرامبەر بەو تەحەددییە تێکەڵاوانەی کە ڕووبەڕووی عێراق دەبنەوە، هەروەها پێشکەشکردنی پلانی شیاوی جێبەجێکردن لەسەر ئاستی قۆرخکردنی چەک و هەڵوەشاندنەوەی میلیشیا چەکدارەکان و کۆتاییهێنان بە هەڕەشەکانیان بۆ سەر ناوخۆی عێراق و وڵاتانی دراوسێ، کە ئەمەش بنەمایە بۆ هەر پلانێک کە پەیوەندی بە چاکسازیی ئابووری، کارگێڕی و سیاسییەوە هەبێت کە عێراق لەم قۆناغەدا بە هاوکاری و یارمەتیی دراوسێکانی و ویلایەتە یەکگرتووەکان پێویستی پێیەتی.
دیاریکەرەکانی (محددات) پەیوەندییە دەرەکییەکانی عێراق و ئاڵنگارییەکانی
ناکرێت بانگەشە (ئیدیعا) بکرێت کە عێراق لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەرۆک سەددام حوسێنەوە خاوەنی ستراتیژێکی دیاریکراو بووە کە حوکمی پەیوەندییە دەرەکییەکانی کردبێت، بەڵام دەکرێت ئاڕاستەیەکی گشتی جیابکرێتەوە کە لە ڕووی دەستوورییەوە دەربڕینی لێکراوە و جێبەجێکردنەکانی کەوتوونەتە ژێر تێڕوانینی حکومەتە یەک لەدوای یەککانەوە، لەسەر ئاستی هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی هاوسەنگییەک کە زۆربەی کات بەدەستهێنانی ئەستەم بووە لە نێوان دیاریکەر و پابەندبوونەکانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکاندا کە سروشتی لێکەوتەکانی داگیرکاریی ئەمریکا لە ساڵی 2003دا سەپاندبوونی، و دیاریکەر و پابەندبوونەکانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێراندا کە لە پێشوەختەوە هەژموونی خۆی بەسەر دیمەنی عێراقدا سەپاند و کارەکتەرە سیاسی و چەکدارەکانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا. هەروەها پێویست بوو عێراق لەسەر ئاستەکانی تریشدا کار بۆ هاوسەنگی بکات لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران لە لایەک و قووڵایی عەرەبیی خۆی و تورکیا لە لایەکی ترەوە، جگە لە هاوسەنگی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و کۆمەڵەی ئەوروپی لە لایەک و چین و ڕووسیا لە لایەکی ترەوە.
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا دەرکەوت کە چەمکی “هاوسەنگی” لە ڕووی شێوەوە پێناسە کراوە لەسەر ئاستی دروستکردنی پەیوەندیی دیپلۆماسی یان ئاڵوگۆڕی سەردان لەگەڵ دەرەوەدا، لە کاتێکدا سیستەمی بەرژەوەندییە قووڵەکان بە تەواوی بە ئاڕاستەی بەرەی ئێرانی بوو لەسەر ئاستی هەرێمایەتی، لەسەر حیسابی پەیوەندییە مێژووییەکان لەگەڵ دەوروبەرە عەرەبییەکەیدا. هەروەها بەرژەوەندییەکانی چین و ڕووسیا لە ناوخۆی عێراقدا زیاتر ئامادەییان هەبوو بە بەراورد بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.
قسەکردنی بەردەوامی ئەمریکا لەسەر بێتوانایی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە ڕکابەریکردنی هاوتا ئێرانی، چینی و ڕووسییەکانیان، بەڵگەیەکە لەسەر شکستی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق لە بەدیهێنانی ئەو “هاوسەنگی”یەی ئاماژەی پێکرا. هەمان شت بەسەر ئاستەکانی ئاڵوگۆڕی بەرژەوەندی و ئامادەیی ئابووریی عەرەبیدا جێبەجێ دەبێت بە بەراورد بە ئامادەیی ئێران، کە ئەمەش لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە ڕوونی ڕەنگی دایەوە، کاتێک ویلایەتە یەکگرتووەکان دەستیکرد بە جێبەجێکردنی زنجیرەیەک سزای پەرەسەندوو بەسەر بەرژەوەندییە بانکی و ئابوورییە عێراقییە ئەهلی و حکومییەکاندا بە تۆمەتی بەقاچاخکردنی پارە بۆ ئێران یان فێڵکردن بۆ ساغکردنەوەی نەوتی ئێران.
ئەو پرسیارەی کە سەبارەت بە سەردانەکەی زەیدی بۆ واشنتۆن دەخرێتە ڕوو، پەیوەندی بە ڕادەی ئارەزووی حکومەتی عێراقەوە نییە بۆ ڕاستکردنەوەی هاوسەنگییە لاربۆوەکان لە پەیوەندییە دەرەکییەکانی عێراقدا، بەڵکو پەیوەندی بە ئاستی ئیرادەی هێزە کاریگەرەکان لە بڕیاری عێراقیدا و جدییەتی ئەوانەوە هەیە، بەتایبەت لایەنە شیعییەکان، بۆ بەدیهێنانی ڕاستکردنەوەیەکی لەو شێوەیە، بەو پێوەر و هەنگاوە پراکتیکییانەی کە پێویستی پێیەتی و لە گۆڕینی ئەو بارودۆخ و فاکتەرانەوە دەست پێدەکات کە بەشداربوون لە قۆرخکردنی کایەی هەژموون و کاریگەریی ئەمنی، سیاسی و ئابووری لە عێراقدا لەلایەن ئێرانەوە.
رەنگە ئەو ژینگە سیاسییە عێراقییەی کە بەهۆی جەنگی ئەم دواییەی کەنداوەوە هاتە کایەوە و ئەو شڵەژان و گوشارە ئەمنی و ئابوورییانەی لێکەوتەوە، ڕێگەی خۆشکردبێت بۆ دەرکەوتنی هەڵوێستی سیاسیی عێراقی کە داوای بەدیهێنانی گۆڕانکاری و هاوسەنگی دەکەن، تەنانەت لەلایەن هەندێک لەو لایەنانەشەوە کە زۆرترین لایەنگرییان هەبوو بۆ ڕاکێشانی عێراق بەرامبەر بە میحوەرى ئێرانی. بەڵام دیاریکەرەکانی سیاسەتی دەرەکیی عێراق لە ڕاستیدا پێشوەختە لەلایەن ئێرانەوە کێشراون، و گەرەنتی نییە کە عێراق بتوانێت ئەو دیاریکەرانە بگۆڕێت بەبێ ڕەزامەندیی ئێران. لەم قۆناغەدا، ناوەندە سیاسییەکانی عێراق زانیاری دزەپێدەکەن کە دەکرێت وەک “نەبوونی ڕێگریی ئێران” دابنرێت بۆ هەوڵەکانی عێراق بە ئاڕاستەی دابینکردنی هەندێک لە مەرجەکانی ئەمریکا کە دەکرێت ڕێگە بدەن بە کەمکردنەوەی گوشارەکان، بەتایبەتی گوشارە ئابوورییەکان لەسەر ناوخۆی عێراق، وەک هەڵوەشاندنەوەی هەندێک لە میلیشیا چەکدارەکان، یان کرانەوە بەڕووی فراوانکردنی هاوبەشییە ئابوورییەکان لەگەڵ واشنتۆن و وڵاتانی کەنداو.
دەکرێت گۆڕانکارییە ئێرانییە گریمانەکراوەکان بەرامبەر بە عێراق، بە لێکەوتەکانی جەنگی ئەم دواییە لەسەر ناوخۆی ئێران، یان بە پێویستییەکانی ڕێککەوتنی ئاگربرست لەگەڵ ئیدارەی سەرۆک ترەمپ ڕوون بکرێنەوە. هەروەها دەکرێت ئەو مەترسییە کۆمەڵایەتییانەی کە ڕەنگە لە قەیرانی دارایی عێراقەوە سەر هەڵبدەن _بەتایبەت لەسەر ئاستی هەڵگیرساندنی ئاژاوە لە ژینگەی شیعیی عێراقدا کە ئێران بە دیارترین کایەی هەژموونی خۆی دادەنێت_ بخرێنە ڕوو وەک یەکێک لە هۆکارەکانی پاڵنەری سیاسییەکان، بەتایبەت سەرکردەکانی “چوارچێوەی هەماهەنگی” بەستراو بە ئێرانەوە کە لەلایەن دیارترین میلیشیا چەکدارەکانەوە پاڵپشتی دەکرێن، بە ئاڕاستەی پێشکەشکردنی سازش لە وەڵامی گوشارەکانی ئەمریکادا. بەڵام هەموو ئەمانە ڕوونکردنەوەیەکی گەرەنتی کراو و گشتگیر پێشکەش ناکەن مەگەر لە حاڵەتی دەرکەوتنی ئاماژەکان بۆ گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە لە سروشتی ستراتیژەکانی ئێران بەرامبەر بە ناوچەکە، کە ئەمەش بابەتێکە هێشتا بە دوور دەزانرێت.
گۆڕینی ڕێڕەوی پەیوەندییە دەرەکییەکان لە ماوەی قۆناغی داهاتووی عێراقدا مەحاڵ نییە، بەڵام پێویستی بە ئیرادەیەکی ڕاستگۆیانە هەیە بۆ دەستپێکردنی هەنگاوی کرداری بە مەبەستی ڕەواندنەوەی تەحەددییەکان لەبەردەم ئەم هەوڵەدا، کە گرنگترینیان ئەمانەن:
1. کارکردنی دەستبەجێ لەسەر پلانی ڕاگەیەندراو کە زامنی دۆزینەوەی یەکلاکردنەوەیەکی گشتگیری قناعەتپێکەر بۆ وڵاتانی دراوسێی عەرەبی پێش واشنتۆن بکات، سەبارەت بەو هەڕەشەیەی کە میلیشیا چەکدارە عێراقییەکان لەسەر ئاسایشی ناوچەکە دروستی دەکەن، بە شێوازێک کە بونیادنانی پەیوەندییەکانی لەسەر بنەمای متمانەی قۆناغ بە قۆناغ و هاوکاری و تەواوکاریی ئابووری زامن بکات.
2. بێلایەنکردنی ناوەندەکانی هەژموونی ئێران لە دەسەڵاتەکانی بڕیاری کارگێڕی، ئەمنی و سیاسی، بەتایبەتی لەسەر ئاستی بەدیهێنانی مامەڵەی هاوسەنگ بۆ کۆمپانیا و بەرژەوەندییە هەرێمایەتییەکان لە عێراقدا، بە شێوازێک کە وەبەرهێنان ئاسان بکات و بنەماکانی هاوبەشی بونیاد بنێت.
3. ئەنجامدانی چاکسازیی پێکهاتەیی لە پێکهاتەی هەردوو سیستەمی کارگێڕی و ئابووریدا، بە شێوازێک کە زامنی لاوازکردنی گەندەڵی، بەدیجیتاڵکردنی ڕێکارەکان و دابینکردنی شەفافیەت لە کارکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراقدا بکات، و بەجۆرێک کە تێوەگلانی کۆمپانیا و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان لە چوارچێوەی وەبەرهێنان لە ناوخۆی عێراقدا ئاسان بکات.
4. بەشداربوون لە پلانی وڵاتانی ناوچەکە بۆ پەرەپێدانی هێڵ و ڕێڕەوەکانی گواستنەوەی نەوت و بازرگانی دوای قەیرانی گەرووی هورمز، لە ڕێگەی تەواوکردنی پلانی گواستنەوەی نەوت بە بۆری لەگەڵ ئوردن، سووریا، تورکیا و شانشینی عەرەبستانی سعوودی، و گرتنەبەری پڕۆژەی پەرەپێدانی گواستنەوەی دەریایی و وشکانی لە دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتووەوە بۆ ئەوروپا بە تێپەڕبوون بە عێراق و تورکیادا، و کردنەوەی دەرگاکانی هاوبەشی لەگەڵ کوێت لە بواری هەمەجۆکردنی هێڵەکانی هەناردەکردنی نەوت و گواستنەوەی بازرگانیدا.
5. لاوازکردنی گوتاری ڕق وکینە کە لەسەر بنەمای تایفی یان نەتەوەیی یان ناوچەیی بەرامبەر بە وڵاتانی دراوسێی هەرێمایەتی یان بەرامبەر بە کۆمەڵگاکانی ناوخۆی عێراق داڕێژراوە، کە لەلایەن هێز و پارتە سیاسییەکان و پلاتفۆرمە میدیاییەکانەوە کە لە ناوخۆی عێراقەوە کار دەکەن، پەیڕەو دەکرێت.
ئەوەی لە چوارچێوەی جووڵەکانی زەیدیدا تا ئێستا ڕوونە، ئەوەیە کە ئەو لە ڕاستیدا هەوڵ دەدات گۆڕانکاریی داواکراو بهێنێتە کایەوە لەسەر ڕێگەی ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوەکانی پەیوەندییە دەرەکییەکانی عێراق، لە ڕێگەی گرتنەبەری ڕێکاری سەرەتایی بۆ وەرگرتنی چەکی میلیشیاکان و ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە پۆستەکانی دەوڵەتدا، و ئاشکراکردنی هەندێک لە تۆڕەکانی گەندەڵی کارگێڕی و دارایی. هەروەها ئەو هەوڵ دەدات _بەپێی دوایین لێدوانەکانی_ هاوبەشییەکی ئابووریی بەرفراوان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکاندا دروست بکات.
هاوبەشیی ئەمریکی وەک جێگرەوەی ڕێککەوتننامەی چینی!
عەلی زەیدی، سەرۆکی حکومەتی عێراق پەردەی لەسەر هێڵە گشتییەکانی پلانێکی گەشەپێدان لادا کە دامەزراندنی سندوقێک لەخۆدەگرێت بە بەهای داهاتی هەناردەکردنی 500 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لە نەوتی عێراق (کە چاوەڕوان دەکرێت کەمبکرێتەوە بۆ 250 هەزار بەرمیل)، بە مەرجێک سندوقەکە تەرخان بکرێت بۆ تمویلکردنی پڕۆژە ئابوورییە زەبەلاحەکان لە بوارەکانی وزە، پەیوەندییەکان و ژێرخاندا کە گرێبەستی جێبەجێکردنیان بدرێتە کۆمپانیا ئەمریکییەکان.
لە ڕووی شێوەی گشتییەوە، ئەم پلانە کە پێدەچێت لەسەر بنەمای گفتوگۆکانی پێشووی عێراق-ئەمریکا گەڵاڵە بووبێت، تا ڕادەیەکی زۆر هاوشێوەی ڕێککەوتننامەی عێراق-چینە، کە لە سەردەمی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی پێشووتردا (2018 – 2020) واژۆ کرا، کە ئەو کات دامەزراندنی سندوقێکی دارایی تایبەت لەلایەن عێراقەوە بۆ تمویلکردنی گرێبەستەکان لەگەڵ کۆمپانیا چینییەکاندا لەخۆدەگرت کە لە بەرهەمهێنانی نەوتی عێراقەوە تێر دەکران. بەڵام ئەم ڕێککەوتننامەیە دوای تێپەڕبوونی نزیکەی شەش ساڵ بەسەر بەستنیدا، تەنها لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی بونیادنانی 1000 قوتابخانە لە ناوچە جیاجیاکانی عێراقدا سەرکەوتوو بوو.
دەکرێت باسی چەند هۆکارێک بکرێت بۆ شکستی ئەو ڕێککەوتننامەیە، کە دیارترینیان ئەو قەیرانە ئابووری و داراییانە بوون کە بەسەر عێراقدا هاتن و تا ڕادەیەکی زۆر ڕێگرییان لە تمویلکردنی سندوقەکە کرد، هەروەها ژینگەی گەندەڵی کە لە دامەزراوە عێراقییەکاندا بڵاوە و گومان دەکرێت کۆمپانیا چینییەکان لەسەر حیسابی کارامەیی جێبەجێکردن لێبووردەتر بووبێتن بەرامبەری، جگە لە ئاڵۆزییە بیرۆکراتییەکان کە ڕێگرییان لە سپاردنی پڕۆژە گەورەکان بەو ڕێککەوتننامەیە کرد. بەڵام ئەوەش زانراوە کە ڕێککەوتننامە چینییەکە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بووە مایەی گومانی لایەنی ئەمریکی کە لە بۆنە جیاجیاکاندا هۆشداریی دابووە عێراق لە چوونە ناو کایەی هەژموونی دارایی چین لە دەروازەی ئێرانییەوە، لەسەر حیسابی کشانەوەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە عێراق.
ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە زەیدی دەچێتە ناو کۆشکی سپی لە کاتێکدا دۆسیەی ڕێککەوتننامەیەکی شیاوی بەبازاڕکردن پێشکەش بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دەکات وەک جێگرەوەی ڕێککەوتننامە چینییەکە، سەرەڕای ئەوەی وردەکارییەکانی دۆسیەکە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاتر دەبێت بۆ چارەسەرکردنی پرسی گرنگ، وەک: تواناکانی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق کە مەرج نییە دابینکردنی تمویلی پێویست زامن بکەن لە ناوەڕاستی پابەندبوونی بودجەی عێراقدا کە زۆربەی بۆ تمویلکردنی مووچەی ملیۆنان فەرمانبەر تەرخانکراوە، هەروەها ژینگەی کارگێڕی و ئەمنیی عێراق کە لە ماوەی دوو دەیەدا ڕێگری لە چوونی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ ناو بازاڕی عێراق کردووە، و ئەو گەرەنتییانەی کە ڕێککەوتننامەیەکی لەم شێوەیە پێویستی پێیەتی، و سروشتی سندوقی تمویلەکە کە دادەمەزرێت و شوێنەکەی و شێوازی کۆنترۆڵکردنی خەرجییەکانی بەو پێیەی گەورەترین گەرەنتییە کە عێراق دابینی دەکات بۆ سەرخستنی هاوبەشییەکی لەم شێوەیە. فاکتەری گرنگتر لە هەموو ئەمانەدا، گرتنەبەری زنجیرەیەک هەموارکردنە لەلایەن عێراقەوە لە سیستەمی کارگێڕی و شێوازەکانی بەڕێوەبردنی گرێبەستەکاندا، و ئەو گەرەنتییانەی کە پێویستن بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی و پاراستنی، کە هەموو ئەمانە دەکرێت کاریان لەسەر بکرێت لە حاڵەتی هەبوونی جدییەتی پێویستدا.
هەوڵێکی ئێرانی بۆ دەستبەسەرداگرتنی ڕەمزییەتی سەردانەکە
گرێدراو بە سەردانەکەی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ عێراق لە 28ی حوزەیراندا لەگەڵ ئەو ئامادەکارییانەی لە چەند شارێکی عێراقدا دەکرێن بۆ بەڕێکردنی تەرمی عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران، دۆسیەی جیاواز لە ئەجێندای سەردانەکەدا خرابوونە ڕوو، لەوانەش هەڵوێستی ئێران لەسەر پرسی داماڵینی چەکی میلیشیاکان، چونکە هێشتا زۆربەی کوتلە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران ڕەتیدەکەنەوە چەکەکانیان ڕادەست بکەن، لە ناوەڕاستی تۆمەتبارکردنی لایەنی ئێرانی بە پێکهێنانی گرووپی چەکداری جێگرەوە بۆ ئەو گرووپانەی کە ڕەنگە وەڵامی داواکارییەکانی ئەمریکا بدەنەوە بۆ ڕادەستکردنی چەک.
زەیدی گرتنەبەری ڕێکاری زۆرەملێ لەلایەن حکومەتەوە دژ بەو میلیشیایانەی کە داماڵینی چەکەکانیان ڕەت دەکەنەوە، دەبەستێتەوە بە ڕێکەوتی جێبەجێکردنی قۆناغی کۆتایی ڕێککەوتننامەی ئەمنی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکان کە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی “داعش” لە بنکەی “هەریر” لە هەولێر دەگرێتەوە، کە بە دوایین پێگەی ئەو هێزانە دادەنرێت کە تێیدا بڵاوکراونەتەوە لە ناوخۆی عێراقدا. زەیدی داوای لە کوتلە چەکدارەکان کردووە لەژێر چەتری دەوڵەتدا کار بکەن، و دەوترێت کە ئەو ڕاوێژی لەگەڵ نوێنەرانی ئەو میلیشیایانە و لەگەڵ لایەنی ئێرانیشدا ئەنجامداوە، بە مەبەستی دیاریکردنی ئەیلوولی داهاتوو وەک دوا مۆڵەت پێش وەڵامدانەوەی داواکاریی ڕادەستکردنی چەک.
پێدەچێت ئێران لەم قۆناغەدا هەوڵ نەدات گوشاری گەورە پەیڕەو بکات بە ئاڕاستەی پاراستنی میلیشیاکان، بەڵکو گوشارەکان چڕبوونەتەوە لەسەر پاراستنی “دەستەی حەشدی شەعبی” کە تاران بە گرنگترین گەرەنتی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە ناوخۆی عێراقدا دادەنێت. لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا زانیاریی پشتڕاستنەکراو تێپەڕێندران سەبارەت بە دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن لەلایەن بەغداوە بۆ حوسێن موئنس، کە سەرۆکی کوتلەی “حقوق”ی سەر بە میلیشیای “کەتائیبی حزبوڵا”یە لە عێراق بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە گەندەڵی، جگە لە دەستگیرکردنی عەلی مەعارج بەهادلی، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق کە وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا سزای بەسەردا سەپاندبوو، لەسەر پاشخانی تۆمەتبارکردنی بە ئاسانکاریی قاچاخکردنی نەوتی ئێران لە ڕێگەی عێراقەوە، هاوشانی پەرلەمانتار و سیاسییانێک کە زۆربەیان لە بازنەی هەژموونی ئێراندا ئەژمار دەکرێن. هەنگاونانی حکومەتی عێراق بۆ جێبەجێکردنی ڕێکاری دادوەری دژ بە کەسایەتییەکانی نزیک لە ئێران، خۆی لە خۆیدا پەیامێکی نیازباشییە کە پێش سەردانەکەی زەیدی بۆ واشنتۆن دەکەوێت، هەرچەندە ڕەنگە جێگەی ڕەزامەندی لایەنی ئێرانی نەبێت کە هێشتا هەوڵ دەدات وەرەقە ناوخۆییەکانی خۆی ڕێکبخاتەوە و ڕێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکاندا جێگیر بکات.
ئەو تێبینییەی کە زۆرترین دەلالەتی هەیە، لەلایەن سەرچاوە عێراقییەکانەوە ئاشکرا کرا سەبارەت بە پێگەیشتنی بانگهێشتنامەیەک بە زەیدی کە عێراقچی هەڵیگرتبوو بۆ سەردانیکردنی تاران پێش بەڕێکەوتنی بۆ واشنتۆن، بەڵام زەیدی ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ سەردانیکردنی تاران دوای سەردانی واشنتۆن نەک پێش ئەوە. لە ڕاستیدا، قبوڵکردنی سەردانی تاران لەلایەن زەیدییەوە لەم کاتەدا لێکەوتی خاوەن سروشتی ڕەمزی دەهێنایە کایەوە کە ڕەنگە زیان بە ئامانجی سەرەکیی سەردانەکەی زەیدی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان بگەیەنێت، کە پەیوەندی بە هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی گرژی لە پەیوەندییەکەدا و سەپاندنی هاوبەشییەکی درێژخایەن لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەیە. هەروەها زەیدی هەوڵ دەدات عێراق ڕۆڵێکی کاریگەر بگێڕێت لە بەدیهێنانی ئاسایشی هەرێمایەتیدا لە قۆناغی داهاتوودا، و فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق داوای “بەستنی کۆبوونەوەیەکی کردووە کە وڵاتانی عەرەبیی کەنداو و عێراق و ئێران لەخۆبگرێت، بۆ تاوتوێکردنی ئاسایشی ناوچەکە و کۆتاییهێنان بە جەنگ”.
دەرەنجامەکان
سەردانەکەی زەیدی بۆ واشنتۆن لە ناوەڕاستی تەممووزی داهاتوودا گرنگییەکی تایبەت بۆ عێراق بەدەست دەهێنێت، کە ڕووبەڕووی ئاڵنگاری ئەمنی و ئابووریی سەخت دەبێتەوە و یەکێک بوو لەو وڵاتانەی بە جەنگی ئەم دواییە کاریگەرییان لەسەر دروستبوو؛ بەتایبەتی لەسەر ئاستی لەدەستدانی کۆنترۆڵی ئەمنیی میلیشیا چەکدارەکانی بەستراو بە ئێرانەوە و بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ، یان لەسەر ئاستی بۆردومانی ڕۆژانەی ئێران کە هەرێمی کوردستانى کردبووە ئامانج، جگە لەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە ئەمریکییانەی کە دژ بە سەربازگەکانی سەر بە “حەشدی شەعبی” لە ماوەی جەنگەکەدا جێبەجێ کران. بەڵام ئاڵنگاریی ئابووری کە شوێنەوارەکانی درێژ دەبنەوە و ئاڵۆزییەکەی زیاد دەکات، گەورەترین نیگەرانیی حکومەتەکەی زەیدی پێکدەهێنێت کە لە پێشینەکەیەوە گەنجینەیەکی نیمچە خاڵیی وەرگرتووە لە بەرامبەر پابەندبوونی دارایی گەورەدا کە دەبێت جێبەجێیان بکات.
ئەم گوشارانە چوارچێوەی گشتیی سەردانەکەی زەیدی بۆ واشنتۆن پێکدەهێنن، کە لە ڕێگەیەوە هەوڵ دەدات پێشنیارێک بخاتە ڕوو کە داماڵینی چەکی میلیشیاکان لەخۆبگرێت هاوتەریب لەگەڵ تەواوبوونی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ئەیلوولی داهاتوودا، لە بەرامبەر بەستنی هاوبەشیی ئابووری و پێدانی ئەولەویەت و ئاسانکاری بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان، و بەدەستهێنانی پاڵپشتیی ئەمریکا و کەنداو بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی ئێستای عێراق.
بەڵام هەمان ئەو پێشنیارە بەڵێندەرە چەندین گومان دەخاتە ڕوو سەبارەت بە توانای عێراق بە سیستەمە سیاسی و کارگێڕییەکانییەوە کە تێوەگلاون لە گەندەڵی و لەلایەن ئێرانەوە دزەیان تێکراوە، و لەلایەن میلیشیاکانەوە کۆنترۆڵکراون، لەسەر دابینکردنی گەرەنتی پێویست بۆ بەدیهێنانی پلانەکانی بە مەبەستی ڕزگارکردنی دۆخی ئەمنی و ئابووریی ئێستا.
ئەوەی دەکرێت وەک هەواڵێکی باش ئەژمار بکرێت، پەیوەندی بەو هەماهەنگییە ڕوونەوە هەیە لە نێوان جووڵەکانی زەیدی لە لایەک و فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە لایەکی ترەوە، کە وەک نوێنەری ئەو دەسەڵاتەی کە جێگیرترینە لە دۆخی ناجێگیری عێراقدا، بەشداربوو لە گەڵاڵەکردنی دیدگای نوێی عێراقی بەرامبەر بە ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی پەیوەندییە دەرەکییەکانی عێراق بە گشتی، و ویلایەتە یەکگرتووەکان بە تایبەتی، و پێشکەشکردنی ئەو گەرەنتییانەی کە بۆ بەدیهێنانی هەموو ئەمانە پێویستن.
سەرچاوە
– مرکز الامارات للسیاسات، وحدة الدراسات العراقية، زيارة الزيدي إلى واشنطن وتحديات إعادة ضبط علاقات العراق الخارجية،|30 يونيو 2026؛
https://epc.ae/ar/details/featured/al-zaidi-s-visit-to-washington-and-the-challenges-of-resetting-iraq-s-foreign-relations