لە ماوەى هەشت ڕۆژى ڕابردوودا دوو کۆڵبەرى خەڵکى ڕۆژهەڵاتى کوردستان بەهۆى خنکان لە ئاو و تەقەکردنى هێزە ئەمنییەکانى ئێرانەوە گیانیان لە دەستداوە. حکومەتى ئێرانیش بۆ دانەوەى تەرمى یەکێک لە کۆڵبەرەکان داواى پارەی لە بنەماڵەکەى کردووە.
تۆڕى مافى مرۆڤى کوردستان ئەمڕۆ ٢٨ى ئازارى ٢٠١٦ بڵاویکردەوە، کۆڵبەرێکى تەمەن ١٧ ساڵان بە ناوى عەبدولخالق غەفارى خەڵکى گوندى ئەنیحنە رزاى شارى بانە لە کاتى پەڕینەوەى بە هێسترەکەى لە ڕووبارێکى سنوورى چۆمانى بانەدا لە ئاوى ڕووبارەکەدا خنکاوە و گیانى لە دەستداوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، تاوەکو ئێستا هەوڵى بنەماڵە و کەسوکارەکەى بۆ دۆزینەوەى تەرمى ئەو کۆڵبەرە تەمەن ١٧ ساڵانە بێ ئەنجام بووە و تەرمەکیان لە ئاوى ڕووبارەکەدا نەدۆزیوەتەوە. ئەوەش لە کاتێکدایە لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا شەپۆلێکى بارانبارینى بەردەوام ڕووى لە ناوچەکە کردووە وئەوەش بووەتە هۆى ئەوە ئاوى ڕووبارەکان بەرز ببنەوە و لە هەندێک شوێنیش لافاو ڕوویداوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ڕۆژى ٢٠ى ئازارى ٢٠١٦ کۆڵبەرێکى تەمەن ٤٥ ساڵان بە ناوى ڕۆستەم ڕۆستەمى لە ناوچەى سنووریى هانە دەشت لە نزیک سنوورى نۆدشەى هەورامانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى ئێرانەوە تەقەى لێکراوە و ئەوەش بووەتە هۆى ئەوە جەڵتە لێ بدات و گیان لە دەست بدات.
هەروەها ڕۆژى ٢١ى ئازارى ٢٠١٦ کۆڵبەرێکى دیکە بە ناوى جەعفەر ئیبراهیمى خەڵکى شارى بۆکان لە ناوچەى سنووریى دەرمان ئاواى سەردەشت لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى ئێرانەوە تەقەى لێکراوە و کوژاروە.
هاوکات کۆمەڵەى مافى مرۆڤى کوردستان بڵاویکردووەتەوە، بنەماڵە و کەسوکارى جەعفەر ئیبراهیمى بۆ وەرگرتنەوەى تەرمى ئیبراهیم چوونەتە شارى سەردەشت و لە سەردەشت دادگا پێى ڕاگەیاندوون بۆ وەرگرتنەوەى تەرمەکەى ئیبراهیم دەبێت ٦٠٠ هەزار تمەن (نزیکەى ٢٠٠ دۆلار) پارە بدەن، ئەگینا تەرمەکەیان ڕادەست ناکرێتەوە.
بەپێى سەرچاوەکانى هەواڵ لە ڕۆژهەڵاتى کوردستانەوە دوو کاسبکارى تریش بەهۆى تەقەى هێزە ئەمنییەکانەوە لە هەشت ڕۆژى ڕابردوودا بریندار بوون. هەروەها هێزە ئەمنییەکان جگە لە کوشتن و بریندارکردنى کۆڵبەر وکاسبکارەکان ٥٠ سەر ئەسپ و هێسترى کاسبکارەکانیان کوشتووە.
بەپێى ئامارى تۆڕى مافى مرۆڤى کوردستان لە ساڵى ٢٠١٥دا بە لانیکەمەوە ٤٤ کۆڵبەر و کاسبکار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى ئێرانەوە کوژارون و ٢١ کۆڵبەر و کاسبکارى تریش بریندار بوون. هەروەها لە ساڵى ڕابردوودا بەلانیکەمەوە حەوت کۆڵبەر و کاسبکارى دیکە یان لە ئاوى ڕووبارەکاندا خنکاون و گیانیان لە دەستداوە، یان بەهۆى سەرماو سۆڵەوە ڕەقبوونەتەوە و گیانیان لە دەستداوە.