لاپەڕەی سەرەکی ئەدەب و هونەر ئەو ماڵەی هاوسێم غەمبارم دەکات.

ئەو ماڵەی هاوسێم غەمبارم دەکات.

0 تێبینییەکان 47 بینینەکان
شیعری/ چارلز بوکوفسکی
و/ ڕزگار عومەر
هەموو بەیانیەك
ژن و مێردەکەی دراوسێمان
زوو لە خەو بێداردەبنەوە،
دەڕۆن بۆ کار،
لەگەڵ یەکەم ساتەکانی ئێواراندا
دەگەڕێنەوە.
ئەو خێزانە
کوڕێک و کچێکیان هەیە،
ژیانێکیان هەیە
کە بە ڕیتمێکی نەگۆڕ دوبارە دەبێتەوە.
هەموو شەوێك
کاتژمێر نۆ
گڵۆپەکانیان دەکوژێننەوە.
دوایی دیسان دووبارە
بەیانی ڕۆژێکی نوێ دێتەوە
هەمان هەنگاو،
هەمان ڕێگا،
هەمان ئەو بێدەنگیەی کە نە دەدرکێت
نە دەگوترێتەوە!
هەموو بەیانیەك
ژن و مێردەکەی دراوسێمان
زوو لە خەو بێداردەبنەوە،
دەڕۆن بۆ کار،
هەموو شەوێك
کاتژمێر نۆ
گڵۆپەکانیان دەکوژێننەوە.
ئەو ماڵەی هاوسێم
خەمبارم دەکات.
خێزانەکەی ئەو ماڵە
مرۆڤی باشن،
منیش خۆشم دەوێن.
بەڵام شتێك لە ناخمدا
دەچرپێنێ و پێم دەڵێ:-
” ئەوان نوقم دەبن”!
هێدی هێدی و لەسەرخۆ،
بێ هاوار و بێ ناڵە،
منیش ناتوانم ڕزگاریان بکەم.
ئەوان لە ژیاندان،
بێماڵ و حاڵ نین،
بەڵام باجەکەی
مەترسیدار و گرانە.
دەزانم
لە ساتێکدا لە چرکەساتەکانی ئەمڕۆدا،
لەو ماڵە دەڕوانم،
ئەویش لێم دەڕوانێتەوەو دەگری.
بەڵێ
دەگری،
من وا هەستی پێدەکەم
ئەو دەگری!
0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە