دەنگێکی ئینسانی و ئاژەڵ دۆستانه کە بە دەگمەن لە هۆلیود ده بیسترێ
پەیامی جۆکەر پاش بردنەوەی خەڵاتی ئۆسکار
من زۆر زۆر سوپاسگوزارم، هەست بەوەناكەم لە سەرووی ئەو هاوڕێیانەی كە پاڵێوران یان هەركەسێكی تر لەم هۆڵە بم، چونكە ئێمە هەمان عیشقمان هەیە، عیشق بۆ فیلم، ئەم شێوەی دەربرینە “بە سینەما” ژیانێكی گرنگی بە من بەخشی، نازانم لەكوێ دەبووم گەر ئەم هونەرە نەبوایە.
بەڵام گرنگترین دیارییەك كە “ئەم هونەرە” بەخشیویەتی بە من، هەروەها بە زۆرێكی تریش لەم هۆڵەدا ئەوەیە كە هەلی ئەوەی بۆ رەخساندووین ببین بە دەنگی ئەوانەی بێدەنگن و دەنگیان ناگات، بیر لەو میحنەت و ژانە دەكەمەوە كە ئێمە پێكەوە تووشی بوویین.
ئەوكاتەی هەست دەكەین، یان شتێك وەهامان لێدەكات هەستبكەین هۆكاری جیاوازیان هەیە، بەڵام بۆ من، ئەوكاتەی باسی جیاكاری رەگەزی دەكەین، باسی ڕاسیزم، مافی هاوڕەگەزی، مافی نەتەوە ڕەسەنەكان، یان مافی ئاژەڵان دەكەین، ئەوە ئێمە دەربارەی جەنگی دژی ناعەدالەتی قسەدەكەین، جەنگێك دژی ئەو بڕوایەی پێی وەهایە كە یەك نەتەوە، یەك گەل، یان یەك نەژاد، یەك ڕەگەز، یان یەك جۆر مافی ئەوەی هەیە دەست بگرێت بە سەر ئەوانی تردا و لە لێپرسینەوەش بەدووربێت.
ئێمە لەگەڵ سروشتدا تەواو لێكدابڕاوین، زۆرێك لە ئێمە تاوانبارە چونكە پێی وەهایە مرۆڤ دەبێت باڵادەست بێت و خۆی پێ چەقی گەردوونە، ئێمە لە پێناو وزەو سەرچاوەدا بە سروشتدا تێدەپەرین و هەرچیمان دەستكەوێ هەڵیدەدڕین و دەیشێلن، پێمان وایە مافی خۆمانە مانگایەك بە دەست دووگیانبكەین و دواتر منداڵەكەی لێ بدزین و گوێ لە هاوار و ئازارەكەی نەگرین و ئەوشیرەی كە دەبوو بۆ بێچوەكەی بێت ئێمە بیكەینە قاوەكانماوە.
ئێمە لەو ئایدیایانە دەترسین كە ژیانمان دەگۆرێت، چونكە وا دەزانین كە قوربانی دەدەین، یان دەبێت بە ناچاری دەستبەرداری شتەكانمان بین، بەڵام مرۆڤایەتی ئێستا لە باشترین حاڵەتی داهێنان و نوێگەریدایە، ئێمە دەتوانین سیستمێك دابمەزرێنین و پەرەپێبدەین كە بەسوودبێت بۆ هەمووان و بۆ ژینگەش.
من لە ژیانمدا زۆر جار خراپ بووم، خۆپەرست بووم، دلڕەق بووم، بەڵام زۆرێك لەئێوە دووبارە چانسی دیكەتان پێدامەوە، هەر ئەمەشە باشیەكانی ئێمە (مرۆڤایەتی)، كاتێك پشتی یەكتردەگرین، كاتێك یارمەتی یەكتر دەدەین، كاتێك یەكتر فێردەكەین، یان كاتێك ڕێنوینی یەكتر دەكەین بۆ ئەوەی دووبارە بیربكەینەوە، نەوەك لەبەر هەڵەكانی ڕابردوو یەكتر ڕەشبكەینەوە.
براكەم كاتێك تەمەنی حەڤدەساڵان بوو لە شعرێكدا وتی; بە عیشقەوە بەرەو ڕزگاری ڕابكە، ئاشتی و ئارامی خۆی دوات دەكەوێت.
وەرگێڕانی: هاوڕێ ئەحمەد