ئەم پەخشانە شێعرەی “ئاڵفۆنس دۆ لامارتین “ی فەرەنسیم لە زمانی فارسییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی دیارە من وەرگێر و موتەرجم نیم ، بەڵام سۆز وتێگەیشتنی لامارتین ڕەنگدانەوەی تێگەیشتنەکانی خەیام وحافزە کە لە منیشدا کاریگەر بوونەو ڕەنگە ئەو خاڵە بە هێزە هاوبەشە منی هاندابێت بۆ تێکەڵ بوون لە گەڵ لامارتین .و ئەم پەخشانە شێعرەیەم کرد بە کوردی و ئەوەندەش لە وەرگێڕە فارسەکەی (شجاع الدین شفا) دڵنیام بە پێویستم نەزانی لە گەڵ دەقی فەرەنسییەکەی بەراوەردی بکەم .
پێشکەش بەو هاوڕێانەم کە خۆم ئاسایی بۆ دووا جار لە کاتی مردن لە سەر سەرینی دایکیان نەبوون .
هەژار هەورامی:
گۆڕی دایک (نووسینی لامارتین)
بە چاوی پڕ لە ئەسرینەوە سەرم هەڵبڕی بەرەو ئاسمان و هاتمەدەنگ:
“ئەى تاوی ڕووناک،دابمرکێ ، ئەى فەلەک چیدی مەسووڕێ ،ئەى ئاسمانى بێ کەنار نەختێک لە زەوێ بڕوانە و دست هەڵگرە لەوهەموو خوێنڕێژی وستەمکارییە . تۆ بڵی ئەم هەورە ئاڵەی ئاسۆی دەموبەیانت ، خوێنی سووری ئەو خۆشەویستانە نەبێت کە شەوان لە ئازيزانيان دادەبڕیت و دەیانخەیتە داوی نەمان ونەبوونی دڵڕەقەوە؟ “
“هەموو شت ڕاستە وهیچیش ڕاست نییە. سەرتاپای جیهان خەیاڵ وگومانە کە لە گەڵ لێڵی وناتەبایی تێکەڵ بوونە،چ هەڵەیەکى سەرسووڕهێنەر،خۆزگە ناو ونیشانی هیوای هەرماو لە سەر زەوی دەسڕایەوە و دەستی لە یەخەمان دەبووەوە!
” دەڵێن :ئەوەى هەستی پێ دەکەین ڕاستیەکى تێیدایە. چ هەڵەیەکى مەزنە! تەنیا ڕاستییەک لە ژیاندا هەبوونی هەیە و ئەویش خەم وئازاری دڵتەزێنە! بریسکەیەک لە ئاسمانی تاریکی نەبوون دەبریسکێتەوە و ناوی”هەبوونی”لێ نراوە، چرکەساتێک پێڵووە خەوئاڵووەکانمان لێکدەکاتەوە و دەروونی هێورمان پەرێشان دەکات، هەمیسان دەکوژێتەوە وئێمە لە تاریکانێکی تۆقێنەر بە جێ دەهەێڵێت.*
“دەمهەوێ لێفە لە سەر نهێنییەکان لادەم ! چ هزرێکی منداڵانەیە! هەبوونێک کە باوەڕمان پێیەتی لە هەموو شتێک بێ بناغەتر وپڕوپووچترە!
“دونیا گێژەنێکی سامناکە” ئێمە گردیلەى ووردیلەى سەرئاوکەوتووین. ئایا ئێمە لەم گێژەنە سامناکە دەبێت باوەڕ بە ڕاستییەکی ڕەها بێنین یان لە هەموو شتێک داببڕین؟مۆخابن !خۆزگە حەقێقەت وڕاستییەکمان شک ببردبایە.
“زارۆکێک پێی لە زەوی دەکوتێت وتەپ وتۆزیک هەلدەستێت ،ئایا مرۆڤ لەو تەپ وتۆزە بێ بەهایە زیاترە کە لەبیابانی نەبوون هەڵی کردووە ونەختێک لە بۆشایی هەبووندا دەخولێتەوە ؟”
***
گەلێک دووام ولە دەوروبەری خۆم نۆاڕی .هەموو شوێنێک ئارام وبێدەنگ بوو ..لەبەر خۆمەوە بیرم دەکردەوە “چ بەختەوەرن ئەم ماکە بێگیانانە کە لە ئەزەڵەوە گیانیان لە بەر نەبووە و لە خەونی قووڵی نەبوون بە مۆتەکە وخەونی پەرێشانی ژیان ڕانەچەڵکاون!”
بێ ئاگا لە خۆ چاوم کەوتە سەر زەوی بە وێنەی دەریاوانێک کە لە گۆڕەپانی کەشتیەوە لە ناو شەپۆلە بەخۆڕوکەفئاڵووەکانی ناو دەریاوە بە دووای ڕێڕەوێکدا دەگەڕێت ،لە کێلەکەوە بۆ کێلێکی دیکە چاوم دەگەڕا و لە ناکاو لە شوێنێک وەستا ، چوونکۆ لەو شوێنە گۆڕێک دەبینرا.گۆڕێک!
ئەرێ !گۆڕێکی تاریک ، ناشتنگەی ئەشق وئۆمێد وماڵی نائۆمێدی وجوودایی! ئەو شوێنەی کە جگە لە مەرگ و فەنا هیچی تێیدا نەبوو، تەنیا سەوزەیەک لە تەنیشتی ڕوابوو و بەو تنۆکە فرمێسکانە تێرئاو دەبوو ئاسمان پێی دەبەخشی . تۆ بڵەی ئەم سەوزەیە نوێنەری ئەوئارەزووانە نەبن کە ئێستا لە ناخی ئەم گۆڕە تاریکەدا تێکەلی خۆل بوونە ؟
لێرە ، لەم گۆڕەدا فریشتەیەک ڕازاوە کە لە سەردەمی دوور ودرێژی لێکهەڵبڕاوى هەڵفڕیوە بۆ ماڵی هەتاهەتایی .لەم خوڵەکەوانی تاریک وخراپە باروبنەی دابەکۆڵیدا و بەرەو بارەگای خوداوەند هەڵفڕی . مەگەر مەرگ پێش ویستی ئەم ڕاستییە ڕەهایە نییە ؟ … نەودیتووە کاتێک گزینگ لووتکەی چیاکان دەئەنگوێت ، چۆن مۆمەکان دەکوژێننەوە ؟
لێرە دایکێک ڕازاوە کە دوواین هەناسەکانی لە ئامێزی مندا هەڵمژی و بەم دەستانەی من لە مەنزڵگەی تازەی خۆی دانرا .دارێک لە حەوشەی کلێسە قەدى هەڵدابوو،لە سەردیوارەکەوە سێبەری هاویشتبووە سەر زەوی. لەو سێبەرە و ژێرشکۆفەکانیدا بەم دەستانەی خۆم گۆڕێکم هەڵکەند و ئەوم لەوێ ناشت تا ڕوو لەم جیهانە وەرگێڕێت وهەنگاو لە بەر دەرکی بارەگاى خوداوەند بنێت .
لێرە ژنێنک سەری لە خۆل ناوە و لە خاک خنکاوە کە رۆژگارێک منی لە بیابانی نەبوونەوە هێنایە دونیا و چاوەکانمی بەڕووی جیهاندا کردەوە وگاگۆڵکە وگارەگارەی فێرکردم ، دەستی گرتم تا پێم گرت وکاتێک چاوم دەچوونەیەک ئەو بەچاوی کراوە چاوی لێم دەکرد،کاتێک کەوتمە گڕ وگاڵ فێری قسەی کردم .
لەم گۆڕە تاریکە ئێستە دڵێک لە لێدان کەوتووە کە ڕؤژگارێکی دوور ودرێژ لە تەنیشت دڵی منەوە ترپەترپی بوو ،دەستانێک لە ناو ئەم گۆرە سارد وسڕە ڕاکشاوە کە شەوانی ڕچاوودرێژی زستان لانک وهەلۆرکی من بوون .
ئەى ڕێبواری نائاشنا، هێدی بڕۆ ، ئارام هەنگاو هەڵبێنە مەگەر نابینیت لێرە دونیایەک ئەوین وفیداکاری لەم گۆڕەدا ڕازاوە ؟
لێرە شێست ساڵ چاکە وبەزەیی لە خاک ڕۆچووە وشێست ساڵ ئەشق و هیوا چووەتە بیابانی نەبوونەوە! لێرە شێست ساڵ دووری لە گوناح وتێگەیشتوویی لە ژیان ڕووی لە مەنزڵگەی نەبوون کردووە تا ڕۆحی نەمری بەرە بارەگای پڕ شکۆی خوداوەند بفڕێت !
چ شەوانێک ئەم فریشتە دڵۆڤانە چاوی نەچووە خەو بەڵکۆ ئەم ساوایە لەخەو هەڵ نەستێت و نێچیرێکی باش بۆ ڕەنج وخەمی دوواڕۆژ پەروەردە وپەروار بکات.
چەندە فرمێسکى ڕژاندەە سەر گۆنا وڕۆخساری پڕسۆزی بەڵکۆ ئەسرینی منداڵە بێ دەسەڵاتەکەیبن بڕبکات و بزە بخاتە سەر لێوانی .
لە هەناوی سووتاویەوە چەندە ئاە وهەنێسکی هەڵکێشاوە بەڵکۆ کزەی جەرگی منداڵەکەی سارد بکاتەوە و ڕای بێنێت تا کۆ بەرگەی خەم وئازارەکانی ژیان بگرێت .
چەندە لە خودا پاڕایەوە تاکۆ ئەو ژیانەی کە بۆ وى جگە لە بارێکی تاقەت پڕووکین هیچی دی نەبوو،بەئارامی تێ پەڕێنێت ونقەنەکات .
بەڵام ئەمانە هەموو لە پای چی ؟بۆ ئەوەی کندرێک لە زەوی دەم بکاتەوە وبۆ هەمیشە هەڵیلووشێت . ! بۆ ئەوەى کێلێک لە سەر قەبرەکەی بچەقێندرێت وناوێکی بی ناوەڕۆک لە سەری هەڵبکۆڵدرێت. بۆ ئەوەى پەڵە سەوزەیەک ،سەرلە گۆڕەکەی بێنیتە دەرو بە خاکی نوقمی زوخاوی ئەو گەشە بکات .
خودایە،چاکتر نەبوو ئەم کارەت لە گەڵ مشتێک خۆڵ بکردبایە؟ و ئەم فریشتەیەت بەم شێوازە نەدەڕفاند؟
نا نا ! هەرگیز خودای گەورە ئەوها ئاسان ئەم سەرچاوەى سۆز وئەڤینە ناخۆڵقێنێت تا کۆ ڕۆژێک بە هەڵە لە خاکی ساردی ڕۆکاتەوە . هەرگیز دەستێک کە جیهان دەسووڕێنێت ، بەم بێ خەبەرییە بوونەوەرێک لە ئامێزی ئازیزانی ناڕفێنێت .
ئەی ڕێبواری نائاشنا ،بە خؤڕا لەم بەردە بێ قیمەتە مەنواڕە ،چوونکۆ لە ژێریدا هیچ شتێک نابینییەوە! ئەوەى بە دووای دا دەگەڕی ،ئێستا لە قوولایی ئاسماندا دەفڕێت تاکۆ لەم جیهانە بێ نرخە بگاتە مەنزڵگەی شکۆمەندی و پاکی وبۆ هەتاهەتایە بمێنێتەوە .
ئەى خۆپارێزی لە گوناح ،هەبوونی تۆ لە هەزاران بیرەوەری هەمیشەیی گەورەترە و لە هەزاران نەبوون ولەناوچوونی ماک بەردەوام تر وسەقامگیرترە.ئەى دایکە گیان
لامارتین
* تێبینی دوو ڕەستەم سانسۆر کردووە تەنیا بۆ ئەوەی دڵی برادەر وناسیاوە ئیماندارەکانم نەڕووشێنم . دیارە لامارتین ئازاری مەرگی دایکی زۆر کاریگەر دەبێت لە سەری و کفری دەبێت و خەیام ئاسا دەپرسێت ئەگەر……
بۆیە پێشنیار دەکەم دەقەکەی بە زمانی فەرەنسی بخوێننەوە چێژی لێ وەردەگرن .