
و. پێشڕەو محمد
سانكۆ پانزا لە شارێكی بچووكدا خۆى بە سینەمایەكدا دەكات. بەدواى دۆن كیشۆتدا دەگەڕێت و عاقیبەت لە سوچێكی هۆڵی سینەماكەدا دەیبینێتەوە كە دانیشتووە و لە مەشهەدەكە ڕاماوە. هۆڵی سینەماكە وەك هەمیشە جمەى دێت؛ باڵكۆن – كە لە حەوشەیەكی گەورە و بەرفراوان دەچێت – پڕە لە منداڵی بەهاتوهاوار و هەراوزەنا. سانكۆ پانزا دواى چەند هەوڵێكی شكستخواردوو بۆ گەیشتن بە دۆن كیشۆت، بە بێ مەیلییەوە لەسەر كورسییەكی ڕیزی خوارەوە دادەنیشێت، لە تەنیشت كچۆڵەیەك (دولسینیا؟)، و كچۆڵە دەیەوێت شیرینییەكی پێشكەش بكات. فیلمەكە دەستیپێكردووە، فیلمێكی مێژووییە: پەردەى سینەماكە چەند سوارچاكێكی زرێ پۆش پیشان دەدات كە بەتەنیشت یەكەوە هەڵمەت دەبەن. لەناكاو سەروسیمای ژنێك دەردەكەوێت؛ كەوتۆتە مەترسییەوە. دۆن كیشۆت بەجارێك ڕادەپەڕێت، شمشێرەكەى لەكاڵان دەردەكێشێت، هێرش دەكاتە سەر پەردەى سینەماكە، و بە چەند لێدانێك پەردەكە دەدڕێنێت و پارچە پارچەى دەكات. هێشتا ژنەكە و سوارچاكەكان لەسەر پەردەى سینەماكە دەبینین، بەڵام درزێكی تاریك كە بەهۆى لێدانی شمشێرەكەى دۆن كیشۆتەوە دروستبووە، بەردەوام گەورەتر دەبێت و دواجار وێنەكە بە تەواوی قوت دەدات. لە كۆتاییدا، هیچ شتێك لەسەر پەردەكە نامێنێتەوە، و تەنها ستونێكی تەختە نەبێت كە پەردەكەى ڕاگرتووە. بینەران بەتووڕەییەوە هۆڵی سینەماكە بەجێدەهێڵنن، بەڵام منداڵانی ەسەر باڵكۆنەكە هێشتا لەسەر هاندان و هەلهەلە كەڕكەرەكەیان بۆ دۆن كیشۆت بەردەوامن. ئەوە تەنها كچۆڵەكەیە كە لەو خوارەوە، ڕاوەستاوە و بە نیگایەكی زەقەوە لە دۆن كیشۆت دەڕوانێت.
دەبێت چ شتێك لەگەڵ خەیاڵەكانماندا بكەین؟ خۆشمان بوێن و باوەڕمان پێیان هەبێت تا ئەو شوێنەى بەناچاری وێران بكەین و بەلاڕێیاندا ببەین (ئەمە ڕەنگە مانای فیلمەكانی ئۆرسۆن وێڵز بێت). بەڵام دواجار كاتێك ڕوون بووەوە كە بەتاڵن و بەدینەهاتوون، كاتێك هیچ و پوچییەك كە لێیەوە دروستكراون ڕووبدەن، ئەوە ئەوساتەیە كە دەتوانین نرخی حەقیقەتەكەیان بدەین، و تێبگەین دۆلسینیا – كە ڕزگارمان كردووە – ناتوانێت ئێمەى خۆشبوێت.
Giorgio Agamben: Profanations, trans. Jeff Frot, 2007, Zone Books.