9
لاجان محمد عوسمان:
ترس، تەنیا وەڵامێکی کاتی بۆ مەترسی نییە، بەڵکو سیستەمێکی ئاڵۆزی پاراستنی مرۆڤە کە لە تێکەڵبوونی بایۆلۆجی، دەروونی و کۆمەڵایەتی دروست دەبێت. ئەم سیستەمە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی کاردەکات بۆ ئەوەی مرۆڤ لە هەڕەشەکان بپارێزێت، بەڵام کاتێک لە سنووری سروشتی خۆی دەردەچێت، دەبێتە هۆی وەستانی گەشە و کەمبوونەوەی ئازادی دەروونی. لە کۆمەڵگەی کوردیدا، بەهۆی ڕابردووی نەتەوەی و سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی كە بە درێژایی مێژووەكەی خاوەن دۆخێكی ناسەقامگیربووە، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی ترس زۆرجار لە ئاستی تاک تێپەڕ دەبێت و دەبێتە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی كە کاریگەری شێوازی هەڵسەنگاندن و بڕیاردان ئاڕاستە دەكات
لە ڕووی پۆلێنکردنەوەوە، ترس دەتوانرێت بە چەند جۆرێکی سەرەکی دابەش بکرێت. یەکەم، ترسی بایۆلۆجی (سرووشتی) کە پەیوەندی بە پاراستنی ژیانەوە هەیە، وەک ترس لە مەترسییە ڕاستەقینەکان. دووەم، ترسی فێربوونی دەروونی کە لە ئەزموونەکانی ڕابردوو سەرچاوە دەگرێت و مێشک لێكدانەوەی هەڵە بۆ داهاتوو دەكات وتێڕوانینی ترسناكی بۆ هەیە. سێیەم، ترسی کۆمەڵایەتی کە لە ترسی ڕەتکردنەوە، قسەکردن لە بەردەم خەڵک یان شکستی کۆمەڵایەتی پێکهاتووە. چوارەم، فۆبیا کە ترسێکی توند و ناعەقڵانییە لە شتێک کە لە ڕاستیدا مەترسی نییە. ئەم جۆرانە هەموویان دەتوانن تێکەڵ ببن و کاریگەرییەکی قووڵ لەسەر ژیانی تاک دروست بکەن.
لە ڕووی لێکەوتەکانەوە، ترس ئەگەر بە شێوەیەکی درێژخایەن و بێ کۆنترۆڵ بێت، دەبێتە سەرچاوەی زۆر کێشەی دەروونی و کۆمەڵایەتی. لە ئاستی تاک، دەبێتە هۆی دواكەوتنی کار، نەبوونی متمانە بە خۆت، دڵەڕاوکێ، و گەشەی کەسایەتی دەوەستێت. لە ئاستی جەستەییش، دەکرێت ببێتە هۆی کێشەی وەک خەوتنی نایاسایی، هەناسەتەنگی و ماندووبوونی بەردەوام. لە لایەنی کۆمەڵایەتیەوە، ترس دەبێتە هۆی دروستبوونی کلتوورێك كە شەرعیەت بدات بە پاشەکشەکردن، نەبوونی داهێنان، و هەڵبژاردنی ئارامییەکی کاتی لەسەر حیسابی پێشکەوتنی درێژخایەن. بەم شێوەیە، ترس نەک تەنیا ژیانی تاک، بەڵکو ڕێڕەوی گەشەی کۆمەڵگەش کاریگەری دەخاتە سەر.
بەڵام لە ڕووی چارەسەرەوە، گرنگترین هەنگاو تێگەیشتنە لە سروشتی ترس. کاتێک تاک تێدەگات کە زۆرێک لە ترسەکانی تەنها بەرهەمی مێشکن و ڕاستی نین، دەتوانێت دەست بە گۆڕانکاری بکات. یەکێک لە شێوازە سەرەکییەکان بەرکەوتنی وردە وردەیە واتە بە شێوەیەکی هێواش و بەردەوام ڕووبەڕووی ئەو شتانە ببیتەوە کە ترست لێیان هەیە، بۆ ئەوەی مێشک فێربێت کە ئەوان مەترسی نین. هەروەها، گۆڕینی شێوازی بیرکردنەوە یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی بیرە نەرێنییەکان بە بیرێکی ڕاستر بگۆڕدرێن. هەناسەدانی قووڵ، وەرزش، و پشتگیری کۆمەڵایەتیش ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە کەمکردنەوەی توندی ترس.
لە ئاستێکی قووڵتر، ڕزگاربوون لە ترس بە مانای لابردنی نییە، بەڵکو بە مانای بەڕێوەبردنیەتی. مرۆڤ کاتێک گەشە دەکات کە فێربێت لەگەڵ ترس بژیت، نەک لێی هەڵبێت.