هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك بۆ جوڵه‌و به‌رده‌وامی و بزاوت به گه‌نجه‌كان ده‌ناسرێته‌وه ، واته گه‌نجی هۆیه‌كی گرنگی مانه‌وه‌و به‌رده‌وامی و جوڵه‌یه بۆ كۆمه‌ڵگه ، كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی وێڕای ئه‌وه‌ی هه‌میشه له‌به‌رده‌م شه‌ڕو سڕینه‌وه‌دا بووه، به‌ڵام كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی گه‌نجانه‌یه‌و یه‌كێكه له كۆمه‌ڵگه زندوه‌كانی جیهان له‌و ڕوانگه‌یه‌وه، گه‌رچی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه له هه‌موو لایه‌كه‌وه كوشت و بڕده‌كرێت و مافی بون و خاوه‌ندارێتی خۆی لێزه‌وت ده‌كرێت، به‌ڵام تین و تاو‌و به‌رگریه‌كه‌ی به هۆی توێژه گه‌نجه‌كه‌یه‌وه له هه‌ردوو ڕه‌گه‌زه‌كه بووه به مایه‌ی سه‌رسامی ئه‌وانی تر، به‌رگریه سه‌رسه‌خت و دژواره‌كانی ڕۆژئاوا به تایبه‌ت كۆبانێ ، خۆ پیشاندانه‌كانی دوای شه‌هید كردنی ژینا ئه‌مینی، هه‌موو بزاوته‌كانی ئه‌وروپاو شوێنگه‌لی دیكه ئه‌وه نیشانده‌ده‌ن كه كۆمه‌ڵی كورده‌واری وه‌ك كۆمه‌ڵێكی گه‌نج هه‌میشه گینگڵی له دایكبوونێكی نوێ ده‌دات به گوێی دنیادا، هه‌ڵبه‌ت له گه‌ڵ ئه‌م ئه‌رێنی بوونانه‌ی سه‌ره‌وه‌دا بونی ئێمه تا ئێستا له ده‌ره‌وه‌ی مێژوو به‌و مانایه‌ی بێچه‌ك بوونمان له بواری شارستانیه‌ت و ژیاره‌وه وای كردووه، زۆر كات به‌شێك له تین و تاوی گه‌نجانه‌ی ئێمه نه‌یارو دوژمنه‌كانمان سودمه‌ند بن لێی، نمونه‌ی دروستكردنی گه‌له جاشه‌كانی ساڵانی هه‌شتای باشوری كوردستان، كاتێك به‌عس ئه‌م گه‌له جاشانه‌ی وا دروست ده‌كرد، هه‌م گه‌نجه‌كان بخاته دۆخی خیانه‌ت و خۆ فرۆشیه‌وه هه‌م له سه‌ر بنه‌مای خێڵگه‌ری لێكی داده‌بڕین، ئه‌مه دوای ڕاپه‌ڕینیش له سه‌ر ده‌ستی حزبه شه‌ڕویسته‌كانی باشور به شێوه‌یه‌كی تر درێژه‌ی پێدرا، حزبه‌كان بۆ فراوانكردنی نفوز‌و جوگرافیای خۆیان نه‌بوونی و بێكاری گه‌نجانیان قۆسته‌وه‌و ماكینه‌ی شه‌ڕی نێو خۆیان پێخسته گه‌ڕ، كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی گه‌نجانه‌یه، به‌ڵام گه‌نجانه‌ی ناپه‌روه‌رده كرا‌و، یانی ئه‌گه‌ر خاڵگه‌لی ئه‌رێنی زۆر باشیش هه‌بن، له به‌رانبه‌ردا به‌رده‌وام مه‌ترسی هه‌ن، ئه‌و مه‌ترسیانه شه‌ڕی ده‌سته‌و یه‌خه‌له گه‌ڵ بوونی ئێمه ده‌كه‌ن، ئێمه له‌م نووسینه كورته‌دا كه من زیاتر وه‌ك ورده سه‌رنج دامڕشتوه هه‌ڵوه‌سته له سه‌ر مه‌ترسی و نه‌رێنیه‌كان ده‌كه‌م ، دواتریش گرنگی بایه‌خی په‌روه‌رده و بونیاد نان واته” پلان، په‌روه‌رده، پێگه‌یاندن “كه ده‌كرێت ناوی بنه‌ین “سێ پا” یان “سێ پێ ” ده‌خه‌ینه به‌رچاو، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی چۆن ئه‌و زندوێتی و بزاوته له مه‌ترسیه‌كان بپارێزین و گه‌شه‌ی پێبده‌ین.
گه‌نج و ئاوه‌زكوژی:
خود ئاوه‌زی گه‌نج بۆ ئه‌وه‌ی له سه‌ر پێی خۆی بوه‌ستێ و بتوانێت بڕیاری دروست بدات زۆر گرنگه، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه راسته به‌شێكی گرنگی په‌یوه‌ندی به په‌روه‌رده‌وه هه‌یه ، په‌روه‌رده‌ی وه‌رگیراو، هه‌روه‌ها په‌روه‌رده‌یی خۆیی، وه‌رگیراو له ڕێی خێزان ، قوتابخانه‌و كۆمه‌ڵگه، ئاین و هه‌تا دوای خۆی له ڕێگه خۆ په‌روه‌رده كردن و خۆ دروستكردنی ئه‌رێنیه‌وه، هه‌موو په‌روه‌رده‌یه‌كی وه‌رگیراو، یان ده‌ره‌كی له‌وانی تر وه‌رگیراو ، ڕووی ئه‌رێنی و نه‌رێنی هه‌یه، بۆیه له په‌روه‌رده‌یی خۆییدا مرۆڤ دێت ئه‌رێنیه‌كان ده‌خاته‌سه‌ره‌وه‌و به‌ره به‌ره له نه‌رێنێكان داده‌بڕێت ، وه‌ك چۆن مرۆڤ له نێوان داب و نه‌ریتی ئه‌رێنی و نه‌رێنیدا، لایه‌نی ئه‌رێنی وه‌رده‌گرێت و لایه‌نی نه‌رێنی نا ، هه‌ر به‌و جۆره په‌روه‌رده‌ش ئاوایه، گرفتی گه‌وره‌ئه‌وه‌یه ئه‌م بابه‌ته په‌یوه‌ندیه‌كی پته‌وی به ئاوه‌زه‌وه هه‌یه، واته چۆن له‌ڕێی ئاوه‌زه‌وه ئه‌رێنی و نه‌رێنیه‌كان هه‌ڵاوێر ده‌كه‌یت ، گه‌نجی كورد به هۆی ئه‌و بار‌و دۆخه سه‌خته‌ی تێیدا ده‌ژێت، زۆر كات ده‌كه‌وێته به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی ئاوه‌زكوژی، ئاوه‌ز شێوێنی، به‌و جۆره‌ی بیركردنه‌وه‌و ئاوه‌زیی خۆیی لێده‌سه‌نرێته‌وه‌و ده‌خرێته دۆخێكه‌وه كه ناتوانێ خۆی بێت، ئه‌مه پێویستی به خۆ ده‌رباز كردن و ڕاچه‌نین و ده‌رچوون هه‌یه ، ئه‌وه‌ش به په‌روه‌رده‌یی خۆی و مل نه‌دان بۆ كه‌وی كردن و بێئیراده‌یی، هه‌ر گه‌نجێك نه‌یتوانی پرسیار بكات، نه‌یتوانی له‌ناو وه‌ڵامه‌كاندا وه‌ڵامی دروست بۆ پرسیاره‌كه‌ی بدۆزێته‌وه ، هه‌میشه بۆ وه‌ڵام چاوی له‌وانی تر بوو، خێزان، كۆمه‌ڵگه، ئاین ، یان هه‌ر ده‌زگاو ناوه‌ندو یه‌كه‌یه‌كی تر، ئه‌وه ئاوه‌ز له خۆیدا ده‌كوژێت و نایه‌وێت ئه‌وه بێت كه خۆی خۆی به ڕێوه ده‌بات، هه‌ڵبه‌ت بۆ هه‌ر گه‌نجێك سودبینین له هه‌موو ئه‌رێنیه‌كانی “كۆمه‌ڵگه، خێزان، ئاین، سیاسه‌ت “زۆر پڕبایه‌خن، به‌ڵام ناكرێت له ژێر ئه‌و كاریگه‌ریانه‌دا ئیدی ئه‌و خۆی لێ‌ون بێت و بواری ئه‌وه‌ی نه‌بێت په‌روه‌رده‌یی خۆی له ڕێی خود ئاوازی ئه‌رێنیانه‌وه بكات، هه‌موو ئه‌و گه‌نجانه‌ی كه ده‌كه‌ونه ئه‌و دۆخه‌ی كه خۆیان نه‌بن ، ئه‌وه ئه‌و گه‌نجانه گه‌نجانی بێئیراده‌و بێبڕیارو كه‌وین، كۆمه‌ڵگه له سایه‌ی ئه‌مجۆره گه‌نجانه‌دا ڕووبه‌ڕوی شكست و وێرانی ده‌بێته‌وه‌و كه‌س نیه خاوه‌ندارێتی لێبكات.
كوردستان به هۆی ئه‌و دۆخه سیاسی و جوگرافی و دیرۆكیه‌ی تێیدایه، به هۆی ئه‌وه‌ی هه‌میشه گه‌لانی سه‌رده‌ست ، كاریان له سه‌ر سه‌ركوت و وێرانكردنی ئاوه‌زو بیر كردنه‌وه‌ی كوردی گێڕاوه، هه‌روه‌ها هه‌میشه ئه‌وانیان له ژێر سێبه‌ری ترسناكی خۆیاندا هێشتوه‌ته‌وه‌و بوون و ژیار‌و شارستانیه‌ت و مانه‌وه‌و كه‌ڵچه‌رو ئه‌ده‌ب و هونه‌ره‌كه‌یان یان داگیر كردوه یان شه‌ت و په‌ت، ئه‌وه بواری هه‌ناسه‌دان و بیركردنه‌وه‌ی خوییان بۆ كورد نه‌هێشتوه‌ته‌وه، ئه‌وه جگه له‌وه‌ی له ناوخۆشدا خێڵ، بنه‌ماڵه، هۆز زاڵبووه به‌سه‌ر یه‌كه‌ی گه‌وره تری وه‌ك گه‌ل و میله‌تا، ئیدی به ئاسانی خه‌ڵكه‌كه‌ی كه‌وی و ده‌سته‌مۆ كراون، له مه‌ودای هه‌زار ساڵی ڕابردودا هیچ كات سه‌ت سه‌ت ئارامی و سه‌قامگیری له‌م ناوچه‌یه نه‌بووه، تا ڕیشه، شوێنه‌وارو ژیار، بوون و سه‌رمایه پارێزراوبێت و بمێنێته‌وه‌و په‌ره به ئه‌رێنیه‌كان بدرێت، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریه‌كی زۆری له سه‌ر ئاوه‌زی كوردی كردووه، هه‌روه‌ك چۆن له هه‌مان كاتا مرۆڤێكی له سێبه‌ری ئه‌وانی تردا دروستكردووه، مرۆڤێك ئاینه‌كه‌ی، ئه‌ده‌به‌كه‌ی، هونه‌ره‌كه‌ی یان ئه‌وه‌تا دزراوه‌و دوای ده‌سكاری وه‌رگیراوه‌ته‌وه، یان ئه‌وه‌تا هی سه‌رده‌سته‌كان بووه، ئێستا كه یه‌كێك بێت ڕه‌خنه‌له ئاوه‌زی كوردی بگرێت و ئه‌م ڕاستیانه نه‌بینێت ئه‌وه بیه‌وێت یان نا، ئه‌ویش به جۆرێك خزمه‌ت به سه‌رده‌سته‌كان ده‌كات ، چونكه ناكرێت تۆ له مێژوودا به ویستی خۆت و بێ بینینی دوێنێ و هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌مڕۆو پێشبینی سبه‌ی بڕیار بده‌یت و ئه‌وانی تر بخه‌یته خانه‌ی تۆمه‌تباریه‌وه.
ماده‌ی هۆشبه‌ر لێره‌دا هه‌ر ئه‌و مادانه نیه ، كه ده‌سه‌ڵات له شوێنێكه‌وه له ڕێگه‌ی چه‌ند بازرگانێكه‌وه وڵاتی لێپڕده‌كات بۆ هێڕو گه‌وجكردنی گه‌نجان و له لایه‌كی تریشه‌وه گه‌نجه‌كان ده‌گرێت و ماده‌كه‌ش ده‌چێته‌وه شوێنێكی تر‌و بازاڕێكی تر، هه‌ڵبه‌ت ئه‌م چیرۆكانه پێویستی به هه‌ڵوه‌سته‌و قسه‌ی زۆره، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا ئێمه له سه‌ری ده‌وه‌ستین ئه‌و شێوازی گه‌نج وێرانیه‌یه كه له ڕێی ماده‌ی هۆشبه‌رو پڕوپاگه‌نده‌ی ماده‌ی هۆشبه‌ره‌وه گه‌نجی تیا خومارو كه‌له لاده‌كرێت، هه‌ڵبه‌ت ئێستا ئه‌گه‌ر واز له ماده كه بێنین و بڵێین ئه‌دی جگه له‌وه چی تره، ئه‌وه ده‌بێت قسه له سه‌ر ئه‌و بیر‌و باوه‌ڕو ئایدۆلۆژیایانه بكه‌ین كه وه‌ك ماده‌ی هۆشبه‌ر گه‌نجیان پێ هه‌لاهه‌لاو كه‌له لاده‌كرێت، بێگومان ئه‌وه‌ش ماده‌ی هۆشبه‌رو گه‌وجاندنه كه مرۆڤ وا لێبكرێت كه پێی وابێت كه‌س ڕاست نیه‌خۆی نه‌بێت، ڕه‌نگه ئه‌مه به‌شێكی ئافاته‌كه بێت، به‌شه هه‌ره مه‌ترسیداره‌كه ئه‌وه‌یه كه له به‌رانبه‌ر جیاوازیه‌كاندا بتكه‌ن به درنج و وات لێبكه‌ن ڕه‌وایی سڕینه‌وه‌ی ئه‌وانی تر‌و كوشتنی جیاوازی به به‌شێك له ئه‌رك و به‌رپرسیاره‌تی بزانی ، ئه‌مه‌ش جۆرێكی زۆر مه‌ترسیدار تره له ماده‌ی هۆشبه‌ری ڕاستی، بێگومان له هه‌موو دنیادا ملیۆنان دۆلار بۆ په‌ره‌پێدانی ئه‌م گیانه مه‌ترسیداره دروست ده‌كرێت و هه‌ر جاره‌و له شوێنێك و به ناوێكه‌وه سه‌رهه‌ڵده‌دات، گه‌نجی كورد وه‌ك گه‌نجی زۆر شوێنی تر له‌به‌رده‌م ئه‌م مه‌ترسیه‌دایه‌و ئه‌مه وه‌ك چه‌كێك بۆ خۆ له بیر كردن و وێرانكردن به كار دێت، به ته‌نیشتیشیه‌وه ماده هۆشبه‌ره هه‌قیقیه‌كه، به ده‌یان ناوی جیاواز‌و جۆر‌و به شێوه‌یه‌كی زۆر سه‌رنجڕاكێش و كاریگه‌ر ده‌خرێته نێو بازاڕه‌كان و به ئاشكرا بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرێت، هه‌رگیز ئه‌وه‌م بیر ناچَته‌وه كه به ته‌نیشت قه‌ڵای سنه‌دا ده‌ڕۆیشتم ” 2005″ یه‌ك دوو گه‌نج پێیان وتم بیره‌و ویسكی و كاغه‌زی كۆنكه‌ن و ته‌نانه‌ت شیشه‌شمان هه‌یه، ئه‌و كاته تێگه‌یشتم ئێمه له چ وێرانیه‌كداین و نه‌یارو دوژمنه‌كانمان ده‌یانه‌وێت چی له گه‌نجه‌كانمان بكه‌ن، ئه‌وه‌ش نا چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر كاتێك له ئه‌سته‌نبوڵ بووم شاخه‌وانی برایشم له گه‌ڵ بوو، كوردێك له ته‌فسیم لێم نزیكبوه‌وه كه ده‌توانێ خه‌ڵكم بۆ په‌یدا بكات تا دڵخۆشم بكه‌ن، شاخه‌وان له كوڕه‌كه توڕه بوو ده‌ریكرد ، بیرم كرده‌وه كه ده‌وڵه‌ت له پشت هه‌موو ئه‌م شكاندنانه‌وه‌یه، ده‌نا ده‌شیا ئه‌م كوڕه‌ش ئه‌گه‌ر په‌روه‌رده‌یه‌كی باش بكرایه ئه‌ویش ببوایه‌ته سه‌لاحه‌دین ده‌میر تاشێك، خۆ ئه‌و كوڕه ئه‌گه‌ر بۆ ئه‌وه‌ش نه‌بوبێت و بۆ دزی و فریودانیش بووبێت هه‌ر مانای ئه‌وه‌یه ئه‌و كه‌سه كه‌سێكی تێكشكاوه ، به باوه‌ڕی من به داعش بوونی گه‌نجی كوردیش، كه ده‌مانبینی به كوردی هوتافیان ده‌كێشاو ته‌كبیریان ده‌كرد ،به‌شێكه له ئالوده كردن.
حزبشێوێنی گه‌نج:
لێسه‌ندنه‌وه‌ی ناسنامه‌ی مرۆیی بوون و كورد بوون، به بیانوی پێدانی ناسنامه‌یه‌كی ئایدۆلۆژی كورتبین و ئه‌وی تر نه‌بین، یه‌كێكی تره له‌و چه‌كانه‌ی ده‌یان ساڵه له باشوری كوردستان گه‌نجه‌كانی پێ له خشته ده‌برێت و خۆی و شوناس و بوونی خۆی پێ له بیر ده‌برێته‌وه، په‌روه‌رده‌ی ناجۆری حزبی له بری ئه‌وه‌ی كه‌سی خۆ خاوه‌ن و بڕیار دار دروست بكات، كه‌سێك دروستده‌كات كه به بیانوی جیاوازیه‌وه ڕقی له‌وی تر بێت، هه‌وڵی سڕینه‌وه‌و له ناو دانی بدات، ناشرینی ده‌كات ناوووناتۆره‌ی لێده‌نێت و دوژمن و نه‌یاره‌كانیش سودی زۆر له‌م ناجۆریه ده‌بینن و به‌رده‌وام كار بۆ قه‌به‌كردنی ده‌كه‌ن، شه‌ڕی ناو خۆ، ڕه‌وایه‌تی دان به كوشتنی ئه‌وی تر له شه‌ڕی ناوخۆدا، خیانه‌ت و ده‌ستگوشینی دوژمن دژی ئه‌وی تر‌و نیشاندانی خیانه‌ته‌كه وه‌ك سه‌ركه‌وتن و ده‌سكه‌وت و وا وێنا كردنی كه ئه‌وه بۆ مانه‌وه‌و سه‌روه‌ری بووه، به‌شێكن له ژه‌هری حزبی بۆ شێواندنی بیر‌و بڕوای گه‌نجه‌كان، هه‌ڵبه‌ت ئه‌م شێوه شێواندنه، هه‌ر له باره‌گای حزبه‌كان و مه‌ڵه‌بند و لقه‌كاندا نه‌ماوه‌ته‌وه، شۆڕ بوه‌ته‌وه بۆ مزگه‌وت و قوتابخانه‌و ڕێكخراوه‌كان و بۆ كار په‌یدا كردن و ده‌وڵه‌مه‌ند بوون وچونه پێشه‌وه‌ش كراوه به ئیمتیاز‌و به‌شێكه له هه‌وڵی فریودانی به‌رده‌وام، ئه‌وه جگه له كڕین و كه‌وی كردن.
ئه‌م بابه‌ته هه‌ڵوه‌سته كردنه له سه‌ر گه‌نجی ئه‌مڕۆی كورد و ده‌شێت قسه‌و باسی زۆر زیاتر له خۆ بگرێت، ئێمه لێره‌دا به‌م چه‌ند وشه‌یه كۆتای پێدێنین به ئومێدی ئه‌وه‌ی له كاتی خۆیدا بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ری و ده‌وڵه‌مه‌ندتری بكه‌ین.