پێشکەوتنی پیشەسازی مۆدێرن، دەبێت پلە بە پلە تەرازووەکە لە بەرژەوەندی سەرمایەدار وەرگێڕێت دژی کرێکار، وە هەر بەو شێوەیە، ئاراستەی گشتیی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری، ئەوە نیە کە ئاستی مامناوەندیی کرێی کار بەرز بکاتەوە، بەڵکو نزمی دەکاتەوە، یان کەم تا زۆر، پاڵ بە بەهای کارەوە دەنێت بەرەو نزمترین ئاستی. بەڵام ئەگەر ئەمە ئاراستەی شتەکان بێت لەم سیستمەدا، ئایا ئەوکاتە دەتوانین بڵێین چینی کرێکار لەسەریەتی واز لە بەرهەڵستی بهێنێت دژی پێشێلکردنەکانی سەرمایە، وە واز لە هەوڵەکانی بهێنێت لە پێناوی هەر هەلێکدا بۆ باشکردنی وەختیی بارودۆخیان؟ هەرکات ئەمەیان کرد، ئەوکاتە دەبنە کۆمەڵێک نەدارای تێکوپێکشکاو کە هیچ بوارێک نامێنێتەوە لەبەردەمیاندا بۆ دەرباز بوون. هیواداریشم ئەوەم نیشاندابێت کە جەنگی کرێکاران لەپێناوی ئاستێکی ئاساییدا لە کرێی کار، بەهیچ جۆرێک لە سیستمی کرێگرتە جیاناکرێتەوە، کە لە ٩٩ حاڵەتدا لە ١٠٠، کۆششەکانیان بۆ بەرزکردنەوەی کرێی کار، کۆششە بۆ پاراستنی بەهای دیاریکراوی کارەکەیان، وە پێویستیی گفتوگۆیش لەسەر نرخەکانیان لەگەڵ سەرمایەداردا، لەوەوە هاتووە کە ناچارن خۆیان وەک کاڵا بفرۆشن. وە ئەگەر لە ناکۆکی ڕۆژانەیاندا لەگەڵ سەرمایە، ترسنۆکانە ڕێگایان چۆڵکرد، ئەوا بە دڵنیاییەوە، توانای هەستانیان نابێت بە هیچ بزووتنەوەیەکی گەورەتر.
لە هەمانکاتیشدا، وە بە چاوپۆشین لەو کۆیلایەتیە گشتیەی بەستراوە بە سیستمی کرێگرتەوە، نابێت چینی کرێکار، دەرئەنجامی کۆتایی ئەم خەباتە ڕۆژانەیەی، گەورەتر لە خۆی نیشان بدات. واتە نابێت لە بیریان بچێت ئەوان لەو خەباتەیاندا، تێدەکۆشن دژی دەرئەنجامەکان نەک دژی هۆکارەکانی ئەو دەرئەنجامانە؛ ئەوان ڕێ لە بەرەوخواربوونەوەی ئەو بزووتنەوەیە دەگرن، بەلام ناتوانن بەمە ئاراستەکەی بگۆڕن، وە هەر ئامرازێکی ئازارشکێن پێشکەش دەکەن نەک چارەسەرێکی بنەبڕی دەردەکە بکەن. بۆیە کرێکاران لەسەریانە، خەباتیان لەو شەڕە گەریلاییە بەردەوامەدا نەوەستێنن کە ناشتوانرێت وازی لێبهێنرێت، وە کە لە پێشێلکاریەکانی سەرمایە یان گۆڕانەکانی بازاڕەوە سەرهەڵدەدات. دەبێت تێبگەن ئەم سیستمەی ئێستا، لەگەڵ هەموو ئەو کارەساتانەدا کە دەیسەپێنێت بەسەر چینی کرێکاردا، لە هەمانکاتدا مەرجی ماتریالیستی و فۆرمی کۆمەڵایەتی پێویستی بۆ ڕێکخستنەوەی پێکهاتەی ئابووریی کۆمەڵگا، تێدا لە دایک دەبێت. بۆیە لەبری ئەم دروشمە خۆپاریزە: “کرێیکارێکی ڕۆژانەی دادپەروەر بۆ ڕۆژێک کاری دادپەروەر!” لەسەریانە لەسەر ئاڵاکەیان ئەم دروشمە شۆڕشگێرە هەڵبکەنن: “هەڵوەشاندنەوەی سیستمی کرێگرتە!”.
سەرچاوە:
Value, Price and Profit
Speech by Marx to the First International Working Men’s Association, June 1865