ئەم گرژی و ئاڵۆزییەی لە ناوچەكەدا هەیە، وادەكات بەردەوام گەورە و بچوك گوێبیستی هەواڵەكانی جەنگ بن لە شاشەی مۆبایل، تەلەفزیۆن و كۆمپیوتەرەكانیانەوە، ئەمەش هۆكارە بۆ دروستبونی هەستی دڵەڕاوكێ، فشار و خەمۆكی، بەتایبەتی لە منداڵان كە ناتوانن لێكدانەوە بۆ دۆخەكە بكەن و بە كاردانەوەكان دەترسن.
ماڵپەڕی UNICEF پێنج رێنمایی بۆ دایكان و باوكان بڵاوكردوەتەوە كە چۆن مامەڵە لەگەڵ منداڵەكان بكەن و لەبارەی جەنگەوە تێیان بگەیەنن بێ ئەوەی ترس و دڵەڕاوكێیان لادروستبكەن.
دڵنیابەرەوە لە زانیارییەكانی منداڵەكەت
گرنگە بزانیت لە كوێ و كەی گفتوگۆ لەگەڵ منداڵەكەت دەكەیت، بۆئەوەی بتوانێت بە ئازادانە لەبارەی هەستەكانییەوە بۆ تۆ بدوێت، كاتێك دەزانیت منداڵەكەت چ زانیارییەكی هەیە، باشتر دەتوانیت ترسەكانی بۆ بڕەوێنیتەوە یاخود هەڵەتێگەیشتنەكانی بۆ راستبكەیتەوە.
بەرزكردنەوەی هۆشیارییان مافی ئەوانە
منداڵەكان مافی ئەوەیان هەیە بزانن چی لە چواردەوریان رودەدات، بەڵام بەشێوەیەك كە لەگەڵ تەمەن و ئاستی تێگەیشتنیان بگونجێت و زیادەڕەوی لە پێدانی زانیاری نەكەیت كە بیترسێنیت و توشی دڵەڕاوكێی بكەیت، بە هێمنی قسەی بۆ بكە، هەروەها زمانی جەستەت پێویستە زۆر ئارام بێت تا منداڵەكەت هەست بە ئاسایش بكات.
لەبری زیادكردنی ترسەكەی بیری بخەرەوە لەگەڵیدایت
لەبری ئەوەی بەردەوام بە نەرێنی لەبارەی دۆخەكەوە قسە بكەیت لە پێش چاوی منداڵەكەت لەبری ئەوە نیشانی بدە كە دۆخەكە هەرچۆنێك بێت تۆ لەگەڵیدایت، چونكە منداڵەكەت شایەنی ئەوەیە هەست بە پارێزراوی بكات.
بەركەوتنی منداڵەكەت بە هەواڵەكانی جەنگ كەمبكەرەوە
تا دتوانیت لە پێش چاوی منداڵەكەت تەماشای هەواڵەكان مەكە و با گوێبیستیان نەبێت، باشترە زانیارییەكان تەنها لە خۆتەوە ببیستێت، هەروەها كاتێك منداڵەكەت لە چواردەورتە وەكو كارەسات و قەیرانێكی گەورە باسی دۆخەكە مەكە، بۆئەوەی كاریگەریی لەسەر دەرونی دروست نەكات.
سەرچاوە:خەندان لایڤ