229
لای من دەنگی خۆشی و چەپڵە لێدانە
بۆ یاری دووگۆڵی هات و هاواری خۆشیە
لەووڵاتی دایکم زرمەوگرمەی تۆپ و درۆنە
هاواری ئازاروو ترسە ….
ئاوازی ژیانمان پڕبووە
لە هاواری ئاسمان و گڕی درۆن،
جەنگ………….
خەو لە چاوەکانمان دەدزێت
لە ساردی شەوانی ترسناک.
بە ناوی پیرۆز
ڕۆشنایی دەخنکێنن،
بە ناوی ئازادی
بازاڕ دەخەنە ژێر پێمان.
باڵەخانەکان نە تەنها بە بۆمب،
بەڵکو بە قەرز و بەڵێنی درۆ
دەڕووخێنن؛
شارەکان دەسوتێنن
بۆ هێنانی چادرێکی بێگانە.
وێنە دەگرن لەگەڵ منداڵان ڕووت و برسی،
پاشان خاک و نەوت
بە ناوی یارمەتی دابەش دەکەن.
خێرەکانیان بە دۆلار دەهەژمێرن،
نە بە خوێنی ڕژاوی مرۆڤەکان.
ئەگەر ئەمە ڕەوایە،
داد لە کوێیە؟
ئەگەر ئەمە ئازادییە،
ئەم زنجیرانە بۆ چییە؟
ئێمە ماڵێکمان دەوێت بێ ئاگردان،
وشەیەک بێ سانسۆر،
ژیانێک بێ نرخ دانان لەسەرمان
مۆراڵی سەرمایەداری و درۆ
ماسکێکی زێڕینە
لەسەر ڕوخساری تاوان.