309
هاوڕێ..
خەڵکی کار دەکەن،
پێش خۆر هەڵهاتن لە خەو هەڵدەستن،
شەقامە ساردەکان دەبڕن،
سواری پاسە قەرەباڵغەکان دەبن،
لە کاتی وەستاندا کات قووت دەدەن،
هەموو ئەمانە لە پێناو مووچەیەک کە بەشی کڕینی خەونێک ناکات.
بینیمن ..
ئەو پیاوانەی لە کارگەکاندا پشتیان شکاوە،
ئەو ژنانەی لە بەردەم ئامێری درووماندا چاویان کز بووە،
ئەو کرێکارانەی تۆز دەچێت بە گەرویاندا و
بۆ چاودێرەکەیان پێدەکەنن.
خەڵکی لێرە..
هیواکانیان لەناو کیسی کونکراودا هەڵدەگرن،
کرێی خانوو دەدەن،
وەک ئەوەی باج بۆ ئازادییان بدەن،
دەروەزە بۆ خەوتن دەکەن،
وەک ئەوەی دیارییەکی ئاسمانی بێت.
هەموو ئەمانە لە پێناو چی؟
پارچەیەک گۆشت لەسەر دەورییەک،
یان خەونێکی کورت کە تا بەرەبەیان ناخایەنێت.
کێ گوتی دۆزەخ لە دوای مردن دێت؟
دۆزەخ گەڕی شەوانەیە لە بەندەر،
ڕیزێک خەڵکە لە ئۆفیسی بیمەچاوەڕوان دەکەن،
ساردکەرەوەیەکی بەتاڵە و منداڵەکان برسییانە،
جەستەیەکە هەموو ئێوارەیەک دادەڕمێت،
بەبێ ئەوەی بوێرێ هاوار بکات.
ژینی سەختی..
ئایا دەزانی واتای چییە؟
واتا تۆ دەژیت
تاوەکوو لیستەی نرخی مردنی خۆت بدەیت.
واتا ڕۆژەکانی ژیانت بەرێ دەکەیت
لە پێناو پیداکردنی پارویەک ناندا.
ئەوەش دەزانی کاتێک دەکەویتە سەر جێگا،
کەسێک نییە بیرێکت لێبکاتەوە.
بەڵام ئەمانە هەمووی
بە کەرامەت ناودەبەن.
بە ماندووبوون لە پێناو شەرەفدا
ناوزەدە دەکەن.
من بینیومە..
کەرامەت لەژێر چەرخەکانی کاتدا دەمرێت و
شەرەف لە کۆڵانەکاندا لەگەڵ مرۆڤە بێکارەکاندا دەخەوێت.
ئەی خەڵکی هەژار..
ئەی مرۆڤە پیرۆزە لەبیرکراوەکان،
ئێوە لەسەر ئاگر دەڕۆن و
هیچ کەس گوێی لە هاواری پێیەکانتان نییە.
ئەمە چ نمایشێکە..
چ شانۆگەرییەکی بێبایەخە.
ئێمە لەدایک دەبین و
ڕادەکەین و ڕادەکەین…
پاشان دەکەوین و
ئەوان چەپڵە لێدەدەن…
نەک لەبەر ئەوەی تۆ ڕزگارتبووە،
بەڵکوو لەبەر ئەوەی نۆرەی مردنت هاتووە.
تێبینی
1- ئەم دەقە لە زمانی عەرەبییەوە وەرمگێراوە، دەقەکە بێناونیشانە، هەر بۆیە خۆم ناونیشانی (مووچەیەک کە بەشی کڕینی خەونێک ناکات)بە گونجاوم زانی بۆ دەقەکە.
2- وشەی (گەڕی شەوانە)م داناوە لە بەرانبەر وشەی (شۆفتی شەوانە)، بە عەرەبییەکەی ( وردية الليل). [1]