ساڵڕۆژی ڕفاندنی ئۆجەلان و پڕۆسەی ئاشتی (ئەنكەرە-قەندیل-ئیمراڵی)
(چیرۆكی 26 ساڵ، گەشتێك لە دیمەشق-ەوە بۆ ئیمراڵی )
ئەنوەر حسێن (بازگر)
“ئەگەر خوداوەندەكانی میتۆلۆجیاش بیریان بكردایەتەوە،
هێشتا سزایەكی هێندە قورسی وەكو بەستنەوەی گاشەبەردەكانی ئیمراڵیان بە خەیاڵدا نەدەهات،
بەڵام بۆ من دەبوایە پاساوێكی هێندە مەزنم هەبێت،
تا بەرگەی گۆشەگیری بگرم كە نوێنەرایەتی ژیانێكی مەزن بكات”.
– میت، مووساد (CIA) هاوكار بوون لە دەستگيركردنى
– ئۆجەلان وتبووى؛ بێ ئەمریكا هیچ ناكرێت
– ئەڵمانیا و سویسرا، ڕێگایان نەدا ئۆجەلان بچێتە وڵاتەكەیان
– ئۆجەلان لە یۆنان، دەگەڕێتەوە ڕووسیا، ڕووسیای سپی و لاتیڤیا
– ئۆجەلان چوونی بۆ یەمەن، لیبیا، سوودان، ڕەتدەكاتەوە
– ئۆجەلان حەزی دەكرد بچێتە ئەفریقای باشوور و سربیا.
– كینیا (5) ملیۆن دۆلای وەرگرت بۆ تەسلیمكردنی
ئەمڕۆ (15/2/2025) ڕێك (26) ساڵ بەسەر گرتنی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی سەرۆكی (پەكەكە) تێپەڕ دەبێت.
چیرۆكی گەلەكۆمەكی نێودەوڵەتیتان بۆ دەگێڕمەوە، لەپرسی ئۆجەلاندا، كە هاوكاتە لەگەڵ دەستپێكردنەوەی قۆناغێكی نوێ لە نێوان (ئەنكەرە-ئۆجەلان) دا.
واشبڕیارە ئۆجەلان قسە بكات و بانگەوازی خۆی ڕابگەیەنێت و داوای چەكدانانی گەریلا بكات.
دیدارە ئاشكراكانی (دەم پارتی) بۆ ئیمراڵی و سەردانە نهێنیەكانی (ئاردۆگان، باخچەلی، هاكان فیدان، كاڵن) بۆ ئیمراڵی زۆر چڕ وپڕن.
ئینگلیزەكان لەم پرسەدا وەكو (2013)ی ئۆسلۆ ئامادەگیان هەیە، ئۆجەلان نامەی ناردۆتە قەندیل (جەمیل بایك) لە دواین دیداریدا وتی؛ بابەتی تازە هەیە و ئێمە ئامادەین بۆ هەر پێشنیارێكی باش بۆچوونی ئۆجەلان بۆ ئێمە زۆر گرنگە، بەڵام دەبێ گەرەنتی و هەڵوێستی ئەرێنی ببینین.
پرسی ئاشتی لە توركیا، بۆتە بابەتێكی گرنگ، كە زۆرینەی ناوەندە سیاسییەكان بە گرنگییەوە سەیری دەكەن، كە ئایا ئۆجەلان ئازاد دەكرێت؟ پەكەكە لە قەندیل دێتە خوارەوە؟ چەك دادەنێت یان شەڕ ڕادەگرێت؟ كورد بە مافەكانی دەگات؟ ئایا كێشە و گرفت لەنێوان ئۆجەلان و قەندیل دروست نابێت؟ ئایا گرفت لەنێوان دوو باڵی (ڕاست و چەپ) لە قەندیل و گەریلا سەرهەڵنادات؟
وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە، كارێكی سەختە، بەڵام ئۆجەلان جدییە و توركیاش دەترسێت.
هەموو ئەو ئاڵوگۆڕانەش دەرئەنجامی ڕووداوەكانی (7)ی ئۆكتۆبەر و (8)ی دیسمبەرن.
– عەبدولڵا ئۆجەلانی سەرۆكی (PKK)، چۆن لە كینیا فڕێندرا بۆ توركیا؟
– كێ لە پشت فڕاندنەكەیەوە بوو؟
– بۆچی لە سووریا دەرپەڕێندرا بۆ ئیتالیا و لەوێش نەگیرسایەوە؟
– ئەمریكا و ئیسرائیل، ڕووسیا، یۆنان، ئیتالیا، كینیا چۆن بەشداری دەستگیركردنیان كرد؟
– ڕۆڵی موخابەراتی ئەم وڵاتانە چی بوو؟
– ئەو نهێنیانە چین كە هێشتا نەدركێنراون؟
تەنها بەرژەوەندی هۆڵەندا لەگەڵ توركیا شەوێكی درەنگ، سەرەك وەزیران، وەزیری گەیاندن، دەرەوە و موخابەرات. فەرمان دەدەن، ئاسمانی هۆڵەندا بە ڕووی هەموو گەشتە ئاسمانییەكانی جیهانیدا دابخرێت و ڕێگا نەدرێ هیچ فڕۆكەیەك لە سەر خاكی هۆڵەندا بنیشێتەوە. تەنها لەبەر ئەوەی دەیزانی دوو سەعاتی تر، ئەو فڕۆكەیەی عەبدولڵا ئۆجەلانی تێدایە لە یۆنانەوە دەگاتە هۆڵەندا.
خۆ گەر ئەو شەوە هۆڵەندا ئەوەی نەكردایە، هەرگیز عەبدولڵا ئۆجەلان دەستگیر نەدەكرا ….!
جگە لەم پیلانە توركیاش دەبێت باشتر بناسین، كە بە درێژایی مێژوو لە دژی كورد چی كردوە…؟
– (1559): عوسمانییەكان میری سۆران (میر سەیفەدین) لە سێدارە دەدەن.
– (1655): میرنشینی بەتلیس وێران دەكات.
– (1837): ڕووخانی فەرمانڕەوایی بادینان و كوژرانی پادشای میرنشینی بۆتان.
– (1851): ڕووخانی میرنشینی بابان.
– (1898): هەوڵی كوشتنی ژەنەراڵ شەریف پاشا دەدەن.
– (1898): سوڵتانی عوسمانی هەڕەشەی كوشتن لە میقداد میدحەت بەدرخان و ژن و ماڵومنداڵی دەكەن گەر ڕۆژنامەی كوردستان دانەخات.
– (1914): شێخ عەبدولسەلام بارزانی لە موسڵ لە سێدارە دەدەن.
– (1918): عەبدولڕەزاق بەدرخان لە موسڵ لە سێدارە دەدەن.
– (1919): هەمزە بەگ مۆكس سەرنووسەری ژین لە ئیستانبوڵ لە سێدارە دەدەن.
– (12/7/1923): لە كۆنفرانسی لۆزان- ئاتاتورك خەونی دەوڵەتی كوردی لە ناو دەبات.
– (1925): لە سێدارەدانی شێخ سەعیدی پیران.
– (1984): هۆكاری تێكدانی دانوستانی حكوومەتی عێراق و (YNK) بوو.
– (2003): ڕێگا بە هێزە هاوپەیمانەكان نادات لە خاكەكەیەوە تێپەڕ بن بۆ ڕووخانی سەدام حسین.
– (2008): چەكی كیمیاوی دژی (PKK) بە كار دەهێنێت.
پاش ئەوەی توركیا هێزەكانی بردە سنووری سووریا، ئەم وڵاتە بە ناچاری عەبدولڵا ئۆجەلانی ڕاسپارد، سووریا بە جێ بهێڵێت. بۆیە ڕووی كردە ئیتالیا و لە (12ی نۆڤەمبەری 1998) لە ڕۆما دەستگیر كرا و ئەو كاتە (ماسیمۆ دالیما) سەرەك وەزیرانی ئیتالیا ڕایگەیاند، تەسلیمكردنەوەی ئۆجەلان ئاسان نییە.
پاش ئەوەی پارێزەرەكانی بەرەو (ostia) ئەو شوێنەی ئۆجەلانی تێدا دەستبەسەر كرابوو ڕۆیشتن، بەڵام دواتر بە هاوكاری (حسین و عەلی) گەیشتنە لای.
ئۆجەلان؛ چی باشە بۆ میللەتەكەم ئەوەبكەن
پارێزەرەكەی دەڵێت “كە چووینە ژوورەوە سەیری (مەد – TV) دەكرد، دوایی پێی وتین: چی بە باش دەزانن ئەوە بكەن، چونكە ئەم مەسەلەیە تەنها پەیوەست نییە بە منەوە، بەڵكوو چارەنووسی میللەتێكە”.
ئەڵمانیا سكاڵاكەی دژی ئۆجەلان هەڵوەشاندەوە
ئەگەرچی ئۆجەلان لە سەر بانگهێشتی ژمارەیەك ئەندام پەرلەمانی ئیتالیا چووبوە ئەو وڵاتە، بەڵام حكوومەتی ئیتالیا خۆشحاڵ نەبوو، چونكە تووشی دەیان كێشە ببوو. ئیتالیا چاوەڕێی ئەوە بوو، لەبەر ڕۆشنایی ئەو بڕیارەی پێشوو كە داوای دەستگیركردنی ئۆجەلانی كردبوو. ئەڵمانیا داوای ڕادەستكردنەوەی بكات، بەڵام دواتر ئەڵمانیا ڕایگەیاند: “كە دەستبەرداری ئەو داوایە بوە و عەبدولڵا ئۆجەلانیان ناوێت”.
دواجار ئۆجەلان خۆی بە پارێزەرەكانی دەڵێت “كە لە ژێر فشارێكی زۆر گەورەی حكوومەتی ئیتالیادایە بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە جێ بهێڵێت”.
ئۆجەلان؛ ئیتاڵیا دەمخاتە زیندان
ڕۆژانە حكوومەتی ڕۆما، ئاگاداری ئۆجەلان دەكاتەوە. گەر ئیتالیا جێ نەهێڵێت، دەبێت چەند ساڵ بچێتە زیندان و دواتر دادگایی بكرێت، ئۆجەلان دەپرسێ ؟ مانەوەم لە ئیتالیا چۆنە؟ پارێزەرەكەی دەڵێ زۆر باشە. ئەوانە تەنها فشارن پارێزەرەكەی دەڵێ؛ دیقەتمدا، “گوێی بۆ قسەكانم شل كردبوو. زنجیرێك لە دەستی ڕاستیدا بوو، كە كۆمەڵێك نقێمی سووری لە سەر بوو. كە گوایە بێزاریی و دڵەڕاوكێ ناهێڵێت”، دواتر ئۆجەلان دەڵێت “نامەوێ لە ئیتالیا بمێنمەوە. چونكە دەخرێمە زیندانەوە و هیچم بۆ گەلەكەم پێ ناكرێت”.
ئۆجەلان؛ بێ ئەمریكا هیچ ناكرێت
سەبارەت بە دادگای نێودەوڵەتی پرسیاری كرد كە دەتوانێ چی بكات؟ پاش ئەوەی من ڕوونكردنەوەم بۆدا، ئۆجەلان وتی “بێ ئەمریكا هیچ شتێ ناكرێت”، بە هەر حاڵ من هاتمەدەرەوە لە بەردەم دەرگا (ئەلێكس)م بینی. كە كوردێكی خەڵكی ڕووسیا بوو، بەڵام پێوەندی لەگەڵ دەزگا جاسووسییەكان هەبوو.
ڕووسەكان ئۆجەلان دەشارنەوە
سەیرە ئۆجەلان داوای هاوكاری ئەمریكا دەكات. كە دواتر دەردەكەوێت هەموو پیلانەكە ئەمریكای لە پشتەوەیە. وڵاتانی ئەورووپا بە هۆی نیگەرانی ئەمریكاوە نەیانتوانی هیچ بۆ ئۆجەلان بكەن.
ڕەوشەكە تا دێت ئاڵوزتر دەبێت و ئۆجەلان هەست دەكات خیانەتی لێ كراوە. ئەوكاتەی ئۆجەلان لە ڕووسیاوە هات بۆ ئیتالیا، لە سەر بانگهێشتی ئەندام پەرلەمانی ئەو وڵاتە و سەرەك وەزیران ئاگادار بوو، بەڵام ماوەیەك لە میدیاكان شاردییانەوە. تا دواتر بردیانە ناوچەی ئۆسیتیا لە ژێر چاودێری پۆلیس دا.
سویسرا؛ دژی ئۆجەلان هەنگاوی نا
كاتێک (یاڤوز) پارێزەرە ئیتالییەكەی ئۆجەلان ڕۆیشت، حوسێن كاغەزێكی دامێ كە نامەیەكی ڕەسمی حكوومەتی سویسرا بوو. كە داوا دەكات عەبدولڵا ئۆجەلان تا پێنج ساڵی تر بۆی نییە سەردانی سویسرا بكات.
ئەمریكا و توركیا هەڕەشە لە سویسرا دەكەن
ئۆجەلان بە نامەكەی سویسرا زۆر نیگەران بوو. سویسرا لە ناردنی نامەكە، مەبەست لە باربردنی ئەو بیرۆكەیە بوو، كە لە كاتی ڕۆیشتنی ئۆجەلان لە ئیتالیا ڕوو بكاتە سویسرا. دیارە كە توركیا و ئەمریكا بەمەیان زانیبوو، بۆیە سویسرا ئەم كارەی كرد.
كەسێك كە بە نوێنەری (PKK) دانرابوو لە ڕووسیا، هاتبوو تا ئۆجەلان ببینێت. كە دیار بوو وەكوو (ئەلێكس) دەیگوت، ڕووسیا ئامادەیە داڵدەی ئۆجەلان بداتەوە.
یاڤوز وتی: قسەیەك لەگەڵ ئەمریكا كراوە (كەسێك لە وەزارەتی دەرەوە، بەڵام هەڵویستی ئەمریكا ئەوەیە كە ئۆجەلان تیرۆریستە و پێویستە بدرێتەوە توركیا و لەوێ دادگایی بكرێت).
ئیتاڵیا لەگەڵ ئۆجەلان قسە دەكات
هەر لەوكاتەدا، (ماسیمۆ دالیما)، سەرەك وەزیرانی ئیتالیا لەگەڵ ئۆجەلان قسە دەكات و پێی دەڵێت: “بە مانەوەی لە ئیتالیا لەوە زیاتر، حكوومەتەكەی توشی شكست دەكات، چونكە ئۆپۆزسیۆن دەیەوێت ئەمە بكاتە كارتی فشار”. بۆیە ئۆجەلان “وتویەتی، لەوە زیاتر نابێت حكوومەتەكە تووشی گرفت بكەین”.
بەڵام هێشتا هەموو لایەك لە سەر ئەو باوەڕەن كە نابێت ئۆجەلان ئیتالیا جێ بهێڵێت.
بریتا دەچێتەوە لای ئۆجەلان، گوێ لە گۆرانی كوردی گرتبوو. پاشان لە پارێزەرەكە دەپرسێت، مێژووی كورد دەزانی؟ دەست دەكات بە گێڕانەوەی مێژووی كورد و یاری بە زنجیرەكەی دەستی دەكات.
ئۆجەلان دەگەڕێتەوە ڕووسیا
پارێزەرەكەی دەڵێت: “ڕۆژی (16/1/1999) “جۆن” پێی وتم كە ئۆجەلان ئیتالیای جێ هێشتوە و چوەتە ڕووسیا. بەڵام دواتر (یاڤوز) پێی وتم “پێدەچێت ڕووسیا شوێنێك بۆ ئۆجەلان پەیدا بكات كە ڕەنگە “جۆرجیا یان ئەرمینیا” بێت”.
ئەگەرچی یاڤوز دەڵێت: ڕەنگە وڵاتی ” باشوورى ئەفریقا” ئامادەبێت ئۆجەلان وەربگرێت.
ئۆجەلان دەچێتە یۆنان
بەڵام چەند ڕۆژ دواتر بەڕێوەبەری موخابەراتی یۆنان (Babis stavrak akis) تەلەفۆن بۆ “جون” دەكات، كە گوایە دەزانێت ئۆجەلان لەكوێیە، دواتر هەر خۆی دەڵێت “دوو ڕۆژە ئۆجەلان بێ مۆڵەت لە یۆنانە و دەبێ زوو ئەم وڵاتە بە جێ بهێڵێت”.
واتە موخابەراتی یۆنان هەر چۆنێكبێت ویستویانە ئۆجەلان لە ڕووسیا هەڵكەنن و خۆیان سیناریۆكە بگێڕن، كە دیارە بەڵێنی چەورییان لە توركیا لە بەرامبەر دەستگیركردنی ئۆجەلان وەرگرتبوو. هەر بۆیە دواجار وا دەرچوو كە یۆنان ئۆجەلان تەسلیم بە توركیا دەكات و كەسیش نازانێ چی وەرگرت لە بەرامبەردا؟
هۆڵەندا ئاسمانی وڵاتەكەی دژی ئۆجەلان دادەخات
پاش فشاری یۆنان. ئۆجەلان و تیمەكەی بڕیاردەدەن شەو بەرەو هۆڵەندا بڕۆن. بۆیە “ڤكتۆر” بە پارێزەرەكە ڕادەگەیەنێت من لەگەڵ ئۆجەلانم و ئەمشە و فڕۆكەكەمان دێتە هۆڵەندا و وا بڕیار بوو سەعات (12:30)ی شەو فڕۆكەکە بگاتە فڕۆكەخانەی (Zestien Hoeven) خانمی پارێزەر دەگێڕێتەوە. لە ئەفسەرێكی فڕۆكەخانەكەم پرسی ئەمشە و فڕۆكەیەك بە ڕێگاوەیە بۆ ئێرە؟ وتی بەڵێ.. ئۆجەلان گەڕێندرایەوە یۆنان، دواتر پرسیارم لێ كرد فڕۆكەكە نەگەیشت؟ دەڵێ گەڕێنرایەوە و دواتر دەڵێ نازانم.
ئۆجەلان گەڕێندراوەتەوە یۆنان
ئەمە لە كاتێكدا بەو شەوە، كوردێكی زۆر و ژمارەیەكی زۆر ڕۆژنامەنووسان چاوەڕێی هاتنی ئۆجەلان بوون. كە دیارە خزمەتی كارەكەی نەكرد، بەڵام دواتر دەركەوت، فڕۆكەكەی ئۆجەلان گەڕێنراوەتەوە بۆ یۆنان و حكوومەتی هۆڵەندا قەبووڵی نەكردوە.
ئۆجەلان بەرەو ڕووسیای سپی
“جۆن” لە دوایین دیداری لەگەڵ بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری یۆنان (Babis stavrak akis) ئەوەی بیستبوو، كە فڕۆكەیەكی نوێی سەربازیی ئامادە كراوە تا ئۆجەلان لە یۆنانەوە بەرەو شاری “minsk” لە ڕووسیای سپی بەرێ. هەر چەندە بە (Babis) دەوترێ كە ژیانی ئۆجەلان دەكەوێتە مەترسییەوە، بەڵام ئەو وتی “نابێت ئۆجەلان یەك سەعاتی تر لە خاكی یۆناندا بێت”.
ئیسرائیل دەكەوێتە شوێنی ئۆجەلان
كاتێك فڕۆكەكە لە ئاسمانە، پەیامێك دێت بۆ تاقمی فڕۆكەكە، كە لە سكرتێرەكەیەوە بۆ سەرەك وەزیرانی یۆنان، كە پەیامەكە بە كراوەیی بدە و گوایە ئۆجەلان چوەتە دەرەوەی ئاسمانی یۆنان و بەمەش (ئەمریكا وCIA) و موسادی ئیسرائیلی دەكەونە شوێنی فڕۆكەكە و تێدەگەن كە ئۆجەلان لە یۆنان بوە.
ئۆجەلان بەرەو لاتیڤیا
بە هەر حاڵ فڕۆكەکە دەگاتە ڕووسیای سپی، كە ئەندامێكی هەواڵگری یۆنانیش لەگەڵ ئۆجەلانن، بەڵام ئیتر دەردەكەوێ كە فڕۆكەكە بە نیاز بوە بەرەو (لاتیڤیا) بچێت و لەوێشەوە بڕوات بۆ هۆڵەندا، بەڵام هەمووی هەڵوەشاوەتەوە. ناچار فڕۆكەکە و ئۆجەلان دەگەڕێنەوە بۆ یۆنان.
سەرەك وەزیرانی هۆڵەندا دژی ئۆجەلان
بە قسەی بریتا بۆلەر ئەو شەوەی ئۆجەلان دەیویست بڕوا بۆ هۆڵەندا، وەزارەتی هاتوچۆی ئەو وڵاتە لە ڕێگای بەڕێوەبەرایەتی كۆچ و ڕەگەزنامە (IND) ئاگاداركراوەتەوە. كە ئەمشە و ئۆجەلان دەیەوێت بێتە هۆڵەندا. بۆیە ئاسمانی هۆڵەندا بە ڕووی فڕۆكەكەی ئۆجەلاندا داخرا كە دواتر دەركەوت، سەرەك وەزیرانی هۆڵەندا ئاگاداری پیلانەكە بوە.
كە دیارە پەیامێك بۆ فڕۆكەكە چوە لە لایەن سەرەك وەزیرانی یۆنان (simitis) و دەزگای (CIA) گوێی لێ گیراوە و نەخشەكە هەڵوەشاوەتەوە. دوا جار سەرەك وەزیرانی هۆڵەندا. لەملاوە بڕیار دەدات ئاسمانی هۆڵەندا بە ڕووی هەموو فڕۆكەیەك دابخرێت.
ئۆجەلان بۆ یەمەن، لیبیا و سودان
حكوومەتی یۆنان ئەوەی خستبوە بەردەم ئۆجەلان، كە پێیان باشە بەرەو وڵاتێكی ئەفەریقا بڕوات جا (یەمەن، لیبیا، یان سوودان) بێت یان هەوڵ دەدەن لە (سربیا) شوێنێكی ئارامی بۆ پەیدا بكەن. یان بڕوات بۆ (باشووری ئەفریقا). موخابەراتی یۆنانی داوای وەڵامی بە پەلەی لە (جۆن) و هاوەڵی ئۆجەلان كردبوو، بەڵام جۆن دەڵێت؛ ئۆجەلان هەر زوو سێ دەوڵەتە عەرەبیەكەی ڕەت كردەوە.
ئۆجەلان ئەفریقای باشوور و سربیای پێ باشبوو
بەڵام ئۆجەلان بڕیاریدا و پێی باش بوو. بچێتە ئەفریقا و سربیاش بۆ مانەوەی كاتی پێ باش بوو، بەڵام دیارە پیلانەكە بە ئاگاداری (یۆنان، كینیا، ئەمریكا، توركیا و دیارە ئیسرائیل و ڕووسیا) و وڵاتانی تریش ئاگاداری پیلانەكە بوون، كە ئۆجەلان لە یۆنانەوە دەبرێتە باڵوێزخانەی یۆنان لە كینیا.
پارێزەرەكەی ماندێلا ڕازیە ئۆجەلان بچێتە وڵاتەكەی
پیلانەكەی یۆنان بەم شێوەیەیە. كە گوایا قسە لەگەڵ پارێزەرەكەی نیلسۆن ماندێلا كراوە بە ناوی (جۆرج بیزۆس) (George Bizos) و وتویەتی كە باشوورى ئەفریقا ئامادەیە ئۆجەلان وەربگرێت، بەڵام پێویستی بە دە ڕۆژ هەیە. بۆیە یۆنان بڕیاریدا ئەو كاتە ئۆجەلان بەرێتە شوێنێكی ئارام، بە ئاگادارییەكەی دەزگای هەواڵگری یۆنانی ئەو شوێنەش كینیایە….
ئەگەرچی ئۆجەلان بڕوای بە بەڵێنەكانی دەزگای هەواڵگری یۆنانی نەمابوو.
ئۆجەلان دەبردرێتە كینیا
بەم شێوەیە دەزگای هەواڵگری یۆنان، بڕیاریدا فڕۆكەكەی ئۆجەلان ڕۆژی (1/2/1999) كاتژمێر دەو نیوی، شەو لە دوورگەی كۆرفو بەرەو نایرۆبی لە كینیا بفڕێت. پاش لێدانی فیزای كینیا لە پاسپۆرتەكەی ئۆجەلان. كە دیارە پێشتر بۆ ئەوە بوە كە ئەو وڵاتە بزانێت. كە یۆنان وا بڕیار بوو ڕێگانەدات كەس بە چوونی ئۆجەلان بۆ كینیا بزانێت.
بەڵام دواتر لە شایەتیداندا باڵوێزی یۆنان لە كینیا ئاشكرای كرد، كە پێشتر هەموو پاسپۆرتەكانی فاكس كردوە بۆ پۆلیسی كینیا تا، كە گەیشتە ئەوێ ڕاستەوخۆ دەستگیری بكەن.
واتا بارودۆخەكە هەمووی لە لایەن یۆنانەوە ڕێكخرابوو، كە پیلانەكە وەها بێت. هەر چۆنێك ئۆجەلان دەستگیر بكەن و پیلانەكەی ئەمریكا و توركیاش سەربگرێت. لە كاتێكدا یۆنان مێژوویەكی پڕ ناكۆكی لەگەڵ توركیا هەبوو، بەڵام لە پێناو بەرژەوەندییەكانی خۆی لەگەڵ ئەمریكا و بەرژەوەندی سیاسی و ئابووریی، ئۆجەلان و كورد دەكەنە قوربانی.
میت و (CIA)؛ ئۆجەلان دفڕێنن
بەم شێوەیە میتی توركی و (CIA) شەوی (15-16/2/1999) ئۆجەلان لە باڵوێزخانەی یۆنان لە كینیا دەردێنن و دەیفڕێنن و تیمێكی میت دێنە نایرۆبی و بە فڕۆكەیەك ئۆجەلان دەبەنەوە توركیا و چوار كەس كە پیاوێك و سێ ئافرەت بوون دەستبەسەركران.
تا دوا جار هەموو لە سەر ئەوە ساغبوونەوە، كە یۆنان ئۆجەلانی بە دیاری پێشكەش بە دوژمنەكەی، خۆی، توركیا كردوە.
كینیا (5) ملیۆن دۆلای وەرگرت
پاش گفتوگۆی كۆستالارس لەگەڵ ئۆجەلان. بەرپرسی دەزگای هەواڵگری كینیا دێتە لای ئۆجەلان، بەڵام وەزیری دەرەوەی یۆنان بە ئۆجەلان دەڵێت “بە قسەی كینییەكان بكات و سواری فڕۆكەكە ببێت”. ئەو فڕۆكەیە هی توركیایە. كە ئۆجەلان داوای كرد بوو ببرێتە هۆڵەندا.
دواتریش ئەندام پەرلەمانێكی كینیا ڕایگەیاند “كە بەرپرسانی وڵاتەكەی لە بەرامبەر تەسلیمكردنی ئۆجەلان (5) ملیۆن دۆلاری وەرگرتبوو”.
میت؛ موسادی ئیسرائیلی هاوكار بوە
هەروەها نەجاتی بلیجان (Necatei Bilicon) سەرۆكی دەزگای هەواڵگری توركیا (میت) ڕایگەیاند “كە موسادی ئیسرالی هاوكاریكردوون. جگە لە كینیا، یۆنان و ئەمریكا”.
باس لەوەش دەكات كە ئەو تیمەی ئۆجەلانیان فڕاند، پێش چەند ڕۆژ دەگەنە ئۆگەندای دراوسێی كینیا و چاودێری ڕەوشەكە دەكەن.
بریتا بۆلەری پارێزەری ئۆجەلان و نووسەری كتێبەكە دەڵێت “پێدەچێت هەر كام لە كوردەكان كە هاوەڵی ئۆجەلان بوون. (ئەلیكس، جۆن، زێرین) دەستییان لە گرتنەكەی ئۆجەلانی هاوڕێیاندا هەبێت.
پاشان ئۆجەلان دەبرێتە دوورگەیەك بە ناوی (ئمیرالی) لە دەریای مەڕمەڕە كە دەكەوێتە پەنجا كیلۆمەتر باشووری ئیستانبوڵ.
ئەم دوورگەیە شوێنی بەندكردنی خەڵكانی وەك (عەدنان مەندرس، یەڵماز گۆنای(، بەڵام ئێستا تەنهاو تەنها ئۆجەلانی تێدا بەندكراوە.
ئەم كتێبە گەشتە بێ ئاكامەكانی سەركردەیەك، بریتا بۆلەر- ڕێكەوت ئیسماعیل، چیرۆكی گرتن و ڕفاندنی ئۆجەلانە لە (دیمەشق بۆ كینیا و توركیا).