رێبوار ئەوڕەحمان:
بەوردی گوێم لەتۆمارە دەنگیەکەی زیاد ئەسعەد گرت، ئەوەی لای من مایەی سەرنج بوو ئەوەیە کە زیاد لەھەموو شتێک بێ ئومێد و زویرە، ئەو بەشێوەیەکی راست و دروست پێی وتین کە ھۆکاری دەرنەکەوتن و بێدەنگیەکەی پەیوەنددارە بە ئەخلاقیاتی بەشێک لەمرۆڤەکانی ئەم زەمەنەوە، کەچۆن لەسەر حساب و ھەوڵ و ماندووبوون و داھێنانی کەسانی تر ھەوڵی بەدەستھێنانی ناوبانگ بۆ خۆیان دەدەن.
زیاد پێی وتین کە ئەو بەگۆشەگیربوون دەیەوێت لەگەڵ بەشێک لەمرۆڤەکانی ئەم سەردەمە جیاواز بێت، ئەو ناخی خۆی ئاشکراکردو ناراستەوخۆ پێی وتین کە ئەگەرچی لەوڵاتێکی رۆژئاواییدا دەژی، بەڵام ھێشتا بیرکردنەوەی ئەو لەرووی رێزو شکۆی ھونەری و پاراستنی ئەمانەتی ھونەری و ھاورێیەتیەوە بیرکردنەوەیەکی رۆژھەڵاتی و کوردەواریە و ھێشتا کلتوری نەتەوەکەی خۆی لەبیرنەکردووە.
ئەو بەدزیکردنی ھونەری لێی زۆر ئازار دەخوات، بەتایبەت لەلایەن کەسانێکەوە کە بەئاواز و تێکست یارمەتی داون، رۆڵی ھەبووە لەدروستبون و گەورەبوونیاندا.
زیاد لەکۆتایی قسەکانیدا ناراستەوخۆ داوای لەحکومەت و دەسەڵات کرد کە چیدی بۆ داپۆشینی قەیران و شکستە بەردەوام و زۆرەکانیان ئازاری کەسانی وەک ئەو نەدەن، زیاد زۆر بێمەنت بوو لەو دەسەڵاتەی ھیچ شکۆو رێزێکی بۆ ھونەرو ھونەرمەندە گەورەکانی نەھێشتۆتەوەو ھیچ کاتێکیش بۆ داپۆشینی شکستەکانی سڵ لەناوھێنانی ھونەرمەندە گەورەکانی ناکاتەوە، ئەو وتی داوا لەحکومەت دەکەم ھیچم بۆ نەکات تەنھا وازم لێبێنێت کاری خۆم بکەم. بێگومان زیاد داوایەکی زۆر سادەو زۆر رەواو زۆر ئاسایی کردوە، چونکە ئەو لەدوورە وڵات و بەژیانێکی سەختەوە سەرقاڵی کارەکەی خۆیەتی، تێکست دەنوسێت و ئاواز دادەنێت و خۆی لەناشرینی و ئیمتیازەکانی دەسەڵات دوورگرتوە، کەچی ھێشتا ئەو دەسەڵاتە لەپێناو داپۆشینی شکستەکانی خۆی، لەو دوورە وڵاتی و لەو بێدەنگیەشدا واز لەناوی زیاد ناھێنێت و دەیەوێت بەھەر شێوەیەکە ناوی زیاد بۆ داپۆشینی شکستەکانی خۆی بەکاربھێنێت.
زیاد زویرە، لەکۆمەڵگەو لەدەسەڵات و لەھونەرمەندان و لەکوردانی تاراوگە زویرە، تکایە وازی لێبێنن با بەچریکەی گۆرانیەکانی، بەئاوازو تێکستەکانی، بە دوورە پەرێزیەکەی لەئیمتیازەکانی دەسەڵات ھەر بەگەورەیی بمێنێتەوە.
https://www.facebook.com/www.Ashte.org/videos/482933079135524/?modal=admin_todo_tour