ماوەی چەند مانگێکە سەدان ھەزار مامۆستا لە دۆخی دەربڕینی ناڕەزایەتیدان بەرامبەر بەو دۆخە سەختەی ڕووبەڕوویان کراوەتەوە، دۆخی ووشککردنی بژێوی مانگانەیان، کە ژیانی خۆیان و ماڵ و منداڵەکنیانی لەسەربەندە. پێشێلکردنی ئەو مافە ھەرە سادە و ھەرە سەرەتایی کە ھەیانە: وەرگرتنی ئەو بڕە داھاتە لەبەرامبەر ئەو کارەدا کە ئەنجامی ئەدەن. تەنھا لە قۆناغی کۆیلەیەتیی و دەرەبەگایەتیدا مرۆڤ ناچارکراوە، جارێک وەک ”کۆیلە“ و جارێک وەک ”مسکێن“، بێ بەرامبەر و بە زۆر و بە خۆڕایی کار ئەنجامبدات. بڕێکی گەورەی مرۆڤایەتی زیاد لە چەند سەدەیەکە ئەو دوو قۆناغە ناشیرینەی مێژووی بەجێھێشتوە و لە بەشێکی گەورەی جیھاندا ئاسەوەریان نەماوە. ناچارکردنی مۆرڤ بە کارکردن بەبێ بەرامبەر و بەبێ وەگرتنی ھەقی کارەکەی، لەزۆر رووەوە گەڕانەوەیە بۆ قۆناعی کۆیلەیەتیی و دەربەگایەتی لە ناشیترین فۆرمیدا.
لەسەرێکی دیکەوە پێشێلکردنی ئەو مافە ھەرە سەرەتاییە بۆ ئەو ژمارە گەورەیە لە کەسانی ئیشکەر لە وڵاتەکەدا، ھێما بۆ کێشەیەکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و رەمزیی گەورەش دەکات: کێشەی نەبوونی ھیچ ”پەیمان“ و ”گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی“ کە بتوانێت پارچە و بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگایەک بەیەکەوە گرێبدات و لەناو پەیوەندییەکی ئەخلاقییدا وادا کۆیانبکاتەوە نەھێڵێت ئەم بەشەی کۆمەڵگاکە متمانەی بە بەشەکانی دیکەی نەمێنێت و تێگربێت لەوەی ئاستی پارچەپارچەبوون و دابەشبوونی کۆمەڵایەتی، بۆ ئاستێکی تەواو ترسناک بەرزببێتەوە، بەشبەشکردنی مامۆستایان بەوەی برێکیان لەژێر فشار و ترسدا ناچاربن بۆ پۆلەکانی خوێندن بگەرێننەوە و ئەوانیتریشیان لە دەرەوەی پۆلەکاندا بمێننەوە، ئەم کێشەیە ترسناکتر دەکات.
ھەرەشە بە فەسڵکردن و غائیبدان و گواستنەوە و نانبڕینی زیاتر، دۆخێک دروستدەکات برێکی گەورەی ئەو مرۆڤانە ھەست بەوەبکەن ”مرۆڤی زیادە“ بن و ھیچ ئیعترافێکی کۆمەڵایەتیی و سیاسییش لە ئارادانەبێت بتوانێت شتێک لە نرخ و بەھایان بۆ بگێرێتەوە. جێھێشتنی ئەو ژمارە گەورەیە لە مامۆستای ناڕازیی بە تەنھا، لە ئارادانەبوونی لانی ھەرەکەمی بەدەمەوەچونی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی، زاڵکردنی لۆژیکی ترساندن و ھەڕەشەکردن، وا لە مرۆڤ دەکات ئەو ھەستەی تیادا دروستببێت کە کەسانی دیکە نایانەوێت، کەڵکیان نییە و کەس پێویستیی پێیان نییە، مرۆڤی زیادەن و دەشێت وەک ”تەلەف“، پاشەڕۆ، مامەڵەبکرێن.
ھەر کۆمەڵگایەکیش ”مرۆڤی زیادە“ و قابیلی ”تەلەف“کردنی بەرھەمھێنا، کۆمەڵگایەکە ئەگەری شەڕ و پێکدادانی کۆمەڵایەتیی لەناویدا گەورە و ھەمەلایەنە. لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا ھەستکردن بە ئاسایش، متمانەکردن بە یەکتری لاوادەبێت و شوێنیان بەبێ باوڕی و دڕدۆنگی دەگیرێتەوە. لە دونیای ئێمەدا دۆخێک دروستبووە لەسەرێکە ملیۆنێر و ملیاردلێری بێئیش و بێبەرھەم و بێکار دروستدەکات. ئەمانە ئەو کەسانەن کە لەناو سیاسەتەوە بۆ ناو ئابووریی دەگوازنەوە و پێگە سیاسییەکانیان بۆ پێگەی ئابووریی گەورە تەرجەمەدەکەن. ھەروەھا ئەوانەشن کە لەو نوخبە سیاسییە حوکمڕانەوە نزیکن و سەرمایەیەکی زەبەلاح و خۆڕاییانە دەکەوێتە بەردەست. ئەمانە ئەو کەسانەن کە دەبنە ملیۆنێر و ملیاردلێرە بێکار و بێبەرھەمەکانی دونیای ئێمە، کەچی ئەو ژمارە گەورەیە لە مامۆستا، کە پێویستە ڕۆژانە لەناو پۆلەکانی خوێندندا کاربکەن و رەنج لەگەڵ ملیۆنان قوتابیدا بدەن، ئەوان بێ دەرامەت و بێ سەرچاویەکی مادیی سادە بمێننەوە.
نەمانی موچە نەمانی ئەو لانیکەمی دڵنیاییە کە مرۆڤ پێویستیی پێیەتیی بۆئەوەی بتوانێت مرۆڤبوونی خۆی لە شێوە مادیی و رۆژانەیی و سادەکانیدا بژیی. وادەکات ئینسان ھەست بەوە نەکات لە ژینگەیەکدا دەژیی ئەوی وەک مرۆڤ قبووڵ نییە و بەردەوم نووقمی کارەسات و تراژیدیای بکات.
دەبێت حوکمڕانانی ئەو وڵاتە چاوەڕوانی چ مامەڵەکردنێکی عەقڵانی بن لە ھاونیشتیمانیەک ھەستنەکات ئەوان گوێ بۆ داخوازییە ھەرە سەرەتاییەکانی دەگرن و بەمەش وەک مرۆڤی زیادە و وەک پاشەرۆیەک مامەڵەی لەگەڵدا ناکەن کە بتوانن دەستبەرداری بن. وێناکرنی کەسەکان وەک مرۆڤێک کە پێویستنین، گەورەترین ئیھانەیەکە بە کەرامەتی ئینسانی ئەوان بکرێت. دیوی دووھەمی سیاسەتی ترساندنی مامۆستایان و ناچارکردنیان بە دەوامکردن ئەم سیاسەتی رێزنەگرتن و ئیھانەکردنەی بەردەوامی مرۆڤی ئەو کۆمەڵگایەیە.
ھانا ئارێنت دەیگوت خراپەکارییە ھەرە گەورەکانی دونیا، ئەو کەسانە ئەنجامیئەدەن کەناتوانن بیربکەنەوە. لای ئەم ژنە تیوریستە، بیرنەکردنەوە سەرچاوەی ھەموو نەھامەتییەکانە. بیرنەکردەوەیە وادەکات مرۆڤ نەتوانێت ھیچ داوەریکردنێکی ئەخلاقیی و ویژدانی ئەنجامبدات. خراپەکاریی بەردەوام ئەنجامبدات و پێیوابێت ئەو کاری ئاسایی خۆی ئەنجامئەدات. بیرنەکرنەوە مرۆڤ دەگۆڕێت بە کوتلەیەکی بێرۆح و بێتێگەیشتن و بێویژدان. کە بیرکردنەوە نامێنێت، مرۆڤ ئەو شتانە دەکات کە کەسانی تر داوای لێدەکەن بیکەن، یاخود تەلسیمی خواست و حەز و سایکۆلۆژیای شەخسی خۆی دەبێت. ئەوەی ئەمڕۆکە لە ھەرێمدا ڕووئەدات ئەم کردەی بیرنەکردنەوە ترسناکە و بەردەوامەیە. فۆرمێک لە حوکمڕانیی ئامادەیە کە بیرکردنەوەی تیانەماوە، ئەوەی کۆی دەزگاکان و بڕیارەکان دەجوڵێنێت سایکۆلۆژیا و خواست و تەماحی شەخسیی و گروپی ئەو نوخبەیەیە کە حوکمڕانە. کەسانێکیش بیرنەکەوە زۆر ترسناکتربن لە کەسانێک چەک بەدەستن و بتوانن کەسانیتر بکوژن.
فەیلەسوفێکی گەورەی وەک ئیمانۆیل کانتیش کاتێک باس لە خراپەکاریی دەکات، سێ ئاستی خراپەکاری لەیەکتری جیادەکاتەوە، کە بە پاڵنەرەکانی خراپەکاریی بڕ و ڕادەی خراپبوونەکەی دیاری دەکەن. یەکەمیان، خراپەیەکە لە کەسایەتییەکی پوچ و ناجێگیرەوە سەرچاوە دەگرێت، کەسێکی ھیچ نەزان و نائاگا. ئەم ئاستە ئاستە سادەکەی خراپەکارییە. دووەھەمیان ئەو جۆرە خراپەیە کە لەوی پێشویان زیاتر زیانی هەیە، ئەویش خراپەکاری ئەوانەیە کە کینەدۆزیی و رقەوە کاری خراپە ئەنجامئەدەن. ھەرچی ئاست یان شێوازی سێھەمی خراپەکارییە،کە مەترسیدارترە لە ھەردوو شێوەکەی تری خراپەکاریی، خراپەکارییەکە لە گەندەڵی و فەساد و ساختەکارییەوە سەرچاوەبگرێت. لەم ئاستەدا مرۆڤ دەستبەرداری هەر پابەندبوون و بەرپرسیارێتییەک دەبێت لەناو ئەو ژینگەیەدا کە تیایدا دەژیی و هیچ گرنگییەکیش بە ھیچ ”گرێبەستی کۆمەڵایەتیی“ و ”ئەخلاقی“ش،نادات.
وەک پێشتریش ھێمام پێکرد، ھیچ شتک ھێندەی ووشککردنی سەرچاوەی بژێوی بەشێکی گەورەی کۆمەڵگا، ھێما بۆ غیابی تەواوەتی ھەر گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقی لە کۆمەڵگای ئێمەدا ناکات. ئەوەی ئەمرۆکە لە مامۆستایان داوادەکرێت ئەوەیە کە گوێڕایەڵبن، گوێڕایەڵی منی فوتێکراوی ئەو سیاسییانەی ھەرێمەکە بەڕێوەدەبەن. وەک ھانا ئارێنتیش دەڵێت، مرۆڤ زۆر مافی ھەیە، بەڵام کەس مافی ئەوەی نییە گوێ لەمست بێت.
مەریوان وریا قانع